زاراوەی پۆپۆلیزم مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورد، بەڵکو تازەیە و سەرەتای بەکارهێنان و ئاماژە بۆ کردنی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی پێشوو، کە لە ئەدەبیاتی چەپی سیاسیی ئەو سەردەمەدا کەم تا زۆر حزب و رێکخراوە سیاسییە چەپەکان ئاماژەیان بۆ کردووە(١).
لە ناو ئەدەبیاتی نوێی سیاسیدا بەکارهێنان و برەو سەندی زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوای دروست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوسا هەندێ لە شرۆڤەکارانی سیاسی بێلایەن و لایەندار ئەو بزووتنەوەیەیان وەک شەبەنگێکی پۆپۆلیست وەسف دەکرد.
بوونی کەسان و حزب و رێکخراوی پۆپۆلیست لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ئاساییە، بۆیە بۆ ئێمەی کوردیش زۆر ئاساییە کە لە کوردستاندا بەردەوام یاخود ناوە ناوە حزب و شەبەنگی پۆپۆلیستی لە نێو گۆڕەپانی سیاسیدا پەیدا ببن.
رەنگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتبێت لەو شاڵاوانەی کە حزب و رێکخراوە پۆپۆلیستەکان دەیکەنە سەری. ئەو حزب و رێکخراوانە کە ناو بە ناو سەرهەڵدەدەن و یەکەم لایەنیش یەکێتی دەکەنە ئامانج، هەندێکیان خێرا وەکو باڵۆنی فوو تێکراو فش دەبنەوە و هەندێکیشیان ماوەیەکی درێژتر بڕیان کردووە و ماونەتەوە. لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگایانە لەگەڵ ئەم شەبەنگە لە سیاسەت مامەڵە بکات، وەک چۆن دەبێت کادیرەکانیشی بەرچاویان روون بێت لە ناسینەوە و رەفتارکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دیاردانەدا.
ئایا گرایشی پۆپۆلیستی لە کوردستاندا بەهێزە؟ ئایا دیماگۆگن یان نوێنەرایەتی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل دەکەن؟ کێن ئەوانەی پۆپۆلیستن و لە کام حزب و رێکخراودا خۆیان مەڵاس داوە؟ کامە بارودۆخی سیاسی دەبێتە هۆکاری هەڵهێنان و تروکاندنی گەرای ئەو مشەخۆرانە؟ ئایا هەموو ئەوانەی دەنگ بە پۆپۆلیستەکان دەدەن خۆشیان پۆپۆلیستن؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری تر هەوڵ دەدەین لەم نامیلکەیەدا بە کورتی وەڵامیان بدەینەوە و وەک بەرچاو روونی بیخەینە بەردەمی کادیرانی یەکێتی.
ئێمە هەوڵ نادەین لە دیدگایەکی حزبی و ئایدیۆلۆژییەوە شیکردنەوە و شرۆڤەکاری بۆ تێگە و زاراوەکان بکەین، چونکە هۆشیارکردنەوەی کادر ئەوەمان لێدەخوازێت کە بنەما زانستی و ژیربێژییەکان بکەینە بناغە بۆ ئەو کارە، لەوەش زیاتر لە هەر شوێنێکدا پێویست بکات رەخنە لە سیاسەت و بۆچوونەکانی خۆشمان بگرین، ئەوە بەبێ دوودڵی ئەو کارە دەکەین و بەرچاوی کادیرەکانی خۆمان لەسەر ئەو پرسە روون دەکەینەوە، چونکە بناغەی سیاسی و حزبیی یەکێتی لە بنەڕەتا لەسەر ئەوە دروست بووە کە پێش هەموو شتێک هەڵسەنگاندن بۆ فکر و ئەندێشەی خۆمان بکەین و دواتر رەخنە لە بەرامبەرەکانمان بگرین.. لێرەدا دەمانەوێت سەرنجی کادیرەکانی خۆمان بۆ خاڵێکی گرنگ رابکێشین، ئەویش ئەوەیە کە لەم نامیلکە تایەیبەتکراوە بە پۆپۆلیزم خۆمان بە دوور گرتووە لەوەی کە ناوی حزبێک یان بزووتنەوەیەک یان سەرکردەیەکی پۆپۆلیست لە کوردستان بێنین. هەڵبەتە لە ناواخنی نوسینەکەدا خوێنەری هۆشیاری ئێمە زۆر خێرا دەتوانێت درک بەوە بکات کامە رێکخراو یان سەرکردە ئەو جۆرە ئامراز و تاکتیکە پۆپۆلیستانەی بەکار هێناوە، بۆیە ئێمە ئەو کارە لێگەڕاوین بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی خودی خوێنەر و هەوڵمانداوە چەندە بتوانین بابەتییانە لە ناو چێوەی بابەتەکاندا بمێنینەوە..
بۆخوێندنەوەی تەواوی کتێبەکە ئەم لینکە دابگرە: