بێستوون فەتاح
هۆڵه‌ندا
قاره‌مانێك، خه‌باتگێڕێكی راسته‌قینه، لەو رۆژه‌وه‌ی بوو بوو بەپێشمەرگە تا ساتی شەهید بوون، خه‌باتی لێوان‌لێو بوو لە ئازایەتی، یەكێك لە پێشمەرگە قارەمانەكانی تیپی(٤٧)ی پیرەمەگرون بوو..
شەهید"جەبار تۆفیق" لە ساڵی(١٩٦٣) لە سلێمانی لە دایكبووە، لە رۆژی(28/2/1988) لە دەسپێكی ئەنفالی یەك لە"دۆڵەڕووت" لە شەڕێكی زۆر قاره‌مانانەدا و لە پشتی"هەنارانی كۆن" شەهیدبوو، له یادی هه‌ڵۆیه‌كی ئاوه‌هاییدا بەئه‌ركی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم بیرەوەرییەك لەگەڵ شەهید جەبار بگێڕمه‌وه هەم بەئازار و هەم قارەمانێتی شەهید جەبار نیشان ده‌دات.
سەرەتای ساڵی(١٩٨٨) هێزێكی تیپی(47)ی پیره‌مه‌گرون، به‌ڕێكه‌وتین بۆ سه‌ر شاری سلێمانی، رۆژێكی سارد بوو، بەبێ وەستان باران ده‌باری، لە قزلەر بەڕێكەوتین بەرەو شار، ئێوارە گەیشتینە هەنارانی خوارو. هێزه‌كه پێكهاتبوو لە كەرتی تیپ و كەرتی(1) و كەرتی(2) و كەرتی(3) و ژماره‌مان نزیكەی(٣٥) پێشمەرگەیه‌ك دەبوو.
ئەوەی زۆر ماندوی كردین چەمی كانی بەردینە بوو، تا گەیشتینە نزیك سلێمانی به‌شەوێك و چالاكییه‌كی ناخۆش ناومان ده‌برد، نزیكی شاربووینەوە ویستمان بڕۆینە یەكێك لە گەڕەكه‌كانی شار، به‌په‌له ئێمەیان دانیشان و هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ی زۆر شارەزامان له‌گه‌ڵدابوون چوون رێگاكە تاقی بكەنەوە، سەرتاپامان له باراناو هه‌ڵكشابوو و له سەرما هەڵدەلەرزین، خه‌می ته‌ڕبوون و سه‌رمامان نه‌بوو، خه‌مه گه‌وره‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌بوو گوله ئاڕبیجییه‌كانمان ته‌ڕنه‌بێ، ئه‌و بارانه زۆره چی ته‌ڕ ناكات؟ چیمان گولە ئاڕبیجی پێ‌بوو تەڕببوو، ئەوەش یەكێكبوو لە گرفتەكانی هێزەكه و زۆربه‌ی مه‌فره‌زه و كه‌رته‌كانیتر!
ترسی ئەوەمان هەبوو هیچی نەتەقێت، خۆشبه‌ختانه هه‌رچه‌نده ئه‌وانه‌ی به‌ساغ ده‌رچوون و ته‌قێنران چه‌ند گوله‌یه‌ك بوو، ئه‌وانیتر به‌كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌هاتن بته‌قێنرێن! كاتێك برادەرەكان گەڕانەوە وتیان سەرجاده‌ی(٦٠) مەترییەكە هەمووی كەمینە، ئەوەبوو رێگەیان گۆڕی و لە جێگەیەكیتره‌وە چووینە ناوشار واتە تا كاتژمێر (١٢)ی شەو لە قەراغ شار دانیشتین، مشتومڕی ئەوەبوو بگەڕێینەوە یان چاوەڕێ بكەین.
به‌هه‌رحاڵ دواجار بڕیاردرا بچینه سه‌رشار و كاتێك چووینە ناوه‌وه، سه‌رباری ساردی و باران بارینی زۆر، كه‌چی خەڵك ئه‌وه‌نده بەجۆش و خرۆشەوە لە پێشوازیماندا بوون، هه‌رچی ماندوێتی و دڵه‌ڕاوكێیه‌ك كه هه‌مان بوو هه‌مووی ره‌وییه‌وه، كاتێك ئەو خەڵكە دڵسۆزەمان بینی زۆر دڵخۆشبووین، جۆرێك له وره‌بوو بۆمان. له‌كاتی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی چالاكییه‌كه كاك سوارە یەكێك لە پشمەرگە قارەمانەكانی كەرتی تیپ و دەستەكەی شەهید كاك"جەلالی حەمەی محە" برینداربوو.
ئەوەی دەمەوێت باسیكەم ئازایەتی و لە خۆبوردەیی و جوامێریی پێشمەرگە به‌گشتی و شەهید"جەبار" بوو به‌تایبه‌تی، دوای ئەوەی بریندارەكەمان دوورخستەوە، شەهید جەبار ئەوشەوە رۆڵێكی زۆر جوامێرانەی بینی لە دەركردنی كاكه سواره‌ی بریندار، لە سەرەتاوه من و شەهید"هاوڕێی مەدحەتی كەبابچی و ئاكۆ" بریندارەكەمان دەركردو دام بەكۆڵمداو گەیاندمە كۆڵانێكی ئەودیوو شوێنی چالاكییه‌كه و لە تەقە دوورم خستەوە. شەهید جەبار لەو جێگەیە كەمین بوو كە بریندارەكەی بینی من هەموو گیانم خوێن بوو بێ سێ و دوو پەلاماری دام و وتی:
"سەلامەتی وتم خەمی منت نەبێت سوارە بریندارە."
بریندارەكەی لە من وەرگرت و ماوەیەكی زۆر بریندارەكەی بەكۆڵیدادا، وردە وردە دووركەوتینەوە و گەڕاینەوە بەرەو پشتی سەرچنار و لە ماڵە گەڵاڵەییەكان لاماندا، ئەوەی ئەوشەوە لە شەهید جەبارم بینی زۆر ده‌گمه‌ن بوو، ئازایەتییه‌كه‌ی، گورج و گۆڵییه‌كه‌ی، سه‌لماندی كه قاره‌مان و پیاوی تەنگانەیه و له‌و پێشمه‌رگانه بوو كه هاوڕێی خۆی جێنه‌ده‌هێشت.
گەنجێكی باڵا بەرز هەتا خوا حەزكات خوێن شیرن و دەم بەخەندە، زمان شیرین لە گفتوگۆكردن، كاتێك گەیشتینە جێگەیەكی ئەمین خەڵك لێمان كۆببوونەوە، زیاتر لە شەهید جەبار ئاڵابوون، گەنجێكی باڵا بەرز و قۆز و جوان، كاتێك به‌ڕێكه‌وتینه‌وه گوێم لێ‌بوو دوعای خێریان بۆ دەكردین كه خوای گەورە پارێزراومان بكات.
لە گەڕانەوەدا هەرچۆنێك بێت گوێدرێژێكیان بۆ پەیداكردین و بریندارەكەماندا بەرسەرپشتی وڵاخەكەدا. ئەوەی جێگەی داخ بوو هەردوو قاچی بریندار بوو هەتا گەیشتینەوە هه‌نارانی سەر و ئەوشەوە نزیكەی (٢٠) جار لە چەمی كانی به‌ردینەماندا، شەهید جەبار دەستێكی بەبریندارەكەوه بوو كە رۆژمان لێبۆوە ئەوجا خۆمانبینی چیمان بەسەرهاتووە سەرتاپا گیانمان قوڕ و چڵپاوی رێگە بوو.
تا له چالاكییه‌كه‌ش گه‌ڕاینه‌وه بارانێكی زۆر دەباری نزیكەی(١٢) كاتژمێر لەژێر رەحمەتی باراندا بووین كە گەیشتینە هەنارانی خوار و دنیا رووناك بۆوە، شه‌هید جه‌بار باوەشی پیاكردم و ماچی كردم و وتی:
"ئەمجارەش هاتینەوە."
ئیتر لە هەنارانی سەر و یەكسەر بریندارەكەیان بەڕێكرد بۆ قزلەر ئەوەندە هیلاك بووین من و چەند برادەرێك لە یەكەم ماڵ لاماندا، ئه‌وه‌نده ماندوبووبووین یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌م زۆپا گەرمه‌كه‌دا خه‌ومان لێ كه‌وت، كاتێك بەئاگا هاتین نزیكەی نیوەڕۆبوو نانیان داینێ و دوانیوەڕۆ وردە وردە بەرەو قزلەر بەڕێكەوتین.
ڕۆحت شاد بێت كاكە"جەبار" براو هاوڕێ خۆشەویستم، بنوو گۆڕت پڕ لە نوور بێت درەنگ یان زوو دێمەوە دیدەنیت، خۆزگەم بەخۆتان بەمەردی و گەورەیی سەرتان نایەوە و شەهیدبوون، گۆڕت چراخان بێت، كاكە جەبار گیان.
بابەتی زیاتر