بەئامادەبوونى زۆرێک لە نووسەر و رووناکبیر و کادیرى ئۆرگانەکان و پێشمەرگەى دێرین و زیندانیانى سیاسی، ئەمڕۆ(9/3/2025) کاتژمێر(١١)ى پێشنیوەڕۆ لە مۆزەخانەى نیشتمانى ئەمنە سوورەکە رێوڕەسمى ناساندن و دابەشکردنى کتێبى "سەروەرانى زیندانیانى موسڵ و بەڵگەنامەکان" لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنى ئەمیرە محەمەد بەڕێوەچوو..
دواى گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکى کتێبەکە لەلایەن راگەیاندنکار بەهێز حوسێن-ەوە، ئەمیرە محەمەد ئامادەکار و نووسەرى کتێبەکە باسى لەوە کرد جگە لەوەى کە کتێبەکە بەدوورودرێژیی باسى قارەمانێتى چەند زیندانییەک دەکات لە بەندینخانەى موسڵ، چەندین بەڵگەنامەى گرنگ و دانسقەى لەخۆگرتووە و تا چاو بە بەڵگەنامەکانیشدا نەگێڕدرێ نازانرێ چ تاوانێک بەرامبەر بەرۆڵەکانمان لە زیندانەکان و بەتایبەتى لە بەندیخانەى موسڵ کراوە، ئاماژەى بەوەشکرد خوێندنەوەى کتێبەکە لەبەر ئەوە گرنگە کە پەردە لەسەر دڕندەترین رژێم هەڵدەماڵێ کە بەچ شێوازێکى نامرۆڤانە کە داهێنانیان تێدا کردبوو ئەشکەنجەى زیندانیانیان داوە.
ئەم کتێبە بەرهەمى زنجیرە چاپکراوەکانى مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیارى - بۆردى هۆشیارى-یەو لە دواى کۆنگرەى(٥)وە بۆردى هۆشیاریی توانیویەتى چەندین کتێب بەناونیشانى جیاواز چاپ و بڵاوبکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved