حه‌مه‌ عه‌لی*



لە گەردنی بەرزی چنارە گەورەوە بۆ لووتكەی بەرزی گمۆی سەرسپی، لە شنەو شەماڵی سەرسیرەوە بۆ هەزاركانی رۆح تەزێن و پردی كاڕەشی لێو بەخەندە، لەژێر قامچی زۆردارانی داڵه‌كەرخۆرەكانی شارەوە بۆ هەڵمژینی بزە و قاقای هەڵۆی چیاكان..
ئەوكات بەباڵای تیشكی خۆردا هەڵدەزناین باكمان لەویزەی گولەی گەرم و پارچە تۆپی خوێناوی نەبوو. ئەوكات هاوڕێی باڵاو گوڵە نێرگزی بەهاری بووین، ترسمان لەڕەشەباو زریان و رندوی بەفر نەبوو، دۆڵ بەدۆڵ شاخ بەشاخ بەدوای ئازارەكانی نیشتمانەوەبووین. لەڕۆژێكی بەهاری باراناویدا لەژێر لێزمەی بارانێكی پیرۆزدا هاوڕێكەم پارچەیەك ئاسنی گەرم دڵ و جەستەو هەناسەی خامۆش كرد، خوێنی دیدەكانی خاكی سووركرد و گوڵاڵه‌ سوورە مردوەكانی گەشانەوە.
رۆژی(20/3/ساڵی1987)بوو، ئێوارەكەی نەورۆز بوو لە بنكەی كەرتی (3)ی تیپی(37)ی شارباژێڕبووین. خوالێخۆشبوو كاك"مه‌جیدی حاجی عه‌لی شاناخسێی" فەرماندەی كەرتمان بوو، لە نزیك گۆڕستانەكەی شاناخسێ بووین، شەهید"محه‌مه‌د" لەگەڵ هاوڕێیەكیتری كە ئەویش ناوی محه‌مه‌د بوو یەكەم رۆژی پێشمەرگایەتی بوو، نیوەڕۆكەی میوانی ئێمەبوون، دوای نانخواردن شەهید محه‌مه‌د چوارتایی وتی:
"دەچین بۆ مقەڕی كەرتی یەك لە گوندی ماشان.."
ئەوان رۆیشتن بۆ كەرتی یەك دووخێمەیان هەڵدابوو، لە مقەڕی ئێمەوە شوێنەكەیان دیاربوو، شوێنەكەیان وا هەڵكەوتبوو لە لوتكەی گمۆو زۆر شوێنیترەوە دەبینرا. ئەوكات رەبایەیەكی حكومەت لەسەر شاخی گمۆ بوو. كەرتی یەك زۆریان چوارتایی بوون و هاوڕێی كاتی منداڵی بوون، وەك كاك تاریق و شەهید سالار و شەهید سەردار..
ئێوارەكەی تیشكی خۆر ماندوو ماندوو خەریكی كۆكردنەوەی تیشكە زەردە ئاڵتونییەكانی بوو، یەك گولە تۆپ لە گمۆوە ئاراستەی خێمەكەی كەرتی یه‌ك كرا لەوكاتەدا هەردووك شەهید بەدووری چەند مەترێك لە خێمەكەوە دووربوون داخی گران هەردووكیان پێكران وهەر لەوشوێنەدا شەهیدبوون تەنها یەك گولە تۆپ ئاراستەی ئەو شوێنەكرا! دوای روودانی كاره‌ساته‌كه‌ هەردووك شەهیدەكەیان هێنا بۆ گۆڕستانی شاناخسێ و بەخاكمان سپاردن.
شەهید حەمە سەردار چوارتایی ماوەی چەند ساڵێك پێشمەرگە بوو، بەڵام شەهید محه‌مه‌دەكەی تریان یەكەم رۆژی پێشمەرگایەتی بوو، ئەم نامەیه شەهید حەمە سەردار چوارتایی رۆژی(18/3/1987) دوو رۆژ پێش شەهید بوونەكەی بۆ هاوڕێ پێشمەرگایەتی و هاوڕێی منداڵی كاكە تاریق چوارتایی نووسیوە، لەنامەكەدا بۆنی وەفای هاوڕێیەتی رۆژە سەختەكانی لێدێت، ئەو رۆژانەی بەخوێن دروستكران، ئێستاش من بۆنی رۆحی ئەوسەردەمە دەكەم بەتایبەتی ئەوكاتەی لە مقەڕی ئێمەوە بەرەو ماشان بەڕێكەوتن، دوا نیگاو دوا زەردەخەنەی سەرلێوی سەردار میوانی بیرەوەرییە تاڵەكانی رۆحمە.
پڕبەدڵ سوپاسی هاوڕێی خۆشەویستم كاكە تاریق دەكەم كە ئەم نامەیه‌ی بۆ ناردم و لە فه‌وتان پاراستوویه‌تی. رۆحی هەردووك شەهید شاد بێت و گڵكۆیان چراخان بێت.

* پێشمه‌رگه‌ی دێرین و ساغكه‌ره‌وه‌ی وێنه‌كانی تیپی (37)ی شارباژێڕ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved