ئەحمەد حاجى رەزا
لەساڵی(1987) كۆتایی وەرزی زستان بوو، رژێمی بەعس هێرشێكی بەرفراوانی بۆ گوندەكانی رەزگەو مارەدوێ و قەڵاتوكان و چەند گوندێكیتر لە قەندیل دەستپێكرد، هێزێكی تێكەڵ لە پێشمەرگەكانی(37)ی شارباژێڕ(ئەم مەفرەزەیە لەسەر داوای سەركردایەتی هاتبوونە ناوچەكە لە بارەگای ئێمەبوون فەرماندەكەیان ناوی"عوسمان ماوەتی" بوو دواتر لە كەركوك شەهید بوو ساڵی(1991)و تیپی(63)ی جووتیاران و تیپی(56)ی گەڵاڵە و پێشمەرگەكانی سەركردایەتی و مەفرەزەیەكی كۆچكرد و پێشمەرگەی ئازاو دلێر و چاونەترس"قادر خەبات" خوالێیخۆشبێت، ئهم داستانه كهموێنهیه بەفەرماندەیی رەوانشاد قادر خەبات بوو. لەكاتەكانی پێشنیوەڕۆ(بەداخەوە رۆژەكەم بیر نییە) شەڕ دەستیپێكرد، جەیش و جاش و جەیشی شەعبی بە فڕۆكە و تانك و تۆپ و هەموو جۆرە چەكێك هێرشیان دەستپێكرد.
ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا بیخەمەڕو ئەمەیە:
لەبەرزۆری ژمارەی هێزەكەی دوژمن و بەشداریكردنی هەموو هێزەكەی یەكێتی و مەفرەزەیەكی حیزبی شیوعی و سۆیالست، بەڵام ئەو ژمارەیەی هێزی پێشمەرگە بەراورد نەدەكرا لە بەرامبەر هێزو توانای دوژمن بۆیە بەپێویست زانرا داوا لە برادەرانی پارتی بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش هێزێك بنێرن بۆ هاوكاریكردنی ئێمە. ئەوەبوو پاش سێ چوار سەعاتێك هێزێكی(100) كەسیان گەیشتنەسەروو ئێمە لە لوتكەی شاخی"چەكوچ" گەر هەڵە نەبم لە ناوەكەی.
پاش نیو سەعات مانەوەیان بەسەر شاخەكەوە جوابیان نارد كە ئەوان دەگەڕێنەوە لەبەرئەوەی فەرماندەكەیان كە ناوی"شێخ ئهحمهد یان سهید ئهحمهد" خەڵكی قەڵادزە بوو، قاچی لەسەر بەردێك ترازاوە ناتوانێت بمێنێتەوە پاشان"سەلیم سەرسپی" كە ئەوكات ئەندامی سەركردایەتی بوو، جوابی بۆ ناردن با خۆی لەگەڵ مەفرەزەیەك بگەڕێتەوە پێشمەرگەكانیتر لەشەڕەكە بمێننەوه، بەڵام ئەو رازی نەبوو هەموو پێشمەرگەكانی لەگەڵ خۆی كشاندەوهو شەڕەكەیان بەجێهێشت.
بەدڵنیاییەوە مەسەلەی راكردنیان پەیوەندی بەقاچ و قوچەوە نەبوو تەنها هۆكار بۆ راكردنیان بینینی ئەو هەموو هێزە زۆرەو كۆپتەرو تانك و تۆپەوە هەبوو كە لە شەڕەكەدا وجودی هەبوو دواجار بەلێزانین و هەوڵ و هیممەت و ئازایی گەشمردە قادر خەبات و هێزی پێشمەرگەی یەكێتی و شیوعی و سۆسیالست دوژمن پاشەكشەی پێكراو گەڕایەوە مۆڵگەكانی.
تێبینی/ من تەنها ئەوەم باسكردووە كە بینیومە رەنگە برایانی پێشمەرگەیتر كە بەشداریان كردووە بۆ رووداویتر شایەتحاڵبن من تەنها ئەوەم خستەڕو كە بەچاوی خۆم بینیوومە، دوای كۆتایی شەڕەكە كاتێك گەڕاینەوە چووینە گوندی"سوێسنێ" هێندە برسیبووین خەڵكی گوندەكە لە ترسی هێرشەكەی دوژمن گوندەكەیان چۆڵ كردبوو چووینە ماڵێكەوە كەسی لێ نەبوو، بەڵام سیرێكی زۆری دانابوو بۆ فرۆشتن دیاربوو لە ئێرانەوە هێنابووی تا بەڕێگەی قاچاخ بیگەیەنێتە پشدەر بەناچاری و لەتاو برسێتی كەوتینە سیر خواردن.
ئەو رۆژانە یادیان بەخێر درود بۆ گیانی پاكی هاوڕێ شەهیدەكانمان تەمەن درێژیی بۆ ئەو برایانەی تری پێشمەرگە كە لە ژیانداماون و بەشداربوون لەو شەڕەدا.
بابەتی زیاتر