لە پەراوێزی چاکسازیدا
نووسینی : هەڵکەوت عەبدوڵڵا
بابەت: چەند گۆشەبابەتێک دەربارەی گەندەڵی و چاکسازی

هەمیشە چاکسازی بەشێوازە هەمەجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری یەکێک بووە لە خەسڵەتەکانی میللەتە پێشکەوتووەکان بۆ نەخشاندنی چوارچێوەیەکی چاکتر بۆ داهاتوو، کە بەردەوامیی ژیواریانە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بۆ مسۆگەر دەکات.
بێگومان چاکسازی پرۆسەیەکە سەرەتا بە ڕەخنە لەخۆگرتنێکی هەمەلایەن دەستپێدەکات و پلاندانی چاکی گەرەکە و پێویستی بە هاوکاری و پێکەوە کارکردنی گشت کۆششە دڵسۆزەکانی ناو کۆمەڵگە هەیە، وەک سیاسییە چاکسازیخوازەکان، ڕوناکبیرە ڕادیکاڵەکان و ڕێکخراوە چالاکەکانی کۆمەڵگەی شارستانی.
گەشەپێدان و چاکسازیی کارگێڕی دوو وشەی پڕواتان، یەکەمیان مانای گۆڕانە بۆ چاکتر، دووەمیشیان مانای گۆڕانە بۆ قبوڵکراوتر و ئەخلاقیتر. کوردستانیش وەک یەکێک لەناوچە تازەپێگەیشتووەکان، ئەگەرچی تەمەنی فەرمانڕەواییکردن تیایدا زۆرنییە، بەڵام بەدەست زۆر گرفتی کارگێڕییەوە دەناڵێنێت و پێویستە ڕۆژانە کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت و چاوەڕوانی داهاتوو نەکرێت، ئەگینا فەرمانڕەواییەکی بیرۆکراتییانەی گەندەڵ دێتەئاراوە.
ڕوەو چاکسازی و خوێندنێکی ئەقڵانی
زانکۆکانی کوردستان پێویستیان بەچاکسازییەکی هەمەلایەن و فرەقۆناغ هەیە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەی ئێستا تیایدا دەژین. هەمەلایەن بەو واتایەی سەرتاپای پێکهاتە و ڕەوتی زانکۆکان بگرێتەوە و فرەقۆناغ بەو واتایەی هەنگاو بەهەنگاو ڕووەو بنیاتنانەوەی زانکۆکان هەنگاو بنرێت نەک بە شەو و ڕۆژێک وەرچەرخانی گەورە بهێنرێتە ئاراوە. ئەم چاکسازییەش سەرەتا پێویستی بە تێڕامان، هەڵسەنگاندن، لێکۆڵینەوە، دەستنیشانکردن، پلاندانان و خستنەگەڕی میکانیزمی گونجاو هەیە. هەروەها فشاری لایەنە گۆڕانکاریخوازەکانی ناو خودی زانکۆکان و کۆمەڵگەی کوردستانی گەرەکە و بێگومان نرخی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی و داراییشی دەبێت.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved