کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (١٩٥٦ – ١٩٧٠ )
هەستیار محەمەد عەلی
سەرهەڵدان و خەمڵینی توێژی خوێندکاران لە ھەر کۆمەڵێکدا، ئاماژەی وشیاری ئەو کۆمەڵەیە و باشترین گەواھییە بۆ بەئاگا ھاتنەوەی سەرجەم چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵەیە. ئیتر لە ئاوەها بارودۆخێکدا بێگومان سەرهەڵدانی خەباتی خوێندکاری وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی سیاسی و نیشتمانی مەسەلەیەکی چاوەڕوانکراو و ئاساییە، ھەر بۆیە لە ڕوانگەی بەھەند هەڵگرتنی و بە گرنگ زانین خەباتی خوێندکاری لە مێژووی ھاوچەرخی کورددا و ئەو ڕۆڵە گرنگەی خوێندکاران ویستوویانە لە بەشداریکردن لە خەباتی سیاسی و ناساندنی کێشەی گەلی کورد، وەک کێشەیەکی سیاسی ڕەوا بابەتی (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا)م دەستنیشان کرد وەک بابەتێک بۆ توێژینەوە کە بێگومان ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە کۆکردنەوە و یەکخستنی خوێندکارانی کوردی پەراگەندەی ئەوروپا و ڕێکخستنیان لە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەدا و ھاندانیان بۆ خەبات کردن لە پێناو مافی ڕەوای گەلی کورددا.
ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە:
ڕێکخستنە بنچینەییەکانی کۆمەڵە بریتیی بوون لە:
أ-کۆنگرەی گشتی.
ب- کۆمیتەی بەڕێوەبەرێتی گشتی.
ج- دەسەڵاتەکانی سەرۆک و سکرتێری گشتی.
۱- سەرۆك + نامەكانی كۆمەڵەی ئیمزا دەكات.
٢- سەرۆك ئەندامانی كۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە بانگهێشت دەكات.
٣- سەرۆك و سكرتێری گشتی بە ڕێگای گفتوگۆ و ڕێكەوتن لە نێوان هەردووکیاندا كاروباری بەڕێوە دەبەن.
٤- لە یەكەم كۆبوونەوەی سكرتارییەتدا سەرۆك و سكرتێری گشتی ئەركی پەیوەندی بەستن لەگەڵ كۆمەڵە و ڕێكخراو و جیهانی دەرەوەی كۆمەڵەدا دابەش دەكەن لە نێوان خۆیاندا.
٥- ئەركی سەرپەرشتی كردنی كاروباری لقەكانی كۆمەڵە دەگرنە ئەستۆ.
٦- لە كاتی ئامادە نەبوونی سەرۆكدا، سكرتێر لە شوێنی ئەو كاروباری كۆمەڵە بەڕێوە دەبات.
۷- لق: لقی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا كاتێك دروست دەبێت كە لە وڵاتێكدا لە حەوت ئەندام زیاتر كۆببنەوە، بەڵام هەندێك جار لقێك لە وڵاتێكدا ئەندامی زۆرە .
كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ناسنامەیەکی کوردستانی ڕوون و ئاشکرای هەڵگرتبوو بێ ئەوەی بداتە پاڵ هیچ پارچەیەک، لەهەمان کاتدا تونیبووی زۆرینەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا لەخۆی کۆبکاتەوە بێ گوێدانە ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕی سیاسی، یا پەیوەستی ئاینی هیچ خوێندکارێک، لەڕیزەکانی خۆیدا خوێندکارانی قەبوڵ دەکرد و دەیانتوانی درێژە بەخەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان بدەن...
کۆمەڵە توانیویەتی شان بەشانی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی چالاکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گەورەش ئەنجام بدات، تەنها بەمەبەستی ئەوەی هەموو کەناڵەکانی بانگەشە بەکاربهێنێت لەخزمەتی کورد و کێشەکەیدا، کە بۆ ڕۆژگاری خۆی ئەم هەنگاوانە قورسایی زۆریان هەبووە لە ئەوروپادا.
بەڵام وێڕای ئەو هەموو چالاکی و کارانەش کەسان و گروپگەلێک هەبوون، کەهەوڵی بەئایدۆلۆژیکردن و قۆرخ کردنی ئەو ڕێکخراوەیان داوە و ویستویانە، کە پارتە کۆمۆنیستەکان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەم بوارەدا چالاک و دەستپێشخەر بوون، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبوون.
بابەتی زیاتر