شاڵاو زرار






ئەمڕۆ(٢٧/٣/١٩٩١) سی و چوار ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدبوونی باوكم شەهیدی فەرماندە"زرار سێكانیانی"
‌‌‎پێشمەرگەی پارتیزان و فەرماندەی تیپ لە بەتالیۆنەكان، ناوی تەوای"زرار سەعدون حەمە شوان" لەدایكبووی ساڵی(١٩٥٥)ی گوندی سێكانیانی شەهیدانی ناوچەی سورداش-ە، ساڵی(١٩٧٤) لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان كورد و حكومەتی عێراقدا بۆتە پێشمەرگە. پاش هەرەسهێنانی شۆڕش لە ساڵی(١٩٧٥) گەڕاوەتەوە بۆ گوندەكەی خۆی.
‌‌‎لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بەڕابەرایەتی"ی.ن.ك" لە ساڵی(١٩٧٧) پەیوەندی دەكات بەڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان-ەوە.
‎لە ساڵی(١٩٨٠) بۆتە پێشمەرگە لە بارەگای مەكتەبی عەسكەری لە زەڵێ.
‎ساڵی(١٩٨٢) گواستراوەتەوە بۆ تیپی(٩٣)ی كۆیەو لە كەرتی(٥)ی تیپەكە بۆتە فەرماندەی مەفرەزە، هەر ئەو ساڵە بەشداربووە لە شەڕی هێزی پشتیوانی لە كوردستانی ئێران.
ساڵی(١٩٨٤) كراوەتە جێگری فەرماندەی كەرتی(٥) لە سنوری تیپی مەڵبەندی دوو، ساڵی(١٩٨٥) بۆتە فەرماندەی كەرتی(٧)ی تیپی مەڵبەندی دوو. ساڵی(١٩٨٨) كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی(٢٩)ی كەلكەسماق.
‎ لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی لە ژمارەیەكی زۆری چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەدا كردووە، لەوانە شەڕەكانی رێگای گشتی سلێمانی - دوكان، لە داستانە گەورەكانی دابان - هەلاج(١٩٨٥)و قەیوان - ماوەت(١٩٨٦)و داستانی رزگاری(١٩٨٧)و شەڕەكانی دۆڵی جافایەتی و بناری قەندیل(١٩٨٨) جارێكیش لە ساڵی(١٩٨٦) لەكاتی گرتنی رەبییەی سپیك لە چیای پیرەمەگرون بریندار بووە.
لەساڵی(١٩٨٨)بەخێزانەوە لە ئێران گیرسایەوە، سەرەتا لە شاری سەردەشت پاشان بانەو دواتر لە نێژاوا و پاشان لە گوندی رەبەت و لە دوایدا لە ئۆردوگای ئاوارەكان لە بێزیلێ.
ساڵی(١٩٨٩) وەك پێشمەرگەی پارتیزان بەشداری لە جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەدا كردو لەو سەروبەندەدا كرایە فەرماندەی یەكێ لەڕەتڵەكانی ناوچەی شارباژێڕ و دواتر لە ساڵی(١٩٩٠) كرایە فەرماندەی تیپی(٧٣)ی بەتالیۆنی(٧)ی سلێمانی.
لە ڕاپەڕینی ساڵی(١٩٩١)دا، لە شەڕەكانی پارێزگاو ناو شاری سلێمانی رۆڵێكی كارای گێڕاوەو رۆڵێكی باشی هەبووە لە گرتنی ئەمنە سورەكە، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنی كەركوكدا بەو پەڕی ورە بەرزیی بەشداری تێداكردووە.
‌‌‎بەداخەوە لە(١٩٩١/٣/٢٧) لە كەركوك شەهید بووەو تەرمەكەی كەوتە دەست دوژمن و تا ئێستا گۆڕ ونە.
‎هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید زرار و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved