شەهیدی‌ سەركردە عەبدولڕەزاق محه‌مه‌د عومەر لە ساڵی‌(1948) لە دایكبووە، هەستی‌ كوردبوون‌ و غیرەتی‌ بەرگریی‌ هەر زوو جێگەی‌ خۆی‌ لە ناخی‌ ئەو پیاوەدا كردۆتەوە، لە ساڵی‌(1966) دەچێتە ریزی‌"یەكێتی‌ قوتابیانی‌ كوردستان" بوێرانە كارەكانی‌ سەرشانى ئەنجام دەدات..
وەك هەرگەنجێكی‌ خوێن گەرمی تری‌ ئەم وڵاتە، دواتر لەساڵی‌(1971) پەیوەندی‌ دەكات بەكۆمەڵەی‌ رەنجدەرانی‌ كوردستان، ساڵی‌(1975) دەبێتە ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ كۆمەڵە جگە لەوەش پەیمانگای‌ زانستە ئیسلامییەكان لە هەولێر تەواو دەكات.
دواتر لەڕیزەكانی‌"یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان" لە ساڵی‌(1976) دەبێتە لێپرسراوی‌ كەرتی‌ رێكخستی‌ یەكێتی‌ لە هەولێر ‌و كەركوك، لە هەمانكاتیشدا ئەندامی‌ كۆمیتەی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ دەبێت، ساڵی‌(1978) لەلایەن رژێمی‌ بەعس دەخرێتە زیندانەوە بۆ ماوەی‌ ساڵ‌ و نیوێك، دواتر هەر لەگەڵ دەرچوونی‌ لە زیندان پەیوەندی‌ دەكاتەوە بەڕیزەكانی‌ یەكێتی‌-ەوە.
شەهید عەبدولڕەزاق هەمیشە پیاوێكی‌ دڵسۆز بۆ خاك ‌و نیشتمان ‌و كوردایەتی‌ بوو، هیچ كات هۆگری‌ مەسئولییەت‌ و پلەوپایە نەبوو هەمیشە ئامانجی‌ سەركەوتن ‌و ئازادكردنی‌ ئەم وڵاتە بوو، لە ساڵی ‌(1984) لەسەر داوای‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ دەچێتەڕیزی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە ‌و لەوێ دەبێتە لێپرسراوی‌ رێكخراوی‌ دووی‌ كۆمەڵە، شەهید عەبدولڕەزاق یەكێكبووە لە سەركردە‌ مەزنه‌كانی‌ راپەڕین هەر لە سنووری‌ ئێران تاكو خاكی‌ كەركوكی‌ پیرۆزی‌ كوردستان.
لە ساڵی‌(1991) قیادەی‌ بەشێكی‌ راپەڕین لە ئەستۆ دەگرێت‌ و هەر لەڕانیەی‌ شاری‌ راپەڕین تاكو هەولێر ‌و لەكاتی‌ ئازادكردنی‌ هەولێر بەشێكی‌ گەورەی‌ ناوشاری‌ هەولێری‌ پاككردەوە لە دوژمن، ئەوكات ناوچەی ئەمن‌ و ئیستخباراتی‌ بەعسی‌ پێدەگوترا، ئێستا كۆلێژی‌ كارگێڕی ‌و ئابوورییە، بەر لە نەورۆز ڕوودەكەنە كەركوك‌ بۆ ئازادكردنی‌ ‌و هەڵكردنی‌ ئاگری‌ نەورۆز لەناو جەرگەی‌ كەركوك، كە ئەوە ئاواتی‌ هەرە گەورەی‌ شەهید بووە.
هەر لەڕۆژی‌ یەكەمی‌ نەورۆز یەكێك لە براكانی كه‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌ كه‌ركوك شەهید ده‌بێت بەناوی‌"خولە" دواتر لەسەر ئەمری‌ سەركردایەتی ‌‌و بۆ سەقامگیریی‌ كەركوك و چاودێری‌ هێزی‌ پێشمەرگە شەهید عەبدولڕەزاق دەمێنێتەوە ‌و كەركوك جێناهێڵێت، بەڵام زۆر بەداخەوە لە(28/3/1991) لە كەركوك شەهید كرا. هەزاران سڵاو لە گیانی‌ پاكی‌ شەهید عەبدولڕەزاق‌ و گشت شەهیدانی‌ رێگەی‌ رزگاری‌ كوردستان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved