لەگەرمەی هێرشەكانی ئەنفالدا، رۆژی(9/4/1988) پۆلێك لە پێشمەرگەكانی"ی.ن.ك"و حیزبی شیوعی عێراق لە هەردوو گوندی"تازەشار و گەڕاوی" لە گەرمیان، رووبەڕووی هێزەكەی رژێم بوونەوەو دوو داستانی كەموێنەیان لەوكاتەدا تۆماركرد، لە ئەنجامیشدا(27) پێشمەرگەی یەكێتی و(8) پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق شەهیدكران.
ئەو شەڕە لەكاتێكدابوو كە سوپای بەعس لەوپەڕی سەركەوتنەكانیدا بوو بۆ سەر گوندەكانی كوردستان و ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی پێشمەرگە، هێرشەكەی دوژمن دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی ئەنفالە كە بەئەنفالی گەرمیان ناسراوە.
ئەگەرچی هێرشەكەی بەعس سەریگرت و ئەنفالی گەرمیان بەزەرەرمەندترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێ بۆ گەلی كورد، بەڵام داستانی تازەشار و گەڕاویش لەوكاتەدا بەرەنگارییەكی نموونەیی و جوامێرانەی پێشمەرگەكان بوو، هەروەها ئەو شەڕە بووەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆر دوژمن سەرقاڵ بكەن و كاتێكی زیاتر بۆ خەڵك دەستەبەر ببێت بۆ ئازادبوون و دووركەوتنەوە لە هێرشەكانی دوژمن.
فەرماندەی هێزەكانی یەكێتی نازمە بچكۆل و فەرماندەی هێزەكانی حزبی شیوعیش ملازم سامی بوون، كە هەردووكیان و(33) پێشمەرگەش لە هەردوو حزب شەهیدبوون.
شەهیدەكانی، یەكێتیى نیشتمانیى کوردستان
١- نازم رەشید بەلەگە، ناسراو بەنازمە بچكۆل، لە دایكبووی ساڵی(1957)ی گوندی بەلەگە، ساڵی(1978) بۆتە پێشمەرگە، لە شەڕەكەی تازەشاردا فەرماندەی كەرتی(1)ی تیپی(51)ی گەرمیان بوو.
٢- ئیكرام محەمەد ئەمین سڵێمان، ناسراو بەئیكرامە چاوشین، فەرماندەی مەفرەزە بووە و سێیەم شەهیدی خێزانەكەیەتی.
٣- ئەیوب ئەحمەد ساڵح، ساڵی(1984) بووە بەپێشمەرگە.
٤- حسێن مەعروف محەمەد، ساڵی(1984) بووە بەپێشمەرگە.
٥- ئەحمەد عەبدولڕەحمان نامیق، ناسراو بەئەحمەد نازە، ساڵی(1985) بووە بە پێشمەرگە.
٦- ئیحسان مەحمود قادر ساڵح، ناسراو بەئیحسانە سوور، ساڵی(1983) بووە بەپێشمەرگە، فەرماندەی مەفرەزە بووە.
٧- جەبار عەبدولكەریم عەلی، ناسراو بەجەبار كانی قادری، ساڵی(1985) دەبێتە هێزی پشتگیریی لە سنووری تیپی (51)ی گەرمیان.
٨- ئەحمەد ئەمین رۆستەم، ناسراو بەهەڤاڵ، ساڵی(1985) بووە بەپێشمەرگە.
٩- سامان مەجید خورشید، ناسراو بەسامان كەركوكی، ساڵی(1982) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەوەو دواتر بووە بەپێشمەرگە.
١٠- حەمید محەمەد ساڵح عەزیز، ناسراو بەمامۆستا حەمید، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە.
١١- جەلیل كەریم عەلی، ساڵی(1987) بووە بەپێشمەرگە.
١٢- فاروق رەشید بەلەگە، لە دایكبووی ساڵی(1971)ی گوندی بەلەگە.
١٣- غالیب عەبدوڵڵا ئەمین، ناسراو بەهونەر، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە، فەرماندەی مەفرەزە بووە، دوو برای دیكەشی شەهیدە.
١٤- عەبدولواحید عەبدوڵڵا محەمەد، پێشمەرگەو مامۆستای شۆڕش بووە.
١٥- عادل مەجید عەبدولكەریم، ناسراو بەمام عادل، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە.
١٦- كەریم حەمید ئاغای زەنگەنە، ناسراو بەمەلا كەریم، ساڵی(1981) بووە بەپێشمەرگە، جارێك برینداربووە.
١٧- نیزام ئەحمەد رەمەزان، ساڵی(1983) بووە بەپێشمەرگە، فەرماندەی مەفرەزە بووە، سێهەم شەهیدی بنەماڵەكەیەتی.
١٨- نەجم محەمەد محەمەد ئەمین، ناسراو بەنەجم سەنگاوی، ساڵی(1987) بووە بەپێشمەرگە.
١٩- نەجم رۆستەم عەلی، ناسراو بەنەجم قەیتەوەلی، ساڵی(1985) بووە بەپێشمەرگە.
٢٠- شێرزاد حەسەن عەلی عەبدوڵڵا ، ناسراو بەشێرزاد بەچە، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە.
٢١- فاتیح حەسیب حسێن، ناسراو بەئاسۆ، ساڵی(1987) بووە بەپێشمەرگە، جارێك برینداربووە.
٢٢- میران فەرەج عوبێد، ساڵی(1979) بووە بەپێشمەرگە.
٢٣- محەمەد كەریم ئەحمەد ئیسماعیل، ناسراو بەحەمە باوایی، ساڵی(1982) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەوەو دواتر بووە بەپێشمەرگە، فەرەماندەی مەفرەزە بووە.
٢٤- فەرهاد سەید ئەنوەر شێخانی، ناسراو بەفەرهاد بچكۆل، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە، جارێك برینداربووە.
٢٥- یاسین سەعدون سەعید، ساڵی(1985) بووە بەپێشمەرگە، فەرماندەی مەفرەزە بووە، سێهەم شەهیدی بنەماڵەكەیەتی.
٢٦ نەجات فەتحوڵڵا مەحمود قادر، ناسراو بەمامۆستا نەجات، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە.
٢٧- شەهید ئەحمەد قادر كەریم، ناسراو بەئاوارە.
شەهیدەكانی، حزبی شیوعی عێراق:
١- نازم عەلی عەباس، ناسراو بەملازم سامی، لە دایكبووی ساڵی(1956)ی بەغدا، خوێندنی ئامادەیی هەرلەوێ تەواو كردووە، ساڵی(1980) بۆتە پێشمەرگە، لەوڵاتی یەمەن خولی ئەفسەری تەواو كردووەو كادیرێكی سیاسی و عەسكەری بوو، فەرماندەی بەتالیۆنی چواری گەرمیان بوو.
٢- عەبدولڕەحیم عەلی محەمەد، ناسراو بەئاشتی، لەدایكبووی ساڵی(1956)ی كەركوك، كادیرێكی سیاسیی نێو هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوو.
٣- فەوزی هادی عەتوی، ناسراو بەعامر، لە دایكبووی شاری حلەیە، ساڵی(1986) بووە بەپێشمەرگە.
٤- تالیب ئیبراهیم كامیل، ناسراو بەعەلی عارەب، لەدایكبووی ساڵی(1958)ی بەعقوبە، ساڵی(1982) بۆتە پێشمەرگە.
٥- تاریق محەمەد ئەمین، لە دایكبووی ساڵی(1965)ی گوندی كانی قادری ناحیەی قادركەرەم، ساڵی(1986) بووە بە پێشمەرگە، فەرماندەی مەفرەزە بووە.
٦- بەهادین عەلی محەمەد، ناسراو بەماجید، لە دایكبووی ساڵی(1960)ی دووز، ساڵی(1982) بۆتە پێشمەرگەو رابەری سیاسی لق بووە.
٧- عەدنان رەشید غێدان، ناسراو بەعەدنان كانی قادری، لە دایكبووی ساڵی(1969)ی گوندی كانی قادری قادركەرەم، ساڵی(1986) بۆتە پێشمەرگە.
٨- عەبدوڵڵا والی حەیدەر، ناسراو بەعەبدوڵڵا سووری، لەدایكبووی ساڵی(1969)ی گوندی حەیدەرە سووری ناوچەی نەوجول، ساڵی(1986) بۆتە پێشمەرگە.
بابەتی زیاتر