كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتیی لە سەرجەم بوارەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی، ڕێكخراوەیی و دیموكراتی، بە دێرین و نوێوە
بە سڵاوێكی گەرمەوە پیرۆزبایی 49 ساڵەی دامەزراندن و 48 ساڵەی دەسپێكی شۆڕشی نوێتان لێ دەكەین کە دوو بۆنەی گەورەن لە مێژووی كوردستان و عیراق و لە مێژووی خەباتی دیموكراتی گەلانی ئازادیخوازدا، بۆنەی ڕاگەیاندنی تەرزێکی نوێی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و بۆنەی جاڕدانی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی جەماوەری كە لە ناو جەرگەی هەرەسی ناڕەوادا، دڕی بە شەوەزەنگی نا ئومێدی دا و چرای ڕۆشنی رێگای ئازادی هەڵكرد، ڕاستەڕێی ستراتیژی (ئاشتی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین) بەرەو سەرکەوتن گرتەبەر.
لە ماوەیەکی کەمدا پریشكی بڵێسەی ئەم تێكۆشانە چروپڕەی یەكێتیی و شۆڕشەكەی بە رێبەرایەتی سەرۆكی نەمر مام جەلال و هەڤاڵانی دامەزرێنەر و تێكۆشەرانی ناوەوەی وڵات، چیا سەركەشەكانی كوردستان و كۆری تینووی خەباتی ناوەوە و دەرەوە و گشت كایەكانی سیاسی و دیبلۆماسی و راگەیاندنی ئاوەدانکردەوە.
ئەم كاروانە شۆڕشگێڕییە هەموو بەربەست و پلانەكانی دوژمنان و داگیركەری فاشتی تێكشكاند و تێپەڕاند. درێژترین روباری خوێنی شەهیدانی كردە خەڵاتی میللەتەكەمان و هەرگیز نەسرەوت تا سەركەوت لە ڕاپەڕینی رزگاری كوردستان، تا مژدەی روخانی دیكتاتۆری بەعسی كردە ڕاستی و داخوازی گەلەکەمانی لە وڵاتێكی دەستوری و فیدرالیدا هێنایەدی و گەیاندیە کەناری ئارامی و ئازادی.
خوشك و برایەنی خۆشەویست
ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەربەرزییەوە یادی (49) ساڵەی دامەزراندنی وەك بۆنەیەكی میللی و نەتەوەیی مەزن دەبینێ كە هەموو چین و توێژەكانی میللەتەکەمان هەقی خۆیانە خاوەندارێتی لێ بكەن و شانازی پێوە بكەن، چونكە ئەم هەموو رەنج و قوربانییە بۆ ئەوان و بەوان جێبەجێ كراوە و سەرخراوە. چونکە شەهیدانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری نەبەردی و نەبەزین، هەڤاڵانی زیندان و رێكخستنەكان، ژنانی ئازا و تێکۆشەری رووسووری خەباتی یەکسانی و یەکێتی، هەر هەموویان لە چاكترین رۆڵەكانی ئەم گەلەن و بە ناوی یەكێتییەوە ئەم ئەركە پیرۆزەیان ڕاپەڕاندووە. بۆیە یەکێتی ئەم یادە پیرۆزە دەكاتە دەرفەت بۆ جۆشدانەوەی خەبات لە پێناوی ئاسۆی ژیانی نەوەكانی داهاتوومان لە كچان و كوڕانی كوردەواری و وەك هەمیشە، بێ سڵەمینەوە بۆ پێشەوە دەڕوا و ئاور لە دواوە ناداتەوە، مەگەر بۆ پێزانینی تێكۆشانی رابردوو و ئیلهام وەرگرتن بۆ خەباتی لەمەودوا نەبێت.
جەماوەری سەرفرازی کوردستان
هەموولەیەک دەزانن ئێستا گەلەكەمان و ئەزموونە خۆماڵییەكەی ، لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە كە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی هەیە. باشترین رێگاچارەی ئاشتی و دیموكراتیش بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی ئەوتۆ بێنێتەكایەوە دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناغ بێت و بە دەنگی ئازادی خەڵكی دەرفەتی حکومەتێکی خزمەتگوزارتر برەخسێنێ کە داكۆكی و پێداگری لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوری و دیموكراتییەكانی كورد لە بەغدا بكا و بە یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتیەوە هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە هەرکوێوە بێت، لە قاوبدات.
ئەمڕۆ پشتبەستوو بە ئیرادەی دەنگدەران و بەو ڕاستییە درەوشاوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر كردەوە كە (یەكێتی مێژووە، یەكێتی خوێنی شەهیدە، یەكێتی قوربانی و یەكێتی هێزە) رووی بانگەوازمان لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و چین و توێژەكانێتی، بە تایبەتی ژنان و لاوەكانمان كە لەم وێستگە دیموكراتییەی هەڵبژاردندا بە جۆش و خرۆشەوە بێنە كۆڕی هەڵبژاردنەوە و پەنجەمۆری خۆیان لە داهاتووی خۆیان بدەن، متمانە بە یەكێتییە سەرسەخت و سەر ڕاستەكەی خۆیان نوێبكەنەوە. كە دیرۆکی نزیكەی نیو سەدە ئەم متمانەیە پتەوتر دەکات لە سایەی یەكێتی هەڵوێست و یەكێتی ریزەكانی ئەمرۆی هەڤاڵاندا، لە سایەی گەڕانەوەی هەر ئێستای بەڵانسی هێز و ئیرادە لە کوردستان و گێڕانەوەی سەنگی یەکێتی و کورد لە ناو ڕاڕەوە سیاسییەکانی بەغدا و پایتەختەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەسەر ڕێبازی ئاوەدانی سەرۆک مام جەلال. بەتایبەتر کە رەوتی رووداوەكان سەلماندویانە ، پاڵپشت بە پشتیوانی جەماوەرەکەمان ،هەرچی كراوە پێشەنگێتی یەكێتی كردوویەتی و هەرچی ماوە لە ئەركی چاكسازی و ئاوەدانی و خزمەتی کۆمەڵگەی کوردستان هەر بە یەكێتی دەكرێت، بە هاوكاری و بەشداری كارای هێزە دەربەستەكانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان کە یەکێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە و لەم یادە پڕ شکۆیەشدا تەئکید لەسەر ئەو پرەنسیبانە دەکاتەوە.
بابەتی زیاتر