ئاوات كۆكهیی
مێژووی ملازم جوامێر و جوامێرەكانی هاوڕێی لەڕێكخراوی هەڵۆی سووردا، مێژوویەكی ئەوەندە ناسراو و دەگمەن و پڕ شانازی و سەروەرییەكی ئەوتۆیە كە پێویست بەوە ناكات لێرەدا لە شكڵی ناساندن قسەیان لەسەر بكەین، خەبات و شەهیدبوونیان لاپەڕەیەكی رەنگینی خەباتی سەختی نهێنی شۆڕشی نوێ و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كوردستانە..
ئەوان كە لە بەغدای پایتەختی تاواندا، چنگی تۆڵەیان لە گەردنی داگیركەران گیردەكرد، بوون بەسەرمەشقی چاونەترسی و شەڕكردن لەنێو هەناوی دوژمندا، ئیدی ئەو مێژووەو ناوی ئەو شاسوارە شەهیدانە كە لە(10/4/1978) لە سێدارەدران، بۆ هەموولایەك ئاشناو ئاشكرایەو ئەم كارەی ئێمەش، جگە لە پیرۆز راگرتنی یادی پڕشانازییان، شتێكی دیكە نییە.
شەهید جوامێر سایەمیر فەتحوڵڵا - ملازم جوامێر
لە دایكبووی ساڵی(1947)ی شاری مەندەلی و خوێندنی ئامادەیی بازرگانی لە بەغدا تەواوكردووە، لە(1968) پەیوەندی كردووە بە(پ.د.ك)و لە دوای رێككەوتننامەی(11ی ئازاری 1970) لە كۆلێژی سەربازیی وەرگیراوەو ساڵی(1972) تەواوی كردووە. دوای نسكۆ لە(24/4/1975) گەڕاوەتەوە بۆ عیراق، لە(1976) پەیوەندی كردووە بەشۆڕشی نوێوە.
چالاكییەكانی گواستۆتەوە بۆ بەغداو لەگەڵ هەڤاڵەكانیدا هێرشەكانیان بۆسەر سەركردەكانی بەعس چڕكردۆتەوە، یەكەمین چالاكی چەكداریی پێشمەرگەیان لەناو بەغدای پایتەخت ئەنجامداوە، كە هەڤاڵی نەمر وەسفیە بەنی وەیس كەلوپەلە سەربازییەكانی گەیاندبووە دەستیان. لەدوای چەند چالاكییەك، لەگەڵ هەڤاڵەكانی دەستگیركران، بەڵام لە زیندان هەڵاتن، دواتر بۆ جاری دووەم دەستگیركرانەوەو لە(10/4/1978) لەگەڵ هاوڕێكانیدا، لە سێدارەدران.
شەهید سەلمان داود حسێن
ساڵی(1955) لە مەندەلی لە دایكبووە، بەهۆی ئەوەی خێزانەكەی گواستویانەتەوە بۆ بەغدا، خوێندنی سەرەتایی لە مەندەلی و بەغدا تەواوكردووە، لە سەرەتای ساڵی حەفتاكانیشدا بوو بەئەندام لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان و لە(1974) لەگەڵ باوك و كەسوكارەكەی پەیوەندیی كردووە بەشۆڕشەوەو دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، دامەزراندنی رێكخراوی خوێنی شەهیدان- یان راگەیاند و لە ساڵی(1976)داو لەڕێگەی حاجی داودی باوكییەوە كە ئەندام بوو لە رێكخراوی كۆمەڵە، پەیوەندییان كرد بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە، بەوشێوەیە رێكخراوی خوێنی شەهیدان بوو بەباڵی كۆمەڵە لە بەغدا، بەناوی هەڵۆی سوور بەغدایان هەژاند.
شەهید سەلمان بەیاوەری شەهیدان"جەمال سەعیدو سەلام عەبدولڕەزاق" ساڵی(1977) خیانەتكار"عوسمان محەمەد فایق"یان لە بەغدا بە سزای گەل گەیاند، بەداخەوە، بەهۆی"كاوە فاتیح"ی خیانەتكارەوە، ئەم كۆمەڵە گەنجە كوردە دەستگیركران.
شەهید سەلام عەبدولڕەزاق ئەكبەر
شەهید سەلام عەبدولڕەزاق لە(18/12/1954) لە خانەقین لە دایكبووە، خوێندنی ناوەندی هەر لەوێ تەواوكردووەو لە(1971)دا، بوو بەئەندامی یەكێتی لاوانی خانەقین، ساڵی(1974) بوو بەپێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، ئازاو چالاك بووە، دوای نسكۆی(1975) چوو بۆ ئێران و پاش ماوەیەكی كەم گەڕایەوە بۆ بەغداو دەستیكرد بەخەباتی نهێنی لە بەغداو گەرمیان، ئەندامی هەڵۆی سوور بووە، شوێنی تاوانبار عوسمان محەمەد فایەقی ئاشكراكرد و پاشان نەخشەو پلانی بەسزا گەیاندنیان داڕشتووەو دواتر نەخشەكەش بەسەركەوتوویی ئەنجامدرا.
بەداخەوە لەڕۆژی (21/8/1977) لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركرا.
شەهید جەمال سەعید
شەهید جەمال سەعید ساڵی(1956) لە دایكبووە لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا پەیوندی بە یەكێتی قوتابیانەوە كردووەو دوای نسكۆی شۆڕشیش پەیوەندی كردووە بەڕێكخراوی هەڵۆی سوورەوە، پاشان لەلایەن خیانەتكارێكەوە ئاشكرا كراوەو دەستگیركراوە.
شەهید عادل عەبدولكەریم - محەمەد عەلی داودی
شەهید عادل عەبدولكەریم لە(30/4/1954) لە دایكبووە، ساڵی(1971) پەیوەندی كردووە بەیەكێتی قوتابیانی كوردستان-ەوەو لە خوێندنگەی ئامادەیی(التاخی) ئێواران لە بەغدا خوێندویەتی، لە(1972)دا، پەیوەندی كردووە بەیەكێتی لاوانی كوردستانەوە، لە(1975)و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا لەلایەن رژێمی بەعسەوە چەند جارێك دەستگیركراوەو ئازاد كراوەو رووبەڕووی ئەشكەنجە بۆتەوە.
لە سەرەتای ساڵی(1975)دا، لەكاتی لە سێدارەدانی شەهیدی تێكۆشەر لەیلا قاسم-دا، لەگەڵ كۆمەڵێك لە گەنجانی كورد لە بەغدا رێكخراوی لەیلا قاسم و دواتر رێكخراوی خوێنی شەهیدان-یان دامەزراندووە، رۆژی(28/8/1977) دەستگیركرا.
شەهید شیرۆ عەبدولقادر رەزاق مەحمود هەمەوەندی
شەهید شێرۆ عەبدولقادر لە(2/2/1957) لە دایكبووە، بەشی زانستی ئامادەیی لە(1976-1977) بەسەركەوتوویی تەواوكردووە، لە (1975) پەیوەندی كردووە بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە، لە(10/4/1977) لەلایەن بەعسییەكانەوە دەستگیركرا.
بابەتی زیاتر