عەباس عەبدولڕەزاق
چل و چوارساڵ بەسەر شەهیدبوونی سەلام و هاورێكانی، مولازم جوامێر و سەلمان و جەمال و عادل و شێرۆ تێدەپەرێت، كەچی كاك عەبدولكەریمی بڕا گەورەمان ئەو چركەساتەی دوا دیداری شەهید سەلام"ئاشتی" لە بیرنەچووە لە زیندانی ئەبوغرێب بەدەم خوێندنەوەو وتنەوەی دروشمی"كەم بژی و كەڵ بژی" جارجار دەیوت"كەم ژیام، بەڵام كەڵ ژیام" بەوشێوەیە سەلام ماڵئاوایی لێكردین و رۆژی(10/4/1978) لەگەڵ هاوڕێكانی"هەڵۆی سوور" رێچكەی كاروانی شەهیدانیان گرتەبەر بەدروشمی كەم بژی و كەڵ بژی، بوون بەهەڵۆی سووری بەرزەفڕ لە پێناوی سەرفرازی كوردستان.
رێكخراوی هەڵوی سوور
پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و لە دەرنجامی رێكکەوتننامەی جەزائیری نێوان رژێمی فاشی بەغداو شای ئێران، كۆمەڵێك گەنجی خوێن گەرمی نیشتمانپەروەر رێكخراوێكی سەربازییان لە ناوجەرگەی بەغدا دامەزراند بەناوی رێكخراوی"خوێنی شەهید"و چەند چالاكییهكیان ئەنجامدا. حاجی داود باوكی شەهید سەلمان پەیوەندی هەبوو بەڕێكخستنی كۆمەڵەوە. دوای ئەوەی ئاگاداری جموجۆڵی سەلمان-ی كوڕی دەزانێت هانی دەدات كە بەوشێوەیە ناتوانن بەردوامبن بۆیە پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەكات پەیوەندی بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەوە بكەن، لەوێوە پەرە بە چالاكییەكانیان بدەن. لەلایەن رێكخستنەكانی كومەڵەشهوه ئەوە پەسەند دەكرێت.
مامۆستا جەعفەر"فازڵ كەریم" دەیگێڕێتەوە چەند جارێك لە گەڵیان كۆبۆتەوە. بڕیار دەدەن رێكخراوێكی سەربازی نهێنی دامەزرێنن بەناوی هەڵۆی سوور و ئەندامەكانی رێكخراوی خوێنی شەهید رێكخستنەكانی كومەڵەی تێدابێت. بەپێی قسەكانی مامۆستا جەعفەر ئەو رێكخراوە دامەزرا. نەخشەیان داڕشت بۆ چالاكییەكی گەورە، ئەویش سەپاندنی بڕیاری شۆڕش و گەل بەسەر تاوانبار و خۆفرۆش"عوسمان فایەق" بوو.
عوسمان فایەق پلەی وەزیری هەبوو و سەرپەرشتی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی دەكرد لە بەغداو وەك مۆتەكەیەك لەسەر زمانی كوردی دانرابوو. بەهیچ جۆرێك رێگای نەدەدا وشەی كورد و كوردستان و كوردایەتی بنووسرێت. سانسۆرێكی كوشندەی بەسەر رۆشنبیری كوردییەوە دانابوو، بۆیە ئەم بڕیارەیان بەسەریدا سەپاند.
شەهید سەلام عەبدولڕەزاق شاعیر و نووسەر بوو هاتووچۆی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی دەكرد. لەڕێكخستنەكانی كومەڵە بوو لەبەغدا، لەگەڵ"سەلمان حاجی داود و جەمال محەمەد سەعید" كە ئەندامی رێكخراوی هەڵۆی سوور بوون. پێش ئەوەی مولازم جوامێر بگاتە بەغدا، مولازم جوامێر پێشمەرگەبوو لە ناوچەی قەرەداغ نێردرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاكییە و سەرپەرشتی رێكخراوی هەڵۆی سوور بكات. "سەلمان و سەلام و جەمال" لەكاتی نەخشەدانان و چاودێری هاتووچۆی عوسمان فایەقدا بوون لای مزگەوتی"خەلانی" راوەستابوون لەپڕ ئۆتۆمبێلەكانی دەردەكەوێت، سەلام پێاندەڵێت ئەوەتا بەمشێوەیە دێت. هەرسێكیان دەبینن كاتێكی لەبارە بۆ جێبەجێكردنی چالاكییەكە. هەرلەوێ بڕیار دەدەن و جێبەجێی دەكەن و هەریەكەو بەلایەكدا دەڕۆن. كۆڵانە تەنگەبەرەكان دەگرنەبەر، دەربازدەبن، بەچەند چركەیەك ئەم سێ هەڵۆیە ئەو ناوە دەخرۆشێنن.
خاتوو"ئەحلام مەنسوور" ئەوكات لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە دەبێت بۆی گێرامەوەو وتی:
"من لای دەرگاكە بووم چاوم لێ بوو عوسمان لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزی لەپڕ دەنگی تەقە هات عوسمان كەوت هیچ كەسمان نەبینی منیش بەڕاكردن گەیشتمەسەری كەوتبوو كەس بڕوای نەدەكرد كاری وابكرێت لە كاتێكدا رژێم ئاهەنگی سەركەوتنی دەگێڕا بۆ نەمانی پێشمەرگە كەچی لەناو جەرگەی بەغدا ئەم كارە بكرێت.."
پاشان كە مولازم جوامێر دەگاتە بەغدا لێپرسراوێتی هەڵۆی سوور دەگرێتەدەست. هەندێ نیگەران دەبێت لەوەی كارەكەیان ئەنجامداوە. رژێم تووشی شڵەژان دەبێت نازانێت ئەوانەی ئەم كارەیان ئەنجامداوە كێن؟ چۆن ئەنجامیانداوە؟ كاك عیماد ئەحمەد دەڵێت:
"لەبەر ئەو گورزە كوشندەیە، رێكخستنەكانی كۆمەڵە لە بەغدا راپۆرتێك بەرزدەكەنەوە بۆ سەركردایەتی و بەوردی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو چالاكییەی تێدا دەنووسن و لە هەمانكات داوای ئەوە دەكەن ئەوانەی هەڵساون بەم چالاكییە، لە بەغدا نەمێنن."
كاك عیماد و مامۆستا جەعفەر دەڵێن ئەوە پێشنیاری ئێمەبوو لەڕاپۆرتەكەدا هۆكارەكانمان نووسیبوو، بەڵام لە سەركردایەتی هەندێك ئەندامی سەركردایەتی ئەو پێشنیارەیان پێ قبوڵ نەكراو بۆ ئەوەی مولازم جوامێر رازی بكهن فشاری زۆریان خستەسەر رێكخستنەكان و هەڵۆی سوور بۆ ئەوەی هەستن بەچالاكییەكی تر لە ناو بەغدا.
بەپێی قسەكانی مامۆستا جەعفەر پێشنیارێكی تریان خستۆتە بەردەستی سەركردایەتی رەزامەندیان دەربڕیبوو بۆ ئەوەی كەسانێكی دیكە ئەو كارە بكەن، ئەوانەی چالاكی یەكەم دووركەونەوە تا ماوەیەك، بەڵام دیسان سەركردایەتی فشاریان كردەسەر كۆمیتەی بەغدا بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیكە كە ئەوانیش بەناچاری خۆیان ئامادە كرد بۆ چالاكییهكیتر كە ئەویش دواتر پێویستیان بەئۆتۆمبێلێك دەبێت، شەهید"شێرۆ" خزمێكی دەبێت بەناوی"كاوە فاتح" هەمیشە باسی نیشتمانپەروەری دەكات، ئۆتۆمبێلێكی فوكسواگنی دەبێت ئامادە دەبێت لەگەڵ رێكخراوی هەڵۆی سوور كاربكات و لە هەمانكاتدا پەیوەندی بە"ئەمن"وە دەكات ئەوانیش سیستەمێكی دەنگی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی جێگیردەكەن، دەڕوات لە گەڵیان و هەرچی بڕیارێك و قسەیەك كه دەیكەن پێیاندەزانن. كۆبوونەوەیەكی گەورەی هاشم عەقراوی دەكرێت لە جامعەی موستەنسیریە ئەمانیش لەناو ئوتۆمبێلەكەی كاوە فاتح وە پلانەكەیان ئاشكرا دەبێت، ئەو رۆژەی ئەمان دەڕۆن بۆ هۆڵی موستەنسیریە ئەمنەكان لەوێ چاودێریان دەكەن. كاتێ دەگەنە ئەوێ ئەمانیش درك بەئاشكرابوونی پلانەكەیان دەكەن دەربازدەبن و لە شوێنەكە دووردەكەونەوەو بڵاوەی لێ دەكەن. سەلام دەڕوات بۆ ماڵی خوشكەكەی.
"كازم جاسم" شوێنەكەی سەلامیان پێدەڵێت، هەرچەند لە سەربانەوە دەتوانێت دەرباز بێت، بەڵام ئەو لەبەر خوشكهزاكانی خۆی دەدا بەدەستەوە. سەلمان و جەمال و شێرۆ و عادل و جوامێر دەستگیردەكرێن. ئەم شەش قارەمانە لە زیندانیشدا نمونەی خۆڕاگیریان نواند، توانیان چۆك بەجەللادەكانیان دابدەن. لەناو زیندانیش خۆیان ئامادەدەكەن بۆ ئەوەی زیندانی ئەمنی عامە بشكێنن بەپلانێك دەتوانن پۆلیسەكە دەستگیربكەن و رابكەن. پێش راكردنەكەیان كاتی مواجهەی كەسوكاریان هەموو جارێك خوالێخۆشبوو خاتوو وەسفیە بەنی وەیس لە تەك دایك و فەتحیەی خوشكی سەلام سەردانیانی كردوون. جارێكیان وەسفیە نامەیەكی بۆ ناردمە دەرەوە ئەوكات من لە ئێران بووم. هەروەها جارێكیان خاتوو "رووناك شێخ جەناب" بەناوی یەكێك لە خوشكەكانم سەردانی زیندانیان كردبوو، پێش ئەوەی لە زیندان رابكەن فەتحیەی خوشكم پێیووتم:
"خۆیان داوایان كردبوو رووناك بێت بۆ زیندان، هەروەها داوای پانتۆڵ و كراسی نوێیان كردبوو. دیاربوو بۆ ئەو چالاكییە بووە"
لەوێش یەكێك لە هاوڕێكانیان بەناوی"كازم" نەیتوانی بوو بەرگەی ئەشكەنجە بگرێت، وەك جاسوس لە ژوورێ هەواڵی جموجۆڵەكانیان دەدا بە ئەمنەكان، بەڵام مولازم جوامێر پێیزانی بوو هیچ شتێكیان لەلای ئەو نەدەدركاند. بۆیە نەیانزانی كەی و چی دەكەن، بەڵام هەست بەجموجۆڵێك دەكەن، ئەمان خۆیان ئامادەكردبوو لەكاتی هێنانی خواردن یەك پۆلیس لەگەڵ خواردنەكە بەتفەنگەوە دێت ئەوان خۆیان ئامادە دەكەن، خوێ بپرژێننە چاوی پاسەوانەكە، ئهو كاره دهكهن و تفەنگەكە لە شانی دەكەنەوە، بەڵام بهداخهوه تفەنگەكە فیشەكی تێدا نابێت دەرگاكان دەكەنەوە، سەلام و جەمال و سەلمان لە ناو ئەمنی عامە دەستگیر دەكرێن، جوامێر دەرباز دەبێت بەبیجامەوە دەڕوات چەند گەڕەكێك دەڕوات لای"بتاوین" دەستگیر دەكرێت .
بەپێی ئەوەی رەعد ئەسكەندەر و خوالێخۆشبوو كاك كوردۆ قاسم"سەعدون"و كاك سەڵاح جان و هاوڕێكانیان دەیگێڕنەوە ئەمانە نموونەی بەرەنگاری بوون لە زینداندا وەك دكتۆر فازل بهڕاك مودیری ئەمنی عامە بۆ هەڤاڵ رهوانشاد"مام جەلال"ی گێراوەتەوە كە چەند قارەمان بوون. هەروەها نامەیەك لە یەكێك لە هاوڕێیانی زیندانی حزبی شیوعی كە لە زیندانەوە ناردبووی، باسی قارەمانێتی جوامێر و هاوڕێكانی دەكات وایلێهاتبوو لەكاتی ئەشكهنجە لە زیندانەكانی ئەمنی عامە بەتێكوشەرەكانی دەوت"شنو انتو هم تريدون اتصيرو مثل جوامير و جماعة" بەمشێوە كاك عەبدولكەریمی برام و دایكم و فەتحیەی خوشكم دوا دیداریان لە گەڵ شەهید سەلام كردبوو، پێیانیوتبوو:
"خەم مەخۆن ئاگاتان لە خۆتان بێت من كەم ژیام، بەڵام كەڵ ژیام"
بابەتی زیاتر