ئا/ بەختیار محەمەد




ئەمڕۆ(٣٧) ساڵ بەسەر تیرۆركردنی نوسەری ناوداری كورد عەبدولخالق مەعروفدا تێدەپەرێ، مێژووی ھەر نەتەوەیەك ھەڵدەیتەوە كەسانێك ھەن كە لەبواری تایبەتی خۆیاندا جێدەستیان دیارە، یەكێك لەو ناوە گەشاوانەی مێژووی كورد، كە بەشەھیدی قەڵەم دادەنرێت، شەھید عەبدولخالق مەعروفە، ئەو كەسێكی نیشتیمانپەروەرو داكۆكیكەرێكی سەرسەختی مافی ئافرەتان بوو.
شەھید عەبدولخالق مەعروف لەرۆژی(١/١/١٩٣٥) لەگوندی سەید عوبێد لە ناحیەی كەندێناوە"دیبەگە"ی سەر بەشارۆچكەی مەخموور لەدایكبووە، لەبنەماڵەیەكی ئایینی پەروەردەبووە، باوكی مەلایەكی دیاری ناوچەكەبوو، ئەو كەسێكی ئازاو قسەخۆش بوو، لەدیبەگە دەستی بەخوێندن كردووە تاپۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، ھەروەك لەگوندی عەوێنەش خوێندوویەتی، لەسەر داوای باوكی لەخوێندن دەردێت و دەچێتە خوێندنی ئایینی و لەرێگای حوجرەو لای مەلاكان بەشە سەرەتاییەكانی خوێندنی ئایینی لەكەندێناوەو دەوروبەری تەواودەكات.
شەھید عەبدولخالق مەعروف لەگەڵ كۆمەڵێك لە فەقێكانی كەندێناوەو ھەولێر دووسەد ئیمزایان كۆكردەوەو وەكو داواكارییەك خستیانە بەردەم خوێندنگەی ئایینی تا بەشێوەیەكی رەسمی ئەو خوێندنگایەیان بۆ بكرێتەوە، ئەم داواكارییەش بووەھۆی ناڕەزایی زۆرێك لە مەلاكانی ئەو سەردەمە وەك ھەوڵێك بۆ بێكاركردنی خۆیان لێكدایەوە، بۆیە شەھید عەبدولخالق مەعروف لەتەمەنی لاوی خۆیدا سەردانی پارێزگاری ئەو دەمەی ھەولێر"ئیسماعیل حەقی" دەكات و داواكاری فەقێكانی بۆ رووندەكاتەوە، ھەربۆیە پارێزگار داواكەی بەڕەوا دەزانێ و پشتگیریی لێكردن.
دوای ئەوەی شەھید عەبدولخالق مەعروف زانستە ئاینییەكانی خوێندو گەیشتە ئاستێكی دیاری شارەزایی لەو بوارەدا، بڕیاریدا بچێتە وڵاتی میسر، ئەوەبوو لەتەمەنی(١٩) ساڵییەوە لەرۆژی(٢/٤/١٩٥٤) چوو بۆ میسرو داواكاری پێشكەشكرد بۆ خوێندن لەزانكۆی ئەزھەر، بەڵام بەبیانووی نەبوونی بڕوانامەی رەسمی داواكەی پشتگوێخراو بەناچاری گەڕایەوە بۆ ھەولێر و پاشان چووە بەغداو لەلایەن مامۆستایان"محەمەد قزڵجی و عەلادین سەجادی" دەستیكردەوە بەخوێندن. لەدوای دووساڵ لەمانگی نیسانی(١٩٥٦) بەشدار تاقیكردنەوەیەكی كردو بوو بە "ئیمام تابوور" لەسوپای عێراق، ھەر لەھەمان ساڵ بوو بەئەندامی پارتی دیموكرای كوردستان و درێژەی بەخەباتی كوردایەتی خۆیدا، ماوەیەكی زۆر لەماڵی شەھید ساڵح یوسفی ژیاوە.
شەھید عەبدولخالق مەعروف لە تەمەنی لاوێتییەوە ئارەزووی زانست و زانیاری ھەبوو، لە ساڵی(١٩٥٧) دەستیدایە دروستكردنی جۆرێك لە ئێزگەی رادیۆو لەم كارەش بەردەوام بوو تاساڵی(١٩٦٠) ئەوكاتە لەبەغدا بوو توانی ئێزگەیەك دروست بكات، دواتر لەساڵی(١٩٦٣) گەڕایەوە شاری ھەولێر، پاشان لەكۆیە پەیوەندی كرد بەشۆرشی كوردەوەو لەوێش سوودیان لەتواناكانی وەرگرت بۆ دروستكردنی ئێزگەی شۆڕش، كە یەكەمجار لەئەشكەوتی"رەش" لەناوچەی"ژاژەڵە" ئەو ئێزگەیە دانرا. شەھید عەبدولخالق مەعروف خۆی بەرپرس و سەرپەرشتیاری كاروباری تەكنیكی و ھونەری ئەو ئێزگەیە بوو.
دواتر لە ساڵی"١٩٦٧" كرا بە بەڕێوەبەری گومرگی قەزای دوكان، دواتر لەلایەن رژێمەوە دەستگیركراو رەوانەی بەندیخانەی بەغدا كراو لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی مووسڵ، پاشان بەبروسكەیەكی بارزانی ئازادكراو گەڕایەوە ناو شۆرش. دوای بەیاننامەی ئازاری"١٩٧٠" گەڕایەوە ھەولێر، لەرۆژی(١/٥/١٩٧١)دا, لەلایەن شۆڕشەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات"چیكوسلۆفاكیا" كرا، بەمەبەستی خوێندن، ھەرلەوێ بڕوانامەی دیبلۆمی لەبواری ئامێرو ئامرازە ئەلكترۆنییەكان لەكۆمپانیای تیسلا بەدەستھێنا.
دوای ھەرەسی(١٩٧٥) جارێكی دیكە گەڕایەوە شاری ھەولێر، ئەوەبوو دوكانێكی بۆ كاروباری تەكنیكی كردەوە، ھاوكات لەگەڵ كارەكەی دوكانەكەی كردبووە شوێنێك بۆ كۆبوونەوەی رۆشنبیران و نووسەران.
شەھید عەبدولخالق مەعروف جگە لەوەی لەبواری زانستی، رۆشنبیرێكی خاوەن قەڵەم بوو، جگە لەزمانی عەرەبی بەباشی خۆی فێری زمانی ئینگلیزی كردبوو، لەبواری نووسینیش دەستێكی باڵای ھەبوو، ھەروەھا لەبواری ئەدەبیش شارەزاییەكی باشی ھەبوو بەتایبەت لەشیعری كلاسیكی كوردیدا لەو بوارەش كتێبێكی لەسەر ئەو راو بۆچوونانە نووسیوە.
ئەوەی كە زۆر شەھید عەبدولخالق مەعروف جیادەكاتەوە لەزۆر نووسەری تر كاركردنی بوو لەبواری كۆمەڵایەتی، چونكە روانینێكی وردی ھەبوو، بەئاشكرا جیاوازی و نایەكسانی نێوان چین و توێژەكان و نێوان ژن و پیاوی دەبینی، شارەزابوونی لەبواری شەریعەتی ئیسلامدا یارمەتی دابوو بۆ لێكدانەوەو شرۆڤەكردنی ئایەتەكانی قورئان كە پەیوەندیان بە مەسەلەی ئافرەتانەوە ھەبوو. پێش شەھیدكردنی كتێبێكی بەناونیشانی"ئادەمیزاد لەكۆمەڵی كوردیدا" بەچاپ گەیاند، ئەم كتێبەی بووە مایەی نیگەرانبوونی زۆرێك لەدواكەوتووان ھەندێكیان بەدەرچوون لە سنووری ئیسلام لێكیان دەدایەوەو ھەر ئەم كتێبە بووەھۆی شەھیدكردنی ئەم قەڵەمە دیارەی كورد.
عەبدولخالق مەعروف لەپاش نیوەڕۆی رۆژی(١٠/٤/١٩٨٥)دا, لەكارێكی دژ بەھەموو دابونەریتێكی مرۆڤایەتی و ئایینی لەنزیك ماڵەكەی خۆی لەگەڕەكی ئازادی لەشاری ھەولێر شەھیدكرا. شەھیدكردنی عەبدولخالق مەعروف كارێكی ھێندە دزێوو ناشیرین بوو سەرجەم كۆمەڵانی خەڵك و قەڵەم بەدەستانی كوردی نیگەران و خەمباركرد.
لەبارەی شەھید"عەبدولخالق مەعروف" رەوانشاد"مام جەلال" دەڵێت:
"عەبدولخالق مەعروف پیاوێكی دڵسۆزبوو، خاوەنی راو ھەڵوێست بوو، زیاتر لە سی ساڵ خەباتی كرد، دوای ھەرەسی شۆڕشی ئەیلول چـــــوو بۆ ئەوروپا و بەشداری پێكھێنانی لیژنەی ئەوروپای"ی.ن.ك" كرد، پاش گەڕانەوەشی بۆ ھەولێر ھەر بەدڵسۆزی مایەوە بۆ شۆڕش، ژیانی عەبدولخالق مەعروف ژیانێكی شۆرشگێڕانە بوو، ھەمیشە دڵسۆز بوو بۆ كوردو كوردستان".
شەھید عەبدولخالق مەعروف لەدوای خۆی كۆمەڵێ بەرھەمی بەنرخی بەجێھێشتووە كە بریتین لە: ئەنتینا(١٩٧٧) (اجھزە الارسال، بەزمانی عەرەبی ١٩٧٩ (تەكنیكار، ١٩٨١)، (دیوانی نالی و كێ راستە، لێكۆڵینەوە ١٩٨٤) (ئادەمیزاد لەكۆمەڵی كوردیدا، لێكۆلینەوە ١٩٨٤).


* بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لەرۆژنامەو گۆڤاری"رۆڤار" ژمارە(١٧) وەرگیراوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved