رزگار شێخ ساڵح*


رێك شەوی سەری ساڵی(1986) بوو مەفرەزەیەكی گچكە كە پێكهاتبووین لە شەهید"شێخ جەمیل و شەهید ئاراسی خوشكەزایی و كاك ئەحمەدی كادیر و بەندە" لەجادەی سلێمانی - كەركوكەوە پەڕینەوە بۆ قەرەداخ، پاشتر لەگوندی دێلێژە گیرساینەوە، هۆكاری چوونمان بۆبەری قەرەداخ بابەتێكی ترە بۆ فرسەتێكی تری جێدەهێڵم، كە گەیشتینە مزگەوت بە بەرپرسی ئەنجومەنی گوندەكەمان وت:
"هەرچوارمان بۆ خواردنی نانی ئێوارە لەیەك ماڵدا دامەزرێنیت تالەیەكتر دانەبڕێین.."
گەرچی داواكەمان لادان بوو لەیاسای دامەزراندنی پێشمەرگە، چونكە دەبوو هەرماڵێك تەنها دوو پێشمەرگە نانی لێبخوات.
هەرچوارمان بەرماڵێك كەوتین پیاوی ماڵەكە هەمان رۆژ لە سلێمانیەوە گەڕابۆوە، پاش نانخواردن هاوسەرەكەی سینییەكی خستەبەردەممان كە پڕبوو لە مەسكەت و كونجی و رەحەتەلقوم، شەهید شێخ جەمیل واقی وڕما بەخاوەن ماڵەكەی وت:"ئەم شیرینیانە بۆ منداڵەكانتە نەك بۆ ئێمە.."
خاوەن ماڵەكە بەشەهید شێخ جەمیلی وت:"كاتێك ویستم بگەڕێمەوە بۆ گوندەكەم لەبەر قەسرەكەی تۆفیق قەزازدا دوكاندارێ هاواری دەكرد وەرنەوە بۆ شیرینی سەری ساڵ وەرنەوە بۆ شیرینكردنی دەمی منداڵەكانتان.."
شەهید شێخ جەمیل پێیوتین:"هاوڕێیان خۆتان ببەستن دەبێ بڕۆین.."
من لە پەیامەكەی شەهید حاڵی بووم. رۆحت شاد شێخ جەمیل تۆ رێگربوویت لە خواردنی شیرینی منداڵی گوندنشین بۆ سەری ساڵ. رۆحتان شاد هاوڕێ شەهیدەكانم ببوورن من وەك مردو بەمنووسینە ساڵیادی ئێوەی زیندو پیرۆزدەكەم.


* پێشمەرگەی دێرین و ھاوڕێی خۆشەویستی شەھید جەمیل.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved