لە ٤٩ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا حزب و لایەن و کەسایەتییەکان پەیامی پیرۆزباییەکانیان ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سەرکردایەتی و سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
دەقی پەیامی سەرۆککۆمار...
پیرۆزبایی سەرۆك کۆمار بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بەبۆنەی یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزباییەك ئاراستەی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و ئەندامان و کەسوکاری شەهیدانی حزبەکە دەکات، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بەڕێزان ئەندامان و لایەنگران و کەسوکاری شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاوی خەبات و تێکۆشانتان لێبێت
رۆژی 1ی حوزەیران رۆژێکی گرنگ و پڕبایەخی مێژووی گەلەکەمانە، کە رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتێکی مەزنی شۆڕشگێڕانەیە لەپێناو ئازادی نیشتماندا.
49 ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رابەرایەتی سەرکردە و سیاسەتمەداری کۆچکردوو سەرۆك مام جەلال و بە پشتیوانی و هاوخەباتیی سەرکردەکانی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و ئەندامان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کاروانی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵا و ستراتیژییەکانی گەلەکەمان کەوتەڕێ و لەم پێناوەشدا هەزاران رۆڵەی نیشتمان گیانیان بەخشی و بە خوێنی خۆیان روبەڕوی ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت بونەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە بڕوای تەواوی بە بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ هەبوە، لە خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجانە جیاوازی لەنێوان رۆڵەکانی نیشتماندا نەکردوە، هەر ئەوەش وایکردوە کە پێگەی لە کوردستان و عێراقدا هەمیشە بەهێزبێت و کاریگەر بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە ئامادەیی تەواوی هەبوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەم لە روبەڕوبونەوەی دیکتاتۆریەت، هەم لە دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دواتریش لە بونیادنانی عێراقی نوێدا، ئێستاش بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵ و پێگە بەهێزەکەی و ئەزمون و خەباتی بەردەوامی، لە قۆناغێکی مێژووییدایە تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە نیشتمانییەکان درێژە بە خەبات بدات بۆ سەقامگیریی زیاتر و ئاوەدانی و چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵات و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتیان.
لەم بۆنەیەدا هیوای بەردەوامی و گەشەکردنی زیاترتان بۆ دەخوازم، هەمیشە هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوبن.
د.لەتیف جەمال رەشید
سەرۆك کۆماری عیراق
PUKMEDIA
دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی...
ئەم کاتەت باش جەنابی سەرۆک...
پیرۆزبایی (٤٩)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە تۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەندامان و سەرجەم لایەنگر و دۆستانی یەکێتی دەکەم. سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی بەرزی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان و تێکۆشەران دادەنەوێنم. بەڵێن دەدەینەوە کە خوێندکاری بەوەفا و دڵسۆز و پێداگری ڕێبازەکەیان بین و تا بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان، لە خەباتدا بین و هیچ هەڵبەز و دابەزێکی ڕۆژگار نەتوانێت ساردمان بکاتەوە لە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێبازە.
ئەم بۆنەیە، وەکو دەرفەتێک دەبینم تا لە قووڵاییەکانی دڵمەوە، سوپاست بکەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و کارانەی بۆ یەکێتییەکەمانت کرد. یەکێتیت خستە سەرڕێی سەرکەوتنەکان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەکێتیت کردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی کوردی و هێزی یەکلاکەرەوە. روئیاکانیت نەک تەنها لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو لە عێراقیشدا کردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی. ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەکات.
کە باسی مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت، دەبێت باس لەو بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارە بکرێت کە بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە دروست ببوو و ناخی هەموو کوردێکی ساغی پڕ کردبوو لە بێهیوایی. ڕژێـمی بەعسی دیکتاتۆریش لەوپەڕی هێزی خۆیدا بوو و هەرچی لە توانایدا بوو کردی بۆ سڕینەوەی گەلی کوردستان. لەو کاتە چارەنووسسازەدا، ڕابەر و سەرۆکی مێژووییمان، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر، یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ سەرکردایەتیی ناوەوەی وڵاتدا، هاتنەوە کۆڕی خەبات. دۆڵ و چیا و دەشت و گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستانیان بە بڵێسەی شۆڕش ڕووناک کردەوە و یەکێک لە کاریگەرترین و پڕبەرهەمترین شۆڕشی ناوچەکە و جیهانیان هەڵگیرساند. شۆڕشێک جگە لەوەی بە سەدان کتێب لەبارەیەوە نووسراوە، تا ئێستایش کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە سەرسوڕمانەوە، چیرۆکی نەبەردییەکانی دەگێڕنەوە و هەتا کوردێکیش مابێت، ئەفسوونەکەی بەتاڵ نابێتەوە. گیانفیدایی و لەخۆبردوویی جەماوەری یەکێتی لەو قۆناغەدا، نموونەیەکی بێوێنەیە لە مێژوودا و ڕەنگە هیچ حیزبێک نەبێت لە دونیادا هێندەی یەکێتی ئەندام و لایەنگری ئاوا دڵسۆزی هەبووبێت و هەبێت. یەکێتی بە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە خوێن و قوربانیدانێکی لەباسنەهاتوو، ئەم کوردستانە نازدارەی لەژێر دەستی ستەمی داگیرکەر و دیکتاتۆر ڕزگار کرد. لە چرکەساتەکانی سەرەتاوە، خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و نیشتیمانپەروەران بوون و هیچ کەس و لایەن و بارودۆخ و کارتێکەرێکیش، نەیتوانیوە یەکێتی و ئەو جەماوەرە لەیەکتر داببڕێت.
سەرۆکم، ئەزموونی سەرۆکایەتیی تۆ، گەڕانەوەیەکی تەواوە لە پشتبەستن بەو میراتە بەهادار و مانادارە. ئایدیاکانی مامی گەورەشمان، ڕاستەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومانە. بە تەگبیری ورد و ئیرادە و حەماسەت و شەونخوونیت، جۆش و خرۆشی یەکێتییانەت لە تاک بەتاکی یەکێتییەکاندا دروست کردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەرکەوتنێكی لەیادنەکراو بۆ یەکێتییەکەیان تۆمار بکەن. بۆیە ئێمەومانانیش وەکو خوێندکار و شوێنکەوتوویەکی پابەند بەو ڕێبازە، هەموو کات لەپشتتین.
لەپشتتین، چونکە ئەمانەتێکی گرنگ و ئەرکێکی مێژوویی کەوتووەتە سەرشانت، سەرۆکایەتی و ڕێبەرایەتیی یەکێتییەک دەکەیت کە هەزاران شەهیدی بە ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان بەخشیوە و دەیان سەرکردەی نەزری کوردستان کردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریکترین چرکەساتی مێژووی ئێمەیە. هەر ئەو یەکێتییە، ئەندازیاری ڕاپەڕین و دروستکەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە و چیرۆکی نیو سەدە لە گیانبازیی پێشمەرگە و فەرماندەکانی لە بەگژداچوونەوەی زاڵمترین ڕژێمی دیکتاتۆری، لە ئەفسانە دەچێت. ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەکێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت کە ئەم حیزبەی دامەزراندووە. ئێستایش سەدان هەزار کەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەکەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەرکردە مەزنە، تێدەکۆشن.
لەپشتتین، چونکە لە ڕێگەی دیدار و کۆنگرەکەی یەکێتییەوە، بە پشتیوانیی ئەندامان و سەرکردەکانی، بە شێوازێکی ڕیشەیی پێداچوونەوەتان بە کاروبارەکانی ئۆرگان و پرۆگرامی یەکێتیدا کرد.
لەپشتتین، چونکە توانیت هێزەکان یەکدەست و پتەو بکەیت و هەموویانت خستەوە ژێر یەک چەتر کە ئامانجەکەی پاراستنی ئارامیی هەرێمەکەمانە.
لەپشتتین، چونکە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەکڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانت داوە و کردیشت. لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناکۆکییەکی نێوان حیزبەکان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا و لە چوارچێوەیەکی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ڕیسککردن بە کیانی هەرێمی کوردستانەوە کە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و تێکۆشانی زیاتر لە سەدەیەک لە ئینسانی کوردە.
لە هەمان کاتیشدا، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەکردنی نابەرپرسیارانەی هەندێک هێز و لایەن بەردەوام بێت، چونکە دەتزانی ئەگەر ستراتیژی سیاسیی کوردی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆزی کوردی دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن. بەشکۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە. بەوەش، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانت سەربەرزتر و کۆمەڵانی خەڵکی کورستانیشت بە یەکێتی، هیوادارتر کرد.
خاڵێکی هەمیشە گەشی دیکەی یەکێتیی، بڕواداربوونیەتی بە ئازادییە سیاسییەکان. دەبێت هەمووان بزانن ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە کەشوهەوای فرەیی سیاسیی دروست کردووە و لێ گەڕاوە حیزبی نوێ و گروپی نوێ دابمەزرێت و دژیشی کاربکەن. ئاخر تەنها یەکێتییە لە بیروڕای جیاواز ناترسێت و پێیوایە سیاسەت مەیدانی ململانێیە. ئامانجی تۆ، پاراستنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.
گەشبینم بە سەرۆکایەتیت، چونکە دووربینی و پێداگری و وردبینیی تۆ و پتەویی ئەو ڕێبازەی سەرۆک مام جەلال بناغەکەی دیزاین کردووە، وادەکەن یەکێتییەکەمان هەرگیز نەکەوێت و کاروانی خەباتی درێژە بکێشێت و بەهێزتریش ببێت.
لە کۆتاییشدا، دەڵێم: پشتگیریکردنی گەنجان و خوێندکاران، لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم هاتنەپێشەوەی ژنان، ڕێگریکردن لە سەرانەوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنەوەی ئۆرگانەکانی حیزب و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان، بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی، هاوسەنگکردنەوەی هێز لە ناوخۆ و باڵانسکردنی ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەکان، نەهێشتنی سیخوڕی و چاودێریکردنی ژیانی تایبەتی، سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و کۆست و پیلانەکاندا، دروستکردنی کۆدەنگی لە بڕیاردا و سەرپێخستنی دونیابینیی سەردەمییانە بۆ یەکێتی، بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەکان، شەڕی بەگژداچوونەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، گەڕان و سەردانی یەکلەدواییەکی پایتەخت و ناوەندەکانی بڕیار لە دونیادا بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ مافە ڕەوا و دیموکراسییەکانی گەلەکەمان، هەموو ئەمانە پێکەوە بە هیچ حیزب و سەرکردەیەک ناکرێت، جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکێک کە ناوی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.
برات،
قوباد تاڵەبانی
دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسیی
بۆ یادی ٤٩ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی و ٤٨ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتیی لە سەرجەم بوارەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی، ڕێكخراوەیی و دیموكراتی، بە دێرین و نوێوە
بە سڵاوێكی گەرمەوە پیرۆزبایی 49 ساڵەی دامەزراندن و 48 ساڵەی دەسپێكی شۆڕشی نوێتان لێ دەكەین کە دوو بۆنەی گەورەن لە مێژووی كوردستان و عیراق و لە مێژووی خەباتی دیموكراتی گەلانی ئازادیخوازدا، بۆنەی ڕاگەیاندنی تەرزێکی نوێی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و بۆنەی جاڕدانی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی جەماوەری كە لە ناو جەرگەی هەرەسی ناڕەوادا، دڕی بە شەوەزەنگی نا ئومێدی دا و چرای ڕۆشنی رێگای ئازادی هەڵكرد، ڕاستەڕێی ستراتیژی (ئاشتی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین) بەرەو سەرکەوتن گرتەبەر.
لە ماوەیەکی کەمدا پریشكی بڵێسەی ئەم تێكۆشانە چروپڕەی یەكێتیی و شۆڕشەكەی بە رێبەرایەتی سەرۆكی نەمر مام جەلال و هەڤاڵانی دامەزرێنەر و تێكۆشەرانی ناوەوەی وڵات، چیا سەركەشەكانی كوردستان و كۆری تینووی خەباتی ناوەوە و دەرەوە و گشت كایەكانی سیاسی و دیبلۆماسی و راگەیاندنی ئاوەدانکردەوە.
ئەم كاروانە شۆڕشگێڕییە هەموو بەربەست و پلانەكانی دوژمنان و داگیركەری فاشتی تێكشكاند و تێپەڕاند. درێژترین روباری خوێنی شەهیدانی كردە خەڵاتی میللەتەكەمان و هەرگیز نەسرەوت تا سەركەوت لە ڕاپەڕینی رزگاری كوردستان، تا مژدەی روخانی دیكتاتۆری بەعسی كردە ڕاستی و داخوازی گەلەکەمانی لە وڵاتێكی دەستوری و فیدرالیدا هێنایەدی و گەیاندیە کەناری ئارامی و ئازادی.
خوشك و برایەنی خۆشەویست
ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەربەرزییەوە یادی (49) ساڵەی دامەزراندنی وەك بۆنەیەكی میللی و نەتەوەیی مەزن دەبینێ كە هەموو چین و توێژەكانی میللەتەکەمان هەقی خۆیانە خاوەندارێتی لێ بكەن و شانازی پێوە بكەن، چونكە ئەم هەموو رەنج و قوربانییە بۆ ئەوان و بەوان جێبەجێ كراوە و سەرخراوە. چونکە شەهیدانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری نەبەردی و نەبەزین، هەڤاڵانی زیندان و رێكخستنەكان، ژنانی ئازا و تێکۆشەری رووسووری خەباتی یەکسانی و یەکێتی، هەر هەموویان لە چاكترین رۆڵەكانی ئەم گەلەن و بە ناوی یەكێتییەوە ئەم ئەركە پیرۆزەیان ڕاپەڕاندووە. بۆیە یەکێتی ئەم یادە پیرۆزە دەكاتە دەرفەت بۆ جۆشدانەوەی خەبات لە پێناوی ئاسۆی ژیانی نەوەكانی داهاتوومان لە كچان و كوڕانی كوردەواری و وەك هەمیشە، بێ سڵەمینەوە بۆ پێشەوە دەڕوا و ئاور لە دواوە ناداتەوە، مەگەر بۆ پێزانینی تێكۆشانی رابردوو و ئیلهام وەرگرتن بۆ خەباتی لەمەودوا نەبێت.
جەماوەری سەرفرازی کوردستان
هەموولەیەک دەزانن ئێستا گەلەكەمان و ئەزموونە خۆماڵییەكەی ، لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە كە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی هەیە. باشترین رێگاچارەی ئاشتی و دیموكراتیش بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی ئەوتۆ بێنێتەكایەوە دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناغ بێت و بە دەنگی ئازادی خەڵكی دەرفەتی حکومەتێکی خزمەتگوزارتر برەخسێنێ کە داكۆكی و پێداگری لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوری و دیموكراتییەكانی كورد لە بەغدا بكا و بە یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتیەوە هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە هەرکوێوە بێت، لە قاوبدات.
ئەمڕۆ پشتبەستوو بە ئیرادەی دەنگدەران و بەو ڕاستییە درەوشاوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر كردەوە كە (یەكێتی مێژووە، یەكێتی خوێنی شەهیدە، یەكێتی قوربانی و یەكێتی هێزە) رووی بانگەوازمان لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و چین و توێژەكانێتی، بە تایبەتی ژنان و لاوەكانمان كە لەم وێستگە دیموكراتییەی هەڵبژاردندا بە جۆش و خرۆشەوە بێنە كۆڕی هەڵبژاردنەوە و پەنجەمۆری خۆیان لە داهاتووی خۆیان بدەن، متمانە بە یەكێتییە سەرسەخت و سەر ڕاستەكەی خۆیان نوێبكەنەوە. كە دیرۆکی نزیكەی نیو سەدە ئەم متمانەیە پتەوتر دەکات لە سایەی یەكێتی هەڵوێست و یەكێتی ریزەكانی ئەمرۆی هەڤاڵاندا، لە سایەی گەڕانەوەی هەر ئێستای بەڵانسی هێز و ئیرادە لە کوردستان و گێڕانەوەی سەنگی یەکێتی و کورد لە ناو ڕاڕەوە سیاسییەکانی بەغدا و پایتەختەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەسەر ڕێبازی ئاوەدانی سەرۆک مام جەلال. بەتایبەتر کە رەوتی رووداوەكان سەلماندویانە ، پاڵپشت بە پشتیوانی جەماوەرەکەمان ،هەرچی كراوە پێشەنگێتی یەكێتی كردوویەتی و هەرچی ماوە لە ئەركی چاكسازی و ئاوەدانی و خزمەتی کۆمەڵگەی کوردستان هەر بە یەكێتی دەكرێت، بە هاوكاری و بەشداری كارای هێزە دەربەستەكانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان کە یەکێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە و لەم یادە پڕ شکۆیەشدا تەئکید لەسەر ئەو پرەنسیبانە دەکاتەوە.
پیرۆزە یادی یەكێتییەكەی خۆتان.
سەركەوێ كاروانی خەباتی پێنج دەیەی میللەتەكەمان بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و گەلەكەمان، شەهیدانی کورد و کوردستان ،لە سەروی هەمووشیانەوە گیانی پاكی شكۆی نەتەوە و نیشتمان، سەرۆك مام جەلال.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
پەیامی کۆسرەت رەسوڵ عەلی...
کۆسرەت رەسوڵ پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی دەکات
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
کەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی
یەکێتییە سەربەرزەکان
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە ئێوە و خەڵکی کوردستان و یەکێتییە سەربەرزەکان پیرۆز دەکەم، ئومێدەوارم هەمیشە یەکێتیی لە لووتکەی سەرکەوتن ببینم و پێشەنگی خزمەتکردن بێت.
ئەوێ رۆژێ، دوای نسکۆی شۆڕش نائومێدی باڵی بەسەر کوردستان کێشابوو، رژێمی فاشیستی بەعس لە لووتکەی هێزو دەسەڵاتی بوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە بەرەنگاری بەعس بووەوە بۆ یەکەمجار لەمێژووی گەلەکەمان شۆڕش و قوربانیدانەکەی بە راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان کۆتایی هات و بووین بە خاوەنی حوکمڕانی خۆمان.
ئەمڕۆ کە ئەم یادە پیرۆزە دەکەینەوە، لە سایەی خەباتی یەکێتیی و هێزە کوردستانییەکان، خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانمان کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی دەستوورییە، ئەرکە لەسەرشانی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان خەبات بکەن لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە قەیران و ململانێکان، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت ئەوەی بەدەست هاتووە ئەمانەتی خوێنی شەهیدان و قوربانی تێکۆشەرانە پێویستە بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین، خەبات بەردەوام بێت لەپێناو گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەو وەدینەهاتووەکانی گەلەکەمان.
جارێکی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە یەکێتییە تێکۆشەرەکان دەکەم، هیوادارم وەک هەمیشە یەکێتیی داکۆکی لەمافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بکات.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
دەقی پەیامی خاتوو گەلاوێژ...
بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان
بەبۆنەی ٤٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەكەم و پێش ئێوەیش پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی مامی گەورە و دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی و تێكڕای شەهیدانی كاروانی سووری ڕێی خەبات و كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەكەم.
هەروەها سڵاوی تایبەتی ئەم یادە مەزنە دەنێرم بۆ یەكە یەكەی پێشمەرگە قارەمانەكان و تەواوی ئەندامان و دۆست و لایەنگران و جەماوەری خۆڕاگریی یەكێتی، كە قەڵای بەرز و پتەوی ئەم ٤٠-٥٠ ساڵەی ڕابوردووی یەكێتی بوون و دڵنیایشم هەروا بەرز و سەربەرز و سەوز دەمێننەوە.
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەڕۆژێكدا چرای شۆڕشی داگیرساند كە تاریكایی باڵی بەسەر ژیانی خەڵكی كوردستاندا كێشابوو، بەڵام سەركردە ژیرەكانی شۆڕش بە ڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال نەعرەتەی كوردانەیان گەیاندەوە لوتكەی شاخەكان و جارێكی تر مژدەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانیان دایەوە بەگوێی دۆست و دوژمنی گەلی كورددا.
ئەمڕۆ جەماوەری كوردستان چاوی لە یەكێتیی نیشتیمانیە بۆئەوەی دەست لەناو دەستی حزبە كوردستانییە تێكۆشەرەكانی تر، ئەم هەرێمەمان بەرەو كەناری ئارامیی ببەن و وەڵامدەرەوەی گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بێت، بۆئەوەی گەلە تێكۆشەرەكەمان لەسایەی ئازادی و دیموكراسیدا بەری ڕەنج و قوربانیدانەكانی خۆی بچنێتەوە و هەر ئەوەیشتان لێ چاوەڕوان دەكرێت.
دووبارە سڵاو لە گیانی شەهیدان
سڵاو لە ٤٩ ساڵ خەباتی یەكێتی
سڵاو لەو داهاتووەی كە چاوی ئومێدمان لەسەریەتی.
گەلاوێژ
دەقی پەیامەکان...
پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان...
پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی....
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی؛ پیرۆزبایی ٤٩ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات
(٤٩)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی یەکێتی، پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان، خوێندکاران و خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەین، هیوادارین ئەم یادە پڕشکۆیە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری رێبازە پیرۆزەکەی یەکێتییەکەمان، دروود بۆ رۆحی پاکی رابەری نەتەوەییمان، سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکی مێژوویی و حەکیم سەرۆک مام جەلال.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی تێکۆشەرە و خاوەن هەزاران شەهیدی رێگەی ئازادی و بەدیهێنانی مافی نەتەوەیی کوردە، یەکێتی مێژووێکی پڕ لە سەروەری و شانازییە بۆ هەموو کوردێک، مێژووی یەکێتیی مێژووی سەدان داستان، قارەمانێتی، نەبەردیی و بەرخودانە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆری بەعسە، یەکێتی هەڵگری دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی-یە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە لەپێناویدا درووستبووە.
هەمووان ئەو راستییەن دەزانین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی تێکۆشان، خوێن، خەبات و قوربانیدانە، ئەمەش وای کردووە هەمیشە شانازی بەم سەروەرییەوە بکەین و ناو و نابانگی یەکێتی لەسەر زارمان بێت.
بەڕابەرایەتی و لەسەر فکری سەرۆک مام جەلال؛ یەکێتی ٤٩ ساڵە تێدەکۆشێت لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و دژوەستانەوە و بەگژداچووبەوەی دیکاتۆرییەت، یەكێتی حزبێکی رچەشكێنی ئاڵانگارییەکانە لەپێناو نەتەوەدا، حزبی بەدیهێنەری فیدرالی، سیاسەتی هاوسەنگ، راست، کۆکەرەوەی پێکهاتە و ئایینزاکانە لە عیراقی نوێیدا.
بۆیە لە ھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی، حیکمەت، دووربینی و قبوڵکردنی بەرانبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق و داھێنەریان بووە.
دووبارە پیرۆزە یادی دامەزراندنی یەکێتی، بەرز و شكۆدار بێت یەکێتییەکەمان
دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
پەیامی بزوتنەوەی بابیلۆن و رایان کلدانی...
پەیامی ئەدهەم بارزانی...
پەیامی بزوتنەوەی چاکسازی نیشتمانی...
پەیامی بزوتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان...
پەیامی پارتی نیشتمانی ئاشوری...
پەیامی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری...
پەیامی ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی عیراقی...
دەقی پەیامی پارتی نەتەوەیی کوردستان...
پەیامی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
پیرۆزبایی پارتی سەوزی کوردستان
پیرۆزبایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
پیرۆزبایی پارتی گەلی تورکمانی عیراق