نامدار قەرەداغی*




لە سلێمانی چوار مامۆستای مۆسیقا لە هەستێكی نەتەوەیی و پەرەی هونەریی و دابینكردنی هونەرێكی پێشكەوتوو بۆ دواڕۆژی نەتەوەكەمان، هەستان بەكردنەوەی خولی مۆسیقا بۆ منداڵانی قوتابخانەكانیان، هەر زۆر زوو تیپی مۆسیقای منداڵانیان لێ پێكهێنان و كەوتنەكاری هونەری گەورەوە..
‎مامۆستایان، عوسمان محەمەد ئەمین لە قوتابخانەی نەورۆز، ‎دلێر ئیبراهیم لە قوتابخانەی شێخ مەحمود، ‎نامدار قەرەداغی لە قوتابخانەی بێخود، ‎سەڵاح رەئوف لە قوتابخانەی پیرەمێرد. ‎لە ساڵی خوێندنی(۱۹۷۷- ۱۹۷۸) لەڕۆژی(17/4/1978) هەڵبژاردەی ئەم تیپانە كە تیپێكی یەكگرتوویان لێ دروستكرابوو بەناوی چالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی سلێمانییەوە بەڕێكەوتین بۆ هەولێر كە لەوێ میهرەجانی ساڵانەی پەروەردەی هەموو عێراق ئەكرا.
‎رۆژێ پێش ئێمە بەشدارانی ناوەندی و دواناوەندییەكان چووبوون بۆ هەولێر، ‎ئێمە بەشی سەرەتاییەكان لە چەند پاسێكا بووین كە هەر پاسەو مامۆستای منداڵە بەشدارەكان سەرپەرشتی ئەكرد پاسەكان وابزانم بچوكەكان بوو پاسی هەژدە نەفەریان پێئەوت، ‎لە سەیتەرەی كەركوك دەرچووبووین بەرەو هەولێر ئەڕۆیشتین مامۆستا دلێر لەگەڵ قوتابییەكانی لە پاسێكدا بوون كە شۆفێرەكەی ناوی كاك ئەحمەد بوو، ‎ئەم چوار پێنج پاسە جاربەجارێ پێشی یەكتر ئەكەوتن لە كاتێكدا پاسەكەی مامۆستا دلێر ویستبووی پێش ئۆتۆمبێلی بەردەمی كەوێ و بێتەپشتی پاسەكەی ئێمە هێشتا تەواو نەهاتبووە سایدەكەی خۆی ترێلەیەكی گەورە بەپێچەوانەی ئاراستەی ئێمە زۆر بەخێرایی لێی ئەخوڕی و یای لەلای سایدی شۆفێرەكەی پاسەكەی كاك دلێرەوەو قڵیشی كردو پاسەكەی وەرگەڕان و هەڵی گێڕایەوە لەكاتێكدا كە ترێلەكە ئەیتوانی خێرایی كەمكاتەوەو تۆزێ لای بداتە سەر خۆڵەكە.
‎كاتێ ئەمە روویدا شۆفێری پاسەكەی ئێمە پیاوێكی گەنج بوو لە ئاوێنەكەوە دیبووی هاواری كرد یا ئەڵڵا یا ئەڵڵا وەرگەڕان منیش لائیرادی دەستمبرد بۆ دەرگاكە بیكەمەوە شۆفێر هاواری كرد نەكەی وا ئەوەستم لایدایە خۆڵەكەو وەستا، دابەزیم و رامكرد بۆلایان یەكەم كەس بووم كە گەیشتمە لایان، پاسەكە وەرگەڕابوو هەرچوار تایەكەی بەئاسمانەوە بوو لە پەنجەرەكانەوە منداڵان و سەرنشینەكانمان دەركردو كارزان و فەرمان هەر لەوێدا شەهید بووبوون، ئازاد و رێبوار خوێنیان لێ ئەڕۆی بەپەلە گەیانمانە خەستەخانەی كەركوك و هەموو منداڵەكانی ترمان ناردەوە بۆ سلێمانی تەنها من و مامۆستا دلێر ماینەوە لە خەستەخانە.
‎بەداخەوە ئازادیش لە خەستەخانە شەهید بوو، رێبوار تۆزێ بەخۆبوو خوێنی زۆر لێ رۆیشتبوو داوای خوێنیان لێ كردین من وتم فەرموو لە منی دەركەن وتیان تۆ بەكەڵك نایەی ئەوكات زەعیف بووم مامۆستا دلێریش باری دەروونی زۆر تێكچووبوو بەكەڵكی خوێندان نەئەهات. هەرچۆنێك بێت بەقەرز بوتڵێكیان بۆ پەیداكرد و دوایی داماننایەوە بۆیان، مامۆستا دلێر زۆر دڵی بەمن خۆشبوو كە كارەكانم رائەپەڕاند ئەو تەواو پەكیكەوتبوو گاڵتە نییە سێ منداڵت لەلای خۆتەوە لەبەرچاو خۆتەوە شەهیدبن و چوارەمیش هیچ هیوایەكی نەبوو.
بەزەحمەت چوار دارە مەیتم لە مزگەوتەكانی كەركوك پەیداكرد و سیانیانمان زوو ناردەوە، رێبواریشیان شەو لەگەڵ خۆما گەیاندەوە سلێمانی بردمەوە بۆ ماڵی باوكی، هەموو گیانم خوێن بوو بەوجلانەوە خۆم كردەوە بەماڵاو بەیانی زوو چوومە مەكتەبی بێخودو ئامادەكاریمان كرد بۆ ناشتنەكانیان لە گردی سەیوان بەمەراسیمێكی شایستە كە تیایا قوتابخانەكان و منداڵە مۆسیقی و كۆرسەكان تیایدا بەشداربوون.
‎رۆحیان ئارامبێ و بەو تەمەنە كەمەیانەوە زۆر بلیمەت بوون گەر ئێستا بمانایە تەمەنیان لە سەرووی پەنجاكانەوە ئەبوو ئەبێ چەند بەتوانابوونایەو چەند خزمەتیان بەهونەر و نەتەوە بكردایە بۆ هەمیشە لەیادمانان.

* ھونەرمەندو خاوەن پەیمانگای مۆزیكی نامدار.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved