شێوەکانی بەدەستهێنانی مافی چارەنووس
خەلیل عەبدوڵڵا
شێوەکانی بەدەستهێنانی مافی چارەنووس
خەلیل عەبدوڵڵا
بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
سلێمانی - ٢٠١١
ژمارەی سپاردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە
گشتییەکان (٢٠٥١) ساڵی ٢٠١١
لە دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی چاپکراوە
دیزاین: ئەمیرە عومەر
تیراژ: (٤٠٠٠)
ژمارەی زنجیرە: (٣٧)
www.pukhoshiari.com
[email protected]
پێشەکی
زاراوەی مافی چارەنووس زاراوەیەکی کۆنە و ڕەگو ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە و سەرەتا وەکو زاراوەیەکى سیاسی دەرکەوت. دواتر شەقڵ و مۆرکێکی یاسایی وەگرت.
ئیستا چەمکێکی یاساییە و لە یاسای نیودەوڵەتی ھاوچەرخدا شوێنێکی دیاری ھەیە و پرنسیپێکی پابەند و گشتییە. ھەموو ئەو گەل و نەتەوانە دەتوانن داواو پیادەی بکەن کە مەرج و پێوەرهکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەیانگرێتەوە، ئەگەرچی تا ماوەیەكی دوورو درێژ ئەو بۆچوونە زاڵ بوو کە مافی چارهنووس تەنها ههرێم و وڵاتانی كۆلۆنی و وڵاتانی ژێر سایهی سیستهمی راسپاردهی نێودهوڵهتی و ههرێمه نائۆتۆنۆمهكان دهگرێتهوهو ئهو گهل و نهتهوانه ناگرێتهوە كەبەشێكن لەدهوڵهتێكی سهربەخۆو دانپێدانراو و رێگهی پیادهكردنی ئهو مافەو دامەزراندنی دەوڵهتی نوێیان پێ نادرێت.
بهڵام گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی ساردو بایەخدان بەپاراستنی مافەكانى مرۆڤ و مافەکانی گەل و نەتەوەکانی سنووری دەوڵەتانی سەربەخۆو خاوەن سەروەری، دیدو تێڕوانینی نوێیان گەڵاڵە کردو ئیدی تارادەیەك رێگە بەو گەل و نەتەوانەش درا کە بڕیاری دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان بدەن بەدامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سەربەخۆشەوه. ئەوە به وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورە لەبواری یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت و کردنەوەی دەرگایەکی گەورەیه بۆ هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەژین و بێبەشن لەمافی چارەنوس.
شێوەکانی پیادەکردنی مافی چارەنوس
دوو شێوە یان دوو ڕێگەی سەرەکی ھەیە بۆ پیادەکردنی مافی چارەنوس، ئەوانیش یەکەمیان ڕاپرسیی گشتی و دووەمیان بڕیاری دەستەیەکی نیشتمانیی ھەڵبژێردراو (پەڕلەمان).
گەلی کوردستان لە عێراق بۆ دیاریکردنی چارەنوسی ڕێگەی دووەمی ھەڵبژارد و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری فیدراڵی پەسەند کرد.
لەو چوارچێوەیەدا و بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی ڕەسمی و بە دەقێکی یاسایی دەسەڵات بەو ئەنجومەنە درابوو کە بڕیار لە مەسەلە چارهنوسسـازەكانی گەلی کوردستانی عیراق و ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا بدات.
هەر بۆیەش لەڕۆژى ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکدا بەکۆی دەنگی هەر (١٠٥) ئەندامەکەی بڕیاریدا پەیوەندی یاسایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر بنەمای فیدراڵی رێک بخات. ڕۆژی ٥ى تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ ، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکی تردا بڕیاریدا کەدەسەڵاتی تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان هەموو دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی پیادەبكات و لەهەموو كاروبارەكانی هەرێمی کوردستاندا شوێنی بگرێتەوە تا ئەو کاتەی کە حکومەتی ناوەندی بەغدا دان بەبڕیاری فیدراڵی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت.