مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنوسانی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: "پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی وردبین و راستبێژ و پشت بەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر بكرێت".
دەقی پەیامەکە...
لە یادی سەدو بیست و حەوت ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كورد و لە کایەی میدیایی کوردستان دەكەین كە توانیویانە لێبڕاوانە گەشە بەو بوارە بدەن.
ئەگەر چی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەرەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش راپەرینی ساڵی 1991 وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوەو دروشمی (نان و ئازادی) پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش راپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامەو دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری كوردیی بێ وچان پێشدەکەوێت.
هەر لەم یادەدا جارێكی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی وردبین و راستبێژ و پشت بەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر بكرێت و کایەی ئازادی سیاسیی و رۆژنامەگەری بێ بەربەست و کەیسی نارەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەکرێتەوە.
میللەتەکەمان شایانی ئازادی زیاترە و ئازادی و دیموکراسیش پایەی سەرەکی شانازیمانە بە ئەزموونەکەمان لە سەرتاسەری جیهاندا
جارێکی تر پیرۆزە
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بابەتی زیاتر