ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدەدات میرنشین و میرێك لە مێژووی كورد بناسێنێ، كە نزیكەی چوار سەدە لەمەوپێش پێكەوە ژیاون و دواتر بۆمان دەردەكەوێ هەردوكیان واتە (میرنشین و میر) لە زۆربەی بوارەكاندا: زانست، پێشكەوتن، كۆمەڵایەتی، ئابووری، سەربازی، تەنانەت لە سیاسیشدا كەم وێنە بوون.
میر، سەرەڕای پێگە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەی، خاوەنی كۆمەڵێك بەهرە و توانا و زانست و زانیاری بووە، ناوی (خان عەبدال خان) و لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەی زایینی لە ناوچە و شاری بدلیس لە باكووری كوردستاندا، میری بدلیس بووە. تائێستا هیچیان وەك پێویست باس نەكراون، كە دەبوایە بەپێچەوانەوە ناویان بهێنرێ و بناسێنرێن.
دەكرێ بایەخی ئەم لێكۆڵینەوەیە، بە چەند خاڵێك دیاری بكەین:
1- تاكی هەموو كۆمەڵگایەك پێویستە ئاگادار و شارەزایی هەبێ لە مێژوو و فەرهەنگ و هەموو ئەو چەمكانەدا كە پەیوەندییان بە نەتەوەكەیەوە هەیە، سەرەڕای ئەوەی كە پێویستە هەموان ئاگاداری كەلتووری گەلانی دراوسێ و جیهانیش بن، بەتایبەت مێژوو و هەموو ئەو زانیارییانەی كە پەیوەندییان بە دەوڵەتێكی كوردەوە هەیە.
2- كۆمەڵێك چەمك و زانیاری لە فەرهەنگی گەلی كورددا لەناوچوون، هەروەها هەندێك وەك پێویست باس نەكراون، لەبەرئەوە ئەركی لەپێشینەی نووسەران و توێژەرانە ڕاستیی ئەو بابەتە شاراوانە دەربخەن و بدۆزنەوە.
3- كەسێك هێندە بەهرەمەند و بەتوانا بووبێ، گەیشتبێتە ئەو ئاستەی كە دوژمنەكەی بە چەندین لاپەڕە لە تۆماری مێژووی خۆیاندا بكەوێتە پێداهەڵدان و ستایشكردنی، كەواتە پێویستە هەموو كوردێك ئەو كەسایەتییە بناسێ، سەرباری ئەوەی كە پێویستە لەمڕۆدا خزمەتی شایستەی بۆ جێبەجێ و پێشكەش بكرێ و ناو و مێژووی بەرز و بڵند رابگیرێ.
لینکی کتێبەکە