جەنگی مۆدێرن بەبێ دەزگای بێتەل نابێ. بە كردەوە، پەیدابوونی بێتەل كە زادەی پەرەسەندنی تەكنەلۆژیایە، كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر تەكنیك و پلانە جەنگییەكان هەبوو. هەر بە هەمان پێودانگ، ئەمە جەنگی شۆڕشگێڕانەش دەگرێتەوە. لە ئەزموونی كوردستاندا بێتەل ڕۆڵێكی گەورەی لە سەرجەم پرۆسەی شۆڕشدا هەبووە. یەكەم، بێتەل سەرچاوەیەكی گرنگی زانیاری بوو بۆ زانینی پلانو جموجوڵەكانی دوژمن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا، فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ خۆسازدان و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی دوژمن یان دەستپێشخەری لە پەلاماردانی. دووەم، بێتەل لەسەر ئاستی فراوان، بۆ گەیاندنی دەنگوباس بەكارهاتووە، كە ئەمەش وای كردووە یەكەكانی هێزی پێشمەرگە دابڕاو نەبن لە دەوروبەری خۆیان و ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەكان بن. سێیەم، بێتەل ڕایەڵەیەكی خێرا و گرنگی نێوان سەركردایەتی و هێزی پێشمەرگە بووە. ئەم ڕایەڵەیە ڕۆڵێكی دیاری لە جێبەجێكردنی فەرمانەكان و تاوتوێكردنی بارودۆخەكان و هەماهەنگی لە كاتی پێویستدا گێڕاوە. چوارەم، بێتەل بە گەیاندنی هەواڵی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە، ڕۆڵێكی گەورەی لە بەرزكردنەوەی ورەی هێزی پێشمەرگە و ڕێكخستنە نهێنییەكانی ناو شارەكان هەبوو. لەم ڕووەوە بێتەل ئەركێكی میدیاییشی هەبوو، چونكە بەشێكی زۆری هەواڵەكان كە هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەی سەركردایەتیی دەنارد، لە ئێزگە پەخش دەكرا و لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا بڵاودەكرانەوە، جگە لەوەی كە هەندێكی بۆ ڕێكخستنەكانی ئەوروپا دەنێردرا و لەوێش بەسەر ئاژانسە جیهانییەكانی هەواڵدا پەخش دەكرا.
لەم لینکەوە کتێبەکە بەردەستە