د. عەبدولواحید ئیدریس شەریف




ئەمڕۆ (٣٧) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی فەرماندە "سەردار سەعید سۆفی" ڕابەری‌ جێبەجێكاری‌ دروشمی‌ "فاشست بكوژە تا گەل بژی‌، عەفلەقی‌ بكوژە تا كورد بژی‌.."
ماوەیەك بوو شەوان هەر كە دەیویست سەرخەوێك بشكێنێ‌، هەم قاچەكانی‌، هەم هزری‌، هیچ نەبێ‌ كەمێك بحەوێنەوە تا لەگەڵ كازیوەیەكی‌ نوێدا قاچەكانی‌ بۆ توولەڕێی‌ سەخت و درێژتر، هزریشی‌ بۆكێشانی‌ پلانی‌ نەبەردیی گەورە و گەورەتر ئامادەبێ‌، بەڵام هەركەچاوی‌ لێكدەنا گینگڵی‌ تۆڵە خەوی‌ دەزڕاند، وێنەی‌ شەپۆلی‌ حەفتا و پێنچ مەتری‌ ئێزگەكە و كتێبە خوێناوییەكەی‌ "عەبدولخالق مەعروف" بەرچاویان بەرنەدەدا و هەرئەویان شكدەبرد بۆتۆڵە، بەڵام ئەم شەوەیان سەرخەوی‌ نەشكاند و كەوتەڕێ‌، بەیانییەكەی‌ (19/3/1986) بوو، هەڵۆی‌ داستانان "سەرداری‌ سەعید سۆفی" ئەمجارەش وەك دەیان جاریدی‌ لەگەڵ دوو هاوسەنگەری تری‌ ڕێی‌ هات و نەهاتی‌ گرتەبەر، سەرداری‌ تۆڵە و ئەدەبدۆست ئەو ڕۆژە لە هەموو سەفەرەكانی دیكەی‌ ئاسودەتر بوو، چونكە بۆتۆڵەی‌ دوو نووسەری‌ شەهید دادەبەزییە ناوشار.


ئەو لە كوێیە؟


کاتژمێر (8:15)ی‌ بەیانی‌ سەردار منارەیەكی‌ تری‌ هەولێر بوو لە فلكەی‌ زەعیم بۆ ئەم تۆڵەیە، پارێزگاری‌ خۆفرۆش "برایم زەنگەنە"ی‌ دەستنیشان كردبوو، كە ئەوسا گەورەترین سەری‌ تاوانی‌ بەعس بوو لە هەولێر، هەرئەو ڕۆژە سەردار بەڵێنەكەی‌ خۆی‌ بردەسەر و دوای‌ گەڕانەوە، یەكێتیی‌ نووسەرانی‌ كوردستان پیرۆزبایی قەڵەمە نەدۆڕاوەكانیان لێكرد، بەڵام سەرداری‌ ڕابەری‌ جێبەجێكاری‌ دروشمی‌ ئەوسەردەمە "فاشست بكوژە تاگەل بژی‌، عەفلەقی‌ بكوژە تاكورد بژی‌" هەمیشە تفەنگی‌ لەسەرپێ‌ بوو، بەهیچ نەبەردێك دڵی‌ ئاوی‌ نەدەخواردەوە، بۆیە هەرلەو پێناوەدا بەبێ‌ باكی‌ و بەپاكی‌ سەری‌ دانا.
هەموو ساڵێ‌ كە (30/6) دادێ‌، مەلی‌ خولیایەك بەرەو ڕۆژانی‌ نەهامەتی ‌‌و داستانە ئەفسانەییەكانی‌ ناو هەولێر هەڵمدەگرێ‌، هەمووساڵێك كە (30/6) دادێ‌ "فولكەی‌ زەعیم ‌و 7ی‌ نیسان ‌و  بەردەرگای‌ فەیلەق" دەپرسن كوا لە كوێیە ئەوهەڵۆیەی‌ بەسەرچەقۆدا دەهات؟ بە بەردەمی‌ ئێمەدا تێدەپەڕی ‌‌و هیچ سەفەرێك بێ نێچیر ‌و ڕاوی‌ جەللاد ‌و جانەوەری‌ ئەم شارە نەدەگەڕایەوە ئامێزی‌ سەفین ‌و ئاوەگرد. هەموو ساڵێ‌ كە (30/6) دادێ‌ عاشقانی‌ ئازادیی‌ گەل‌ و نیشتمان بەپێچەوانەی‌ خۆلێگۆڕاوان دەپرسن كوا لە كوێیە ئەو فریشتەیەی‌ لە زەمانی‌ گڕباراندا بەقرچەی‌ نێوەڕۆ شنەی‌ شەوبای‌ بۆدەهێناین‌ و ئازارەكانی‌ ڕادەموسین.


سەرداری هەولێر

ئەوان نا، هەموو هەولێر دەپرسن، كوا لە كوێیە ئەوهەیڤەی‌ لە ئەنگوستەچاوان لە ئاسمانی‌ شارەكەمان هەڵدەهات، ڕازەكانی‌ لەگەڵ‌ دەگۆڕینەوە ‌و زامەكانی‌ ساڕێژ دەكردین ‌و خەمەكانی‌ ئێمەی‌ دەكردە تێشووی‌ هەورازە ڕێی‌ قەندیل. بەڵێ‌ دڵسۆزانی‌ هەولێر، ئەوهەڵۆیە، ئەوفریشتەیە، ئەوهەیڤەی‌ ئێوە سەرداری‌ مام سەعید بوو، سەرداری‌ پێشەنگی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ ساڵی‌ (1982)و پەیكی‌ پەڕتووكە یاساغەكانی‌ نێوان "سەیدیان ‌و قەڵا" سەرداری‌ چەقی‌ شەقامی‌ مەنتكاوە و ناو هیران ‌و لوتكەی‌ كێشكێ‌، سەرداری‌ یەك ماڵ‌ لەگەڵ‌ هەژاران‌ و چەوساوانی‌ گوندنشین و جیهانی‌ لێوانلێو لەورە ‌و پیرۆزی ‌‌و نەبەزین.
ئەی‌ هاوڕێكەم سەرداری‌ هەولێر، تۆ كە ڕۆژانێ‌ تۆڵەسێنی‌ خوێنی‌ قەڵەمە دڵسۆز ‌و بەهەڵوێستەكانی‌ عەبدولخالق و دەرگەڵەیی بووی‌، تۆ كە سەرتاپای‌ تەمەن تەنیا كتێب هاوڕێ ‌‌و هاوسەفەر ‌و هاودەمی‌ ساتە تەنیاییەكانت بوو، كۆڵە پشتەكەت جگە لە كتێب ‌و نانەڕەقە ‌و چوكولات بۆ منداڵانی‌ دێیەكان، جێی هیچیتر نەبوو، شەوانی‌ حەسانەوەی‌ بنكە ‌و بارەگاكانیش بەگوڵاوپژێنی‌ شیعرەكانی‌ شێركۆ مزەفەر نواب زاخاوی‌ دەروونی‌ هاوڕێبازەكانت دەدا.
بەڵام هاوڕێكەم دڵنیابە باڕۆژگار هەر ڕووگرژ ‌و مۆن و بەقین بێ‌، تازە تۆ وێردی‌ سەر زاری‌ هەژاران ‌و "بەور"ەكەی‌ سەر لوتكەی‌ دیوانەكانی‌ شێركۆ بێكەسی‌، ناوی‌ تۆ ئاوێزانی‌ كوچە ‌و كۆڵان‌ و شەقام بە شەقامی‌ پیرە هەولێرە، داستانەكانت لە سینەی‌ هەورێ ‌‌و سەفین ‌و قەرەچوغ ‌و دێدەوان بەخوێن نەخشاوە ‌و گۆڕەپانی‌ سەرداری‌ سەعید سۆفی‌ لە دڵی‌ قەڵادا هەردەمێنێتەوە. شوێنێك بۆئەوجێی‌ داخ و نەنگییە لەو شارەی‌ تۆ ڕەمزی‌ قارەمانی‌ و ئازایەتی‌ بووی‌، تۆی‌ ئەنجامدەری‌ زیاتر لە (84) چالاكی‌ و نەبەردی‌ پێشمەرگانە لە چواردەور و ناوجەرگەی‌ ئەم شارە، جێیداخە شەقامێك، گۆڕەپانێك، باخچەیەك... هتد بەناوی‌ تۆوە نەبێ‌.
لە تێپەڕینی (3٧) ساڵ بەسەر شەهیدبوونتا هەرهێندەم لە دەستدێ‌ بەحاكمانی‌ ئەمڕۆی‌ كوردستانەكەت بڵێم:
"ئایا بێ وەفایی نییە سەردارێك فلكە و شەقام لەو شارە نەمابێ‌ داستانی‌ تێدا ئەنجام نەدابێ‌، كەچی دوای‌ سی و شەش ساڵ شوێنێك نەبێ‌ بەناویەوە؟! بەڵام دڵنیابە هاوڕێكەم پەیكەری‌ تۆ لە دڵی‌ شۆڕشگێڕانی‌ هەموو كوردستاندایە و دەمێكیشە شێركۆ بێكەس وتویەتی‌:
سەرداری‌ سەعید سۆفی‌
قەڵایەو
(پیرمام)ەو
سەفینە
لەپێش چاو ون نابێ.


كورتەی ژیاننامەی شەهید سەردار

* فەرماندە شەهید سەردار سەعید سۆفی‌، ساڵی‌ (1966) لە هەولێر لە دایكبووە و ساڵی‌ (1981) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی "كۆمەڵەی‌ رەنجدەرانی كوردستان"ەوە.
* ساڵی‌ (1983) كە لە پۆلی‌ پێنجەمی‌ ئامادەیی دەبێت، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە فەرمانی‌ دەستگیرکردنی‌ بۆ دەردەچێت، بەڵام خۆی دەرباز دەكات و دەبێتە پێشمەرگە و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ.
* ڕۆژی (30/6/1987) لەكاتی‌ بەرگریكردن لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی نوێ، لە چیای‌ كێشكێ‌ شەهید كراو دوا پلەشی فەرماندەی‌ كەرت بوو لە تیپی‌ (85)ی‌ بەڕانەتی‌.
________________
* بەشێکى کەمى شیعرى شاعیرى ناودار "شێرکۆ بێکەس" بۆ شەهید سەردار سەعید سۆفى وتووە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved