ئەكرەم محەمەد ئەمین
    بەشی یەكەم

بەپێوستمزانی ئەوەندەی لە یادما مابێت، ئەم بیرەوەرییانە بنووسمەوە، چونكە مێژو و سەروەرییەكانی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" بەخوێنی پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی نەخشێنراوە.
مامۆستا "جەمال تاهیر" ناوە نهێنییەكەی "سەركەوت" بوو، هاوڕێیەتیان هەبوو لەگەڵ مامۆستا "عەلی كەمال محەمەد ئەمین" كە برا گەورەی من دەكات و لە پێشمندا بوو بوو بە پێشمەرگە لەناوەندی كۆمەڵە لە نێوزەنگ، چاوی بە مامۆستا جەمال دەكەوێت، دوای گفتوگۆی تایبەت بەخۆیان پێیدەڵێت: ئەكرەمی برام لەم ماوەیەدا دێتە شاخ و دەبێت بەپێشمەرگە. ئەویش لەوەڵامدا پێیدەڵێت: بینێرە بۆ ئێرە. مەبەستی لە ناوەندی كۆمەڵە بوو بوو.‌ منیش دوای تەواوبوونی خوێندن و وەرگرتنی "تەسكیە" پەیوەندیم كرد بەهێزی پێشمەرگەوەو ساڵی (1982) چوومە ناوەندی كۆمەڵە لەنێوزەنگ.
لێرەوە مامۆستا جەمال تاهیر-م ناسی، ئەوكاتە بەرپرسی ناوەندی كۆمەڵە و دەزگای رێكخستن بوو. دوای بەخێرهاتنم كۆمەڵێك قسەی بۆ كردم لەسەر شۆڕشی نوێ و ئەركەكانی ئەندامی كۆمەڵە لە ژیانی شاخدا و پێیوتم: پێمخۆشە لێرە بمێنیتەوە تا زیاتر شارەزابیت و باری رۆشنبیریی خۆت زیاتر بەرزبكەیتەوە.
منیش لەسەر داوای بەڕێزی لەوێ مامەوە، رۆژانە یەكترمان دەبینی پرسیار و وەڵام دروستدەبوو وایلێهات پەیوەندییەكانمان زیاتر پەرەیدەسەند، بوومە ئەو پێشمەرگەیەیی كە جێگەی هەموو بڕوایەكبم، تا نووسینی ئەم بیرەوەرییە بۆ یەك خولەكیش دانەبڕاوم، ئەمەش بۆ خودی خۆم و كەسوكارم و خەڵكی دڵسۆزی "یەكێتی" جێگەی شانازییە.
باسی چاكی و گەورەیی و كەسێتی مامۆستا جەمال بكەم هەر تەواو نابێت، زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، گوێی لێدەگرتی تا تۆ لە قسەكانت تەواو دەبوویت، پێشنیار و رەخنەی زۆرلا گرنگ بوو دڵسۆز بۆ كارەكەی، لە زیندانیشدا خۆڕاگر و ئازا هەروەك بەڕێز "مام جەلال" بەقارەمانی زیندانەكانی رژێمی بەعس ناوی دەبات.
كەسێكی زۆر شارەزا و بلیمەت بوو بۆ كاری رێكخستن و چۆنیەتی كاركردن و پێشخستنی. دەتوانم بڵێم دوای شە‌هیدبوونی گەورەترین زیان بەر رێكخستنی كۆمەڵە و یەكێتی كەوت، تا ئێستاش هەست بەو بۆشاییە دەكرێ.
هەموو شەوێك لە ناوەندی كۆمەڵە لە نێوزەنگ كۆڕ دەگیرا، بابەتێك پێشكەشدەكرا و بەتایبەتی ئەندامانی سەركردایەتی و كادیرە پێشكەوتووەكان كۆڕەكانیان سازدەكرد لەوانە ھەڤاڵان جەمال تاهیر، فەرەیدون عەبدولقادر، ملازم عومەر، ئازاد هەورامی، قادری حاجی عەلی.. بەڕەخنەو پێشنیارەكانیش دەوڵەمەند دەكرا.
ئەوەی لە یادما مابێت كاك قادری حاجی عەلی بیرۆكەی ئەنجومەنی گوندەكانی پێشنیار كردو كاری بۆكرد، كە یەكێك لە كارە سەركەوتووەكانی یەكێتی بوو.
مامۆستا جەمال خێزانەكەی لەگەڵیدا بوو بەناوی "بەدری" ژنێكی هێمن و لەسەرخۆ بوو، رێزو خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، دواجار بەهۆی نەخۆشییەوە نێوزەنگی بەجێهێشت، بەندە و یاسینە رەش و شێركۆی شێخ نوری قەڵادزێیی، پێكەوە خاتوو بەدریمان گەیاندە بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سونێ، ئەوەشم بیرنەچێت شێركۆی شێخ نوری ھاوڕێ و خۆشەویستی لەناو حیزبی دیموكراتی ئێراندا ھەبوو ھەر لەڕێی ئەویشەوە بردمان بۆلای حیزبی دیموكرات و گەڕایەوە بۆ سلێمانی.
ئیتر بەهۆی شەڕو تێكچوونی ناوچەكەوەو هاتنی سەربازی ئێران و تۆپبارانی بارەگاكانی سەركردایەتی و گواستنەوەمان بۆ ناوچەیەكیتر نەیتوانی مامۆستا ببینێتەوە.
خۆشەویستی و رێزی مامۆستا جەمال لەناو پێشمەرگەكاندا رۆژبەڕۆژ زیادی دەكرد، چونكە ئەو خۆی رێزی زۆر لە پێشمەرگە دەگرت. وایلێهات رۆژ بەس نەبوو بۆ قسەكردن لەگەڵی، بەشەویش سەردانیمان دەكرد، زۆری باسەكانی لەسەر چۆنیەتی زیندانی كردنی و ئازاردانی و ئەو سووكایەتیانەی لە زینداندا رووبەڕووی بووبۆوە، ئامۆژگاری دەكردین كە كەسایەتی پێشمەرگە دەبێت چۆن بێت؟ بۆی شیدەكردینەوە. ئەوەشم لەبیرنەچێت زۆرێك لە پێشمەرگەكان خوێندكاری خۆی بوون لە سلێمانی. تەنها لێپرسراومان نەبوو هاوڕێیەكی بەڕێز و خۆشەویستیشمان بوو
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved