ئەكرەم محەمەد ئەمین
   بەشی دووەم و کۆتایی

رۆژی (2/5/1983) بوو كاتی گواستنەوەی سەركردایەتی و بارەگای رادیۆ بوو، ئەوكات كاك "ئەرسەلان بایز" سەرپەرشتی راگەیاندنی دەكرد، گواستنەوەكە دەستی پێكرد بۆ "سەرشیوی باوزێ، لە ناوچەی پشدەر، بۆچی سەركردایەتی و بارەگای ئیزگەمان گواستەوە؟ ئەوكات سوپای پاسداران بەهاوكاری "پارتی" كەوتنە تۆپبارانكردنی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی لە نێوزەنگ.
هەر لەوكاتانەدابوو مامۆستا جەمال تاهیر، بەندەو كاك یاسین-ە رەشی بانگكردو پێیوتین: ئەم (3) جانتایە زۆر گرنگەو دەبێت بەوریایی و ئازایانە بیگەیننە شوێنی مەبەست و شەوانە بیكەنە سەرین بۆ ژێرسەری خۆتان. ئەوەشی پێوتین: ئەگەر من لێرەدا بكوژرێم نەگەڕێنەوە سەرم، گرنگ ئەوەیە ئەم جانتایانە نەكەوێتە دەست دوژمن. هیچ كاتێك ئەو ساتەم بیرناچێتەوە، بەڵێ ئەو جانتایانە شتی گرنگی تیابوو، هەرچی بەڵگە و نووسراوی ناوەندی كۆمەڵە و رێكخستنەكان و شتی تایبەتی بەڕێز مام جەلال هەبوو تیایبوو. لە "سەرشیو" ماینەوەو خەریكی بارەگا دروستكردن بووین، پاش چەند رۆژێك مامۆستا جەمال و كاك فەرەیدون عەبدولقادر هاتن بۆ لامان، دوایی كاك فەرەیدون رۆی بۆ دۆڵی جافەتی.
"سەرشیو" لە سەر سنورەو ناوچەكە شوێنێكی زۆر گرنگ بوو بۆ حكومەتی عێراقی و كاتی گەرمەی شەڕەكانی عێراق و ئێران بوو، پاش ماوەیەكی كەم مانەوەمان، حكومەتی عێراق هێزێكی زۆری كۆكردەوە بەمەبەستی هێرشكردن بۆسەر ناوچەكە، لەپێشەوە هەروەك كارەكانی تری دەستیكرد بەتۆپبارانكردنێكی چڕ، بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و گوندێكی زۆری سووتان و دوكەڵەكەی ناوچەكەی گرتەوە.
مامۆستا جەمال، بەهاوكاری كاك "مستەفا چاوڕەش" ئەوكات لێپرسراوی عەسكەری مەڵبەندی دوو بوو. پێشتر ئاگاداری هێزەكانی پێشمەرگەیان كردبۆوە لە ناوچەكەدا كە رژێم نیازی هێرشی هەیە دەبێت ئامادەبین. زۆر ئازایانە پێشتر هێزەكەیان‌ دابەشكردبو بەسەر ئەو شوێنانەی كە ستراتیژیبوون، خۆشیان سەرپەرشتی راستەوخۆیان دەكرد، تیپەكانی ئەوكات كە بەشداربوون تیپی (63)ی جوتیاران، تیپی (68)ی مامەندە، تیپی (65)ی بڵفت، تیپی (44)ی چەكوچ و كەرتی رێكخستنی قەڵادزێ شەهید مامۆستا "محەمەد سوڵتان" و كەرتی زیندان كاك "عەلی شامار"و كەرتی رێكخستنی شارباژێڕ "هەڵۆ ئەحمەد سمێڵ" و پێشمەرگەكانی ناوەندی كۆمەڵە.
مامۆستا جەمال رۆژانە سەردانی سەنگەرەكانی ئەكرد و لە نزیكەوە ئاگاداری پێشمەرگە و شەڕەكە بوو بەڕاوێژكردن لەگەڵ مستەفا چاوڕەش و لێپرسراوانی ناوچەكە، مستەفا چاوڕەش زۆر قارەمانانە كارەكانی خۆی راپەڕاند لە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەدا.
مامۆستا جەمال بۆ رێگەڕۆیشتن زۆر بەتوانا بوو، زۆرجار پێشمان دەكەوت و پێیدەوتین من لەئێوە گەنج ترم، گەواهی ئەوەدەدەم كە مامۆستا جەمال پیاوێكی زۆر ورەبەرز و سادە بوو.
شوێنێكی زۆر گرنگمان بەدەستەوەبوو كە ئەیڕوانی بەسەر ناوچەی ئالانەی كوردستانی رۆژهەڵاتدا و شوێنێكی زۆر ستراتیژیی بوو بۆ حكومەتی عێراق ناوی "گردە بێناز" بوو.
شەڕ دەستی پێكرد چەندین رۆژی خایاندو زۆر هێرشی چڕوپڕ كرایە ‌سەرمان بەمەبەستی گرتنی گردە بێناز، پێشمەرگەش شەڕێكی زۆر ئازایانەو قارەمانانەی كرد، زیانی ماڵی و گیانی زۆری بە دوژمن گەیاند، بەڵام حكومەت بەلایەوە گرنگ نەبوو چەندی لێ دەكوژرێت، گرنگ گرتنی شوێنەكەبوو، لەپاش چەند رۆژێك سوپای عێراق توانی گردە بێناز بگرێت و ناوچەكە بخاتەژێر چاودێریی خۆیەوە، كەواتە جارێكیتر بارەگاكانی سەركردایەتی دەستیكرد بەگواستنەوە بەرەو دۆڵی جافایەتی.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved