د. پشكۆ حه‌مه‌ تاهیر ئاغجه‌له‌ری

ئاغجەلەر یەكێكە لە شارەدێ "ناحێ"كانی باشووری كوردستان. كە مێژووی بە ناحیە بوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابانیەكان. هەرچەندە بۆچوونێكی دیكە هەیە پێیوایە لە بیستەكان یان سییەكانی سەدەی بیست لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و لەسەردەمی دروستبوونی حوكمداری شێخ مەحموود ئەم ناوچەیە ناحیە بووە. سەر بە قەزای چەمچەماڵ بووە. ئەوەی لێرەدا جێی باسە ئەم شارەدێیەو زۆربەی دانیشتوانەكەی بەردەوام بەشدار و هاریكاری بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردی و سەردارانی شۆڕش بوون لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی هاوچەرخی كورددا. بۆ نموونە: لە دوای شۆڕشی بارزان و دەربەدەركردنی بنەماڵەی بارزانی لەسەرو هەمووشیانەوە "شێخ ئەحمەد بارزانی و مستەفا بارزانی" و دەیان خێزانی دیكەی بارزانی لەكاتی ئاوارەبوونیان ماوەیەك دێنە ئاغجەلەرو لەو شارە دێیە دەمێننەوە، دانیشتوانی ئاغجەلەر بەگشتی و بنەماڵەی حەمەغەفور ئاغجەلەری زۆر خزمەتی بارزانییەكان دەكەن و وەك بەشێك لە خۆیان سەیریان دەكەن. بەتایبەت "كوێخا عەبدولڕەحمان ئاغجەلەری" كە دەكاتە خەزوری حەمەغەفور ئاغجەلەری و خزمانی، ئەو ماوەیە دیوەخانەكەیان و زۆر شوێنی خۆیان كردبووە شوێنی برا بارزانییەكانیان، سەبارەت بەپێشوازی ئاغجەلەرییەكان لە بنەماڵەی بارزانی تا ئێستاش دەیان چیرۆك لەناو ئاغجەلەرێكان باسدەكرێت، بەتایبەت چیرۆكەكانی "خاڵە سابیر" كە پیاوێكی دوونیا دیتەو قسەخۆشبوو زۆر جاران باسی ئەو پێشوازیی و خزمەتەی پێشكەش بە بارزانییەكان كراوە، بە وردی باسی دەكرد كە چەند هاریكاری بارزانییەكان كراوە. جگە لەوەش لە دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەت و سەردانیكردنی بۆ كەركووك و دروستبوونی ئاڵۆزییەكان لە نێوان "توركمان و كورد" لەسەر ئەو پیلانەی بۆ تیرۆركردنی مستەفا بارزانی داڕێژرابوو، لەوكاتەشدا وەك لە بیرەوەرییەكانی "مەلا نوری ئاغجەلەری"دا، باسكراوە: دانیشتوانی ئاغجەلەر لە شەوێكی درەنگدا بە رێنوێنی كوێخا عەبدولڕەحمان خۆیان ئامادەكردووە بۆ هاریكاریكردنی كوردانی كەركووك و سزادانی ئەوانەی دەیانووست مستەفا بارزانی تیرۆر بكەن، جگە لەوەش لەگەڵ دەسپێكردنی شۆڕشی ئەیلول بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی، ئاغجەلەرێكان رۆڵكی دیاریان بینیوە لەو شۆڕشەدا. یەكێك لەو كه‌سایەتیانەش "حەمە غەفور ئاغجەلەری" بوو كە وەك پێشمەرگەو فەرماندەیەك لە چەندین قۆناغی شۆڕشی ئەیلولدا رۆڵی دیار و بەرچاوی بینیوە، چ وەك پێشمەرگە كە سەركردایەتی دەیان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی كردووە دژی هێزە داگیركەرەكانی عێراق لە باشووری كوردستان و ناوچەی ئاغجەلەرو دەربەندی بازیان و ناوچەی چەمچەماڵ و دەیان شوێنی دیكە، چ وەك كادری سیاسی هانی هاووڵاتیان و لاوانی داوە بۆ پشتگیریی و پشتیوانیكردن لە شۆڕشی ئەیلوول.
بەوجۆرە حەمە غەفوور ئاغجەلەری، بەردەوام بوو لە پێشمەرگایەتی و وەك فەرماندەی سیاسی و سەربازی لە شۆڕشی ئەیلول تاك و ساتی نسكۆی شۆڕش لە ساڵی (1975) دواتر وەك زۆربەی پێشمەرگەكانی شۆڕش ئاوارەی ئێران دەبێت، بەڵام ئاغجەلەری هەر زوو لەگەڵ دەسپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ وەك یەكێك لە سەركردەكانی ئەو شۆڕشەو بەرپرسیارێتی هەرێمی كەركووك وەردەگرێت و بەشێوەی مەفرەزە ده‌گەڕێتەوە باشووری كوردستان و ناوچەی كەركووك و قەڵاسێوكە و شوان و كۆیە. لەگەڵ كاری پێشمەرگایەتی و هەوڵی زیندوكردنەوەی رێكخستن بۆ شۆڕشی نوێ دەدات.
بەوجۆرە لە شۆڕش بەردەوام دەبێت تا كاتی دروستبوونی قیادە موەقەتە "سەركردایەتی كاتی" پارتی دیموكراتی كوردستان كە كەوتبوونە دژایەتی شۆڕشی نوێ و بڕیاری كوشتی سەركردەو فەرماندەو پێشمەرگەو سەردارانی شۆڕشی نوێیان دابوو. لەوكاتەشدا ئاغجەلەری بە گەواهی هاوڕێیانی قەد ئامادە نەبوو تفەنگەگەی روو لە هیچ كوردێك بكات بەتایبەت مەفرەزەكانی پارتی، بەڵام سەركردایەتی پارتی بە هاوكاری حیزبی بەعس لە پیلانێكی رەشدا رۆژی (23/7/1977) حەمە غەفوور ئاغجەلەری و چەند هاوڕێیەكی پێشمەرگەی لە گوندی كانی بی شەهید دەكەن. كە حكومەتی بەعس چەندین ساڵ بوو لە هەوڵی شەهیدكردنی ئەو سەركردەیەی كورددا بوو، چونكە ئەوان بە حەمە غەفور ئاغجەلەرییان دەووت: ئاوی ئاشی شۆڕشی نوێ لە هەرێمی كەركووك.
ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە، ئایا پارتی و سەركردایەتی پارتی لە پایی ئەو خزمەتەی كە دانیشتوانی ئاغجەلەر و بنەماڵەی حەمە غەفوور پێشكەشی سەردارانی پارتییان كرد هەستان بەو پیلانە بە هاوكاری دوژمنانی كورد؟ ئایا سەركردایەتی قیادە موەقەتە وەها پاداشتی پێشمەرگەو فەرماندەیەكی ئازای شۆڕشی ئەیلول دەدەنەوە كە قەت كڵاشینكۆفەكەی رووبەڕووی كوردێك نەكردۆتەوە؟ ئایا سەردارانی پارتی چۆن زاتی ئەوەیان كرد لە دوای راپەرینی ساڵی (1991) بكوژانی حەمە غەفوور ئاغجەلەری و هاوڕێیانی بلاوێنن و دواتر وەك شەهید ناوییان ببەن، نازانن ئەمە دەرچوونە لە رێبازی شێخ ئەحمەد و سەردارانی دیكەی دڵسۆزی كوردی بنەماڵەی بارزانی!؟
بۆیە لە كۆتاییدا دەبێت سەردارانی قیادە موەقەتە بزانن ئەو كارەیان دەرچوون بووە لە بەها جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردیش كە چاكە بە چاكە وەڵام دەداتەوە نەك بە خراپە، ئەوەی نمەكی یەكێك بكات نمەك حەرام نابێت، تەنها ئەوانە نەبێت كە هیچ بەهایەك بۆ كلتوور و رەوشتی كۆمەڵایەتی كوردی دانانێن و خۆشیان لە هەموو بەها جوانەكانی كوردایەتی و كوردی بێبەشن. ئەوان و هەموانیش دەبێت ئەو راستیە بزانن مێژوو رەحم بە كەس ناكات.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved