ئەم کتێبە لە چوار باس پێک هاتووە، کە هەموویان دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی عێراق و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوە گەورەیەدا نووسراون. لەم باسانەدا، گریمانەی دامەزراندنەوە و دیموکراتیزەکردنی عێراق، یاخود هەڵوەشاندنەوەی، هەروەها شێوازی داهاتووی کێشەی نێوان عێراق و کوردستان و ئەو دەرفەتە نوێیانەی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هاتوونەتە گۆڕێ، باس کراون. زایەڵەی ئەم ڕووداوە و ڕەوشی سیاسیی عێراق لە دوو ساڵی دوای ڕووخاندنی دەوڵەتەکەوە، بە نووسینەکانەوە دیارە. هەروەها ئەم باسانە بەپێی پلان و داڕشتنی پێکهاتەی کتێبێک نەنووسراون، بەڵکوو هەر یەکەیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا وەک بابەتێکی سەربەخۆ و بە مەبەستی بەشداربوون لەو لێدوانانەی لەم بارەیەوە کراون، نووسراون؛ بۆیە ڕەنگە هەندێک پرسی مێژوویی، بەڵگە و بۆچوون سەبارەت بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی عێراق و کێشەکانی، لەم یان ئەو بابەتەدا خۆیان دووبارە کردبێتەوە.
عیراق: دیموکراتیزە کردن یان هەڵوەشانەوە