مەسعوود بابایی
دۆخی پێکەوەژیانی برایانە پێوەندیی بە هاوخوێنی و هاوزمانییەوە هەیە و دووری و نزیکی و هاوسۆزیی گرۆ و جڤات و جڤاکەکان بە هیچ شێوەیەک ناسڕێتەوە
لە ماددەی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا چەمکی «برایەتی» وەک ئەرکی مرۆیی، بەم ناوەڕۆکەوە کە دەبێ تێکڕای تاکەکانی مرۆڤ لەگەڵ یەکتری بە رۆحی برایەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن، گونجێنراوە. راگەیاندراوی ناوبراو هەندێ چەمکی ئایینیی وەک «برایەتی» لە خۆیدا جێکردەوە، لەکاتێکدا چەمکگەلی ئاخنراو لە جاڕنامەکەدا گەلێک جار بە لەبەرچاوگرتنی فەلسەفەی تاکگەرایانەی خۆرئاوا و بۆ پێکهاتەی جڤاکی و ئابووریی کۆمەڵگە لیبراڵەکان گەڵاڵە کراوە.
بەفەرمی ناسینی دروشمی «برایەتی» لە دروشمی سێ بڕگەیی شۆڕشی فەرەنسی: «ئازادی، یەکسانی و برایەتی»، وەک یەکێک لە بەها جڤاکییەکان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە دووسەد ساڵی پێشوودا گەلێک لە وڵاتان بە پەیڕەوی لە دەوڵەتی مودێڕنی فەرەنسی ئەم دروشمەیان وەک دروشمی سەرەکیی سیستمی سیاسی سەروساخت دا. فەیلەسووفان و یاساناسان و سیاسەتزانان لە دەستنیشانکردنی ئەم ئاراستانەدا دەورێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە. هەندێک لە بیرمەندانی وەک هۆبز و لۆک بە جەختکردن لەسەر چەمکی «ئازادی» سیستمی هەڵنراو لەسەر تاکگەرایی، لیبراڵیزم و سەرمایەدارییان برەو دا، کەسانێکی دیکەی وەک مارکس و ئینگڵسیش بە جەختکردن لەسەر کۆمەڵباوەڕی و سوسیالیزم چەمکی «یەکسانی»یان بە سەرترۆپکی تیۆرییە سیاسی جڤاکییەکان دانا و بەمشێوەیە لە سەدەی بیستەمدا دوو بەرە لەبەرامبەر یەکتری قوت بووبوونەوە: بەرەی سەرمایەداری و بەرەی سوسیالیزم. بە گوتەی گونتییە، چەمکی «برایەتی لەم نێوە کەوتە کەنۆڵەی فەرامۆشییەوە (Gonthier,2000:567)؛ هەرچەند لەباری تیۆریکەوە هزرڤانانی لیبراڵ و سوسیالیست پێگەی چەمکی برایەتیان لە سیستمی هزرییاندا شەنوکەو کردووە.
لە بارودۆخی ئێستای ئێمەی کورددا کە دروشمەکانی وەک «برایەتی گەلان» و «برایەتی گەلانی موسوڵمان» لە لایەن کۆمەڵگەوە کەم و زۆر وەبەر نەشتەری رەخنە دراون و داوای برایەتی «کورد و کورد»، دەکرێ؛ وا پێویستە لەبەر بنبەستی هزری خۆمان تووشی بنبەستی سیاسی نەکەین!
برایەتی و تاکایەتی
«برایەتی» ئایا «تاکایەتی» تێدەپەڕێنێت؟ ئایا بنەمای پێوەندییەکانی مرۆڤ دەخاتە سەرووی چەمکی تاکایەتییەوە؟ واتە بەگوێرەی «خۆشویستنی ئەویدی»، «لەخۆبوردوویی» و «هاوکاری» ئامانجەکەی گەیشتنە بە یەکسانی و ئەمانە ئەو بەها جڤاکییانەن کە «برایەتیی کۆمەڵگەکان یان گەلان» نەخشەی کۆمەڵگەی سیاسیی داهاتوو دادەڕێژێن. کۆمەڵگە لیبراڵەکان لە باری چەمکییەوە بەو تایبەتمەندییە تاکگەرایانەی کە هەیانە رەنگە شێوەی وەدیهێنانی ئەم برایەتییە تووشی ئاڵنگارییان بکات. چونکە چەمکەکانی ئازادی و یەکسانی و تاکگەرایی بەگوێرەی گەوهەرەکەیان رەنگە یەکانگیر نەبن. هەر بۆیە نەریتی لیبراڵ، برایەتی لەسەر تەوەری لیبراڵیزم واتە بنەما فەلسەفییەکان، تاکگەراییی بوونناسانە بەهاگەلی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەکاندا شەنوکەو دەکات.
پێشینەی چەمکی برایەتی لە ماددەی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا
پێشینەی چەمکەکە:
سەرەتا هێما بە بەکارهێنانی وشەی «برا» لە زمانەکانی دیکەدا دەکرێت. لە زمانی سانسکریتی و هیندیدا bratr، گریکی (یونانیی کۆن) phrater، روسی brat، ئاڵمانی bruder، هۆڵەندی broeder، دانیمارکی broder، هیندوئەورووپاییbrathair، ئینگلیزیی کۆن brathair، ئینگلیزیی نێوەڕاست brotherە. wiktionary, 2015.
چەمکی برایەتی لە ئایینە ئیبراهیمییەکانیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە و کۆمەڵگەی ئایینی بە «کۆمەڵگەی برایان» پێناسە کراوە (انما المۆمنون اخوه، حجرات، ئایەتی 10).
دوابەدوای شۆڕشی فەرەنسی لە 1789، رێبەرانی شۆڕش تەنیا دروشمی دوو بڕگەیی «ئازادی، یەکسانی و برایەتی»یان هێنایە گۆڕێ. پێشتر دروشمی نەگۆڕ لە ئارادا نەبوو، لە نامە و نووسراوە رەسمییەکاندا بە زۆری «ئازادی-یەکسانی» بەکاردەهات تا ئەوەی لە سەردەمی کۆماردا، سەرەتا رۆبسپیر لە دواندەرییەکی خۆیدا لە کۆمەڵی «پاسەوانی نەتەوەیی» لە 18ی دیسامبەری 1790 دا دەڵێ: (خەڵکی فەرەنسا لەژێر ئاڵای ئازادی، یەکسانی و برایەتیدان و ئەم دروشمە لەسەر ئاڵای سێ رەنگی فەرەنسا دەنەخشێنرێت (Borgetto,1996:3).
دیارە ئەم چەمکە پاش ماوەیەکی کورت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە فەرامۆش کرا:
یەکەم: نەسازانی برایەتی بەهۆی پەسندکرانی یاساکانی سەردەمی تیرۆر.
دووەم: ناڕوونی لە چەمکی برایەتی لە گشتگرییەکەیدا کە بە ڕای هەندێ لە نووسەرانی وەک «بێرناردێن دوسێن پییەر» دەکرێ بدرێتە پاڵ رووەک و ئاژەڵانیش.
سێیەم: ئاخێزگەی ئایینی و مەسیحیی ئەم چەمکە کە دەبووە لەمپەری یەکگرتنی دەستە و گرۆی هەمەچەشنەی سیاسی و جڤاکی ((Hunyadi,2012:153).
جێی سەرسوڕمان نییە ئەگەر بڵێین ئەم دروشمە، لە لایەن ناپلیۆنەوە بۆ بەرفراوانکردن و دامەزراندنی ئیمپراتۆریی فەرەنسی بەکار هات و دوابەدوای ئەوە وەک دروشمێکی کۆڵۆنیالیستی بەکار هاتووە!
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی رەشنووسی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە 1946 - 1948 لە لایەن 18 کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ بۆ نموونە ئێلنۆر رۆزڤێڵت (ئەمریکا)، رێنێ کسێن (فەرەنسا). شارل مالک (لوبنان) و چانگ (چین) لە 30 ماددەدا خرانە سەریەک و لە 10ی دیسامبەری 1948 لە لایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا (Johnson , Symonides, 1998:19).
چەمکی برایەتی لە شەقڵی کۆتایی ماددەی 1ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بەم شێوەیە پێناسە کراوە: (یەک بە یەکی مرۆڤایەتی ئازاد و بەئابڕوو و کەرامەت دێنە دنیاوە، هەموویان دیاریی ئاوەز و ژیری و ویژدانیان پێبەخشراوە، دەبێ لە تەک یەکتری بە رۆحی برایەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن).
رێنێ کسێن، یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، دەڵێ: (ئەم جاڕنامەیە دەبێ سێ بنەمای گرنگ لەخۆ بگرێت: یەکەم: یەکبوونی نەژادیی مرۆیی و خێزانیی مرۆیی، دووەم: هەموو تاکێکی مرۆیی مافی ئەوەی هەیە هاوشێوەی تاکە مرۆییەکانی دیکە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، سێیەم: یەکگرتن و برایەتیی نێوان خەڵک»(/CN4/ACL/SR.2.P.2).
بڕگەکانی ماددەی یەکەمی جاڕنامەکە گەلێک زۆرن و خوێنەر دەتوانێت بەشەکانی دیکەی بە وردی بخوێنێتەوە و لەبەر درێژدادڕی لێرە دەرفەتی باسکردنی هەموو بەشەکانی نییە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا بەندەکانی جاڕنامەیەک لە سەردەمی دەوڵەت و دەوڵەت – نەتەوەکاندا بەشێوەیەکی وەکیەک جێبەجێ دەکرێت؟ دەوڵەتان لە سیاسەتی نێوخۆیاندا دەتوانن پەیڕەوییەکی رێژەیی لەم بەندانە بکەن، بەڵام هێزی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی و ژیۆپۆلەتیک و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و هەموو ئەو خاڵانەی کە سیاسەتی دەوڵەتێک بۆ پاراستنی قەوارەکەی دایناون، بەکردەوە جێبەجێکردنی ئەم دروشمە تووشی کەندوکۆسپ دەکەن. بەگوێرەی پێنوێنە کلاسیکەکانی لیبراڵیزم چەمکی «برایەتی» بەستراوەتەوە بە:
یەکەم: پێشەنگایەتیی ماف بەسەر چاکەدا. لە نەریتی لیبراڵدا ماف دەکەوێتە پێش چاکە (مافی تاک لە یاسادا)، بەڵام لە نەریتی چەپی سۆسیالیستیدا «چاکە دەکەوێتە پێش ماف. واتە «بەرژەوەندیی کۆمەڵ لە مافی تاک لەپێشترە. بۆ نموونە ئەگەر بڵێین یەکسانی چاکەی هەمووانی تێدایە، دەکرێ بە پاساوی یەکسانی مافی تاک بکرێتە قوربانیی مافی کۆمەڵ. لە لیبراڵیزمیشدا تاکگەرایی وا دەکات کە مافی تاک بخرێتە پێش چاکەی کۆمەڵ! لە هەردووک دۆخەدا ئێمە بەرەوڕووی ئاریشەی چاکە و ماف دەبینەوە و لە راستیدا دەکەوینەوە تەڵەزگەوە. ئەگەر یەکسانی بریتی بێت لە دابەشکردنی دادپەروەری بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا، مافی هەمووانیش بەیەکسانی دەدرێت، بەڵام ئایا ئەمە لە دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیدا مافەکان دابین دەکات. تێگەیشتنی عیرفانی و ئایینی و چاکەخوازانە لە «برایەتی» و «برایەتی گەلان» بۆ پراکتیزەکردنی سیاسی حەواڵە بە مەحاڵە. چونکە کۆمەڵگە مرۆییەکان بەگوێرەی مەودا- جیاوازی، نزیکی و دووری، هەوڵدەدەن برایەتی نێوان خۆیان دەستەبەر بکەن، کە مەرج نییە ئەم برایەتییە رەهەندی یەکسانی بەخۆوە بگرێت!
دووەم: لە لیبراڵیزمدا دەوڵەت لە هەمبەر باوەڕە رەوشتی و ئایینییەکان بێلایەنە؛ چونکە تاک خاوەنی ویستی ئازادی خۆیەتی و وەک بکەر مافی هەڵبژاردنی باوەڕێکی هەیە بەو مەرجەی سنووری باوەڕ و ئازادیی ئەوانی دیکە پێشێل نەکات. لێرەدا ئێمە باسی «ماف» دەکەین نەک «یەکسانی». یەکسانی بەرانبەر بە یاسا، دەبێتە مایەی ئەوە کە دەوڵەت لە دانان و چاودێریی سیستمی بەهاکاندا تا رادەیەک بێلایەنیی خۆی بپارێزێت و خۆی بە پێناسەی «چاکە»ەوە خەریک نەکات و ئەم کارەیە بۆ مافناس و یاساناس و دادوەرەکان بسپێرێت تا بە یارمەتیی فەیلەسووفەکانی رەوشتناس ئەم گفتوگۆیە بەرنە پێشەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەک ژاک ماریتەین دەڵێ، کۆمەڵگەی لیبراڵ بێلایەنی قبووڵ ناکات، چونکە بەها لیبراڵەکان و هەروەها سوود و قازانجی کەسیی، پایە و پێگەی پیشەیی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان لە پێشەوەی گەشەی مرۆڤەوەن. کە وایە خەڵک تەنیا بابەتی چێژی سێکسی، تەنگەتاوکردن بۆ بەبەرخۆربوون، یان بەکارهێنانی سیاسی لەبەرچاو دەگیردرێن. (واڵاس، 1393، 14).
سەرەڕای ئەم رەخنەیەی ماریتەین، بەهاکانی لیبراڵیزم لە ئازادیی تاکدا کە رەنگە بەشێوە زێدەڕۆکەی بەرپرسایەتیی تاک لە هەمبەر کۆمەڵگە لاواز بکات، بەڵام بەرپرسیارێتی لەبەرانبەر یاسا دەتوانێت زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە سنووردار بکات. بەپێچەوانەی لیبراڵیزم، دەوڵەتی سوسیالیستی لەهەمبەر سیستمی باوەڕدا بێلایەن نییە. سوسیالیزم بە بانگەشەکردن بۆ پێشەنگایەتی «چاکە» هەر چەشنە مافێک بۆ تاک کە ببێتە مایەی ناهاوسەنگبوونی ناسنامەی جڤاکیی مرۆڤ بە زیاندەر دەزانێت. چاکە لە سوسیالیزمدا سەپاندنی یەکسانییە. ئەم چاکەیە بە چاودێریی دەوڵەت جێبەجێ دەکرێت نەک ویژدانی تاک. کەوابوو دادپەروەری بەسەر کۆمەڵگەدا دابەش دەکرێت و ئەم دادپەروەرییە بەر لە هەموو شتێک پێوەرێکی ئابووریی هەیە. دەوڵەت دەتوانێت دەرکەوتە بەرهەستەکی و ماددییەکان بەرزەفت بکات و لەم رێگەوە بە جڵەوکردنی جەستەی جڤاک چاودێریی خۆی جێبەجێ دەکات. ئەگەر یەکسانی دابینکەری «برایەتی» بێت، ئەم یەکسانییە دەرکەوتێکی ماددیی هەیە، چونکە ئێمە ناتوانین پێوەرێک بۆ یەکسانیی رەوشتی، ویژدانی و رۆحی دابتاشین، ئیدی پەنا بۆ داڕشتنی پێوەر بۆ هەڵسوکەوت دەبەین. هەڵسوکەوت دیوی دەرەوەی رەوشت و ویژدان و رۆحی مرۆڤە کە دەوڵەت بە هۆی دەرکەوتە بەرهەستەکییەکەی لە رەفتارناسیدا دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات. بەم پێیە ئەو بەهایانەی کە دەبن بە بەهای «برایەتی» دەبێ ئەوەندە یەکسان بن کە تاکگەرایی بسڕنەوە!
لەبەرامبەردا چەمکی برایەتی ئەگەر لەتەک یەکسانیدا تێک بکاتەوە، ئایا لەگەڵ بنەواشەی ئازادیدا دەسازێت؟ مەگەر ئەوەی کە ئێمە وا بەڵگە بهێنینەوە برایەتی چەمكێکی کۆبەند و بەکۆمەڵە و بەم پێیە لە یەکسانیدا یەکانگیر دەبێت و ئازادی بریتییە لە رزگاربوون لە ناسنامەی تاکگەرایانە کە تێکدەری هەماهەنگی و هاوسەنگیی نۆرمە جڤاکییەکانە! ئەمە بەرئەنجامێکە کە لە هەناوی بیرکردنەوەیەکی ئایدیۆلۆژییدا دەردەکەوێت کە برایەتی و یەکسانی بە رزگاربوون لە ناهەماهەنگیی تاک لەگەڵ کۆمەڵگە لەقەڵەم دەدات و کەوایە ئەمە بە ئازادی لە ستەم دادەنێت کە دەبێتە مایەی بەختەوەریی بۆ هەمووان. هەربۆیە دابەشکردنی دادپەروەری بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا وەک چەرچڵ دەڵێ: «لەوپەڕی دادپەروەرییەوە بەدبەختی دابەشدەکات»!
ئەم کەڵکەڵەیەی یەکسانی وا لە سوسیالیستەکان دەکات، دواجار هەبوونی دەوڵەتیش کە جوگرافیایەکی سیاسیی داگیرکردووە بخەنە ژێر پرسیار؛ بەوەی کە دەوڵەت بریتییە لە سیستمێکی هەڵاواردن کە ناسنامەی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پێناسە دەکات و جیاکاری لەناو برایەتیی گەلان دەهێنێتە گۆڕێ و دواجار دۆخی بێدەوڵەتی بە دۆخی خوازراوی برایەتیی گەلان لەقەڵەم دەدەن. بەم چەشنە سوسیالیستێک دەکرێ ببێ بە ئانارشیست.
ئەم شێوەگۆڕانەی کە باوەڕێک دەتوانێت سیستمێک بگۆڕێت، بوومەلەرزەی سیاسییە. بەو واتایەی کە ئایدیاڵێکی وەک «برایەتی گەلان» دەتوانێت ئەوەندە لە «دۆخی کەتوار» دوور بکەوێتەوە کە سیاسەتیش بگەیەنێتە بنبەست، یان سیاسەت ببێتە دەسکەلای ئایدیاڵێک! بە بڕوای من، بنبەستی هزر، بنبەستی سیاسەت نییە؛ چونکە سیاسەت بەگوێرەی دۆخی کەتواریی سەرزەمینی هونەری لواو(ممکن)ە و نابێ بە بنبەستێکی هزری تووشی بنبەست ببێت!
لایەنێکی دیکەی ئاریشەی برایەتیی گەلان کە جێبەجێکردندا دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی گرنگ کە ئەویش پێوەندیی بە رۆحی ململانێیەکانەوە هەیە؛ تێزی برایەتیی گەلان - بەدەر لە گەمەی سیاسیی دەسەڵاتی سەردەست – گوایە دەتوانێت ئاشتی درێژخایەن وەدی بهێنێت. لایەنگرانی ئەم تێزە لەو بڕوایەدان کە نەمانی دەوڵەت دەتوانێت سەردەمی ئاشتیی درێژخایەن بێت بەوەی کە کۆمەڵگەی هەرەوەزی جێی کۆمەڵگەی سیاسیی دەوڵەتتەوەر دەگرێتەوە؛ ئەم تێڕوانینە پرودۆنییە (1809 - 1865)، وەک تێڕوانینێکی پرودۆنی، هەر ئەو شتەیە کە گوایە «خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک»ە کە بەکاری هەرەوەزی و ئالیکاریی جڤاکی، کۆمەڵگە دەتوانێت دامەزراوە دیمۆکراتییەکانی خۆی بەشێوەیەکی بازنەیی نەک قووچەکی دابمەزرێنێت، بەڵام ئایا گەشەی ژیاری و ئاشتیی درێژخایەن پێکەوە هەڵدەکەن؟ بەگوێرەی روانگەی هیگڵییانە ژیار بە جەنگ نوێ دەبێتەوە و ئاشتیی درێژخایەن دەتوانێت ژیار گەندەڵ بکات! ئەمە بانگەشە بۆ رەوایی جەنگ نییە، بەڵام جەنگ روودەدات. ئەم روانگەیە کە ئەگەر دەوڵەت نەبێت جەنگ روونادات، لەو روانگەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەوڵەت نەتەوە پێک دەهێنێت و خۆبەخۆ نەتەوە لە دەوڵەتدا نەتەوەکانی دیکە دەکات بە دوژمنی یەکتری! رەنگە بەرژەوەندییەکان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسیدا ببێتە هۆی بنبەستی دیپلۆماسی و جەنگ؛ ئەمە ڕاستە، بەڵام ئایا جەنگ لە دەرەوەی دەوڵەت رووی نەداوە؟ هەر بۆیە لەبەر ئەوەی جەنگ هەمیشە روودەدات، کەوابوو برایەتیی گەلان مەحاڵە. لەکاتی جەنگدا دەستە و گرۆ و جڤاکەکان هاوناسنامەکانیان دەدۆزنەوە و دەبن بە بەرەیەک بە دژی بەرەیەکی دیکە و لەم دۆخەدا برایەتی هەڵدەوەشێتەوە. هیچ دەستەبەرییەک نییە پاش نەمانی دەوڵەت، ئیدی جەنگ روونادات. پاڵنەرەکانی روودانی جەنگ لە مرۆڤدا ویستی هێزی زاڵبوون و خۆپاراستنە و هەرکە جەنگ رووبدات برایەتی هەڵدەوەشێتەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین دۆخی ئاشتی، دۆخی برایەتی نییە؛ دابینکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەگوێرەی گرێبەست و پەیمانی کۆمەڵایەتی دەلوێ و دەکرێت، بەڵام دۆخی پێکەوەژیانی برایانە پێوەندیی بە هاوخوێنی و هاوزمانییەوە هەیە و دووری و نزیکی و هاوسۆزیی گرۆ و جڤات و جڤاکەکان بە هیچ شێوەیەک ناسڕدرێتەوە. بەهەرحاڵ ئەمە کە برایەتیی گەلان، گرفتی جێندەریشی هەیە و رەگەزی مێینەی لێ دەرهاوێژراوە باسێکی دیکەیە کە لێرەدا دەرفەتی باسکردنی نییە.
بە کورتی لە بارودۆخی ئێستای ئێمەی کورددا کە دروشمەکانی وەک «برایەتی گەلان» و «برایەتی گەلانی موسوڵمان» لە لایەن کۆمەڵگەوە کەم و زۆر وەبەر نەشتەری رەخنە دراون و داوای برایەتی «کورد و کورد»، دەکرێ؛ وا پێویستە لەبەر بنبەستی هزری خۆمان تووشی بنبەستی سیاسی نەکەین!
دەکرێ لە دەرفەتێکی دیکەدا لایەنەکانی دیکەی ئەم باسە زیاتر شیتەڵ بکەین.
بابەتی زیاتر