ئەوین عەبدولهادی
شەهید(رزگار ئەحمەد عەزیز) ناسراو بە رزگارە سوور، ساڵی(1963) لە گەڕەكی ئیبراهیم پاشای سلێمانی لەدایكبووە و ساڵی(1980) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی یەكێتییەوە، ساڵی (1981) لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بۆتە پێشمەرگە.
لە ساڵی(1982)دا، چەند جارێك بۆ چالاكی پێشمەرگانە چۆتە ناوشاری سلێمانییەوەو بەسەركەوتوویی چالاكییەكانی ئەنجامداون.
دوای كۆتایهاتنی گفتوگۆی شۆڕش و حكومەتی ئەوسای عێراق لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ تیپی(43)ی ئاسۆس و بەردەوامبووە تا ساڵی(1987).
ئەوسەرەدەمە رژێمی بەعس بەردەوام لەڕێی دەزگا سیخوڕییەكانیەوە هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەو پێشمەرگەكانی شۆڕشی دەدا، هەرلەوساڵەدا لەگەڵ چەند سەركردە و هەڤاڵێكی پێشمەرگەدا دەرمانخواردكران كە تا ساتی شەهیدبوونیشی شوێنەواری دەرمانخواردنەكەی پێوەمابوو.
بەهۆی فشار و هەڕەشەی جاش و خۆفرۆشەكانی شار بۆ سەر باوك و برا و كەسوكاری، گەڕایەوە سلێمانی و لەوماوەیەدا بەنهێنی پەیوەندی ئەكاتەوە بەڕێكخستنەكانی شارەوە، ساڵی(1990) پەیوەندی دەكات بەیەكێك لە شانەكانی سوپای رزگاری و فەرماندەی مەفرەزە بووە. لەڕاپەڕینی(1991) رۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووە تا رزگار كردنی كەركوك.
لە دوای داگیركردنەوەی كەركوك لەلایەن رژێمی بەعسەوەو پێشڕەوەییان بۆ داگیركردنەوەی شارەكانی تری كوردستان، هێزی پێشمەرگە لە گوندی چیمەن بەریان بە سوپای دوژمن گرت و لەڕۆژی(28/3/1991) شەڕێكی سەخت لەو گوندە لە نێوان پێشمەرگەو سوپا دروستبوو، شەڕەكە درێژە دەكێشێت و لە ئەنجامدا رۆژی دواتر ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە شەهیدكران كە رزگارەسوور یەكێكبوو لەو شەهیدانەی داستانی چیمەن.
بابەتی زیاتر