لە(٢ی نیسانى ساڵى ١٩٩١) پێشمەرگەو فەرماندەى تیپى تۆپخانەی شۆڕش(حاجى یونس) لە بەرگریکردن لە شارى سلێمانى شەهیدبوو، شەهید(یونس رەحیم محەمەد ئابڵاخى) ناسراو بەحاجى یونسى تۆپخانەى شۆڕش..
لە ساڵی(1949) لە گەڕەکى ئابڵاخى شارى سلێمانى دایکبووە، ساڵی(1967) چۆتە خولێکی سەربازی لە بەغدا، پاشان دەبێت مامۆستا لە هەمان کۆلێژ و ساڵی(1984) دەچێتە ریزی هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە و هەر لەسەرەتاى چوونە شاخییەوە بیرۆکەى ئەوەى لەلا دروست دەبێت کە بەشێک بەناوى تۆپخانەى شۆڕش دابمەزرێنێ و زۆرجار لەناو هاوڕێکانیدا ئەوەى چەندبارە کردۆتەوە کە شۆڕشێکى گەورەى وەکو یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وەک هێزێکى گەورە نابێ تیپێکى تۆپخانەى نەبێت.
دواجار سەرکردایەتى یەکێتى بەتایبەتى هەڤاڵ مام جەلال و مەکتەبی عەسکەرى لە ساڵی(1986) دەگەنە ئەو بڕوایەى کە دەبێت تیپێک بەناوى تیپى تۆپخانەى شۆڕش دابمەزرێ، دواى بڕیارەکەى سەرکردایەتى، لەبەرلێهاتوویی و شارەزایی وەک کەسێکى ئەکادیمى سەربازى حاجى یونس دەکرێتە فەرماندەی ئەو تیپەو چەندین خولی فێربوونی چەکی قورس وەک هاوەن، کاتیۆشا، تۆپی دوورهاوێژ بۆ ئەو پێشمەرگانە دەکاتەوە کە ئارەزوومەندانە ویستویانە بچنە ناو ئەو تیپەوە.
دواى پێگەیاندنى کۆمەڵێ لەوپێشمەرگەو فەرماندانە، تیپى تۆپخانەى شۆڕش بەشداریی لە چەندین شەڕدا دەکەن وەک قەیوان ماوەت و شەڕی داستانی رزگاریی و بەرگریکردن لە سەروماڵى گوندنشینان لەکاتى جێبەجێکردنى پرۆسەى ئەنفالدا.
ساڵى(1991)و لەڕاپەینەکەدا بەشداریی بەرچاوی هەبوو لەرزگارکردنی شاری کەرکووک، بەداخەوە هەروەک ئەوەى داکوترابێ بە سەنگەرەکەیەوەو نەیەوێت تا دواچرکەى ژیانى بەجێیبێڵێ لە(٢/٤/١٩٩١) لە بەرگرییەکی بێوێنەدا و لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە دەربەندی بازیان شەهید دەبێت.
بابەتی زیاتر