ئەم کتێبە لە نوسینی (بەرزان ئەحمەد کوردە)یە کە ساڵی ٢٠١١ چاپ کراوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی (ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران)، ئەم کتێبە بە گشتی باس لە مێژووی کوردو هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان دەکات، زیادەڕەوی ناکەین ئەگەر بڵێین بابەتی سەرەکی فەلسەفەی ئەفلاتون و هیگڵ کە دوو فەیلەسوفی بەناوبانگی فەلسەفەن، بریتییە لە فەلسەفەی دەوڵەت، هیگڵ پایەی دەوڵەتی گەیاندە باڵاترین ئاستی کۆمەڵگە مرۆییەکان و بە (ڕۆحی ڕەها)ی کۆمەڵگە ناوی برد. بوونی دەوڵەتی بە مەرجی چوونە ناو مێژووەوە دانا. واتە ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان هەیە لە ناو مێژوودان، بەڵام ئەوانەی نەیانتوانیوە دەوڵەت دروست بکەن، ئەوا لە دەرەوەی مێژوون. ئایا دەتوانین بڵێین کورد لەبەر ئەوەی هێشتا نەگەیشتووە بە دروستکردنی دەوڵەتی خۆی کەواتە لە دەرەوەی مێژووە؟ ئەم توێژینەوەیەی ئێمە هەوڵ ئەدات لەو پرسیارەوە دەست پێبکات کە بۆچی کورد بە درێژایی مێژوو نەیتوانیوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت؟
بەشی یەکەم
کوردو ئەزموونی دەوڵەتداریی
لێرەوە دەبێت بە وردیی لەو هۆکارانە بکۆڵینەوە، کە بوونەتە بەربەست لە بەردەم بونیادنانی دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردیدا.
باسی یەکەم ( چەمک و بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەت)
١-چەمکی دەوڵەت
لەو سۆنگەیەوە سێ بۆچوون دەرکەوتوون:
بۆچوونی یەکەم: ئەم بۆچوونە پێی وایە دەوڵەت بریتییە لە رێکخراوێک کە بۆ دەستەبەرکردنی چەند ئامانجێکی دیاریکراوو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی کۆمەڵ تێدەکۆشێت.
بۆچوونی دووەم: بەپێی ئەم بۆچوونە دەوڵەت بریتییە لە کۆمەڵەیەک لە ناو چەندان کۆمەڵەی تردا بەپێی ئەو رێساو یاساگەلەی کە لە لایەن دەسەڵاتی دەسەڵاتدارەوە کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و دەسەڵاتیش دەتوانێت بنەماکانی سیستەم لە کۆمەڵگادا بچەسپێنێت.
بۆچوونی سێیەم: ئەم بۆچوونەش پێی وایە دەوڵەت دەزگایەکی بنەڕەتییە، ئەو دامودەزگایانەی تری لێدەکەوێتەوە کە پێگەیان لە دەوڵەت کەمترە وەک دەسەڵات و پارتەکان.
٢-بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەت
لەسەر بنەمای ئەو پێناسانەی پێشوو دەرکەوت کە دەوڵەت لەسەر سێ رەگەزی گرنگ بونیاد دەنرێت، ئەوانیش بریتین لە (گەل)و (هەرێم)و (سیستمی سیاسی).
باسی دووەم: کوردستان و رەگەزەکانی دروستبوونی دەوڵەت
یەکەم: گەلی کورد
مێژوونوسی کورد (جەمال ڕەشید)، دەرکەوتنی کورد وەک کۆمەڵێکی خاوەن خەسڵەتێکی ئەتنیکی، دەگێڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین، وەک دەڵێت ( هۆی دروستبوون و لەدایک بوونی ئەو ناوە نەتەوەییەی کورد لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لە باکووری میزۆپۆتامیا وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ سەرهەڵدانی میللەتی کورد لە ئەنجامی کۆبوونەوەی رەگەزە ئارییەکان و رۆشنبیری و زمانیان لە (هەرێمی خاکی (Kurda)) ی خۆریی لە ئارادا بوو).
دووەم: هەرێمی کوردستان
سەرچاوە مێژووەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کوردستان وەک زاراوەیەکی جوگرافی بۆ ناولێنان لە هەرێمێک، یەکەمجار لە ناوەڕاستی سەدەی دوانزەی زاینی (١١٥٠ز)لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا بەکارهێنراوە.
کۆنترین سەرچاوەی کوردی کە تا ئێستا زاراوەی کوردستانی بەکارهێنابێ (مەلای جزیری)یە کە لە سەدەی پازدەیەمی زایینیدا ژیاوەو لەو بارەیەوە دەڵێت:
نەتەنێ تەبریزو کوردستان لە برد حوکمی تە بن
سەد وەکی شاهی خۆراسانی د فەروارێ تە بن
سێیەم: کەوشەن (سنوری)ی کوردستان
دیاریکردنی سنووری کوردستان کارێکی ئاسان نییە لەبەر ئەوەی بە درێژایی چەندین سەدە ژێردەستە بوون، نوێنەرانی پێکهاتە ئەتنیکییەکانی دراوسێکانیشیان، بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر سەکۆی دەسەڵاتن، تا بۆیان کرابێت سەرزەمینەکەیان بەرتەسک کردووەتەوە. بەرامبەر بەم رەوشە، گەڕیدەو مێژوونوس و جوگرافیناسە کوردەکان زیاتر بەلای زیادەڕۆییدا دەچن لەم بوارەدا.
چوارەم: گرنگیی کوردستان
کوردستان ناوەندی بەیەکگەیشتنی دوو کیشوەری (ئاسیا و ئەوروپا) بووە، کە ئەم دوو کیشوەرە مێژوویەکی دوورودێژیان هەیە، لە پەیوەندیکردن و بەریەککەوتنی سیاسی و شارستانێتی، کوردستان ئەو بەستێنەی هەبووە کە تیایدا کولتوورە جیاوازەکان کاریان لە یەککردووە و گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
باسی سێیەم: کوردو ئەزموونی دەسەڵاتداریی
نەتەوەی کورد وەک هەموو نەتەوەکانی تری جیهان لە مێژووەیەکی کۆنەوە ویستوویەتی لە ئازادی خۆیدا بژی و لەگەڵ مافە سروشتییەکانی ژیانی خۆیدا ڕا بێت. تەنانەت زیادە ڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین تێکۆشانەکانی ئەم نەتەوەیە بۆ دامەزراندنی سیستمی سیاسی لە هەموو تێکۆشانێکی هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان زیاتر بووبێت.
مێژوونوسی گەورەی کورد ( شەرەفخانی بتلیسی) لە کتێبەکەیدا (شەڕەفنامە) کە تەرخانکراوە بۆ زیندووڕاگرتنی ژیانی خانەوادە گەورەکانی کوردستان، هەروەکو خۆی دەڵێت "(هەموو نیازو ئاواتیشم هەر ئەوەیە، کە خانەدانە گەورەکانی کوردستان نێویان لەناو نێوان بمێنێ و لەناو نەچن)".
بەشی دووەم: هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی
باسی یەکەم: هۆکارە خۆییەکان (پێنج هۆکاری سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە لە کتێبەکەدا بە وردی باسی لێوەکراوە، ئێمە لێرەدا هۆکارەکانی ئەخەینە بەرچاو):
یەکەم: هۆکاری ئایدۆلۆژی و کولتووریی
دووەم: هۆکارە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان
سێیەم: ململانێی ناوخۆ
چوارەم: سەرکردایەتیکردن
پێنجەم: دەنیاتە (خیانت)
باسی دووەم: هۆکارە بابەتییەکان (دوو هۆکاری سەرەکی لەخۆ دەگرێت ئەوانەش):
یەکەم:هەڵکەوتەی جوگرافیای سروشتی کوردستان
دووەم: جوگرافیاو هەلومەرجی مێژوویی کوردستان
هەروەها لە کتێبەکەدا بە وردی باسی لە (شەڕی چاڵدێران و رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ و پەیمانی سیڤەر و پەیمانی لۆزان)ی کردووە.
باسی سێیەم:کاریگەری دەوڵەتان
بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی بابەتی و ورد لەسەر رۆڵی دەوڵەتان و لەسەر دروستنەبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردی بدوێین، بە باشی دەزانین هەڵوێستە لەسەر نەخشی هەریەک لەو دەوڵەتانە بکەین، گرنگترین ئەو دەوڵەتانەش بریتین لە:
یەکەم: تورکیا
دووەم: ئێران
سێیەم: بەریتانیا
چوارەم: رووسیا
پێنجەم: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا