وتاری ڕقاوی و جینۆساید، یان کاتێک وشە دەبێتە چەک
سەرکەوت جەلیل
دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی
گۆڤاری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ژ. ٣، پایزی ٢٠٢٥، ل ٣٧-٥٨.
پێشەکی
پەیوەندیی نێوان وتاری ڕقاوی و جینۆساید، هەم بەهێزە و هەمیش مەترسیدار. لە کاتێکدا جینۆساید قێزەونترینی تاوانەکانە، بەو پێیەی هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی تەواوی گرووپێک لەسەر بنچینەی نەژاد، ئاین، ڕەگەز، یان نەتەوە، زۆر جار وتاری ڕقاوی چوارچێوە دەروونی، کەلتووری و سیاسییەکەی پێک دەهێنێت. جینۆسایدەکان لە بۆشایی ئایدیۆلۆژی یان تەقینەوەی لەناکاوی توندوتیژیدا ڕوو نادەن، بەڵکو بە پاڵنەر و فاکتەری جیاواز و بەوردی لە ڕێگەی پرۆپاگەندە، ئەفسانەسازی، لەمرۆڤخستن و یاریپێکردنی زارەکییەوە، ئامادە دەکرێن.
مرۆڤەکان بە زۆر ڕێگە و شێواز، پەیوەندی لەگەڵ یەکتر دەبەستن. هەندێک جار لە ڕێی زار و پەیوەندیی زارەکیی ڕاستەوخۆوە، هەندێک جاری تریش بە کردار و هەڵوەستەی کردەیی، یانیش لە ڕێی سیمبۆڵ و نیشانەی تایبەتەوە. واتە یان ڕاشکاوانە شتەکان دەوترێن، یان لە ڕێی کۆدەوە پەیامەکان دەگەیەنرێن. لە هەموو دۆخێکیشدا، وتە و وشە خاڵی نین لە پەیام، لە کۆدی بنگە فراوان کە دەشێت ببنە ئامرازی چێکردنی جۆرە پەیوەندییەک، تێیدا پایەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازی ڕەنگ بدەنەوە، یانیش بەکاوەخۆیی زەمینە بۆ وەها پەیوەندییەک خۆش بکرێت. نموونەی ئەوانەش لە مێژووی مرۆڤدا، زۆرن؛ لە ئاینەکانەوە بۆ فەلسەفەکان، بۆ ڕژێمە سیاسییەکان و هونەرەکان، بۆ بەشێک لە تیۆریا زانستییەکان، لە زۆرێکیش لە سێکتەرەکاندا تارمایی وەها مەیلێکی دەسەڵاتخوازانە بەدی دەکرێت. وەک هەندێک مێژوونووس جەختی لێ دەکەنەوە، پاژێکی گرنگی پێنج تا شەش هەزار ساڵی ڕابردووی مرۆڤایەتی، مێژووی ململانێ و ڕکەبەری بووە لەسەر دەسەڵات و ڕەوایەتی. لەم بەستێنەدا، لەم وتارە و لە چەند تەوەرێکدا، هەوڵ دەدەم پەیوەندیی نێوان وتاری ڕقاوی(hate speech) و جینۆساید، یان ئەو دۆخەی تێیدا وشە دەگۆڕێت بە چەک، بەرباس بدەم و چەند نموونەیەکی واقیعیی وەها پەیوەندی، یان وەها بەدگۆڕانێک، بهێنمەوە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە، ئەو دۆخەیە کە زمان یان وشە دەبێتە میانگر(میدیەم) لە نێوان تاوانکار و تاوانی جینۆسایددا. نەک ئەو دۆخەی کە خودی زمان دەبێتە ئامانجی جینۆساید، کە ئەمەیان بە مانا یاساییە بەرتەسکەکەی لە چوارچێوەی پەیماننامەی جینۆسایددا—سەرباری هەوڵێکی زۆر—جێ نەکراوەتەوە و ڕێک نەخراوە. کاتێک زمان کپ و کوێر دەکرێتەوە، تاوانێکی سەربەخۆ یان جۆرێکی ترە لە جینۆساید، کە پێی دەوترێت جینۆسایدی زمانی (linguistic genocide) یان زمانکوژی (linguicide)، کە دەبێتەوە بە، یان تێکەڵ دەبێت لەگەڵ، جینۆسایدی کەلتووری (cultural genocide). ئەمەیان جیاوازە لە باسەکەی ئێرە، کە تێیدا زمان دەبێتە یاریدەدەر و ڕێخۆشکەر بۆ تاوانەکان، نەک ئەوەی نیازەکە سڕینەوەی زمانی گرووپی بەئامانجگیراو بێت.
١. بناغەی تیۆریایی
١.١. فەلسەفەی کردەی زمانی
ئەوەی زمان یان وشە، خاوەن هێزێکی لە دەربڕین زیاترە، مێژوویەکی دێرینی هەیە. وشەکان تەنیا بۆ دەربڕین نین، بەڵکو ئەرکی تریش جێبەجێ دەکەن. لای جودیت بەتلەر، زمان هەرگیز بێلایەن نییە، بەڵکو لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ڕەوایەتییەوە ئاڵاوە. بەو مانایە بێت، وتاری ڕقاوی تەنیا بۆ دەربڕین نییە، بەڵکو ئەو بابەتەی بەئامانجی دەگرێت، "ناو لێ دەنێت، دەستنیشانی دەکات و سنوورەکانیشی دەکێشێت".[1] وەک بەتلەر دەڵێت، وشەکان بریندارکەرن، توانای سمین و کونکردنیان هەیە، توانایان هەیە خوێن بڕێژن. وشەکان، لە ناوکۆیی گشتیی کۆمەڵایەتیدا، جۆرێکن لە پۆلێنبەندی و ناولێنان، لەوێشەوە ئامرازێک بۆ پێڕەوکردنی دەسەڵات. هەموو ئەمانە پێکڕا نیشانی دەدەن، یان دەیسەلمێنن، ئێمەی مرۆڤ بوونەوەری زمانیین، لە نێو زماندا پێک دێین و دروست دەبین. ئەوەی ناوێکمان هەیە پێی دەناسرێینەوە، بۆ خۆی بەڵگەیەکە بۆ ئەو قسەیە. گەر ئێمە بوونەوەری زمانیی نەبووینایە، چۆن وشەکان هێندە کاریان تێ دەکردین؟ چۆن دەیانتوانی پۆلێنمان بکەن و دەسەڵاتمان بەسەردا بسەپێنن؟ چۆن دەکرا بریندارمان بکەن؟ بەڵام وەک بەتلەر دەڵێت، تەنیا وشەکان بەس نین. یان بڵێین، پێوەرێک نییە بۆ دیاریکردنی جۆری بریندارکەر و ئاسایی وشەکان و جیاکردنەوەیان لە یەکتر. ئەوەی مەحەکە و بڕیار دەدات، ناوکۆیی یان سیاقی وتنەکە و وەشانەکەیە.
وتاری ڕقاوی تەنیا بۆ ئەوە نییە کار بکاتە سەر گوێگر، بەڵکو بەشداریشە لە پێکهاتنی کۆمەڵایەتیی کەسی ئامانجدا، واتە دەبێتە بەشێک لە پێواژۆیەک بۆ لێپرسینەوەی کۆمەڵایەتی. بەو پێیەشی هەمیشە گوێگر پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی هەیە، پێگە کۆمەڵایەتییەکانیش لە پەیوەندییەکی وەستاو و هیرارکیدان پێکەوە، بۆیە بەپێی ئەو پێگەیەی گوێگر هەیەتی، دەکرێت بەو وشە یان وتەیە بریندار بکرێت.[2] لە ناوکۆیی جینۆسایدباردا، وەها ئەرکێکی وتاری ڕقاوی تا ئەوپەڕی کێش دەهێنرێتەوە. زمان تەنیا ئەو گرووپە ناو لێ نانێت کە دەبێت قڕ بکرێن، بەڵکو لەسەر لەمرۆڤخستنیان خۆی ڕادەهێنێت، جەماوەر لەهەست دەخات و ڕەزامەندیی بۆ توندوتیژی دەسازێنێت. لەبەر ئەمەیە لە کاتی ڕێگرتن لە جینۆسایددا، چاودێریکردنی شێوازەکانی وتاردان هێندەی بەدواداچوونی جووڵەی سەرباز و چەکداران، گرنگە.
٢.١. لەمرۆڤستن و دابڕانی ئەخلاقی
فەیلەسوفان و دەروونناسانیش بۆیان گرنگ بووە بزانن، مرۆڤەکان چۆن دەتوانن تاوانی قێزەون ئەنجام بدەن. یەک لە پێکهێنەر یان ئامرازەکان، لەمرۆڤخستنی قوربانییانە. هەڵبەت مرۆڤ هەمیشە مرۆڤی کوشتووە، بەڵام لێرەدا مەبەستەکە تەنیا کوشتن نییە، بەڵکو ئاسانکردن یان ڕەوایەتیدانە بە کردەکە. لەم بارەیەوە دەیڤد لیڤینگستۆن نیشانی داوین کە زۆر جار مرۆڤەکان، پێویستیانە بە خەیاڵ قوربانییەکانیان بگۆڕن بە شتێکی نا-مرۆیی: مشک، جرج، مار، مێروو، خانەی شێرپەنجەیی و ... هتد. وەها گۆڕینێکیش بە پلەی یەکەم لە ڕێی زمانەوە مەیسەر دەبێت. ئەو یەکێک لە کتێبەکانی بە سەردێڕێکی باڵکێشەوە ناو ناوە؛ کەمتر لە مرۆڤ: بۆچی ئێمە ئەوانی تر بەشەیتان دەکەین، بەکۆیلە دەکەین و دەکوژین. لە خودی ئەو سەردێڕەدا زیاتر لە ئاماژەیەکی گرنگ بەدی دەکرێن: زۆر جار بۆ ئەوەی کەسێک کەسێکی تر، یانیش گرووپێک گرووپێکی تر بکوژن، پێویستیان بە پێڤاژۆیەکی بنیاتنانی زیهنییە، کە لەسەر چەند پایەیەک بەندە. یەک، پێویستیمان بەوەیە ئەو کەس یان گرووپە بە 'کەمتر لە مرۆڤ' وێنا بکەین. دوو، دواتر ئاسانتر دەتوانین بەکۆیلەیان بکەین، یانیش گەر بمانەوێت، بیانکوژین. پشکی شێری ئەم پێڤاژۆیەش لەسەر 'بەشەیتانکردن' دەوەستێت، کە بریتییە لە خۆشەکردن یان ڕاهێنانی زیهنیی بەردەنگ و جەماوەر، بە جۆرێک، کە لە هەنگاوی دواتردا کردەی کوشتنەکە، وەک ئەوەی دەبێت، یان وەک ئەوەی چاوەڕوانکراوە، شۆکهێنەر نەبێت. ئەو ڕژێمانەشی مەیلەو جینۆسایدن، شارەزان لە داتاشینی میتافۆر و گێڕانەوەی جۆراوجۆردا کە لەو ڕێیەوە، کۆمەڵەی بەئامانجگیراو وەک هەڕەشەیەکی بوونەکی(وجودی) وێنا بکەن. تیۆریای ئالبێرت باندورا لەسەر دابڕانی ئەخلاقی، زیاتر ئەمەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بە وتەی باندورا، تاکەکەس ئاسانتر تاوان دەکات و توندوتیژی دەنوێنێت، کاتێک لە ڕووی زەینییەوە وەک کردەیەکی لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاساودراو، دەیبینێت. نموونەی ئەوەش، بەرگریکردن، پاکوخاوێنی، یان تۆڵەسەندنەوە.[3]
لێرەشدا، بە هەمان شێوە، وتاری ڕقاوی، هەمان ئەرک ڕادەپەڕێنێت. دەستەواژەی 'هەڕەشەی بوونەکی' فراوانترە لە لەمرۆڤخستن. لە هەندێک دۆخدا گرووپی تاوانکار، گرووپی بەئامانجگیراو وەک 'کەمتر لە مرۆڤ' وێنا دەکات، وەک ئەوەی بیانچووێنێت بە جۆرێکی تر لە زیندەوەر، جا هەرکامیان بێت. بەڵام لە حاڵەتی هەڕەشەی بوونەکیدا، کردەکە یان پاساوەکە زیاتر سیاسی دەبێت؛ وەک ئەوەی بوترێت گرووپی بەئامانجگیراو، بەکرێگیراوی دوژمنێکن، داردەستی نەیارێکن، یان بە فشاری هێزێکی دەرەکیی نەیار هەڵدەسووڕێن و ناپاکی لە نیشتمانی مەزن دەکەن. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا، میانگری زمان پێویستە؛ بەبێ زمان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، وەها کردەیەک خۆشدەست نابێت. کە واتە وتاری ڕقاوی چییە؟
٣.١. پێناسەی وتاری ڕقاوی
بەگشتی، پێناسەیەکی گەردوونیی یەکانگیر بۆ ئەم چەمکە، نییە. سەرباری ئەوەی زۆر نووسین و لێکدانەوەی لەسەرە، بەڵام تا هەنووکە نەناسێنراوە. یەک لەو هەوڵانەی دەیناسێنێت، بڵاڤۆکێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە تێیدا وتاری ڕقاوی بریتییە لە هەر جۆرە پەیوەندیگرتنێکی زارەکی، نووسراو یان ڕەفتارەکی، کە بەهۆی کێیەتیی(شوناس)ەوە، واتە بەهۆی ئاین، نەژاد، نەتەوە، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، پێشینان، جێندەر یان هەر فاکتەرێکی تری کێیەتییەوە، هەڕەشە دەکاتە سەر کەسێک یان گرووپێک، یانیش زمانی شکاندن و جیاکاری [بەرامبەریان] بەکار دەهێنێت[4]. لە ڕاسپاردەیەکی ئەنجوومەنی ئەوروپاشدا، وتاری ڕقاوی "هەموو جۆرە دەربڕینێکە، کە مەبەست لێی پەخشکردنەوە، هاندان، پاساودان یان پێشخستنی ڕقی نەژادی، بێگانەفۆبیا، دژەجوویەتی (ئەنتای سێمیتیزم)، یان هەر جۆرێکی تری ڕق بێت بنیات لەسەر لێنەبووردەیی، لە نێویشیاندا لێنەبووردەیی دەربڕاو لە شێوەی نەتەوەپەرستی یان ئیتنۆسەنتەریی شەڕەنگێزانە، جیاکاری و دوژمنایەتی دەرهەقی کەمینەکان، خەڵکانی شوێنگۆڕ و کۆچبەران"[5].
ئەوەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغەیە، هاندانە بۆ جیاکاری، دوژمنایەتی یان توندوتیژی. کاریگەری یان ئاسەوارەکانی وتاری ڕقاوی بە نێو چەندان بوار و یاسادا دابەش دەبن: پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ڕێگرتن لە تاوانە قێزەونەکان، ڕێلێگرتن و بەرپەرچدانەوەی تێرۆریزم و پەڕگیریی توندڕەوانە، ڕێگرتن لە توندوتیژیی لەسەر بنچینەی جێندەر، پاراستنی مەدەنییان، پاراستنی پەنابەران، بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوەکانی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری، پاراستنی کەمینەکان، بەردەوامیدان بە ئاشتی، هێنانەکایەی ژنان و منداڵان و گەنجان. ئەمەش واتە، وتاری ڕقاوی و ئەوەی هەڵی دەگرێت یان نوێنەرایەتیی دەکات، پرسێکی ستراتیژیک و گەرمە، شایەنی ئاوڕلێدانەوە و ڕێکخستن و بەهەندگرتنە.
یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ وتاری ڕقاویدا دەکات، چونکە دەبێت لە نێوان ئازادیی دەربڕین و پێویستیی پاراستنی گرووپە لاوازەکاندا، هاوسەنگییەک دروست بکرێت و بپارێزرێت. بۆیە لە چەند یاسایەکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤدا، باسی وتاری ڕقاوی کراوە.
پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاریی نەژادی، مادەی ٤ دەوڵەتان پابەند دەکات بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە بیرۆکەیەک دەربارەی باڵایی یان ڕقی نەژادی، هاندان بۆ جیاکاریی نەژادی، هەموو کردەیەکی توندوتیژ یان هاندان بۆ وەها کردەیەک دژی هەر کەس و گرووپێک، یان هەر جۆرە پشتیوانییەکی دارایی. لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ١٩٦٦، مادەی ١٩ و ٢٠دا باسی ئازادیی دەربڕین و بەربەستەکانی، کراوە. لە مادەی ١٩دا داوا لە دەوڵەتان کراوە مافی دەربڕینی ئازاد بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک و بە هەموو شێوەکانییەوە، بۆ هەمووان مسۆگەر بکەن. بەڵام وەک مادەکە دەڵێت، ئەم مافە هەندێک ئەرک و بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئاساییە گەر بەپێی یاسا هەندێک کۆتوبەندی بۆ دابنرێت: یەکەم، هێندەی بۆ ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتی ئەوانی تر پێویستە؛ دووەم، هێندەی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، نیزامی گشتی، تەندروستیی گشتی، یانیش ئادابی گشتی پێویستە.
لە مادەی ٢٠دا ڕاستەوخۆتر و بەهێزتر باسی وتاری ڕقاوی، کراوە. لە بڕگەی یەکەمی ئەو مادەیەدا هەر جۆرە پرۆپاگەندەیەک بۆ جەنگ، قەدەغەیە. لە بڕگەی دووەمیشدا هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ ڕقی نەتەوەیی، نەژادی یان ئاینی کە بچێتە چوارچێوەی هاندانەوە بۆ جیاکاری، دوژمنایەتی یان توندوتیژی، قەدەغەیە. بەڵام پەیماننامەکە، پێناسەی چەمکەکەی نەکردووە و بۆ پراکتیک لێی گەڕاوە. وەک تەواوکارییەک بۆ پەیماننامەکە، لە نەخشەڕێگای ڕەباتی ٢٠١٢دا شەش فاکتەر دەسنیشان کراون، کە بشێت لە ڕێگەیانەوە وتاری ڕقاوی بناسرێتەوە و بەری پێ بگیرێت. ئەوانەش بریتین لە ناوکۆیی، قسەکەر، ناواخن، نیاز، ڕادەی بڵاوبوونەوە لەگەڵ ئەگەری زیانگەیاندن. واتە لە چ دۆخێکدا قسەکە کراوە یان وتارەکە دراوە، کێ کردوویەتی/داویەتی، چی تێدا وتووە، بە چ نیازێک وتوویەتی، لە چ ئاستێکدا بڵاو بووەتەوە، لەگەڵ تا چەند ئەگەری زیانگەیاندن بە گرووپی بەئامانجگیراوی تێدایە[6]. بە لێکدانەوەی ئەم فاکتەرانە کەسێک دەتوانێت بڕیار لە وتارێک بدات، کە ڕقاوییە و ئامانجی تاوانێکی لە پشتەوەیە یان وتارێکی ئاساییە و بەشێکە لە دەربڕینی بۆچوونی ئاخێوەر.
لە یاسای ناوخۆیی چەند دەوڵەتێکیشدا، زیاتر لە یاسا سزاییەکاندا، باس کراوە. نموونەی ئەو دەوڵەتانەش، ئەڵمانیا، کەنەدا، بەریتانیا، هندستان، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئوسترالیان. لە یاسای سزادانی ئەڵمانیادا ئەوەی تاوانە، بەئاشکرا هاندانە بۆ ڕقلێبوونەوە لە بەشێکی جەماوەر و بانگەوازە بۆ ڕێکاری توندوتیژانە یان هەڕەمەکییانە، یانیش سووکایەتی و شکاندن، یان لێکەمکردنەوەی کەرامەتی ئەو گرووپەیە. لە یاسای نیزامی گشتیی بەریتانی لە ١٩٨٦، بەشی سێیەمدا هەر جۆرە وشە یان کردارێکی هەڕەشەئامێز، سووکایەتیپێکەر یان توندوتیژانە، تاوانە گەر خاوەنەکەی نیازی بێت ڕقی نەژادی جۆش بدات، یان دۆخەکە هی ئەوە بێت لە ئەنجامی ئەو کارەوە، ڕقی نەژادی جۆش بدرێت. یاسای سزادانی کەنەدا لە ١٩٨٥ و یاسای ڕۆژنامەوانیی فەرەنسا لە ١٨٨١دا، هەر جۆرە هاندانێکی بەئاشکرا بۆ ڕق یان توندوتیژی دژی گرووپێک بەهۆی کێیەتییانەوە، قەدەغە دەکەن. لە ئوسترالیا، یاسای جیاکاریی نەژادی لە ١٩٧٥ بەرکارە، کە تێیدا هەر کارێکی ئاشکرا ببێتە هۆی سووکایەتی، هەڕەشە یان ترساندن بەهۆی نەژاد و ڕەنگی پێست و بنەچەی نەتەوەییەوە، قەدەغەیە. هندستان یاسایەکی تایبەت بە وتاری ڕقاوی نییە، بەڵام وەک بنەمای گشتی، دەکرێت لە چەند مادەیەکی یاسای سزاداندا جێی بکرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی باس لە خۆشکردنی دوژمنایەتیی نێوان گرووپە جیاوازەکان، یان هەر کارێکی بەمەبەست بۆ دنەدانی هەستی ئاینی، دەکەن. لە ئەمەریکاش وتاری ڕقاوی، وەک خۆی تاوان نییە. چونکە تاکەکەس و گرووپەکان لە ئەمەریکا پاراستنی دەستووری و یاساییان هەیە، بۆیان هەیە چۆنیان بوێت بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. بەڵام لە هەندێک حاڵەتی ئاوارتەدا، دەکرێت ببێتە تاوان. بەپێی پێشینەی یاسایی و بڕیارەکانی دادگای باڵا، وتاری ڕقاوی لە دوو دۆخدا، تاوانە: یەک، گەر هاندان بێت بۆ کارێکی نایاسایی دەستبەجێ (وەک لە دۆسیەی براندنبێرگ دژی ئۆهایۆ لە ١٩٦٩دا جەختی لێ کراوەتەوە)؛ دوو، هەڕەشەی ڕاستەقینە (دۆسیەی چاپلینسکی دژی نیو هامپشایەر لە ١٩٤٩).
لە یاسای سزادانی عێراقیی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراودا، چەند مادە و حوکمێک هەن دەربارەی هاندان و وتاری ڕقاوی. مادەی ١٩٥ تایبەتە بە ورووژاندنی جەنگی نێوخۆیی یان شەڕی تایفەیی و پڕچەککردن بۆ ئەو مەبەستە، یانیش بە هاندان بۆ شەڕکردن. مادەی ٢٠٢ تایبەتە بە سووکایەتی بە نەتەوەی عەرەبی، یان گەلی عێراقی، یان توێژێک لە دانیشتووانی عێراق، یان ئاڵای عێراق، یانیش دروشمی دەوڵەت. مادەکانی ٢١٠ تا ٢١٢ تایبەتن بە بڵاوکردنەوەوە. لە مادەی ٢١٠دا بەمەبەستەوە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ، زانیاری یان دەنگۆی ساختە، کە بە سروشتی خۆیان ببنە هۆی شڵەقاندنی ئاسایشی گشتی، تۆقاندنی خەڵک، یانیش زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی. مادەی ٢١١ سزای بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە، کە ئاشکرا هەواڵی درۆ، یان بەڵگەنامەی دەستکرد بڵاو بکاتەوە، گەر بشێت ببنە هۆی شڵەقاندنی ئاسایشی گشتی یان زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی. مادەی ٢١٢یش بۆ سزادانی هەر کەسێکە، کە ئاشکرا هانی تاوانی کوشتن، دزین، لەناوبردن یان ئاگرتێبەردان، یان هەر تاوانێکی تر بدات، کە لە باریدا بێت ئاسایشی گشتی بشڵەقێنێت. لە مادەی ٣٧٢دا هەر دەستدرێژییەک(لەم حاڵەدا، دەمدرێژییەک)ی ئاشکرا بۆ سەر باوەڕی تایفەیەکی ئاینی یان سووکایەتی بە سرووتەکانیان؛ خوڵقاندنی ژاوەژاو و شڵەژان بۆ سەر ئاهەنگێک یان بۆنەیەک، یانیش گردبوونەوەیەکی ئاینی؛ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی پیرۆز لای تایفەیەکی ئاینی، گەر دەقەکەی بشێوێنێت، یان بەکەم سەیری حوکمێک لە حوکمەکانی یان هەریەک لە ڕێنماییەکانی بکات؛ سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە ڕەمزێک یان کەسێکی پیرۆز یان شکۆدار لای تایفەیەکی ئاینی؛ هەروەها گەر کەسێک ئاشکرا بە مەبەستی گاڵتەجاڕی، لاسایی سرووتێک یان بۆنەیەکی ئاینی بکاتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، جگە لە یاسای سزادانی عێراقی، یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ هەیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان. بەپێی ئەو یاسایە، سەرجەم شێوەکانی جیاکاری دژی هەر پێکهاتەیەک؛ هەر بانگەشەیەکی ئاینی، سیاسی، یان میدیایی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ ڕق، توندوتیژی، تۆقاندن، دوورخستنەوە، یان پەراوێزخستن لەسەر بنچینەی کێیەتی، قەدەغەن و بەپێی یاسا بەرکارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ڕەنگە لێرەدا جێی هەموو ڕەخنەکان نەبێتەوە، بەڵام حوکمەکانی یاسای سزادانی عێراقیی تایبەت بە ئازادیی دەربڕین و وتاری ڕقاوی، بەو شێوەیەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم پیادەی دەکەن، زیاد لە جارێک لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە، ڕەخنەباران کراون، لەوانەش ڕێکخراوەکانی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، یونامی، لێبووردنی نێودەوڵەتی و یەزدا. کرۆکی ڕەخنەکەش بریتییە لە بەرفراوانیی حوکمەکانی یاسای سزادان و مامەڵەی هەڕەمەکیی حکومەتەکان لەگەڵ تۆمەتی وتاری ڕقاوی یان بەزاندنی سنووری ئازادیدا. چونکە پێناسەکان ڕوون نین، وەک ئەوەی ڕێکخراوەکان دەڵێن، حکومەتەکان دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە لەوەی کێ دەستگیر دەکەن و چ تۆمەتێکی دەدەنە پاڵ. دەکرێت زۆر کەس بە زۆر تۆمەت، دەستگیر بکرێن، وەکچۆن دەشکرێت بەفیعلی وتاری ڕقاوی لە دۆسیەی کوشتنی بەکۆمەڵدا یەکێک بێت لە فاکتەرەکان. بۆیە پەیوەندییەکی پتەو هەیە لە نێوان جینۆساید و وتاری ڕقاویدا، نموونەی مێژوویی زۆریش هەن بۆ سەلماندنی وەها پەیوەندییەک.
٢. جینۆساید و وتاری ڕقاوی
١.٢. جینۆساید چییە؟
سەرەکیترین هەوڵ و ئامرازی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جینۆسایددا، پەیماننامەی ڕێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆسایدە لە ١٩٤٨. بەپێی پەیماننامەکە، جینۆساید لە دۆخی جەنگدا ڕووبدات یان ئاشتی، هەر تاوانە و دەبێت دەوڵەتان(ی ئەندام) سزای ئەنجامدەرانی بدەن. بەپێی مادەی ٢، جینۆساید بریتییە لە هەریەک لەو کردەوانەی خوارەوە، کە بە نیازی تێکشکاندنی هەمەکی یان هەندەکیی گرووپێکی نەتەوەیی، ئاینی، ئیتنی یان نەژادییەوە ئەنجام بدرێن:
ا) کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە؛
ب) گەیاندنی زیانی بەرچاوی جەستەیی یان ئەقڵی بە ئەندامانی گرووپەکە؛
پ) خوڵقاندنێکی دۆخێکی ئەوتۆی ژیان بۆ گرووپەکە، کە لە ئەنجامدا لەناوچوونی لێ بکەوێتەوە؛
ت) ڕێگرتن لە وەچەخستنەوەی ئەندامانی گرووپەکە؛
چ) بەزۆر گواستنەوەی منداڵانی گرووپەکە بۆ نێو گرووپی تر.
تەنیا خودی جینۆساید نییە، کە پەیماننامەکە بەتاوانی ناساندووە. بەڵکو جگە لە بەشداریکردن لە یەکێک یان زیاتر لەو کردەوانەی بە بەشێک لە جینۆساید دانراون، بەپێی مادەی ٣ هەریەکە لە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی جینۆساید، هاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ جینۆساید، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی جینۆساید، لەگەڵ تێوەگلان لە جینۆسایددا، تاوانن.
وەک دەبینرێت، بەپێی مادەی سێیەمی پەیماننامەکە، هاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانی جینۆساید، ئەگەرچی جینۆسایدەکەش ڕوو نەدات، تاوانە. بە وردبوونەوە لەم جۆرە لە ڕێلێگرتنی تاوانەکە، دەبینین کە وتار چەند دەتوانێت ترسناک و جدی بێت لە ڕێخۆشکردن بۆ تاوانی جینۆسایددا. هەروەها پێگە و پۆست و خەسڵەتی کەسەکەش، ڕۆڵی نابێت لە دیاریکردنی بەرپرسیارێتیدا؛ سەرۆکی دەوڵەت بێت، فەرماندەی سەربازی، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، بازرگان یان هەر جۆرە پیشە و کارامەییەکی تر، بەرپرسیار دەبێت لە جینۆساید و سزای خۆیشی وەردەگرێت. ئەوەی پەیوەندیدارە بەم باسەوە، بڕگەی سێیەمی مادەی سێیەمە، کە تەرخانە بۆ هاندان بۆ جینۆساید. وەک دواتریش زیاتر ورد دەکرێتەوە، هاندان پەیوەندییەکی زۆری بە وتار و وتاری ڕقاوی و بڵاوکردنەوە و پەخشکردن و میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە هەیە. ئەوەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە نێوان وشە و وتار و جینۆسایددا، دەخوڵقێنێت و پێشینەی دادوەرییشمان بۆ ئەوە هەیە.
٢.٢. پێشینەی یاسایی
یەک لە دۆسیە یان پێشینە یاساییە گرنگەکان، دۆسیەی یولیەس سترەیخەر، سەرنووسەری ڕۆژنامەی دێر ستورمەر-ە لە دادگایی نورمبێرگ (ئەو دادگایەی دوای دووەمین جەنگی جیهانی، لە ئەڵمانیا بۆ دادگاییکردنی بەرپرسە نازییەکان پێک هێنرا). تۆمەتەکانی دژی سترەیخەر بریتی بوون لە هاندان بۆ جینۆسایدی جووەکان، وەسفکردنی جووەکان وەک مشەخۆر و شەیتان، کێشان و بڵاوکردنەوەی کارتونی دژەجوویەتی، ژەهراویکردنی مێشکی ئەڵمانەکان و قبووڵکردنی قڕکردنی جووەکان. لەم دۆسیەیەدا پێشینەیەکی یاسایی گرنگ، تۆمار کرا، ئەویش سزادانی هاندان بۆ جینۆساید بوو بەبێ بەستنەوەی بە تاوانگەلێکی دیاریکراوەوە[7]. واتە بە باوەڕی دادگاکە خودی هاندان بۆ جینۆسایدی گرووپێک، تاوانە و دەبێت بکەرەکەی سزا بدرێت، نەک ئەوەی بسەلمێت لە تاوان یان تاوانگەلێکی دیاریکراوی سەروەختی جینۆسایدەکەوە، گلاوە.
دۆسیەی داواکاری گشتی دژی ناهیمانا و ئەوانی تریش، کە بە دۆسیەی میدیا لە ڕواندا ناسرواوە، یەکێکی ترە لە پێشینەکان. بەپێی وتەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان تایبەت بە ڕواندا (ICTR) لە ٢٠٠٣، دەزگایی میدیایی ڕواندا (RTLM) و ڕۆژنامەی کانگور،ا پلاتفۆرمەکانی خۆیانیان بۆ هاندان، ئاراستەکردن و هەماهەنگیکردنی کردەی جینۆسایدانە بەکار هێناوە. بە باوەڕی دادگاکە، "هێزی میدیا بۆ هاندانی جینۆساید، خۆی لە توانای لەقاڵبدان یان شکڵپێدانی ئاگایی(ویژدان)ی دەستەجەمیی نەتەوەیەکدا دەبینێتەوە، بەتایبەت کاتێک دەزگاکە باوەڕپێکراو بێت"[8].
یەک لە ناودارترین نموونەکان، بڵاوکردنەوەی "دە فەرمانەکەی هوتوو" بوو، کە تێیدا توتسییەکان وەک دوژمنی دەوڵەت وێنا کراون و ئامۆژگاریی پیاوانی هوتووی دەکرد، خۆیان لە تێکەڵاوی و گردبوونەوە لەگەڵیان دوور بگرن. بەپێی ئەم دۆسیەیە، بەرپرسیارێتیی سزایی درێژ کراوەتەوە و کەسانێک دەگرێتەوە، کە هەرچەندە ڕاستەوخۆ بانگەوازیان بۆ توندوتیژی نەکردووە، بەڵام لە ڕێگەی ڕەخساندنی ژینگەی لەبارەوە بۆ جینۆسایدەکە، هانیان بۆ دابێت. گەر لە دۆسیەی سترەیخەردا، تۆمەتبار سزا درابێت بەبێ گوێدانە تێوەگلانی لە کردەیەکی جینۆسایدانەی دیاریکراودا، لەم دۆسیەیەدا تۆمەتباری هاندان سزا دراوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی لە هاندان بۆ جینۆسایددا بەشداریی کردبێت.
لە پەخشی ٤ی ٦ی ١٩٩٤ی ڕادیۆی ڕواندادا، بەیانێک بڵاو کرایەوە، کە هەرچی زووە پێویستییان بە ناونووسکردنی سەد هەزار گەنجە. پێویستە هەموو ڕاپەڕن تا بتوانن ئینکۆتانی(توتسی)یەکان بکوژن و قڕیان تێ بخەن. ئەوەی کارەکەشیان ئاسان دەکات ئەوەیە، کە ئەوان سەر بە هەمان گرووپی نەژادیین. سەیری باڵا و شکڵی کەسەکان دەکەن، سەیری لووتە چکۆلەکانیان دەکەن، ئەوجا دەیانشکێنن. دواتریش بەردەوام دەبن تا دەگەنە ... هەموو جێیەک[9].
دۆسیەی داواکاری گشتی دژی ڤۆیسلاڤ شەشەلی، یەکێکی تر لە پێشینەکانە لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە یوگۆسلاڤیای پێشوودا. ئەو ڕاگەیاندنکارە لە وتار و بڵاوکراوەکانیدا، بۆسنیایی و کرواتەکانی وەک دوژمن دەناساند، هانی خەڵکی لە دژ دەدان. لە ٢٠١٨ بەهۆی کاریگەریی وتاری ئاگرینەوە لەسەر شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و ڕۆڵی ناوبراو لە وەها پەلامار و هەڵمەت و پاکتاوییەکدا، حوکم درا[10].
٣.٢. نموونەکانی وتاری ڕقاوی لە مێژوودا
لە ئەڵمانیای نازییەکاندا، پرۆپاگەندە وەک ڕێبازی لێ هاتبوو. وتاری ڕقاوی لە نێو دەوڵەتدا، بەدەزگایی کرابوو. وەزارەتێک هەبوو تایبەت بە پرۆپاگەندە، بە جۆرێک کە چاودێریی هەموو جووڵە و چالاکییەکی دەکرد و لە قەرەوڵی بەرژەوەندییەکانی ڕایخەوە، هەموو شتێکی هەڵدەسەنگاند. دەستی وەردەدایە مەنهەجی قوتابخانەکان، فیلم و سینەما، گۆرانی و وێنەکێشان، بەرنامەکانی ڕادیۆ و نووسینی ڕۆژنامەکان. ئامانجی وەزارەتەکەش، بە پلەی یەکەم، لەمرۆڤخستنی جوو، قەرەج، هاوڕەگەزخواز و خاوەن پێداویستانی تایبەت بوو، بە جۆرێک کە بە مرۆڤ یان هاوڵاتیی پلەدوو، تەماشا دەکران و بە شیاوی هەموو بێبەشکردن و داماڵین و سووکایەتی و سزادانێک، دەبینران. کاری دەزگاکانی پرۆپاگەندەش، خۆشەکردنی جەماوەر بوو لە ڕێی وتاری ڕقاوییەوە، بە جۆرێک کە بەتەواوی ڕێگە بۆ تاوانەکانی ڕژێم، تەخت بکات. واتە ئەوەی لەو دەزگایانەوە پەخش دەکران، پێکڕا پێشمەرجی زارەکیی جینۆساید بوون. یەک لە نموونەکانی ئەڵمانیای ئەو سەردەمە، خودی هیتلەر بوو. لە کتێبەکەیدا، خەباتی من، جووەکان وەک مشەخۆر ناو دەبات و لەناوبردنیشیان وەک پێویستییەکی مێژوویی. ئۆباڵی قەیرانە ئابوورییەکانی ئەڵمانیاش، دەخاتە ئەستۆی ئەوان و هەرچی ڕق هەیە بەسەریاندا بەتاڵی دەکاتەوە.
ئێستاش، کە سەردەم گۆڕاوە و پێمان ناوەتە چاخی مۆدێرن و دیجیتاڵییەوە، ئامرازەکان گۆڕاون، بەڵام نیاز و سیاسەتی مرۆڤەکان نا. گەر جاران ڕادیۆ و ڕۆژنامە، دواتریش تیڤی وەک ئامرازی پرۆپاگەندە و وتاری ڕقاوی و خۆشەکردنی جەماوەر، بەکار دەهاتن، ئێستە جگە لەو ئامرازانە، هی تریش پەیدا بوون. سۆشیاڵ میدیا یەک لەو ئامرازانەیە کە لە هەندێک لە دۆسیەکاندا، بە وتاری ڕقاوی و جینۆسایدەوە بەستراوەتەوە. دۆسیەی موسوڵمانانی ڕۆهینگیا نموونەیەکی ئەوەیە. وێناکردنی ڕۆهینگییە موسوڵمانەکان وەک لاقەکار و تێرۆریست لەلایەن نەتەوەییە بوودییەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە فەیسبوکدا، وەک یەک لە هۆکارەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ، لاقەکردن، ئاوارەکردنی بەزۆری ٧٠٠،٠٠٠ کەس لە ٢٠١٧دا، باس دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو دۆسیەیە، سۆشیاڵ میدیا، یان بڵێن ئەو وتاری کینەسازی و ڕقاوییەی لەوێدا پەخش دەکران، ڕۆڵی بەرچاوی لە تۆخکردنەوە و قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان و دواتریش توندوتیژییەکاند،ا هەبووە[11].
لە دۆسیەی جینۆسایدی کوردیشدا، یان ڕەنگە ڕاستتر بێت بوترێت جینۆسایدەکان، پەیوەندیی نێوان وتاری ڕقاوی و جینۆساید بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، پاش ئەوەی لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکی بەر بووە گیانی کوردانی فەیلی بە پاساوی ئەوەی بەکرێگیراوی ئێرانن و لە سەرەتای هەشتاکانیشدا بارزانییەکانی جینۆساید کرد، لە ١٩٨٨یشدا یەک لە تاوانە گەورەکانی دەرهەقی گەلی کورد ئەنجام دا، کە جینۆسایدی ئەنفال بوو. تێیدا دەیان هەزار کەس بوونە قوربانیی، جگە لە دەیان هەزاری تر کە ئاوارە بوون و بەزۆر ڕاگوازران و لە کولەمەرگیدا دەیانگوزەراند. رژێمی بەعس لە ڕێی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، دەیویست پەلامارەکە وەک کارێکی سەربازی وێنا بکات؛ وەک ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاسایی بووبێت و ئامانج لێی لەناوبردنی کوردە خاینەکان بێت. لەو پێناوەشدا لە نووسراوە فەرمییەکان و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا هەمیشە دەکۆشا پاساوی پەلامارەکانی بە جۆرێک بدات، بەوەی کوردانی پێشمەرگە و خەباتکار و یاخیی وەک خاین، تێکدەر، بەکرێگیراوی ئێران، بەکرێگیراوی دوژمن، وێنا دەکرد. لە نزیکەی هەموو بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئەنفال و کردەوەکانی تری دەوڵەتیشدا دەرهەقی کورد، لە پاڵ ناوی هەر پێشمەرگە و هەر شەهید و چالاکێکی سیاسیدا، یان وشەی خاین، یانیش وشەی بەکرێگیراو(عمیل) هەیە[12]. ئەوەش پرۆسەی لەمرۆڤخستن و قڕکردنی، ئاسانتر دەکرد. لە بڕیاری ئیدانەکردنی عەلی حەسەن مەجیددا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە لە عێراق، سیاسەتەکانی ناوبراو و ڕژێمی بەعس وەک سیاسەتی بینا لەسەر ڕق و وتارگەلێک کە تێیاندا کوردان وەک مەترسیی دیمۆگرافی ناسێنراون و بەوەش لەناوبردنیان ڕەوا کراوە، باس کراون[13]. لە تورکیاش بە هەمان شێوە، سیاسەتی سەد ساڵەی وێناکردنی کورد وەک تێرۆریست و جوداییخواز، یانیش وەک خۆیان دەڵێن، 'تورکی شاخاوی'، بەشێکە لەو کەلتووری بوغزاندن و هەڵاواردن و جیاکارییە لە ڕێی بەرهەمهێنان و تاودانی وتاری ڕقاوییەوە.
نوێترین دۆسیەی جینۆسایدی کوردیش، کە وتاری ڕقاوی زۆر بەزەقی تێیدا دەرکەوت و ڕۆڵی هەبوو، دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدییەکانە. گۆڤاری دابق، کە زمانحاڵی فەرمی داعش بوو—هەرچەندە داعش دەیان سەرچاوە و ئامرازی ئەلیکترۆنیی وەک زمانحاڵی خۆی، بەگەڕ خستبوو، تەنیا ئەو گۆڤارە نەبووە—لە ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤دا ئێزدییەکان وەک شەیتانی و شەیتانپەرەست، ناو دەبات. هەروەها ڕاستەوخۆ دنەی توندوتیژی دژیان و ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵیان لە ڕێی جزیەوە، کوشتنی نێرینەکان و بەکۆیلەکردنی مێینەکان، دابەشکردنی مێینەکان وەک دەستکەوتی جەنگ لە نێو جەنگاوەراندا و گلدانەوەی یەک پێنج بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، دەدات. نەتەوە و ئاین دوو سەرەکیترین فاکتەری جینۆسایدەکان بوون. نەک تەنیا فاکتەری سادە و ئاسایی، یان ڕاگوزەر، بەڵکو دوو لە ترسناکترین فاکتەرەکانن، بەو پێیەی کاریگەری و ڕۆڵیان بە درێژایی کاتی جینۆسایدەکە و بەڵکو بۆ چەندان ساڵی دواتریش، درێژ دەبێتەوە. کاتێکیش داعش لە ٢٠١٤دا دێت و مۆرکی کوفر و شەیتانپەرەستی لە ئێزدییەکان دەدات، بە ناوی ئاین و ڕەوایەتیی ئاینییەوە ڕاستەوخۆ دەرگا لەسەر قڕکردن و جینۆسایدیان دەکاتەوە؛ ڕاستەوخۆ دەیانکاتە گرووپێکی "دەرەکی" و "جیاواز"، بەڵام "دوژمن" و "ناکۆک"، هەروەها "نەویتر" لە گرووپی داعش، بۆیە زۆر ئاسایی دەبێت گەر لەناو ببرێن و سەر و ماڵیان بۆ گرۆی موجاهیدان، حەڵاڵ بکرێت. داعش لەو ژمارەیەی گۆڤارەکەیدا، ددانی بەوەدا ناوە کە ئێزدییەکانی کوشتووە، خێزانەکانی لێک جودا کردووەتەوە و کیژۆڵەکانیشیانی بەکۆیلە کردووە و بەزۆر لە جەنگاوەرانی مارە کردوون. لەو ژمارەیەدا هاتووە "پاش دەستگرتن بەسەر خەڵک و منداڵانی ئێزدیدا، بەپێی حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر ئەو جەنگاوەرانەی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی شینگالدا بەشدار بوون، دابەش کراون"؛ جەختیش لەوە کراوەتەوە کە "ئەمە یەکەمین شاڵاوی بەکۆیلەکردنی بەرفراوانە دەرهەقی خەڵکانی بێباوەڕ، پاش وازهێنان لە جێبەجێکردنی ئەم حوکمە شەرعییە لەلایەن هەندێک گرووپی لادەرەوە".[14] لێرەشدا هەمان شێوازی باوی جینۆسایدەکان، دووبارە دەبێتەوە: پۆلێنی بکە، بیخە دەرەوە، لەناوی ببە.
تەنیا لە پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش نا، بەڵکو بەگشتی داعش وا ناسراوە، کە لە نێو گرووپە جیهادییەکاندا پلەی یەکەمی گرتووە لە بایەخدان بە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە جۆرێک، کە لە ڕێی تۆڕی وەک یوتیوب و فەیسبوک و تویتەرەوە توانی دەیان هەزار هەوادار و سەدان چەکدار لە خۆی کۆ بکاتەوە و لە فراوانترین پانتاییدا، وتاری ڕقاوی و جیاکارییانەی خۆی بە گوێیاندا بدات، کە لە هەندێک دۆخدا گەیشتووەتە هەزاران ئەکاوەنت و ملیۆنان پۆستی تویتەر و فەیسبوک[15].
ئێستەشی لەگەڵ بێت، سەرباری هەموو دۆسیەی جینۆسایدەکانی گەلی کورد لە عێراقدا—بەو پێیەی دەوڵەتی عێراق بەجدی بەخۆیدا نەچووەتەوە و داوای لێبووردنی نەکردووە و هەنگاویشی بۆ ئاشتەوایی و بنیاتنان و پتەوکردنی دیموکراسی لە ڕێی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و زیانلێکەوتووانەوە نەناوە—یەک لە گرێکوێرە سیاسی و مرۆییەکانی هەرێم و عێراقیش، پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکانە و تا بە ئێستاش، دۆخی شینگال و دەوروبەری ئاسایی نەبووەتەوە و زیاتر لە تەنگژەیەکی یاسایی بۆ ئێزدییان خوڵقاوە، کە تەنیا یەکێک لەوانە دۆسیەی ناونان و تۆمارکردنی ئەو سەدان منداڵەیە کە لە ئەنجامی لاقەکردنی مێینە ئێزدییەکان لەلایەن موجاهیدانی داعشەوە، لەدایک بوون، بەو پێیەی ئەو منداڵانە نە بەپێی ئاینی ئیسلام دەبنە موسوڵمان (چونکە دایکیان نە موسوڵمانە و نە کیتابییە)، نە بەپێی ئاینی ئێزدییش دەبنە ئێزدی (چونکە باوکیان غەیرە ئێزدییە). ئەمە گەر تەنیا یەک لە ئاسەوارە ڕەشەکانی جیهاد و جینۆساید باس بکەین، کە هاوشێوەی ئەوەش لە دۆسیەی جینۆسایدی بۆسنیاییەکاندا دەبینرێت، کاتێک تا بە ئێستاش دەیان ژنی گرووپی جینۆسایدکراو، بە دەست پەرێشانیی سکپڕی و لاقەکردنی بەزۆریان لەلایەن سەربازە سربەکانەوە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، دەناڵێنن.
٤.٢. نکۆڵیکردن لە جینۆساید
وتاری ڕقاوی تەنیا لە ڕەهەندی هاندان یان دنەدان و خۆشکردنەوە، بە جینۆسایدەوە پەیوەست نییە، بەڵکو لە دیوی نکۆڵیکردن لە جینۆسایدیشەوە. واتە لە پەیوەندیی بە جینۆسایدەوە، وتاری ڕقاوی دوو ئەرک یان زیاتریش، جێبەجێ دەکات: یەک، کاتێک، تا پێش یان تا کاتی ڕوودانی جینۆساید، هانی تاوانەکە دەدات؛ دوو، کاتێک، پاش تاوانەکە، نکۆڵی لە ڕوودانی دەکات. تەنیا ئەوە تاوان نییە بەئاشکرا هانی جینۆساید بدرێت، بەڵکو لە هەندێک دۆخ و دۆسیەدا، نکۆڵیکردن لە جینۆسایدیش دەبێتە تاوان. هەرچەندە مەرج نییە هەمیشە و لە هەموو جێیەک، نکۆڵیکردن لە جینۆسایدێک تاوان بێت، بۆ نموونە وەک لە یاسای ئەمەریکایی یان هەندێک دۆسیەی دادگای ئەوروپایی مافەکانی مرۆڤدا، بەڵام بەگشتی بوترێت، نکۆڵیکردن لە جینۆساید دەچێتە خانەی وتاری ڕقاوی و توندوتیژیی زارەکییەوە.
وەکچۆن پێناسەیەکی گەردوونیی بۆ وتاری ڕقاوی نییە، ئاوەهاش ڕێکخستنێکی یاسایی بۆ وتاری ڕقاوی یان نکۆڵیکردن لە جینۆساید(بەگشتی یان بەدیاریکراوی) نییە. دەوڵەتان ڕێبازی جیایان هەیە؛ تێیاندایە هەموو جۆرە نکۆڵیکردنێک لە جینۆساید، قەدەغە دەکات و سزا دەدات، وەک سویسرا، هەشیانە نکۆڵیکردن لە جینۆسایدێکی دیاریکراو، سزا دەدات، وەک ئەوەی لە یاسای فەرەنسیدا تایبەت بە هۆلۆکۆست و دۆسیەی ئەرمەنەکان هەیە. دادگاکانیش، بە هەمان شێوە، ڕاجیاوازن. دادگای ئەوروپایی مافەکانی مرۆڤ، بۆ نموونە، لە چەند دۆسیە و بڕیارێکیدا، حوکی جیاوازی دەرکردووە. لە هەندێک دۆسیەدا، دانانی سنوور و کۆتوبەندی لەسەر ئازادیی دەربڕین، پەسەند کردووە و نکۆڵیکردنی جینۆسایدی ڕەت کردووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەندێک دۆسیەی تردا، وەک دۆسیەی دۆغو پێرینچەک دژی سویسرا، نکۆڵیکردنی[لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە ساڵانی ٢٠١٥ و دواتر بە دەستی عوسمانییەکان] وەک ئازادیی دەربڕین، لێک داوەتەوە و حوکمی ئیدانەکردنی لەلایەن دادگای سویسراوە، هەڵوەشاندووەتەوە[16]. هەندێک لە توێژەران، لەوانەش کارۆلین فۆرنێ، نکۆڵیکردن لە جینۆساید وەک کردەیەکی جینۆسایدانە لێک دەدەنەوە و لەوە کەمتریش سەیری ناکەن[17]، لە کاتێکدا گریگۆری ستانتۆن وەک قۆناغی دەیەمی جینۆساید ناوی دەبات[18].
بەدەر لە مشتومڕە یاساییەکە، چ لە یاسای نێودەوڵەتیدا (لە پەیوەندیی بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤەوە، وەک پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، یان پەیماننامەی نەهێشتنی شێوازەکانی جیاکاریی نەژادی)، یانیش لە یاسای ناوچەییدا (وەک پەیماننامەکانی ئەوروپا و ئەفریقا)، لایەنی سیاسییش ڕۆڵی گرنگی هەیە. ئیسرائیل چارنی لە پەیوەندیی بە جینۆسایدەوە، چوار جۆر نکۆڵیکردنی سیاسییانە دیاری دەکات. یەکەم، نکۆڵیکردن لە هەندێک کرداری دیاریکراو بۆ خۆلادان لە بەرپرسیارێتی. دووەم، هەوڵدان بۆ وەدەرنانی ڕووداوگەلێک، کە لە باریاندایە پەیوەندیی دیپلۆماسی یان ئابووری لەگەڵ دەوڵەتێک، تێک بدەن (ڕیالیزمی سیاسی – ڕیال پۆلیتیک). سێیەم، ناساندن و ڕیزکردنی ڕووداوەکان بەپێی قەبارەیان، گەورەیی و بچووکییان، یان ئاستی تاوانەکانیان. چوارەم، نکۆڵیکردنی ئاشکرا و بێچاووڕووانە؛ یان کورد وتەنی، نکۆڵیکردنی سووک و ئاسان لە ڕووداو یان فاکتێکی مێژوویی[19].
بە مانا و تێگەیشتنێکی فراوانتر، جینۆساید لەسەر نکۆڵیکردن بەندە و دروست دەبێت. وەک کارۆلین فۆرنێ دەڵێت، جینۆساید واتە نکۆڵیکردن لە مرۆڤایەتی و کەرامەتی قوربانییان، نکۆڵیکردن لە مافی ژیانیان، نکۆڵیکردن لە مافی بوونیان، تەنانەت نکۆڵیکردن لە مافی مردنیشیان[20]. نکۆڵیکردن لە مرۆڤایەتی و بوونی گرووپی بەئامانجگیراو، دەبێتە کرۆک و ڕەگەزی بنەڕەتی لە جینۆسایددا؛ بەبێ نکۆڵیکردن، جینۆسایدیش نابێت. بۆیە نکۆڵیکردن لەو تاوانەی دەرهەقی گرووپی نەتەوەیی، ئیتنی یان ئاینی دەکرێت، دوو جار تاوانە، یان وەک دوو جار کوشتنی قوربانییان وایە. بەگشتی و لە پەیوەندیی بە جینۆسایدی دارفوورییەکانەوە لەلایەن حکومەتی سودان و میلیشیاکانی جەنجەویدەوە بەتایبەت، گریگۆری ستانتۆن دوازدە ڕێگە بۆ نکۆڵیکردن لە جینۆساید، دەخاتە ڕوو: گومانخستنەسەر و بچووککردنەوەی ئامارەکان؛ گومانسازی لەسەر شایەتحاڵەکان؛ بانگەشەی ئەوەی کوشتنەکان بەمەبەست نەبوون؛ جەختکردنەوە لە نامۆیی قوربانییان؛ دۆزینەوەی پاساوی تر بۆ توندوتیژییەکان (وەک شەڕی تایفەیی یان ناوخۆیی)؛ لۆمەکردنی هێزەیلی لە جڵەو بەدەر؛ ترسان لە کاردانەوەی تۆمەتباران؛ پاساودانی جینۆساید بەهۆی بەرژەوەندیی(ئابووری)یەوە؛ بانگەشەی مامەڵەی جوان لەگەڵ قوربانییان؛ بانگەشەی ئەوەی ڕووداوەکان ناچنە چوارچێوەی پێناسەی جینۆسایدەوە؛ لۆمەکردنی خودی قوربانییان؛ لەگەڵ زاڵکردنی بابەتی ئاشتی و ئاشتەوایی بەسەر پێویستیی دادگاییکردن و لۆمەکردنی تۆمەتباراندا[21].
هەوڵە یاساییەکان بۆ ناساندنی وتاری ڕقاوی، ڕوون نین. لە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤدا، باس لە کۆتوبەند لەسەر ئازادیی دەربڕین کراوە، بەو پێیەی مافێکی ڕەها نییە. بەڵام لە پەیوەندیی بە جینۆسایدەوە، چ لە دەقە یاساییەکانیدا و چ لە پراکتیکی دادگاکانیشدا، کۆدەنگییەکی گەردوونی دروست نەبووە. ئەوانەش پێکڕا ڕادەی ئاڵۆزی و تێکچرژانی جینۆساید و وتاری ڕقاوی و ئازادیی دەربڕین، نیشان دەدەن. چونکە لە لایەکەوە، دەبێت مرۆڤ ئازاد بێت لەوەی بۆچوونی خۆی لەسەر پرسە جیاوازەکان بڵێت، لە لایەکی تریشەوە ئەگەری هەیە ئەو ئازادییە سەر بکێشێت بۆ هاندان بۆ کوشتن و جینۆساید. بەو پێیەشی هەموو ڕێسایەکی یاسایی لەسەر دوو بنچینە بەندە، کە یەکێکیان 'گریمانە'یە، دەبێت مەترسییەکانی وتاری ڕقاوی و نکۆڵیکردن لە جینۆساید، بەهەند بگیرێن و ڕێکاری یاساییان بۆ بگیرێتە بەر.
٣. ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان
١.٣. ڕێکخستنی سۆشیاڵ میدیا
ڕێکخستنی میدیا و کاری میدیایی، لە خۆیدا کارێکی قورسە. هەنووکە لەوەشدا نەماوە کاری میدیایی و مافی میدیاکاران ڕێک بخرێت، بەڵکو سۆشیاڵ میدیاشی هاتووەتە سەر. فەیسبوک، یوتیوب، ئێکس (پێشتر تویتەر)، تیکتۆک و...هتد، بوون بە لانەی توندڕەوی، نەتەوەپەرستی و پیلانگێڕی، هەریەکەو بە جۆرێک و بەشی خۆی. سۆشیاڵ میدیا چەندە خزمەتی بە گەیاندنی زانیاری و فراوانکردنی پانتایی پەیوەندیگرتن کردووە، هێندەش و وەک بەشێک لەوە، ئاستی پێکدادانی گرووپە جیاوازەکان و وتاری ڕقاوی و سانسۆر و چاودێریکردنی گەشە پێداوە.
ڕەنگە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی میدیای تەقلیدی، واتە ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ، ئاسان بێ، بەو پێیەی شوێنی کارکردن و ناسنامەی کارمەندانیان، کەم تا زۆر ئاشکران. بەڵام هەمان کار لەگەڵ میدیای دیجیتاڵی و سۆشیاڵ میدیادا، ئاسان نییە. چونکە ئەمەی دوایی بە چەند ئاڵنگارییەکدا دەناسرێتەوە، لەوانەش: بەشێک لەوانەی بەکاری دەهێنن و وتاری ڕقاوی پەخش دەکەنەوە، نەناسراون، واتە ئەم جۆرە میدیایە دەرفەتی ئەوە دەدات کە بە نەناسراویی بەگەڕ بخرێت؛ بڵاوکردنەوە و گەورەکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕقاوی، بەو پێیەی ئەم میدیایە بەپێی ئەلگۆریتمی خۆی دەبزوێت و تا کاردانەوە لەگەڵ ئەو جۆرە ناوەڕۆکەدا زیاتر بێت، بڵاوبوونەوەشیان فراوانتر دەبێت؛ ئاسانیی بانگەشە و چەواشەکاری؛ ئاسانیی گێچەڵپێگرتن و کەڵەگایی بەسەر کەسان یان گرووپەیلی بەئامانجگیراوەوە؛ دەستپێڕاگەیشتوویی لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە وەک هەر لایەن و گرووپێکی تر؛ تێپەڕاندنی سنووری دەوڵەتان و دەستڕۆیشتوویی دادگاکان[22].
لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆ نموونە، یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان هەیە، کە ئامانج لێی میانڕەوکردنی ناوەڕۆک، گرتنەبەری ڕێکار دژی ناوەڕۆکی نایاسایی، کەمکردنەوەی ڕیسکی سیستەماتیک، لەگەڵ ڕوونێتی(شەفافییەت)ە لە بابەتە بڵاوکراوە ئامانجدارەکانی وەک ڕێکلامەکاندا. ئەوە و جگە لە چەند یاسا و ڕێکارێکی تر بۆ پاراستنی بەکاربەر و منداڵان و ڕێکخستنی پرسی ژیریی دەستکرد، کە زۆرێک لەم یاسایانەش لە یاسای ناوخۆیی دەوڵەتاندا، جێ کراونەتەوە. بەڵام لە ئەمەریکا هەمان ڕێکخستنی یاسایی، نییە. لە ئەمەریکا جگە لە هەمواری یەکەمی دەستوور، کە تایبەتە بە ئازادیی دەربڕین، هەندێک ڕێکاری تر هەن، لەوانەش دیاریکردنی لای کەمی تەمەنی بەکاربەر (سێزدە ساڵ) و پاراستنی منداڵان لە بازرگانیی سێکسی، بەڵام بە هەمان چڕوپڕیی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا نین، بەو پێیەی لە ئەمەریکا ئازادیی دەربڕین مانا و مەودایەکی فراوانتری هەیە بەراورد بە ئەوروپا و ڕەنگە دەوڵەتان و ناوچەکانی تریش. لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی سۆشیاڵ میدیا، نییە، دۆسیەی هەڕەشە و جۆرەکانی تری تاوانیش لە ڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زیاتر لە ڕێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، یانیش لە ڕێی بنەما گشتییەکان و هەندێک مادەی گشتیی نێو یاسای سزادانەوە. ئەوەش واتە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ئاسان سەرناگرن، بەو پێیەی سەردار و سەروەر تا بە ئێستاش، دەوڵەتانن و فەرمانڕەوایانی دەوڵەتانیش زۆربەی جار لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت/نەتەوەییەوە بۆ پرسەکان دەچن.
٢.٣. مەترسیی سانسۆرکردن
لە پرسی ئازادیی دەربڕین و وتاری ڕقاوی و هاندان بۆ جینۆساید و پرسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ڕێکخستنی یاسایی و سانسۆری ئازادیدا، گرنگە، چونکە دەوڵەتان زۆر جار یاساکانی وتاری ڕقاوی بەخراپ بەکار دەهێنن بۆ بێدەنگکردنی نەیارانیان. لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەبێت پێوەرەکانی جیاکردنەوەی هاندانی ڕاستەقینە (وەک ئەوەی لە پەیماننامەی جینۆساید، یان لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە) و بۆچوونێکی هاکەزایی، بەرز و ڕێک بن: ئاخێوەر، نیاز، ناوکۆیی و ئەگەری زیانگەیاندن، پێکڕا بەهەند بگیرێن. لێرەشدا ڕەنگە وا بخوازێت دادگا و دادوەران هێندە دەسەڵات و دەستڕۆیشتووییان هەبێت، پاڵپشت بەو پێوەرانە بڕیار لە سروشتی وتارێک بدەن.
هەمیشە ئەگەری زێدەڕەوی و توندڕەوی هەیە، وەکچۆن ئەگەری سانسۆرکردن و سنووردارکردنیش لەلایەن دەوڵەتەوە هەیە. پەیوەندیی دەوڵەت و ئازادیی دەربڕین و سانسۆر، دێرینە. دەوڵەتان و ئیمپراتۆریاکان لە سەدان و بگرە هەزاران ساڵ پێشترەوە، سانسۆریان زانیوە و جێبەجێ کردووە. دەوڵەتی دێرینی یۆنان لە ساڵی ٣٩٩ی پێش زاین، سۆکراتی دەمکوت کرد و لەبەر بۆچوونەکانیشی، سزای مەرگیان لە ڕێی خواردنەوەی ژەهرەوە، بەسەردا سەپاند؛ لە ٤٣٣ی پێش زاین لە ڕۆما بەفەرمی نووسینگەی سانسۆر کرایەوە؛ لە ساڵی ٣٠٠ی پاش زاین دەوڵەتی چین یەکەم یاسای سانسۆری دەرچوواند[23]. لای لیبراڵەکان و نەریتی لیبراڵیزم بایەخێکی زۆر بە ئازادیی دەربڕین دەدرێت، کەمتر هانا بۆ سانسۆرکردن دەبرێت، مەگەر بە زەقی دژی فەزای گشتی یان ئاسایشی نەتەوەیی بێت. لە جاڕنامەکانی پاش هەردوو شۆڕشی ئەمەریکایی و فەرەنسایی لە ١٧٧٦ و ١٧٨٩دا، جەخت لە ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوە و بایەخی وەها ماف و ئازادییەک، کراوەتەوە. تا ٢٠٢٤ زۆرترین و دیارترین ئەو دەوڵەتانەی هانایان بۆ سانسۆرکردن بردووە وەک چەکێک یان ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزا و نەیار، بریتین لە ئەریتریا، سوریا، ئەفغانستان، کۆریای باکوور، ئێران، تورکمەنستان، سعودیە، چین، بەحرەین، ڤیێتنام و میانمار و کوبا[24]. ئەوەی ئەو دەوڵەتانە سانسۆری دەکەن و لێی دەترسن، زیاتر دەنگی ناڕەزا و ڕەخنەگرانەیە و ئامانجیانە لەو ڕێیەوە مانەوە و باڵادەستیی دەوڵەت و ڕژێمە سیاسییەکەی، مسۆگەر بکەن.
لە نێوان ئازادیی دەربڕین و تاوانەکانی سۆشیاڵ میدیادا، لەوانەش وتاری ڕقاوی، ئەوەی لە پەیماننامەی جینۆساید و پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی مافەکانی منداڵدا قەدەغە کراوە و دەبێت دەوڵەتان لە یاسای سزایی خۆیاندا، جێی بکەنەوە، بریتین لە بەکارهێنانی منداڵ بۆ کاری ناڕەوا (بۆ نموونە بازرگانیی سێکسی، پۆرنۆگرافی و... هتد)، هاندان بۆ تیرۆریزم یان کوشتن، جۆشدانی ڕقی نەتەوەیی، نەژادی، یان ئاینی کە ببێتە هۆی هاندان بۆ جیاکاری، توندوتیژی، یانیش ئەنجامدانی جینۆساید.[25] بە مانایەکی تر، سەرباری بایەخی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری وەک مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤ و وەک کۆڵەکەیەکی دیموکراسی و حوکمڕانیی باش، دانانی کۆتوبەند بەهۆی یەکێک لەو پاساوانەوە، ڕەوایە و ناکرێت بخرێتە خانەی سانسۆر و داپڵۆسینەوە.
چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی سۆشیاڵ میدیا، کارێکی سەختە. ڕەنگە لەوەش سەختتر، جێکردنەوە و چەسپاندنی جۆرێک هاوسەنگی بێت لە نێوان ئازادیی دەربڕین و وتاری ڕقاوی (پەیوەست بە جینۆسایدەوە) لە فەزای سۆشیاڵ میدیادا. بۆ وەها کارێکیش پێویستیمان بە ڕستێک یاسا و ڕێنماییە، کە ڕوون و ڕەوان پێوەرەکان دەسنیشان و پێناسە بکەن؛ بە جەماوەر و هاوڵاتییان بڵێن، چ شتێک هێڵی سوورە و دەچێتە خانەی وتاری ڕقاوی و هاندان بۆ، یان نکۆڵیکردن لە، جینۆسایدەوە.
٤. ئەنجامگیری
وشە و دەستەواژەکان تەنیا نیازێکی سادە یان پێویستییەکی هەنووکەیی، ناگوازنەوە، بەڵکو دەکرێت بەشێک بن لە گوتاری دەسەڵات و پاوانخوازی و داگیرکردن و کۆنترۆڵکردن. ناونانی کەسێک یان گرووپێک بەهۆی یەکێک یان زیاتر لە خەسڵەتەکانییەوە، وەک موسوڵمان و جوولەکە و ئێزدی، یان کورد و عەرەب و فارس، یان ئاسیایی و بەڵکانی، یان سوورپێست و ڕەشپێست، یان نێرینە و مێینە و... هتد، دەکرێت بەشێک بێت لەو ململانێ و دەسەڵاتخوازییە.
ئازادیی دەربڕین مافێکی بنەڕەتییە، لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و زۆرێک لە دەستوورەکانی دنیادا، لەوانەش دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق، پێی لەسەر داگیراوە و بەڵێنی پاراستنیشی دراوە. لەو لاشەوە، وتاری ڕقاوی وەک لێخنکەرەیەک قوت دەبێتەوە و سنووری ئازادی دەبەزێنێت و دەچێتە خانەی دەستدرێژییەوە. لە ڕێی وتاری ڕقاوییەوە، هان بۆ جیاکاری و هەڵاواردن و توندوتیژی و جینۆساید دەدرێت. بۆیە دەخوازێت جۆرێک لە ڕێکخستن هەبێت، بۆ کۆنترۆڵکردن یان کەمکردنەوەی ئازادیی دەربڕین نا، وەک ئەوەی دەوڵەتانی تاکحیزبی و تۆتالیتار دەیکەن، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ململانێ و دەسەڵاتخوازییەی لە نێو هاوڵاتییاندا هەیە. بۆ ئەوە نا خەڵک بۆیان نەبێت ڕەخنە لە حکومەت و دەزگاکانی بگرن، بەڵکو بۆ ئەوەی کاتێک گرووپێک دەیەوێت گرووپێکی تر بسڕێتەوە، یان کاتێک گرووپێک نکۆڵی لە سڕینەوەی گرووپێکی تر دەکەن، یان پاساوی بۆ دەهێننەوە، ڕێکاریان لەدژ بگیرێتە بەر. چونکە جینۆساید سێ جار مەترسییە: جارێک کە ڕوو دەدات یان ئەگەری ڕوودانی هەیە، جارێک کە نکۆڵیی لێ دەکرێت، جارێکیش کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.
لەو نێوەدا وتاری ڕقاوی لە فۆرمی نکۆڵیکردن لە جینۆسایددا، ڕۆڵی میانگرێک دەبینێت لە نێوان هەر سێ حاڵەتەکەی جینۆسایدی گرووپێکدا. لە حاڵەتی یەکەمدا بەکار دێت بۆ پاساودانی جینۆسایدەکە؛ حاڵەتی دووەم بۆ نکۆڵیکردن لە جینۆسایدەکە؛ حاڵەتی سێیەمیش بۆ ڕێخۆشکردن یان ئامادەسازی بۆ دووبارەکردنەوەی جینۆسایدەکە. واتە لە هەموو قۆناغەکاندا، وتە و وتار و وشە، ئەرکدارن. بەبێ جبەخانەی میدیایی و زارەکی، ڕەنگە جبەخانەی نێو مەیدانی هێرش و پەلامار و جەنگەکان، وەک پێویست کارا نەبن. دەشێت زەقترین ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی وەها کار و دیاردەیەکیش، بریتی بن لە چاودێری و شیکردنەوەی پێشێلکارییەکان پاش ڕوودانیان؛ مامەڵەکردن لەگەڵ، یان بەهەندگرتنی هۆکارە ڕیشەییەکان، لە پێش هەمووشیانەوە پرسی نوێنەرایەتی یان دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ لەگەڵ پشتیوانیی قوربانییانی وتاری ڕقاوی و سەرکۆنەکردنی هەر جۆرە کارێکی لەو شێوەیە، بەو پێیەی زەمینە بۆ تاوانی گورچکبڕی وەک جینۆساید، خۆش دەکات. بەو پێیەی وتاری ڕقاوی، لە وەها دۆخێکدا، دەبێتە بەشێک لە تاوانێکی قێزەون و ترسناک، کە ئەویش لای خۆیەوە زیاتر لە ڕێشە و هۆیەکی هەیە، دەخوازێت لەو بەستێنە گشتییەدا مامەڵە بکرێت و هەوڵی بنیاتی و قووڵیش بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەی بدرێت.
لە عێراق و هەرێمیش، یاسایەکی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دادگاییکردنی تاوانبارانیان نییە. دەشێت یەکێک لە داواکارییە سەرەکی و ستراتیژیکەکانی هەرێم و نوێنەرانی لە بەغدا، چ لە حکومەت و چ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، دۆزینەوەی دەرچەیەک بێت بۆ ئەو کەلێنە گەورەیە. ئەوەش بە دوو ڕێگە دەبێت:
یەک، هەوڵ بدرێت عێراق، بنەڕەتنامەی ڕۆمای دادگای نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) واژۆ بکات و ببێتە ئەندام، تا لە داهاتوودا ئەو دادگایە بتوانێت تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان (جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی شەڕەنگێزی)، دادگایی بکات. پێشتر چونکە عێراق ئەندام نەبووە، لە کاتی دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس بۆ ئەو تاوانانە، لە ٢٠٠٣ و دواتریش لە ٢٠٠٥ یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەرکرا، کە ئەو دادگایەش لە ٢٠١١ەوە کرایە دەستەیەک(ی بچووک) لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و لەو کاتەشەوە بە دی فاکتۆ سڕ کراوە. بەڵگەش بۆ ئەوە، لە ٢٠٠٦ و دواتریش فەرمانی گرتنی بۆ دەیان تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفال دەرکرد، کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراون و کەسیش ناپرسێت بۆچی!
دوو، یاسایەکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی، دەربکرێت، بە جۆرێک جێی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە و دادگاییکردنی تاوانبارانیشیان، مسۆگەر بکرێت. یان لەوەش زیاتر، یاسایەکی تایبەت بەو تاوانانە و حاڵەت و رێکارەکانی دادگاییکردنی تۆمەتباران، پەسەند بکرێت و جۆرێک لە ڕێکاری ستراتیژیک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانە گەورانەدا، دابنرێت.
جگە لەوانەش، پرسی دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتیی جەماوەر، بە زۆرینە و کەمینەشەوە، دابین بکرێت. چونکە وەک وترا، وتاری ڕقاوی و دواتریش جینۆساید، لە بۆشاییدا ناقەومێن. بەڵکو زۆر جار پەیوەستن بە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات و سەرخان و ژێرخانی وڵاتەوە، لەوانەش پرسی ئابووری و دابەشکردنی سامان.
لەم بەستێنەدا پرسی کورد مانادارە. پرسێک کە دەکرێت لە ڕووی ستراتیژییەوە، لە ڕێی دوو پرسیارەوە زیاتر بورووژێنرێت، یان زیاتر شی بکرێتەوە. پرسیارگەلێک نەک تەنیا ڕوو-لە-دەر، بەڵکو ڕوو-لە-ناویش. چونکە کورد تەنیا بە دەستی دوژمن و داگیرکەرەوە گیری نەخواردووە و ناناڵێنێت، بەڵکو—بە هۆی دەیان ساڵ فشار و داگیرکاری و ڕاگواستن و نکۆڵیلێکردن و سڕینەوەوە—بە جۆرێکیش مێشکی شۆراوەتەوە، شیاوی باس و تێڕامان بێت. لە پەیوەست بە دەرەوەوە، دەکرێت بپرسین: بۆچی کورد، وەک تاکە نەتەوەی دنیا، لە ماوەی کەمتر لە چل ساڵدا و تەنیا لە عێراقدا، چوار جار جینۆساید کرا؟ لەوەی فەیلییەکانەوە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بۆ ئەوەی بارزانییەکان لە ١٩٨٣، تا بە ئەنفال دەگات لە ١٩٨٨ و دوا جاریش جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ٢٠١٤دا. من ئەمە ناو دەنێم زەقترین و گەورەترین خاڵی جیاکەرەوەی جینۆسایدی کورد لە جینۆسایدی گەلانی تری دنیا. زۆرێک لەو گەلانەی لە سەدەی بیستەمدا جینۆساید کران، سەربەخۆیی سیاسییان مسۆگەر کرد. جووەکان پاش هۆلۆکۆست، توتسییەکان پاش جینۆسایدەکەی ١٩٩٩٤ لە ڕواندا، بۆسنیاییەکان پاش جینۆسایدەکەی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بوونە دەوڵەت و حوکمڕان و سەربەخۆیی سیاسییان بەدەست هێنا(یەوە). نموونەی تری پێشێلکارییش، هەن و زۆرن. پاش ستەم و جیاکاریی پاکستان دژی خەڵکانی پاکستانی ڕۆژهەڵات (بەنگلادیش)، ئەمەی دواتر بڕیاری دا و بە کەمێ یامەتیی هندستانەوە، لە پاکستان جیا بووەوە و سەربەخۆ بوو. پاش دەستپێکی نوێترین گەڕی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین (کەرتی غەزە و حەماس) و تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی جینۆساید و دەرچوونی فەرمانی گرتن دژی سەرەکوەزیرانەکەی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەوە، بەتایبەت پاش بەڵێنی چەندان دەوڵەت و زلهێز بە دداننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا (لەوانەش فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئوسترالیا و ... هتد)، ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان لە هەر کاتێکی تر زیاترە. بەڵام کورد، وەک وترا لای کەم لە عێراقدا، چوار جار جینۆساید دەکرێت و هێشتاش بندەستە! لە پەیوەست بە ناوخۆشەوە، دەکرێت بپرسین: گەر گەلێک هۆشیار بووایە، گەر گەلێک هێندە مێشکی نەشۆردرابێتەوە و خۆی ڕادەستی قەدەر نەکردایە، چۆن دەیتوانی نکۆڵی لە جینۆسایدەکانی خۆی بکات، یان هیچ نەبێت بە جینۆسایدکردنی بەشێکی، شاگەشکە بێت و پاساوی بۆ بهێنێتەوە؟ لێرەدا ئەو شەپۆلی وتاری ڕقاوییەی پێش و پاش جینۆسایدی ئێزدییەکان دژی ئەو کۆمەڵەیە، بهێنەوە بیر. ئێستاشی لەگەڵ بێت، لێرە و لەوێ، هەڵڕشتنی ئەو بوغز و کینەیە دژی ئێزدییەکان، بەردەوامە و زۆرینەی ناهۆشیاری کورد، لە وەدەرنان و نەفرەتکردن لە بەشێکی خۆی، بەردەوامە.
ڕەنگە ئەو پرسیارانە کلیلی کردنەوە و ڕوونکردنەوەی زیاتری پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان سیانەی ئازادیی دەربڕین و وتاری ڕقاوی و هاندان بۆ جینۆساید بن، لای کەم وەک نموونە یان کەیسێک بۆ بیرلێکردنەوەی ستراتیژیک و لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لە دووانەی کورد و سەربەخۆیی سیاسی.
بابەتی زیاتر