ئامادەکردن: هاوار
سەرخان و ژێرخان، دوو چەمکی گرنگی فەلسەفە و زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سیاسی و ئابوورین. بەبێ تێگەیشتن لەم دوو چەمکە، تێگەیشتن لە فەلسەفەی مارکسیزم و سۆسیال دیموکراسی مەیسەر نابێ. هەروەها تێگەیشتن لە چۆنێتی پەرەسەندنی کۆمەڵگە و گۆڕانکارییە مێژووییەکانیش بەبێ تێگەیشتن لە ژێرخان و سەرخان مەحاڵ دەبێت.
ژێرخان لە فەلسەفەی مارکسیزم وەک بەردی بناغەی ژیانە. هەر لەو سۆنگەیەوە ژێرخان بریتییە لە کۆمەڵە پەیوەندییەکی بەرهەمهێنان لە سیستەمی ئابووریدا، لە قۆناغێکی دیاریکراوی پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێناندا. بە واتایەکی تر و بە کورتی، ژێرخان بریتییە لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان. مەبەست لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بریتییە لە (زەوی، کارگە، تەکنەلۆژیا). پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانیش ئەو پەیوەندییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان لەکاتی کارکردن و بەرهەمهێناندا دەیهێننە کایەوە. وەک هاوکاریکردن و دابەشکردنی بەرهەم و پشتیوانیکردنی یەکتر یان دژایەتیکردنی یەکتر و ململانێ و قۆرخکردنی کاڵا و کرێگرتە و ... هتد.
مارکسیزم جەخت لەوە دەکات، بەرهەمهێنانی شتومەکی مادی، بناغەی پێکهاتن و بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵگەیە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێناندا گەشە دەکەن. بۆیە زیادەڕۆیی نییە ژێرخان بە هەیکەلی ئابووری کۆمەڵگە دابنرێت.
سەرخان ڕەنگدانەوەی سیستەمە ئابوورییەکەی کۆمەڵگەیە و بریتییە لەو دامودەزگا و ڕێکخراوە سیاسی، قانونی، ئایینی و شێوەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی (وەک فەلسەفە و هونەر) کە لەسەر بنەمای ژێرخانەکە دروست دەبن. سەرخان بە توندی بە ژێرخانەوە بەستراوەتەوە چونکە شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە ئابوورییەیە کە تێیدا دەژین.
شێوازی ژێرخان لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی تر جیاوازی ڕیشەیی هەیە. هەر لەو ڕوانگەیەوە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان سۆسیالیزم و سەرمایەداریدا هەیە لەسەر بابەتی ژێرخان و کارلێکی نێوان ژیرخان و سەرخان. بۆ نموونە ژێرخانی ئابووری لە سیستەمی سۆسیالیستدا، بەوە ناسراوە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان سامانی گشتییە و هی هەمووانە. پەیوەندی کۆمەڵایەتیش بریتییە لە هاوکاریکردنی یەکتری و پشتیوانی و یەکتر تەواو دەکەن هەروەها ئەندامانی کۆمەڵگە کەسانی سەربەستن و ناچەوسێنرێنەوە. بەڵام خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێان؛ سیمایەکی دیاری کۆمەڵگە سەرمایەدارەکانە و پەیوەندییەکانیش بریتییە لە قۆرخکردن و دەست بەسەرداگرتن و کارکردن بە کرێ.
هاوکات لە گۆشەنیگای سۆسیالیزم و مارکسیزمدا، کاتێک هێزەکانی بەرهەمهێنان گەشە دەکەن و چیتر لەگەڵ ژێرخانە کۆنەکەدا ناگونجێن، شۆڕش و گۆڕانکاری ڕوو دەدات. گۆڕانی ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی بۆ یەکێکی تر، بەو مانایە دێت کە ژێرخان (پەیوەندییە ئابوورییەکان) دەگۆڕێت. هەروەها بە گۆڕانی ژێرخان، تەواوی سەرخانەکەش (قانون، سیاسەت، بیروباوەڕ) گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
هەرچەندە سەرخان بریتییە لە بەرهەم و دەرکەوتەی ژێرخان بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بێدەسەڵات و بێ ڕۆڵە. بەپێچەوانەوە، سەرخان ڕۆڵیکی باڵای هەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. چونکە سەرخان دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەپێدان و چەسپاندنی ژێرخانەکە و کار بکاتە سەر خێراکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵگە یان بەپێچەوانەوە، ببێتە ڕێگر و کۆمەڵگە بەرەو دواوە ببات.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved