وهج التأریخ

كتێبی درەوشانەوەی مێژوو لە نووسینی (عیماد ئەحمەد)ە و د. بەندەر عەلی ئەكبەر شاكە كردوویەتی بە عەرەبی بە ناونیشانی (وهج التأریخ)، كەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
ئەم كتێبە یەكێكە لە بەرهەمەكانی بۆردی هۆشیاریی سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 304 لاپەڕەی قەبارە گەورە لەخۆ دەگرێت كە لە دوو توێی بەرگێكی جواندا چاپكراوە.
كتێبەكە لە شەش بەشی سەرەكی پێكهاتووە، لە بەشی یەكەمدا نووسەر باس لە سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵیی خۆی و گەنجی و سەرەتای پەیوەستبوون بە خەباتەوە دەكات و بەشی دووەم كۆمەڵێك بیرەوەری لەبارەی دایكی نووسەر و دواتر چەند بەسەرهاتێكی لە (جەلەوە)ی شاری خانەقین دەگێڕێتەوە، بەشەكانی دیكەی كتێبەكە بە تێكڕا ئەزموونی سیاسی و خەباتی بێوچانی نووسەر لەخۆ دەگرێت، جگە لە بەشی شەشەم كە تایبەتە بە وێنەکانی سەردەمی خەبات.

طریق الحریر

بەرهەمێكی دیكەی بۆردی هۆشیاری، كتێبی رێگای ئاوریشمە كە عەدنان مەنسور حسێن بە زمانی عەرەبی و بە ناونیشانی (طریق الحریر) نووسیویەتی و لە دوو توێی 200 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا چاپ و بڵاوكرایەوە.
ئەم كتێبە ناونیشانی دووەمی بریتییە لە (چین لە نێوان هەژموونی ئابووری و ململانێی رێڕەوە ستراتیژییەكاندا) و لە شەش بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەم باس لە چین و رێگای ئاوریشمی كۆن و نوێ و بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە دەكات و لە بەشی دووەمدا نووسەر پەیوەندیی عیراق بە رێگای ئاوریشمەوە شرۆڤە دەكات و بەشەكانی دیكەش باس لە رێڕەوە ستراتیژی و ئابوورییەكان دەكات كە پەیوەندییان بە رێگای ئاوریشمەوە هەیە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved