ئەم کتێبە لە نوسینی (مایکل هۆوارد)ە، وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کراوە لەلایەن (کەمال رەشید شەریف)، هەروەها یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری کە لە ساڵی ٢٠٠٦ چاپکراوە. ئەم کتێبە بە گشتی باس لە ژیان و فکری کلاوزەڤتز ئەکات دەربارەی جەنگ و هۆکاری بەشداریکردنی سەربازی وئەو نوسینانەی کە بایەخی زۆری هەبووە دەربارەی جەنگ.
 برنارد برۆدیی بیریاری ئەمریکایی بۆ مەسەلە ستراتیجییەکان بوێرانە دەربارەی کتێبی (لەبارەی جەنگ)ی کارل فۆن کلاوزەڤتزەوە وتویەتی :((ئەم بەرهەمە، نەک تەنها لە رێزەی گرنگەکانە، بەڵکو تاقە کتێبی گرنگە دەربارەی  جەنگ)). رەتکردنەوەی ئەم بۆچونە کارێکی قورسە، چونکە هەرکەسێ هەوڵ بدات ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە تیۆری جەنگەوە هەیە کۆبکاتەوە، تا کۆمەڵەیەک دروست بکات کە شایستەی بەراورد کردن بێ بە جەنگی پەیوەندیدار بە ئەندێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە، ئەوا بۆی دەردەکەوێ کە تا چەند رکابەرایەتی کردنی کلاوزەڤتز کارێکی سانا نییە.

١- سەردەمی کلاوزەڤتز
کلاوزەڤتز هەمیشە تا رادەیەک مات دەهاتە پێش چاو، گۆشەگیروئەهلی لێکۆڵینەوەو شەرمن و زانستخوازێکی سودمەند بوو. خۆی خۆی فێردەکردو هەرشتێک بکەوتایەتە بەردەستی بە پەرۆشەوە دەیخوێندەوە. ئەم مەیلە تایبەت بە بابەتی سەربازی نەبوو، بەڵکو مەیلی بۆ فەلسەفەی سیاسی، هونەرو پەروەردەو فێرکردنیش هەبوو. ئێجگار کارابوو، دەتوانرێ بوترێ لە ٢٠ ساڵییەوە تا مردن لە ساڵی ١٨٣١، دەربارەی سەرجەم ئەو ناونیشانانەی سەرەوە بە وردی و دوودڵییەوە بابەتی نوسی. 

٢- زەمینەی فیکری
پێش سەردەمی کلاوزەڤتز کەمتەرخەمی بۆ سود وەرگرتن لە بنەما زانستییەکان بۆ رێبەری کردن و بەڕێوەبردنی جەنگ نەدەکرا بە درێژایی سەدەی هەژدەهەم ( سەدەیەک کە جیهان. زیاتر لە جاران نهێنییەکانی خۆی لە بەرامبەر لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا ئاشکرا کردو عەقڵ وەک پێوەری داوەری مرۆڤ بووە ئەلتەرناتیڤی نەریت و خورافات پەرستی). لەسەر ئاستێکی فراوان نەدەکرا قبوڵ بکرێ کە سەرکردایەتی جەنگ بە کارێکی هەڵنەسەنگێنراو بێ سوود لە قەڵەم بدرێ. پەرۆشی فێربوونی کلاوزەڤتز وای کرد ئاشنای بیروباوەڕی ژمارەیەک نوسەری پتسالوتسی بێ کە باوەڕی وابوو فێرکردن خۆی لە فێربوونی زانستدا نابینێتەوە، بەڵکو پێویستە سوود لە فێرکردن بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی مرۆڤ وەربگیرێ. هەموو هونەرو ئەندێشەیەک بریتییە لە کارێکی داهێنەرانە، نەک لاسای کردنەوەو وەرگرتن. وەک خودی کلاوزەڤتز وتویەتی : ئەندێشە واتە هونەر. ئەم جۆرە بەکاربردنە لەگەڵ هێزی تایبەت. لە بارەی بەڕێوەبردنی جەنگیشەوە راست دەهاتەوە.

٣- زەمینەی سەربازی
ئەو رێکخراوە سوپاییەی کلاوزەڤتز پەیوەندی پێوەکرد، لەلایەن فردریکی گەورەوە داڕێژرابوو، تا نابودبوونی ئەم سوپایە لە ساڵی ١٨٠٦، هیچ یەکێ لەسەرکردەکانی بەڵگەیەکیان بۆ گۆڕینی رێکخراوەکانی نەدۆزییەوە. کاروباری ئەم سوپایە بە تەواوی هاوجووتی تەشریفات و رێورەسمەکانی جەنگی سەدەی هەژدەهەم بوو، ئەم تەشریفات و رێورەسمانە لە سایەی مەیلی ئەو یەکانەی بەشدارییان تێدا دەکرد، دیاری دەکران کە لە کۆدا دوو تایبەتمەندێتی دیاری هەبوو. بە پلەی یەکەم، رێکخستنیان بە جۆرێک بوو کە لە مەیدانی جەنگدا بتوانن لایەنی زۆری دەسڕێژ ئاڕاستەی دوژمن بکەن. لەو کاتەدا تەنانەت ئەگەرچی. بوونی سوارە نیزام بە پێویست دەهاتە بەرچاو، کەچی رۆڵێکی تا رادەیەک لاوەکی هەبوو، چونکە لە راستیدا سوارە نیزام لە سایەی دەسڕێژی سیستماتیکی خۆی و پشتیوانی هەرچی زیاتری تۆپخانەوە بە براوەی جەنگ دادەنرا. کلاوزەڤتز لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا دوو بنەمای پێشنیار کردبوو کە پێشینانی خۆی فەرامۆشیان کردبوو : مانۆری سەربازی بێسود دەبێ، ئەگەر بۆ شەڕە بنەڕەتییەکە بەرنامە رێژی نەکرابێ. جەنگ سوودی نابێ، ئەگەر بۆ خزمەتکردنی ئامانجی کۆتایی شەڕەکە بەرنامە رێژی نەکرابێ.

٤- زەمینەی سیاسی
ئامانجی کۆتای هەموو شەڕێک، هەرچیەک بێت مەسەلەیەکی سیاسییە، ئەمەش هەمان خاڵە کە کلاوزەڤتز لە بیرکردنەوەکای خۆی، کە لە ساڵی ١٨٠٤ خستیە سەر کاغەز، باسی لێوەکردووە. ناوبراو لەم بارەیەوە، بە شێوەیەکی وردو راشکاوانەو بەوپەری هۆشمەندی و ناسکییەوە، کە بەتەواوی جیاوازی لەگەڵ نووسینەکانی پاشتریدا هەیە، بە ئاشکرا نووسیویەتی:
((ئامانجی سیاسی جەنگ دەکرێ دوو شت بێ: یان نابودکردنی دوژمن و کۆتای هێنان بە مانەوەی وەک دەوڵەتێک، یان سەپاندنی مەرجەکانی ئاشتی)).

- لە بواری جەنگدا
پێداچونەوە، پاکنوسکردن، زیادکردنی بابەتی نوێ و نوسینی لێکۆڵینەوەی سەرەکی دەربارەی زۆربەی جەنگەکانی ناپلیۆن ١٢ ساڵی خایاند. ساڵی ١٨٢٧ ئەو کاتەی پرۆژەی گشتی ٦ بەرگ لە ٨ کتێبی ئایندەی خۆی تەواو کردبوو.بیری بۆ ئەوە دەچوو کە رەوشی هەماهەنگ کردنی بیروڕاکانی دۆزیەوە. بێگومان ئەم بیروباوەڕە تازە نەبوو، چونکە کلاوزەڤتز لە یەکەمین وتاری خۆیدا (نزیکەی چارەکە سەدەیەک پێش) ئاماژەی بۆ ئەم بابەتە کردبوو، واتە ئەوکاتەی جەختی لەسەر ئەولەویەتی سیاسی لە بڕیاردان دەربارەی ئامانجی جەنگ دەکردەوەو سروشتی دوانەی جەنگی لێک دایەوە.

- تیۆری و پراکتیک لە جەنگدا
کلاوزەڤتز دەنوسێ:

((هەنگاوی سەربازی بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە هەبوونی ئەزموونی ئێجگار زۆرولێهاتویی، لەگەڵ هێزێکی بە تەواوی تەیار هەیە. ئەم فاکتەرانە پێش بەدەستهێنانی ئامانجی سەرەکی خۆی لە جەنگدا، پاش چەند سەرکەوتنی گەورە تێکەڵاوی یەکتر دەبن. وەک چوونەسەریەکی چۆمەکان و پێکهێنانی رووبار پێش ئەوەی سەر بە دەریا بسپێرن، ئەو کەسەی بیەوێت ئەمانە کۆنتڕۆڵ بکا، دەبوایە تەنها خۆی لەو چالاکیانە نزیک بکاتەوە کە خۆیان بەرەو ئۆقیانوسی بەرفراوانی جەنگ سەروخوار دەکەنەوە.... ))
-ئامانج و هۆکار لە جەنگدا
هیچ کەس نەیدەتوانی بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئامانج و هۆکار بتوانێ تیۆرییەک دەربارەی بەڕێوەبردن و رێبەریکردن بخوڵقێنێ. بە تایبەتی لە ڕووی ئامانجی سیاسی جەنگ و ئەو هۆکارە سەربازییە بۆ بەدەستهێنانی کلاوزەڤتز لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا ئەنجامگیرییە بەناوبانگەکەی خۆی ئەنجامدا :
((جەنگ هیچ نییە جگە لە درێژەپێدانی سیاسەت بەرەوشێکی تر)و یان وردتر لەوەش (درێژەپێدانی ئاسایی سیاسەتە بە هاوبەشی هۆکارێکی تر)).

-جەنگی سنوردارو جەنگی سەرتاپاگیر
ئەو جیاوازییانەی کلاوزەڤتز لە نێوان جەنگی سنوردارو جەنگی سەرتاپاگیردا دەیکردو بەلای بیریارانی سیاسی و ستراتیجی سەدەی بیستەمەوە بایەخدار بوون، دەرەنجامی ئەندێشەیەکی قووڵ و پێشینەدار نەبووە. وەک پێشتر باسکرا ئەو کاتەی کلاوزەڤتز بۆ یەکەمین جار وتی جەنگ بۆی هەیە دوو جۆر بێ، هێشتا تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو: ئەو جەنگەی کە بە کۆتایی هێنان بەسەربەخۆیی سیاسی دوژمن و ئەو جەنگەی بۆ سەپاندنی هەلومەرجی ئاشتی خوازراو دەکرێ.
کلاوزەڤتز بە پێویستی دەزانی کە نەک تەنها خوێنەری بەرهەمەکانی بزانێ، ئەم دوو جۆرە جەنگە هەیە، بەڵکو بەوردی پەی بەمە ببا کە بۆچی بەمجۆرەش بووە. لە راستیدا ناوبراو سێ وەسفی جیاجیای خستبووە روو: یەکەم مێژووی کۆمەڵایەتی، دووەم میتافیزیکی و سەرەنجام ئەزمونی. هەریەکە لەم دۆخانە لە بەشێکی تایبەتی (لەبارەی جەنگەوە) باسکراون و هەریەکەیان پەیوەندییەکی کەمی بە دوو دۆخەکەی ترەوە هەیە. کلاوزەڤتز دوپاتی دەکردەوە جەنگ بەهۆی هەلومەرجی سیاسییەوە روودەدا: (( هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ هەمیشە پەیوەندی بە ژمارەیەک بابەتی سیاسیەوە هەیە))، لەمبارەیەوە نوسیویەتی :(( کەواتە جەنگ پرۆسەیەکی سیاسییە)).

-میراتی کلاوزەڤتز
پلەوپایە خوازییە شەرمنانەکەی کلاوزەڤتز لە پێناو ئەفراندنی بەرهەمێک کە پاش(٢یان ٣ ساڵ لەبیر نەکرێ) سەرەتا هێندە نەهاتەدی. چاپکردنی بەرهەمەکانی ناوبراو، کە یەک ساڵ پاش مردنی لە ساڵی ١٨٣٢ بە هەوڵی هاوسەرەکەی رەوانەی بازاڕ کرا، رێزی لێنرا، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە. پاش پشتگیرییەکەی مولکتە، کلاوزەڤتز یەکسەر بووە مۆدێلی رۆژو ساڵی ١٨٧٣ لە یەکێ لە گۆڤارە سەربازییەکانی ئەڵمانیادا بە ئیلهام وەرگرتن لە سەرانی سوپا راگەیەندرا کە ((کلاوزەڤتز وەک بەرجەستەترین بیریار لە زانستی سەربازیدا هەڵکەوتی خۆی لە سوپای ئەڵمانیادا بەدەستهێناوە)). کلاوزەڤتز دەربارەی جۆری جەنگەکان بەجێ و سودبەخش بوو، لەبارەی جۆرە ئەتۆمییەکەیشەوە دەکرێ بەمجۆرە بێ: ((هیچ کەس یان لە راستیدا هیچ کەس بە عەقڵێکی تەندروستەوە جەنگێک هەڵناگیرسێنێ، مەگەر پێشتر بۆی روون بوبێتەوە کە بەم جەنگە دەستی بەچی دەگاوچۆن دەتوانێ کۆنتڕۆڵ و سەرکردایەتی بکا)).
 
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved