لەیلا قاسم، كچە تێكۆشەری كورد، ساڵی١٩٥٢ لە گوندی بانمیلی سەر بەشاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەریی كورد لە دایكبووە، لەیلا سێ برا و خوشكێكی ھەبووە بەناوەكانی سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند بووە. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین كراوە، ساڵی١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. ھەموو خوشك و براكانی لەیلا خەریكی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەكەیان لەپای خوێندنەكەیان بۆ بژێویی ژیانی خێزانەكەیان كاریان كردووە.
لەیلا قاسم بۆ یەكەمجار لە ساڵی١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە. لەیلا لە ساڵی١٩٧١دا، لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
بەشداریی سیاسەت
لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و رێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیداكرد. ساڵی١٩٧٠ لەڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەكەیەوە پەیوەندی بەبزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە و لەنێو ریزەكانی یەكێتیی قوتابیانیی كوردستان خەبات و تێكۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی١٩٧٠ بوو بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كردستان. لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە كوردەكانی زانكۆی بەغدا رۆڵێكی كاریگەری ھەبووە لە وشیاركردنەوە و رێكخستنیان. لەكاتێكدا كە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەكاندا خەبات بكات، لەیلا بەپێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە كوڕەكانی كورد خەباتێكی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەكسانی مافەكانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش كە بۆ خودی خۆی لە بواری كۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لەڕاستییەكانی كۆمەڵگەی كوردى تێگەیشتبوو.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەكێك لە ھاوڕێكانی خۆی بەناوی جەواد ھەمەوەندی كە بەیەكەوە خەبات و چالاكیان دەكرد، زۆر یەكتریان خۆشویستووە. ئەگەرچی لەیلا خوێندكاری زانكۆ و جەوادیش كرێكاری یەكێك لە كارگەكانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەكی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو. لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەك لە ناوچەكانی باشووری كوردستان چووە نێو ریزەكانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی رەوشی سیاسی كورد و بەشێوەیەكی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی رێكخستن بوو لەنێو شارەكاندا.
لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی ھەردووكیان ھاوبیر و كۆك بوون لە پرسەكاندا لەپێناو سەركەوتنی دۆزی گەلەكەیاندا. لەیلا بە خەبات و تێكۆشانی خۆی سەلماندی كە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی گەلەكەیان بەڕێوەببەن.
لە سەرەتای ساڵەكانی١٩٧٠ كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بەقۆناغێكی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێكانیان سەرباری نكۆڵیكردنی رژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی كورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی گەلەكەیان. ھەروەھا لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی١٩٧٤ بەیەكەوە لێكۆڵینەوەیەكی زانستییان لەسەر كۆمەڵگەی كورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێك دەگەڕان كە بڵاویبكەنەوە. بەڵام بەھۆی تێكچوونی گفتوگۆكانی نێوان سەركردایەتی كورد و رژێمی عێراق و دەستپێكردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێكانی تریان دەستنووسی لێكۆڵینەوەكەشیان لەلایەن سیخوڕەكانی حكومەتی عیراقەوە لەناوبردرا.
فراوانكردنی چالاكییەكان
لە ئازاری ١٩٧٤دا، دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و ھێرشكردنەوەی رژێمی عێراق بۆسەر ناوچەكانی كوردستان، رژێمی بەعس دەستیكرد بە كۆچبەركردنی ھەزاران كورد و بۆردومان كردنی ھەردوو شاری قەڵادزێ و ھەڵەبجە و راوەدوونان و گرتنی رۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی كورد. ھەرلەوكاتەدا ھەزاران كەسیش لە تاكەكانی كۆمەڵ بۆ بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان روویان لە شاخەكان كرد و چەكی پێشمەرگایەتیان ھەڵگرت. لەوكاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێك لە ھاوڕێكانی تریان پێیانوابوو خەباتكردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵكو خەبات و تێكۆشان لە شارەكاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە، بۆیە روویان نەكردە شاخەكان و لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێكۆشان مانەوە.
دەستگیركردنی
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەكانی رێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەكبەیەكی تاكەكانی كوردییان دەكرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لەڕۆژی٢٨/٤/١٩٧٤دا، لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێكانی جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمە رەشید و ئازاد سلێمان میران لە ئەنجامی ھەڵمەتێكی بەرفراوانی ھێزەكانی ئاسایش و سەربازی رژێم لە بەغدا دەستگیركران. رۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی رژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و رادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی وەك تێكدەر و گێرەشێوێن و تیرۆریست بەناو كرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشكەنجەیەكیشیان بچووكترین كردەوەشیان لەسەر ئاشكرا نەبوو.
لەیلا لە وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باكانە رایگەیاندبوو:
"بەكوشتنی من ھەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای رێی رزگاری كوردستاندا دەكەم.."
ھەموو ئازار و ئەشكەنجەیەك نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.
لەسێدارەدانی لەیلا قاسم
رژێمی بەعس بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی رۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر٧ی سەرلەبەیانی رۆژی١٢ی ئایاری١٩٧٤، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێكی نەجەف شاردرایەوە. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بەماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە كوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەیان، ھەر زوو بەكۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان نایەوە و كۆچی دواییان كرد.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بەكوردستاندا بڵاوبۆوە. ھەروەھا ھەندێك لە چاپەمەنییەكانی ئەوساكەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە.
یادو یادەوەریی شەهیدان لەیلا و هاوڕێکانى لەناو دڵماندا زیندووە.
سەرچاوە:
مومتاز حەیدەری، ھێرش سنجاوی، كاروان قاسم(٢٠١٤) قامووسی ناوە نەمرەكان، بەرگی بەرگی یەكەم (چاپی یەكەم). لاپەڕە ٦٠.
بابەتی زیاتر