ترس خستنە دڵی دەسەڵاتی خۆسەپێن
ناساندنی کتێبی (بنیادی خەباتی نهێنی و کۆمیتەی ئاگر)

هاوار نەسرەدین

ئەگەر نووسینەوەی مێژووی شۆڕشی نوێ بریتی بێت لە تۆمارکردنی ئازایەتی، ئەوا نووسینەوەی مێژووی کۆمیتەی ئاگر لە کەرکوک، بریتییە لە ئیستاتیکای بەرگری و تۆمارکردنی تەحەدا چونکە تەحەداکانی کۆمیتەی ئاگر لەناو دڵی ترس و داپڵۆسیندا، تاودانی بڵێسە و نەخشاندنی شکۆی بەرنگاریی و بەرگرییە. لێرەدا بەرگری تەنیا کردەیەکی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هونەری ژیان و داهێنانی مانا لەناو دۆخە مەحاڵەکاندا. هەروەها خۆ ونکردن و خەباتی نهێنی، هونەر و جوانییەکی باڵایە بۆ بێماناکردن و بۆشکردنی توانای ستەمکار. شێوازی پەیوەندیکردنی نهێنیانەی ئەندامانی کۆمیتەی ئاگر، جۆرێکە لە بێدەنگییەکی پڕ لە مانا. کاتێک تێکۆشەرێک لەناو قەرەباڵغی شار و بازاڕدا بە نامەیەکی بچووک یان پەیامێکی نهێنییەوە  تێدەپەڕێت، ئەو کاتە تابلۆیەکی سیاسیی گەورە دەنەخشێنێت و دوژمن ناتوانێت بیبینێت. ئەم نەبینینە بۆ دوژمن و ئاشکرابوونە بۆ هەڤاڵ و هاوڕێکانی خۆی، جوانکارییەکی ئەوتۆیە کە ژیانی ڕۆژانە دەگۆڕێت بۆ دەقێکی بەرگری و تەحەدایەکی پیرۆز.

کتێبی (بنیادی خەباتی نهێنی و کۆمیتەی ئاگر) یەکێکە لەو کتێبانەی مێژووی تەحەدایەک دەگێڕێتەوە کە ئازادیخوازەکانی کەرکوک لە دژی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر و خۆسەپێن تۆماریان کردووە و کتێبەکە لەلایەن (ئەمیرە محەمەد) ەوە ئامادەکراوە. ناوەڕۆکی کتێبەکەش بریتییە لە وتوێژ لەگەڵ بەشێک لەو کەسانەی  وا کۆمیتەی ئاگریان دامەزراندووە و ئیشیان تێدا کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی کتێبەکە بریتییە لە پێشەکییەکی ئامادەکار و لێدوانی پێشمەرگەکانی کۆمیتەی ئاگر. هەروەها ژمارەیەک وێنە و بەڵگەنامە و نامەی زیندان و نامەی ڕێکخستن بڵاوکراوەتەوە. تێکڕا بریتییە لە 348 لاپەڕە.
لەم کتێبەکەدا چۆنیەتی دامەزراندن و پێکهێنانی کۆمیتەی ئاگر خراوەتەڕوو. ئەو کەسانەی لە دامەزراندنی کۆمیتەکەدا بەشداربوون، ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان دەگێڕنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن چۆن پەیوەندییان بە یەکەوە کردووە و چۆن کادر و ئەندامی تازەیان هێناوەتە ڕیزی کۆمیتەکەوە. پاشان ئەندامانی کۆمیتەکە کورتەیەک لەسەر ژیانی سیاسی خۆیان و شێوازی بەشداربوونیان باس دەکەن. هەروەها پەردە لەسەر کۆمەڵێک نهێنی ئەو سەردەمە هەڵدەماڵن و چەند هێڵێکی شاراوەی خەباتی نهێنی خۆیان ئاشکرا دەکەن. هاوکات بەشێک لە هەقیقەتە مێژووییەکانی ئەوێ ڕۆژێ ڕاست دەکەنەوە و ڕێگە لەوە دەگرن مێژووی خەبات لە کەرکوک بشێوێنرێت.

یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم کتێبە، ئەوەیە کە ژنان و منداڵان لە سۆنگەی خۆیانەوە بەسەرهاتەکانی کۆمیتەی ئاگر دەگێڕنەوە چونکە ئەوانیش بەش بە حاڵی خۆیان و بەپێی پێگە و توانای خۆیان لە خەباتی نهێنی بەشدار بوونە. هەروەها کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی شەهیدبوون یان لە ژیاندا نەماون، بەسەرهات و بەشداریی کەسەکانیان دەگێڕنەوە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت ژنانی کەرکوک تەنیا کابانی ماڵ نەبوون، بەڵکو پارێزەری سەرەکیی نهێنییەکان و پردی گەیاندنی نامە گرنگەکانیش بوون. لەم بەشەدا وێنایەکی نوێی ژنی کوردمان پیشان دەدات کە پێشتر کەمتر ئاماژەیان پێ دراوە. هاوکات وێنەیەکی دیکەی ماڵمان نیشان دەدات، ماڵ لەلای ئازادیخوازەکانی کۆمیتەی ئاگر، ئەو شوێنە پارێزراوەیە کە دەتوانن کۆببنەوە و پلان بۆ قۆناغی داهاتوو دابڕێژن و بۆچوونە سیاسییەکانی خۆیان بنووسنەوە و لەناو خەڵکدا بڵاوی بکەنەوە.
ناوەڕۆکی کتێبەکە جەخت لە شێوازی خەباتی نهێنی پێشمەرگەکان لە کەرکوک و پەیوەندییان بە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە. تێیدا ئاماژە بەوە دراوە پێشمەرگەکان چ کاتێک و لەلایەن کێوە ڕێکخراون و بوون بە ئەندامی کۆمەڵە یان چۆن و لە ڕێی کێوە نامە و نهێنییەکانیان گەیاندووەتە شارەکانی تر و چی تەکنیکێکیان داناوە تاکو بگەنە کەسانی جێ باوەڕ بەڵام نەناسراو لە شارەکانی تری کوردستان.

خاڵی بەهێزی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە نووسەر تەنیا پشتی بە سەرچاوە نووسراوەکان نەبەستووە. بەڵکو گەشتێکی مەیدانییە بۆ ناو یادەوەریی ئەو کەسانەی لەو ڕۆژگارە سەختەدا تەحەدای ڕژێمێکی داپڵۆسێنەریان دەکرد. یادەوەرییەکانیان خوێنەر دەخەنە ناو کەشێکی دراماتیکی ڕاستەقینەوە؛ بە جۆرێک هەندێکجار هەست بە لێدانی دڵی پێشمەرگەیەک دەکەیت کاتێک لە نیوەشەوێکی کەرکوکدا لە دەرگای ماڵەکەیان دەدرێت و ئەمان چاوەڕێی میوان نین.
هاوکات بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ هونەرکانی خۆپاراستن لە سیخوڕ و چاودێرەکانی ڕژێمی بەعس. لە گێڕانەوەکاندا دەبینین چۆن ئەندامانی کۆمیتەی ئاگری توانیویانە لە شارێکی پڕ لە سیخوڕ و چاودێرانی موخابەراتی بەعس، تۆڕێکی پەیوەندی ئەوتۆ دابڕێژن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە چاوی ڕژێم ون بن. وەک دەردەکەوێت هێما و نیشانەی تایبەتیان بەکارهێناوە و ناوی خوازراویان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و هەڵسوکەوتی جیاوازیان نواندووە. تەنانەت ڕەنگی جل و کەرەستەی تایبەتیان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی یەکتری پێ بناسنەوە.
خوێندنەوە و تێگەیشتن لە خەباتی کۆمیتەی ئاگر پێمان دەڵێت تۆمارەکانی ئەوێ ڕۆژێ، تەنیا بابەتێکی مێژوویی ڕابردوو نییە، بەڵکو هاندەرێکی باشە تاکو تێبگەین هیچ هێزێکی داپڵۆسێنەر ناتوانێت بەر بگرێت بە ئاگری ناو دڵی مرۆڤە ئازادیخوازەکان.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved