ئەم کتێبە لە نوسینی (کارل یاسپرس)ە وەرگێڕانی لە فارسیەوە (مەسعود بابایی)ە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری کە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ کراوە. جێی دڕدۆنگی نیە کە نیچە یەکێک بووە لە گرنگترین بیرمەندانی جیهان لەم سەدوپەنجا ساڵەی رابردوودا. هەندێک کەس بە رەچاوکردنی بڕێک لە وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان باندۆری ناوبراویان بە کارەساتبار ئەژمار کردوەو هەندێ لە فەیلەسوفان (بە تایبەت پەیڕەوانی قوتابخانەی ئەنگلۆساکسۆن) بیروڕاکانی ئەویان لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی فەلسەفە زانیوە چ بگات بەوەی کە شایانی شرۆڤەو راڤەو جێی سەرنج ئەژماربن. ئەم کتێبە لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت لێرەدا بە کورتی هەر بەشێکیان ئەناسێنین.
(١) دەرو: ژیان و هزرو بەرهەمەکانی نیچە
ژیان و رەوتی کامڵبوونی نیچە
تاوتوێی هزرەکانی نیچە تەنیا کاتێک دەلوێ تێگەیشتنێکی راستەقینەی لێبکەوێتەوە کە لەگەڵ ئاگایی تەواو لە ژیانی ئەو هاوپێناوبێ. لەم روەوە لە ناوهێنانی ئەو شتەی کە (لە ماوەی ژیانیدا) روی داوە بە کورتی دەست پێدەکەین.
روداوە گرنگەکانی ژیانی ئەو:
نیچە لە هەرێمی رۆکین لەدایک بوو. هەندێ لە باووباپیرانی، چ لە بنەماڵەی باوک و چ دایکی، قەشە بوون. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کرد دایکی بۆ ناوم بۆرگ بارگەو بنەی پێچایەوە، ئەو لەوێدا لە بازنەیەکی ژنانی بنەماڵەدا لەگەڵ خوشکەکەی کە دوو ساڵ لەو بچوکتر بوو. گەورەبوو. لە دەساڵیدا لە ناوم بۆرگ لە خوێندنگای ناوەندی خوێندی و لە چواردە ساڵیدا (١٨٥٨) بە وەرگرتنی بورسێک کە خەرجی ژورێک و خۆراک و خوێندن لە قوتابخانەیەکی شەوانە رۆژی شۆلپفۆرتای دەگرتەوە، دەستی بە خوێندن کرد. ل ١٠
لێرەدا بە وردی باسی لە هەموو ئەو شتانە کردووە کە لە ژیانی نیچەیا بووە وەک (دنیای نیچە، وێنەی نیچە، پرۆسەی کامڵبوونی نیچە، رای نیچە لەبارەی رێچکەی خۆی، هزروبەرهەمەکانی نیچە). لاپەڕە ١٦ تا ٤٣
نیچەو مەسیحیەت
مەسیحیەت مێژووە - نەک مێژووییەکی بە هیچ شێوەیەک دەست لێنەدراوو یەکدەست و یەکسان، بەڵکو توشی دووبەرەکی لە دژی خۆی کە بەردەوام لە رێگەی سەرەکی لادەدا، بووە، بەڵام سەرەنجام هەمدیس دێتە سەر رێی راست. مەسیحیەت مێژووی رۆحی رۆژئاوایی ئێمەیە. هیچ کەس ناتوانێ پێناسەی بکات. ل٦٩
پێشباس
نیچە هەندێ جار بەشێوەی ئارامی توێژەران و هەندێ جار بە شێوازی پڕ هەرای مشتومڕ نوسان، بە توڕەی و سوکایەتی پێکردنەوە دەمامک لە روخساری مەسیحیەت هەڵدەماڵێ.
نیچە بە باشی لە باندۆری کتێبی پیرۆز دەدوێ: ( پاراستنی رێزی هەمووان بە کتێبی پیرۆز تا ئێستا لە ئەوروپا وێدەچێ باشترین بەشی پەروەردەو رازاندنەوەی دابەکانەو ئەوروپییەکان لەم روەوە منەتباری مەسیحیەتن). ل٧٢ و ٧٣
(٢) رای نیچە لە بارەی مێژووی جیهان
لە بارەی رای نیچە لە مەڕ جیهان سێ دەستە پرسیار هەن . یەکەم پێوەندی لەگەڵ ئاگایی ئەو لە قەیرانی ئەم چاخەیە، دووەم بە بەڵگە هێنانەوەی ئەو کە مەسیحیەت هۆی ئەم قەیرانە و سێیەم بە رای ئەو لەمەڕ کۆی مێژوو و هەڵکەوتی مەسیحیەت لەودا.
قەیرانی چاخی هەنوکەیی
نیچە وێنەیەکی ترسناک لە جیهانی ئەمڕۆی لە ئاوێنەی وێنادا کێشایەوە کە لە سەردەمی ئەو هەتا ئێستا بەردەوام دووپات بۆتەوە. نیچە لە بارەی وەها هەڵوێستێکەوە دەڵێ: "مەسیحیەت تەنیا وەکو تایبەتترین فۆرمی هایدن و ژیانی دەلوێ، مەرجەکەی هەبوونی کۆمەڵگایەکی بەرتەسک و سنوردارو دورە پەرێزو یەکسەر ناسیاییە - جێیەکەی، کەنشتە".
کەوابوو پێوەندی مەسیحیەت لەگەڵ عیسا چییە؟ نیچە دەڵێ مەسیحیەت بەلاڕێداچونی تەواوی ئەو شتەیە کە بەلای عیساوە هەقیقەت بوو." لە راستیدا تەنیا یەک مەسیحی هەبوو کە ئەویش لە خاچدراو لەسەر خاچ گیانی سپارد".
(٣) رای نیچە لەبارەی مێژووی جیهان و سەمەدە مەسیحییەکانی
تاوتوێی نیچە فێرمان دەکا کە توارەکان ببینین و هۆ دەرونی و کۆمەڵناسەکان بێنینە بەرچاومان. بۆ نموونە ئیزنمان پێدەدا لە کەڵافی سەرلێشێواوی بەرهەمەکان و بەرهۆکان سەر دەربێنین کە هەر کۆمکارێک لە بایەخەکان دەلوێ لە چەواشەکارییەکانیاندا گیرۆدە دەبن. نیچە دووپاتی دەکاتەوە، ئەمەیە کە مەسیحیان ئەوەی کە ئامۆژگاری دەکەن و ئەوەی کە کتێبی پیرۆزیان دەڵێ کاری پێ ناکەن. بەلیکدانەوەی نیچە:" بوداییەک جیاواز لەو کەسەی کە بودایی نیە رەفتار دەکا، بەڵام کرداری مەسیحییەک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەسانی دی نیەو مەسیحیەتێک کە ئەو کاری پێدەکا مەسیحیەتی بۆنەو داب و خوو خدەو ورەیە". ل١٢٣
" لە مرۆڤدا کەمایەسییەکی سەرەکی هەیە"
وا دەنوێنێ کە ئەم قسەیەی نیچە دوپاتبوونەوەی گوناهی سەرەکی یا (جەبەلی) لە مەسیحیەت، بەڵام بە شێوەیەکی دیکەیە. نیچە وەها لە دەستی مرۆڤ لە رەنج و ئەشکەنجەدا بوو کە هەندێ جار لە "تاریکترین قوڵاییەکانی خەم و خەمۆکی"دا نغرۆ دەبوو. بە پێچەوانەی گیانەوەران کە هەرکامیان گونجاو لەگەڵ چەشنی نەگۆڕیان بە ترۆپکی پێگەیشتن گەیشتوە، مرۆڤ"هێشتا گیانەوەرێکی دیاریکراو"نیە. ل١٤١
پوختەی باسەکە: فەلسەفەی نیچە دەگاتە کوێ؟
کاتێک کە نیچە دەیویست سەبارەت بە مێژووی جیهان بە دیتەیەکی تایبەت بەخۆی رابگات، بەپێی بنواشە گەلی مەسیحی کاری دەکرد، وەلێ هەر لە سەرەتاوە ماکی مەسیحی لە کیسدابوو، چونکە مێژووی جیهان لە دیدی ئەوەوە ئیدی نەک چەشنی زمانی خوا، بەڵکو شتێکی سەربەخۆ لەوەوە بوو. هەر بەم چەشنە کاتێک کە گوترا لە مرۆڤدا کەماسییەک هەیە، ماکی مەسیحی لەکیس چو، چونکە ئەو مرۆڤە کە نیچە مەبەستی بوو چیدی لەگەڵ خوا پێوەندی نەبوو. ل١٦١
(٤) فەلسەفەی نوێی نیچە
هەڵوێست و بزاڤ
بەشی پۆزەتیڤی ئەم بزاڤە فەلسەفییە نەیارە، لەم وشانەدا کورت کراوەتەوە. ژیان، وزە، ویستی ئاڕاستە کراو بۆ هێز، کەڵە پیاو، بەکامڵبوون، دووپاتبونەوەی هەرمانی، دیۆنیزیۆس. بەڵام هیچکەس هەرگیز تاکو ئێستا بڕوای بە دووپاتبونەوەی هەرمانی و دیۆنیزیۆسی نیچەو کەڵە پیاو نەهێناوە، وادەنوێنێ کە لێڵی لە رادەبەدەرو نائاسایی چەمکەکانی "ژیان"و "وزە" و "ویستی ئاڕاستە کراوبۆ هێز" پەیتا پەیتا لە واتاکانیاندا گۆڕان دروست دەکا. ئەوەی ئێمە لەم تێفکرینەدا گەمارۆ دەدا، شتێکی دیکەیە. ل١٦٦
بەڕای نیچە، دژبەری گەورەی عیسا، دیۆنیزیۆس بوو. تاڕادەیەک تەواوی تێزەکانی ئەو لە قاڵبی رستەگەلی دژە عیسایی و بە لایەنگری لە دیۆنیزیۆس دەربڕاون. نیچە مەرگی عیسا لەسەر خاچی دەربڕی ئاوابوونی ژیان و دادخوازێک دژی ژیان دەدی، بەڵام دیۆنیزیۆسی بەند بە بەند راپسکاوی بە سیمبۆلی ئاخێزیانی ژیان گریمان دەکرد کە بە تاسەیەکی خەم هێنەر پەیتا پەیتا گیانی تازەی وەبەر دێتەوە. ل١٧١
توک لێکردنی نیچە
کەسانێک کە بیانەوێت دزە بکەنە نێو هزری نیچەوە، پێویستیان بە هاواری رەسەنی ناخ و جێی متمانە هەیە. ئەوەی لە نیچەوە سەرڕێژ دەبێ - هەڵقوڵانی تێکشکێنەرو نابەختەوەرو هەمیشە روو لە پێش، بەڵام پەیتا پەیتا لەسەروبەندی بوونە بڵقی سەرئاو- ئێمە لە بۆتەی تاقیکردنەوەیەکی لە رادەبەدەر دادەنێ، ئەم جۆرە تێفکرینە لە ئازادی مرۆیی چۆنایەتییەکی زۆر بەرزی گەرەکە - نەک ئازادی پوکاوەو پوچی بەرهەم هاتووی رزگاربوون لە کۆتو بەندەکان، بەڵکو ئازادی بە سەلماندن گەیشتوو وەدیهاتو کە لە قووڵایی (بوونی) مێژوویی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێ و دیاری خۆیەتی بۆ خۆی و بەلای خۆشیەوە لە تێگەیشتن نەهاتویە. ل١٨٩
بابەتی زیاتر