کاریگەری ئەوروپا لەسەر عوسمانییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا
ئەم کتێبە لە نوسینی (د.خالید زیاد)ە و (خالید مەحمود کەریم) وەرگێڕانی بۆ کردووە، ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ناوی (دۆزینەوەی پێشکەوتنی ئەوروپا)یە بەڵام بۆ ناوە کوردیەکە بەم ناوە نراوە، کتێبەکە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١٣ چاپکراوە.
دەتوانین بڵێین سەردەمی سوڵتان سولەیمان قانونی خاڵی (ترۆپکە) لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە زیاتر لە حەوت سەدەی (١٢٩٩-١٩٢٢ز) خایاندووە، چونکە ئەو سەردەمە بۆ عوسمانییەکان ئیتر خاڵی کۆتایی گەیشتنە بە شکۆمەندی و ئەوپەڕی قۆناغەکانی بەرینبوونی دەوڵەتیش پێکدێنێت. ئەم کتێبە هەر لە یەکەم چاپیەوە لە ساڵی (١٩٨١ز)دا، شوێنێکی شیاوی لە کتێبخانەی مێژوویی عەرەبیدا پڕکردۆتەوە، مێژوونوس و توێژەرە عەرەبەکانیش بە گەرمی پێشوازییان لێکرد.
دەسپێک
ئەم جیهانە فراوانە بە گوێرەی سەردەمەکانی ئەوروپا، لەگەڵ سەرەتای سەردەمە نوێیەکاندا، خاوەن هیچ جۆرە یەکێتییەک نەبوو، کە هەرێمە دوور لە یەکەکانی پێکەوە کۆبکاتەوە، پەیوەندیش لە نێوان ئەم هەرێمانەدا نەمابوو، بێهودەیی و بێباکی شوێنی پەیوەستەگی ئیمان و ژیاری گرتبووەوە، هەندێ لە گەلان لە چارەنوسی ئیسلامی سیاسی دابڕابوون وئیسلامی تایبەت بە خۆیان پێکهێنابوو، کەچی گەلانی تر لە بەشدارییکردن لە کاروانی ئیسلام دوورکەوتبوونەوە، کە هێشتا لە سەرەتای هەڵکشانی ژیارو رۆشنبیری خۆیدابوو.
بەشی یەکەم: دەوڵەتی عوسمانی و ئەوروپا
کاتێک دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی (١٩٢٢ز) دا دروستبوو، ئیسلام کە حەوت سەدە بو لە ناوەڕاستی دورگەی عەرەبیدا سەریهەڵدابوو، توانیبوی بە ناوچەیەکی فراواندا، کە چەندین بەش، لە ئاسیاو ئەفەریقاو بەشێک لە ئەوروپای دەگرتەخۆ، بڵاوبێتەوە. ل٢٣
تورکە عوسمانییەکان سەرچاوەی هەڕەشەیەکی گەورەبوون، لە کاتێکدا دەریای ناوەڕاست لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەریاوانی ئەواندابوو، ئەوروپای رۆژئاوا پاش لاوازبوونی هەڕەشە ئایینی و بڕوادارییەکان، وەک مەترسییەکی سیاسی یان کەلتوری تەماشای دەکردن، لە نیگای واقعبینەکانیشدا عوسمانییەکان هێزێک بوون وەک ئەوانیتر، ئیدی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپاو دەوڵەتی عوسمانیدا لە کاتەکانی جەنگ و ئاشتەواییدا لەسەر بنەمای سیاسییەکان، کە دوربوون لە بڕوای ئاینییەوە، هاوپەیمانێتی گرێدەدران "وێڕای ئەوەی ئەم بڕوایە وەک ئایینێکی پیرۆز کە توند بە دڵەکانەوە گرێدرابوو، مابووەوە". ل ٢٨
بەشی دووەم: بیرکردنەوە لە مەڕ داتەپین
دەوڵەتی عوسمانی نوێنەرایەتی فۆرمێکی سونەتیی دەوڵەتە ئیسلامییەکانی پێشوتری دەکرد، بەڵام هۆکارو هەل و مەرجەکان کە زەمینەیان بۆ گەشەکردنی خۆشکرد، مۆرکێکی تایبەت بە خۆیان پێبەخشی. سوڵتان بۆخۆی لوتکەی دەسەڵاتی مەدەنی و ئایینی بوو، لە هەندێ بۆنەی جیاوازدا نازناوی خەلیفەی پێدەدرا. ل٣٦
حاجی خەلیفە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هاوشێوەی تاکەکان دەوڵەتانیش بە سێ قۆناغی جیاوازدا تێۆەڕدەبن: گەشەکردن، وەستان و دواتر داڕوخان و داتەپین، پێیوایە دەوڵەتی عوسمانی ماوەیەکی درێژ ژیاوەو قۆناغی وەستانی بە ئارامی تێپەڕاندووەو لە میانەی چەند دەرکەوتەیەکەوە سیماکانی قۆناغی سێیەم دەرکەوتوون، بۆیە پێویستە رێگەچارە بۆ قەیرانەکان بدۆزینەوە، بۆ پاڵپشتکردنی بیروڕاکانیشی لە سێ بەشدا باس لە بوارەکانی کشتوکاڵ و سەربازیی و خەزێنە دەکات. ل٥٠
بەشی سێیەم: دۆزینەوەی ئەوروپا
لە کاتێکدا هەندێ لە عوسمانییەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی مەسەلەکانی پاشەکشێ و داتەپینی دەوڵەت و دام و دەزگاکانی بوون، کەسانێکیتر هەبوون چاودێری هەندێ لە سیماکانی پێشکەوتنی ئەوروپایان دەکرد. جێی سەرنجە عوسمانییەک لە ساڵی(١٦٥٢ز)دا، ئەوەی تێبینیکردووە کە پێشکەوتنی ئەوروپا لە بوارەکانی دەریاوانی و بازرگانیدا کاریگەریی نەرێنی بۆسەر بازرگانی موسڵمانەکان دەبێت، ئەم عوسمانییە رۆشنگەرە هەر زۆر زوو ئەوەی دەستپێکردبوو ئەگەر بێتو ئەوروپا لەسەر ئەم چونە پێشەوە بەردەوام بێت و موسڵمانەکانیش پاڵی لێبدەنەوەو لێی بێئاگابن، ئەوا بێگومان لە ماوەیەکی کەمدا عوسمانییەکان بۆڕدەدەن. ل ٥٧
سوڵتان و وەزیری ناوبراو لەو بڕوایەدابوون، کە پێویستە سوود لە سیماکانی پێشکەوتنی ئەوروپی وەربگیرێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی سەربازیدا، لەو سۆنگەیەوە لە رۆژگاری حکومڕانی ئەواندا هان و دنەی بزاڤی وەرگێڕان لە زمانە ئەوروپییەکانەوە دەدرا، ئیدی ناوەکانی وەک "ئەلبێرتی گەورەو سکووت ئیریجینا و تۆما ئیکوینی" لە ئەستەمبوڵ، ئەگەرچی لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکیشدا بوو، ناسراوبوون. ل ٦٢
بەشی چوارەم: هەوڵ و تەقەللاکانی ڕیفۆرم
هەوڵ و تەقەلاکانی ریفرۆم لە سەردەمی موستەفای سێیەم (١٧٥٧-١٧٧٣ز)دا کە سوڵتانێکی چالاک بوو و مەیلی بەلای زانستە گەردوونیەکاندا دەڕۆیشت، بەردەوامبوو، هەندێ نێردراوی بۆ پایتەختەکانی ئەوروپا هەنارد، لەنێو ئەوانەدا نێردراوەکەی ئەحمەد رەسمی بوو، بۆلای فردریکی دووەم، و بە تایبەت بۆ پرسیارکردنی نهێنی سەرکەوتنە سیاسییەکانی سەردانیکردبوو، پاشای روسیا لەم روەوە وەڵامەکەی بەم جۆرە کورتکردبووەوە: بە لێکۆڵینەوە لە مێژوو و سود وەرگرتن لە ئەزمونەکان و خاوەندارێتی بۆ سوپایەکی بەهێزو راهێنراولە رۆژگاری ئاشتی و جەنگدا، پاراستنی پڕی خەزێنە. ل٨١
بەشی پێنجەم: گۆڕانی شێوازەکانی نووسین و بیرکردنەوە
پەیوەندی نێوان عوسمانییەکان و ئەوروپییەکان لە ماوەی سەدەی هەژدەهەمدا شوێنەواری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر هەندێک لە بوارەکانی بیرکردنەوەی ئیسلامیانەی عوسمانی، هەروەها لەسەر هەندێک لە شێوازەکانی نووسینیش جێهێشت. ل١٠٥
بەشی شەشەم: زمانی جیهانی
روونترین کاریگەری فەڕەنسی لەسەر عوسمانییەکان، دەرکەوتنی چەندین نوسراوو کتێب بوو بە زمانی فەڕەنسی لە ئەستەمبوڵ دا، کە لە پێش دەسەی هەژدەهەم بە دەستی عوسمانییە موسڵمانەکان نوسرابوون. یەکەمین ئەو نوسینانەی کە بە زمانی فەڕەنسی دەیاننووسی، مەحمود رەئیف بوو، کە بێجگە لە نووسینی راپۆرتێک بە زمانی فەڕەنسی سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لە ساڵی (١٧٩٨ز)دا، کتێبێکی گرنگی بەناونیشانی "خشتەی تەنزیماتی نوێ لە دەوڵەتی عوسمانیدا" بڵاوکردۆتەوە. ل١٤٥
بەکارهێنانی زمانێکی نوێ
هەڵبژاردنی زمانی فەڕەنسی بۆ نوسین لە نێو تێکڕای زمانەکانی تری ئەوروپیدا، پێگەی تایبەتی ئەم زمانە دەسەلمێنێ لای عوسمانییەکاندا. هەڵبژاردنی ئەم زمانە تەنها رێکەوتێک نەبوو، بە دیوێکدا پەیوەندییەکانی فەڕەنساو دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵی خۆی لە چەسپاندنی پێگەی زمانی فەڕەنسیدا هەبو لای عوسمانییەکان، بە دیوەکەی تردا لە ماوەی سەدەی هەژدەهەمدا لە بازنەی ئەوروپیدا فەڕەنسا وەک پێشکەوتووترین دەوڵەتەکان خۆی دەنواند.
بەشی حەوتەم: ناکۆکی چەمکەکان
گرنگترین کاریگەری لەو ماوە کورتەی حکومڕانی سەلیمی سێیەمدا کە ئەستەمبوڵ بەخۆوەبینی، بڵاوبونەوەی چەمکە نوێکان بوو، کە بە چەندین تێرم و زاراوەی دیاریکراو گوزارشتی لێدەکرا. دیتمان چۆن تێرم و زاراوە زانستییەکان لە بوارە زانستییە جیاوازەکاندا لای رۆشنگەرە عوسمانییەکان ناسرابوون. ئەوەیشمان دیت فەڕەنسیزانەکان هەندێ چەمکی سیاسییان بەکارهێنا، چونکە شارەزا بوونیان لە زمانێکی ئەوروپی بواری ئەم بەکارهێنانەی پێدان، بەڵام گرنگترین پەرەسەندن بڵاوبونەوەی چەندین چەمکی نوێ و بەخشینی ناوەڕۆکی نوێ و نامۆ بوو بە هەندێ لە چەمکە تەقلیدییەکان. ل١٦٥
بابەتی زیاتر