فەیروز حەسەن حەمە عزیز

ماوەی نێوان ڕاگەیاندنی پەیمانی سیڤەرو نێوان دەرچونی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لەساڵی ١٩٢٥ کە تێیدا ویلایەتی موسڵ بەعێراقەوە لکێندرا، بەقۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە مێژووی کوردستانی باشور دادەنرێت. لەم ماوەیەدا ئەوەی کە داشی سوار بوو ئەو باڵەی بەریتانیا بوو کە داوای دەکرد کوردستان بەعێراقەوە بلکێندرێ، ئەم باڵە لەبەشێکی دروستکەرانی بڕیار لە عێراق کاریان دەکرد پێکهاتبوو. ئەو بەسەرهاتانەی کە لە ماوەی نێوان ڕاگەیاندنی پەیمانی سیڤەرو واژۆکردنی پەیمانی لۆزان هاتونەتە ئاراوە، لە مەترسیدارترینی ئەو گۆڕانکارییانەن کە ڕێیان بۆ بەستنی پەیمانی لۆزان خۆش کردووە. لێرەدا دەتوانین ئەو بەسەرهاتانە بەم جۆرە نمایش بکەین:

 سەرەتای پەشیمان بوونەوە لە پەیمانی سیڤەر
گەورەترین تەگەرە لەبەردەم بەریتانیا پاش ڕاگەیاندنی پەیمانی سیڤەر، بریتی بوو لە دیاری کردنی ئەو لایەنەی کە لە تورکیا دەتوانێ پەیمانەکە جێبەجێ بکات بکات، چونکە حکومەتی سوڵتان محەمەدی شەشەم کە پەیمانەکەی واژۆ کردبوو، دەسەڵاتی لەزۆربەی زۆری قەڵەمڕەوەکانی ئەنادۆڵ نەمابوو و هەر ئەوەندە زەوییەی لەبەردەستدا بوو کە شاری ئەستەمبوڵ و دەوروبەری شارەکەی گرتۆتەوە .
ئەمە لەکاتێکدا کە حکومەتی ئەنکەرە بەسەرکردایەتیی مستەفا کەمال دەسەڵاتی هەبوو لەزۆربەی زۆری ناوچەکانی ناوەوەو شارە سەرەکییەکانی ئەنادۆڵ کە هێزەکانی هاوپەیمان نەگەیشتبونێ. حکومەتی ئەنکەرە دژی پەیمانی سیڤەر بوو و ئامادە نەبوو واژۆی بکات. ئەمەش بەم واتایە دێت کە بەریتانیا نەیدەتوانی خاڵەکانی پەیمانی سیڤەر جێبەجێ بکات چ خاڵەکانی سەبارەت بەپێکهێنانی دەوڵەتی ئەرمەنستان مەگەر بەشەڕکردن و بەزاندنی بزوتنەوەی کەمالیستی نەبێ چونکە بزوتنەوەی کەمالیستی دەستی بەسەر ئەو پانتاییەدا گرتبوو کە دەبوایە ئەم دوو دەوڵەتەی لێ پێک بهێنرێ.
بزوتنەوەی کەمالیستی وەها دەیڕوانییە جێبەجی کردنی پەیمانەکە کە دەبێتە مایەی کۆتایی هێنان بەتورکیا وەک دەوڵەت. پەیمانەکە بەلای زۆربەی تورکەکانەوە مەسەلەی مان و نەمان بوو. بۆیە هەموو تورکێک لەو بڕوایەدا بوو کە دەبێ دژایەتیی حکومەتی سوڵتان بکرێ و پشتگیریی بزوتنەوەی کەمالیست بکرێت .
لەکاتێکدا بزوتنەوەی کەمالیستی بەهێزترو کاریگەرتر دەبوو و تا دەهات زیاتر لایەنگری لەناوەوەو دۆستی لە دەرەوە بۆ خۆی پەیدا دەکرد، بەرەی هاوپەیمانان تا دەهات لێکترازاوتر دەبوو، هەر لایەنێکی هاوپەیمانییەکە دژی ئەوە بوو کە لایەنێکی تر زەوییەکی وەهای لەمیراتی دەوڵەتی عوسمانی چنگ کەوێ کە هێزێکی ستراتیجیی پێ ببەخشێت چ بەپێی پەیمانی سیڤەرو چ بەپێی ڕێکەوتننامەکانی دیکە. پاشان ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە تورکیای کەمالیست لە ئازاری ١٩٢١دا لەگەڵ یەکێتیی سۆڤێتی مۆر کرد، وای کرد بزوتنەوەی کەمالیستی ڕزگاری بێ لەو گۆشەگیرییەی کەتێی کەوتبوو. ئەم ڕێکەوتننامەیە پارەو چەکی بەلشەفیکە ڕوسەکانی بۆ بزوتنەوەی کەمالیستی دەستەبەر کرد. هەمووی چەند مانگێک بوو بەسەر واژۆکردنی پەیمانی سیڤەر تێپەڕی بوو کاتێک فەرەنسا دەستی کرد بە داواکردنی پێداچونەوە بەخاڵەکانی سیڤەرو هەروەها ئیتاڵیاش کە پەیمانەکەی واژۆ کردبوو ڕایگەیاند کە ئامادە نیە تەنانەت یەک سەربازیش بۆ جێبەجێ کردنی پەیمانەکە بنێرێت بۆ دەوڵەتی عوسمانی، جگە لەوەی کە ئەمریکاش زۆر بەساردو سڕی مامەڵەی لەگەڵ پەیمانەکەدا کرد.
بۆیە هەر ئەوە لەبەردەم بەریتانیا مایەوە کەبیر لەپێداچونەوەی ئەو بەندانە بکاتەوە کە تایبەتن بەکوردستان و ئەرمەنستان. بۆیە لوید جۆرج لە کۆنفرانسی لەندەن (ئازاری١٩٢١) بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە تەنها یەک مەرجی بۆ حکومەتی ئەنکەرە دانا، ئەویش پەسەندکردنی هەموو بەندەکانی پەیمانی سیڤەرە جگە لە ماددەکانی تایبەت بە ئەرمەنستان و کوردستان و ئامادەیی دەربڕی کە ئەو ماددانە هەموار بکاتەوە.
ئەمەش بەم مانایە دەهات کە بەریتانیا ئامادەیە کە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بەکوردستانی باشور بگۆڕێ و دەشتوانێ پێداچونەوە بەم ماددانەی پەیمانی سیڤەر بکات کە تایبەتن بە کورد، کە ئەمەش لەکۆتاییدا ڕێی خۆش کرد بۆ بەستنی کۆنفڕانسی قاهیرە کە سیاسەتی گشتیی داهاتوی بەریتانیای بەرامبەر بە میسۆپۆتامیاو کوردستانی باشور داڕشت و بەریتانیای هاندا بکەوێتە ساتوسەودا لەگەڵ تورکیای کەمالیست لەسەر حیسابی کوردو ئەرمەن هەر ئەمەش لە کۆتاییدا سەرەنجامەکەی بەوە گەیشت کە پەیمانی لۆزان واژۆ بکرێت و کوردستانی باشور بەعێراقەوە بلکێندرێت.

کۆنفڕانسی قاهیرەو ناوەڕۆکی سیاسەتی نوێی بەریتانیا
بەرامبەر بەکوردستانی باشور

پەرەسەندنی دەسەڵات و ناوبانگی بزاڤی کەمالیستی لە ئەنادۆڵ و درز تێکەوتنی بەرەی هاوپەیمانان، بەهۆی ململانێ و کێشەی ناوخۆییەوە شکستی هەندێ لایەنی ناو ئەم بەرەیە لەخۆڕاگرتن بەرامبەر بەهێزەکانی تورکیا کە لەچەند شەڕگەیەک بە فەرماندەیی مستەفا کەمال شەڕیان دەکرد، تاکە کێشەی بەردەمی سیاسەتی ڕاگەیەنراوی بەریتانیا نەبوو لەمەسەلەی پەیمانی سیڤەردا بەڵکو بەریتانیا چەند کێشەیەکی تری هەبوو لەکوردستان و ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی،وەک ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٠ی عێراق دژی هێزەکانی بەریتانیا لەعێراق و پەرەسەندنی داوای کشاندنەوەی هێزەکانی بەریتانیا لەعێراق و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵات لەلایەن هاوڵاتییانی بەریتانیاوە. هەموو ئەمانە تەنگیان بە بەریتانیا هەڵچنی و هانیاندا سیاسەتی خۆی بەرامبەر بەناوچەکەو کوردستانی باشور بگۆڕێت و ئەماش لە کۆتاییدا ڕێی بۆ بەستنی کۆنفڕانسی قاهیرە خۆش کرد کە سەرپەرشتی کردنی بەوەزیری وڵاتە کۆڵۆنییەکان ونستۆن چەرچڵ سپێردرا.
کۆنفڕانسی قاهیرە لەماوەی نێوان ١٢-٢٤ی ئازاری ساڵی ١٩٢١ بەدەستپێشخەریی چەرچڵ بەسترا. چەرچڵ هەموو ئەو کەسانەی بۆ کۆنفڕانسەکە بانگهێشت کرد کە دەستیان هەبوو لە پرۆسەی دروست کردنی بڕیاری سیاسی سەبارەت بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسۆپۆتامیاو کوردستانی باشور، ئەویش بۆ تاوتوێ کردنی چەند مەسەلەیەکی سیاسی وەک مەسەلەی پاشایەتێتی عێراق و کەم کردنەوەی خەرجییەکان و دانانی بەرنامەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیاو تاوتوێ کردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچە کوردنشینەکان.
ئەوەی کە لەم توێژینەوەیەدا بۆ ئێمە گرنگە ئەو بڕیارە گرنگانەی کۆنفڕانسەکەیە سەبارەت بەسیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کوردستانی باشور. لەم کۆنفڕانسەدا دوو سیاسەتی جیاواز سەبارەت بە کوردستان هاتە پێش:
یەکەمیان ناوچە کوردنشینەکانی بە بەشێکی عێراق ژماردووەو و دووەمیان لەگەڵ ئەوەدا بووە کە ناوچە کوردنشینەکان دەبێ لەعێراق جیابکرێنەوە. بەڵام لەڕەوتی گفتوگۆکاندا سەرکەوتن بۆ ڕای یەکەم بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆنفڕانسەکە لەسەر ئەوە هاوڕا بوو کە کوردو عەرەب لێک جیاوازن و دەبێ بە نەرمی هەڵسوکەوت لەگەڵ کورددا بکرێت و ئارەزویان سەبارەت بەچونە سەر عێراق یان جیابونەوە لەبەرچاو بگیرێت.
ئەوەی ڕاستی بێ، کۆنفرانسی قاهیرە نەگەیشتبوو بەبڕیارێکی یەکجارەکی سەبارەت بە سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بەکوردستانی باشور. کۆکس دەستێکی باڵای لەوەدا هەبوو کە بڕیاری کۆتایی نەدرێ چونکە دەیویست ئەم مەسەلەیە بە هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوەو بۆ کاتێکی تر دوای بخات، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا هەلومەرجەکە بسازێنێ بۆ لکاندنی ناوچە کوردنشینەکان بە عێراقەوە. تاکە مەسەلە کە کۆنفڕانسەکە کۆدەنگ بوو لەسەری ئەوە بوو کە نابێ کورد بەزۆر بخرێتە بەر دەستی حکومەتێکی عەرەبی. بۆیە کۆنفڕانسەکە لە ڕاسپاردەکانیدا بڕیاریدا کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی های کۆمیشنەری بەریتانیادا بێ. ئەمەش پێی دەوترێ ئیدارەی ئەنگلۆ-عێراقی، واتە ئیدارەی هاوبەشی هەردوولا.
بەم چەشنە، کۆنفڕانسی قاهیرە بەبێ دەرکردنی بڕیارێکی ڕوون سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ کوردستانی باشور و دانیشتوانەکەی کۆتایی هات. سەبارەت بەم مەسەلەیە بیروڕای ونستۆن چەرچڵ و ئارنۆڵد ویلسۆن بیروڕایەکی ناکۆک و دژ بەیەک بوو. دەرنەکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەم ڕووەوە دەرگاکەی بۆ بیرو بۆچونەکانی وڵسۆن و کۆکس بەکراوەیی هێشتەوە، کە ئەمانە هەردووکیان دەیانویست کوردستان بەعێراقەوە بلکێنن. جگە لەوە، پشت گوێ خستنی باس کردنی پەیمانی سیڤەر لە ناوەڕۆکدا بەم واتایە دەهات کە بەریتانیا خۆی بە جێبەجێکردنی ئەم پەیمانە پاپەند نەکردووەو وەهای نابینێت کە بەرژەوەندیی لەوەدایە کە دوو دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و باکوری عێراق پەیدا ببێ کە یەکێکیان دەوڵەتی کوردستانەو ئەوی دیکەیان دەوڵەتی ئەرمەنستانە.

سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر هاوکاریی تورکیا-کورد لەماوەی نێوان هەردوو کۆنفرانسەکەی قاهیرەو لۆزان
پاش کۆنفرانسی قاهیرە هەرچەند کۆنفرانسەکە ڕایسپاردبوو کورد ڕادەستی عەرەب نەکرێت، کۆکس هەر بەردەوام بوو لەسەر کارکردن بەهەموو شێوەیەک لەدژی ئاراستەی گشتی سیاسەتی ڕاگەیەنراوی بەریتانیا و مەسەلەکە لەلای ئەو گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە فروفێڵ لەچەرچڵ بکات. کۆکس بە ئەنقەست داواکەی چەرچڵی جێبەجێ نەکرد کە دەیویست نۆیڵ کە لەبیرکردنەوەدا دۆست و هاوسۆزی کورد بوو، بگەڕێتەوە بۆ عێراق و بۆچونەکانی خۆی سەبارەت بەپێویستی و گێڕانەوەی شێخ مەحمود لەهیندستانەوە بۆ کوردستان بە کۆکس ڕابگەیەنێ. کۆکس هەر بەردەوام بوو لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و عێراق دەبێ وەک بەشێک لە پەیوەندییەکانی ناوخۆی عێراق تەماشا بکرێت، ئەمەش بەپێچەوانەی دیدی چەرچڵ بوو کە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆکسدا وەها تەماشای ئەو پەیوەندییانەی دەکرد کە پەیوەندین لەنێوان دوو قەوارەی جیاواز. بەپێچەوانەی کۆکسەوە، چەرچڵ تەنانەت پاش کۆنفڕانسی قاهیرەش، سوور بوو لەسەر نەخشە تایبەتەکی خۆی سەبارەت بە کورد کە بریتی بوو لە پێویستی دروستکردنی دەوڵەتێکی دۆست لە کوردستان تاکو ببێ بەدیوارێک بەرامبەر بە تورک و ڕووس.
بەرامبەر بەڕێنماییە ڕوون و ڕۆشنەکانی چەرچڵ سەبارەت بە نەخشەی بەریتانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کوردستانی باشور پاش کۆنفڕانسەکەی قاهیرە، پرسی کۆکس هەر بەردەوام بوو لەسەر فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی و بیانوو هێنانەوە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی پێشنیازەکانی چەرچڵ  و هەمیشە فەرمانەکانی وەزیرەکەی پێشێل دەکردو بیانووی جوگرافیانەی دەهێنایەوە کە گوایە بەبێ چیاکانی کوردستان بەرگری لە عێراق ناکرێت. مس بێڵ لەمڕووەوە پشتگیری کۆکسی کردووەو پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە جیاکردنەوەی کوردستانی باشور لەڕووی سیاسی و جوگرافیەوە وادەکات چاڵەکانی نەوتی ناوچەکە بکەونە دەست تورکەوەو کێڵگەکانی نەوتی ئەنگلۆ-فارسیش لە باشوری ئێران بکەونە ژێر هەڕەشەوە. کۆکس بۆ قایمکردنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەپێویستی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە، ئەوەی کردە بیانوو کە فەیسەڵ پاش بوونی بە پاشای عێراق داوای کردووە کوردستان بەعێراقەوە بلکێنرێت. کۆکس ویستویەتی وەهای نیشان بدات کە ئەوەی ئەو دەیکات، دەقاودەق ئەو شتەیە کە لەمەوبەر لە کۆنفڕانسەکەی قاهیرە لەسەری ڕێکەوتوون، بۆیە دەبینین لە یەکێ لەو بڕوسکانەی کە بۆ چەرچڵی ناردووە دەڵێ ''ئەوەندەی کە مەسەلەکە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، بڕیار دراوە چەند هەوڵێک بدرێ بۆ دڵنیابوون لە ئارەزووی گروپە کوردیەکان و زانینی ڕادەی ئامادەبوونیان بۆ چوونە سەر عێراق یان بۆ جیابوونەوە لێی''.
لەو هەوڵانەی کە کۆکس ئەنجامی داوەو گوایە بەهۆیەوە ویستویەتی بزانێ کورد چی گەرەکە، ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی گشتی بووە سەبارەت بە دانانی میر فەیسەڵی کوڕی حوسەین بە پاشای عێراق، ڕاپرسییەک کە هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە .
پرۆسەی ڕاپرسیەکە پرۆسەیەکی پڕ کەموکوڕی بووەو وەک لۆنگریگ باسی کردووە یارییەکی زۆر بە ئەنجامەکانی کراوە . لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەنجامانەی کە کۆکس ڕایگەیاندوون دەڵین گوایە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان پشتگیری ئەوەیان کردووە کە فەیسەڵ ببێ بە پاشای عێراق، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە شاری کەرکوک لە دژی فەیسەڵ دەنگی داوەو شاری سلێمانیش هەر لە بنەڕەتدا بەشداری لە ڕاپرسییەکەدا نەکردووە.
بەم ڕێوشوێن و شێوازە پڕ فروفێڵ و تەڵەکەبازیەو بەخۆدزینەوە لە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە پیادەکردنی سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بە کوردستانی باشور پاش وازهێنان لە جێبەجێ کردنی پەیمانی سیڤەر، کۆکس لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢١دا توانی چەرچڵ بباتە سەر ئەو بڕوایەی کە ڕازی بێت کوردستان تێکهەڵکێشی عێراق بکاو بیکات بە پارچەیەک لە دەوڵەتی عێراق. چەرچڵ بۆ های کۆمیشنەری بەریتانیا بروسکەی لێداو تێیدا ڕەزامەندی نیشاندا سەبارەت بە پێشنیازەکەی کۆکس دەربارەی لکاندنی ناوچە کوردنشینەکان بە عێراقەوە. بەڵام ئەو هەر لەو بروسکەیەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە نابێ کورد بەزۆر ناچار بکرێ ملکەچی دەسەڵاتی عەرەب بێ. بەڵام مەسەلەی ئەوەی کە ئاخۆ کورد ڕازییە مل بۆ دەسەڵاتی عەرەب کەچ بکات یان نەکات، ئەوە بۆخودی های کۆمیشنەر پرسی کۆکس هێڵدرابووەوە، چونکە یەکی لەبڕیارەکانی کۆنفڕانسی قاهیرە باسی لەوە کرووە کە های کۆمیشنەری بەریتانیا لە ئایندەدا مەسەلەی کورد لە عێراق تاوتوێ بکات.
دواتر مەسەلەکە بەوە گەشت کە چەرچڵ لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٢٢دا وازی لە وەزارەت هێناو کورسییەکەی خۆیشی لە ئەنجوومەنی گشتی لەدەست داو پارتی پارێزگاران لە بەریتانیا هاتە سەر کار. ئەمەش دەستی پرسی کۆکس و وڵسنی ئاوەڵا کرد بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکەیان کە هەر لە سەرەتاوە پێیان لەسەر دادەگرت و دەیانویست بەهۆیەوە کوردستان بەعێراقەوە بلکێنن.
لەکوردستانی باشور بەبێ باسکردنی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و عەسکەرییانەی کە تورکیا لە قۆناغی پێش کۆنگرەی لۆزانەوە بەخۆیەوە دیویەتی، کرۆکی ڕاستەقینەی سیاسەتی بەریتانیا لە هەمبەر کوردستانی باشور بە نوقستانی دەمێنێتەوە، بۆیە لێرەدا دەبێ باسی ئەو گۆڕانکاریانە بکەین.
سەرکەوتنە سیاسی و سوپاییەکانی تورکیای کەمالیست پاش ڕاگەیاندنی پەیمانی سیڤەر ببون بە مایەی لاوازبوونی هەڵوێستی بەریتانیا لە ناوچەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر، چونکە مستەفا کەمال توانیبووی ئیتاڵیا بێلایەن بکاو بۆئەم مەبەستە پەیمانێکی دوو قۆڵی لە ئازاری ١٩٢١دا لەگەڵیدا ئیمزا کردبوو. بەمجۆرە، یەکێ لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی بەریتانیا کە پەیمانی سیڤەری ئیمزا کردبوو، لە ململانێکە هاتە دەرێ. هەروەها لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢١دا حکومەتی ئەنکەرە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ فەرەنسا ئیمزا کرد، تیایدا تورکیا بەڵێنی دا کە مافی دەرهێنانی خەڵوزو ئاسن لە دۆڵی هارشید بدا بە فەڕەنسا قازانجەکەش بە نیوەیی بێ. لە بەرامبەردا فەڕەنسا کە یەکێ لەو دەوڵەتانە بوو کە پەیمانی سیڤەری واژۆ کردبوو، دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بوو کە پەیمانەکە لە باشووری ئەنادۆڵ دابووی بە فەڕەنسا. جگە لەوە فەڕەنسیەکان بڕێکی زۆری چەک و تفاقی جەنگیان پێشکەش بە هێزەکانی تورکیا کرد. ئەمەش یارمەتی ئەوەی دا کە تورکیا بتوانێ لە ئیزمیر یۆنانیەکان تێک بشکێنێ. جگە لەوە، سۆڤیەتەکانیش لەڕووی لۆجستی و دپلۆماسییەوە پشتگیریی مستەفا کەمالیان کردوو ڕێکەوتننامەی دۆستایەتی و هاوکارییان لەگەڵ حکومەتی ئەنکەرە گرێدا.
ئەم سەرکەوتنە دپلۆماسی و عەسکەرییانەی تورکیای کەمالیست بوونە مایەی پتەوکردنی پێگەی حکومەتی ئەنکەرە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو تەنگەژانەی کە تووشی تورکیا ببوون و هەروەها بوونە مایەی بەهێزبوونی تورکیا بەرامبەر بە بەریتانیا، جگە لەوەی کە ئەو سەرکەوتنانە بەریتانیایان بە تەنیا بەجێهێشت کە ئەمەش لە کۆتاییدا وایکرد بەریتانیا ناچار بێ پلانەکانی بگۆڕێت و سات و سەودا لەگەڵ تورکیای کەمالیستیدا بکات و دەستبەرداری پەیمانی سیڤەرو پرۆژە ستراتیجییەکانی دیکە ببێ.
مستەفا کەمال بەنۆرەی خۆی وای دەبینێ کە عێراق ئەڵقە لاوازەکەی بەریتانیایە لە سیاسەتی دەرەوەو ستراتیجەکەداو پێی وابوو پێویستە تورکیا هێرش بکاتە سەر ئەو ئەڵقە لاوازە. ئەمەش ئەو هەلەی بۆ تورکیا دابین دەکرد کە کارتی کوردستانی باشور بە قازانجی خۆی و بۆ لاوازکردنی بەریتانیا بەکاربهێنێ. لەم تێڕوانینەوە تورکیا هێزێکی ٢٠٠ سەربازیی بە سەرکردایەتیی میرالای عەلی شەفیق ئۆزدەمیر بۆ رەواندز نارد بەبیانوی پشتگیری کردنی کورد لەدژی بەریتانیا.
بەرامبەر بەم هاوکارییەی کورد – تورک، بەریتانیا هێزەکانی لە سلێمانی بەفڕۆکە کێشایەوە. بوونی هێزەکانی ئۆزدەمیر لە کوردستانی باشورو سەرکەوتنی ئۆزدەمیر لە هاندانی چەندەها خێڵی کورد لەدژی بەریتانیا، بووە مایەی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر مانەوەی بەریتانیا لە ناوچەکە. بۆیە بەرە بەرە بەریتانیا دەسەڵاتی لەدەستداو شارەکانی ڕانیەو قەڵادزێ و کۆیەو تەقتەق لەبن دەستی بەریتانیا دەرچون و وای لێهات کە هێزەکانی ئۆزدەمیر تەنها چل میل لە کەرکوکەوە دور بن، سەرباری کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە سلێمانی. بەریتانیا لێرەدا چووە سەر ئەو باوەڕەی کە تا شێخ مەحمود دورخراوە بێ. ناتوانێ دەست بەسەر ئەو ناوچە فراوانەدا بگرێ کە لە باکوری بەغداوە تا کفری و کەرکوک و هەولێر، سەرباری سلێمانی، درێژ بۆتەوە.
لە ئاکامی ئەم هەموو شکستە خێراو پێشبینینەکراو یەک لەدوای یەکەدا، پرسی کۆکس بەشێوەیەکی قوڵ کەوتە بیرکردنەوە لەوەی کە شێخ مەحمودی گیراو لە هیندستان، ئازاد بکات، چونکە لەو بڕوایەدا بوو کە بەرژەوەندیی بەریتانیا لەگێڕانەوەی شێخ مەحمود دایە بۆ ئەو ناوچانەی کە بەریتانیا دەستی بەسەریاندا ناشکێت چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەلایەک تورکەکان نەتوانن دەست بەسەر تەواوی دەڤەری سلێمانیدا بگرن و لەلایەکی تریشەوە وا دەکا بەریتانیا هیچ نەدۆڕێنێ چونکە لەو هەلومەرجەی ئەو کاتەدا ئەو ناوچانە لە بنەڕەتدا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا نەبون. سەرەڕای هەموو ئەمانە بەریتانیا دەیویست بەم کارە هەموو ئەو لایەنانە بەلای خۆیدا ڕاکێشێ کە داوایان دەکرد شێخ مەحمود ئازاد بکرێت، بەتایبەتی کە لەو سەردەمەدا هێزەکانی تورک لە ناوچەکە نەک شێخ مەحمود مایەی گێچەڵ و سەرئێشەو گرفت بوون بۆ بەریتانیا.
بۆیە بەریتانیا لە ١٣ی کانونی دووەمی ١٩٢٢ شێخ مەحمودی ئازاد کرد. شێخ مەحمود ساری بۆمبای لەهیندستان بەجێ هێشت و لەڕێی دەریاوە گەڕایەوەو لە ٣٠ی ئەیلول گەیشتە سلێمانی. بەڵام پێش ئەوە، لەبەغدا هەندێ وتووێژی لەگەڵ پێرسی کۆکس و شا فەیسەڵ کردبوو. لە ١٠ی تشرینی یەکەم ئەنجومەنێکی وەزیران لە سلێمانی پێک هێنراو شێخ مەحمود خۆی بەپاشای کوردستان ڕاگەیاند. هەرچەند شێخ مەحمود درکی بەوە کردبوو کە ئینگلیزەکان دەیانەوێ ڕۆڵی ژاندارم بگێڕێ بۆ دەرکردنی ئۆزدەمیر لە ڕەواندز و دەوروبەری، وەک باسی کردبوو بۆ یەکێ لە خزمەکانی، بەڵام نیاز و ئاواتەکانی شێخ مەحمود زۆر جیاواز بوون لە حەزو نیازەکانی ئینگلیز. ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) کە بەناوی شێخ مەحمودەوە دەدوا، لە ژمارە ١٠دا بەڕوونی گوزارشتی لە حەزو ئاواتەکانی شێخ مەحمود کردووە، کاتێک لە سەروتاردا بڵاوی کردۆتەوە کە کوردستان هەر سلێمانی نیە بەڵکو ئاکرێ و زاخۆو دهۆک و بارزان و ئامێدی و هەولێرو کەرکوک و کفریشە. کەواتە بیرکردنەوەی شێخ مەحمود تەواو جیاواز بووە لەبیرکردنەوەی ئینگلیز کە دەیانویست هەماهەنگی بکەن لەگەڵ شێخ مەحموددا بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانیان لەدژی تورک.
بۆیە شێخ مەحمود وای بەباش زانی کە لەناوەڕاستدا بێ. لەکاتێکدا کە شێخ مەحمود نامەی بۆ هێنری دوبس دەناردو وا خۆی نیشان دەدا کە دڵسۆزی بەریتانیایەو ڕقی لە تورکە، نامەی بۆ ئۆزدەمیریش دەنارد چونکە لەو بڕوایەدا بوو کە ئینگلیزەکان لە کۆتایدا هەر کوردستان بەجێ دێڵن و ئەوسا دەتوانێ لەژێر ئاڵای تورکدا حوکمی کوردستان بکات و لەو بڕوایەدا بوو کە دەرفەتی هەیە هەر یەکێ لەم دوو دەوڵەتە بەوی تر لاواز بکات.
بەریتانیا درکی بەم نیاز و مەرامەی شێخ مەحمود کردبوو، بەتایبەتی پاش ئەوەی چەردەیەک نامەی نهێنی چنگ کەوت کە ئۆزدەمیر بۆ سەرکردایەتیی خۆی لە تورکیا ناردبوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئۆزدەمیر ناردبووی، بەریتانییەکان زانیبویان کە شێخ مەحمود هیچ ئومێدێکی بەهاوکاریی لەگەڵ بەریتانیا نەماوەو بە ئوزدەمیری وتووە کە ئامادەیە هەموو شتێ بکا کە تورک داوای لێ دەکات ئەگەر هاتوو تورک توانی هێز بۆ ڕزگارکردنی هەموو کوردستان بە سنورە سروشتییەکەوە کەچیای حەمرینە ئامادە بکات.
ئەمەش بەڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شێخ مەحمود بەرە بەرە ئەو مەیلەی پەیدا کردبوو کە هەموو قورسایی خۆی بخاتە سەر هاوکاری کردن لەگەڵ تورکدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە شێخ مەحمود خوێندنەوەیەکی ناواقیعی بۆ ڕەوش و گۆڕانکارییە سیاسەییەکان هەبووە، وەک مامۆستا ڕەفیق حیلمی وتویەتی. دیارە ئەمەش هۆی خۆی هەبووە لەوانە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە شێخ مەحمود سێ ساڵ دوور بوو لە ناوچەکەو کاتێک بەریتانیا لەساڵی ١٩١٨ دەستبەرداری بوو و بەتەنها بەجێی هێشت تا ڕووبەڕوی تورک ببێتەوە دوچاری زۆر کێشەو گرفت ببوو، دەوروبەرەکەشی وایان تێگەیاندبوو کە ویلایەتی موسڵ ئەمڕۆ یان سبەی هەر بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی کە وەها دەهاتە بەرچاوی کە ئینگلیزەکان تا دێ لە هەموو شوێنێک شکست دێنن و خۆیان لەبەردەم هێزێکی بچوکی تورک ڕاناگرن.
ئینگلیزەکان بیروباوەڕیان وابوو کە شێخ مەحمود لەو شتانە پەشیمان بۆتەوە کە لەبەغدا لەگەڵ پرسی کۆکس و شا فەیسەڵ لەسەری ڕێککەوتبوو و هەر کە لە هیندستان لەزیندان ئازاد کراوەو گەیشتۆتە کەنگربان، پاش ئەوەی چاوی بەو حەشاماتە کەوتووە کە هاتبون بۆ پێشوازی لێ کردنی، یەکسەر ڕاوبۆچوونی خۆی گۆڕیوە.
دیارە نۆیڵ لە هەمووان زیاتر پەی بە مەترسیی زیادبوونی دەسەڵاتی تورک کردووە لە سلێمانی چونکە ئەو ماوەیەک ڕاوێژکاری شێخ مەحمود بووە پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە ئەیلولی ١٩٢٢داو هەروەها نوێنەری کوردستانی های کۆمیشنەری بەریتانیاش بووە. لەو ماوەیەدا زۆر هەوڵیدا بیر و بۆچوونەکانی شێخ مەحمود و هەریەک لە بەریتانیاو عێراق لێک نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەن بە خاڵی هاوبەش و دان بە شەرعیەتی حکومەتەکەی شێخ مەحموددا بنرێت بەڵام هەوڵەکەی بە ناکامی مایەوەو بەهۆی ئەمەوە بێ ئومێدی دایگرت، بۆیە سلێمانی بەجێ هێشت و جابمانی لەشوێنی خۆی دانا. جابمان بەپێچەوانەی نۆیلەوە پشودرێژ نەبوو. بۆیە پاش ئەوەی تەنگی پێ هەڵچنراو تورکخوازەکانی دەوروبەری شێخ مەحمود فشارێکی زۆریان بۆ هێنا، ئەویش سلێمانیی بەجێ هێشت بەبێ ئەوەی نیازی گەڕانەوەی هەبێ.
ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە چیدی بەریتانیا توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ شێخ مەحموددا نەماوەو ناتوانێ وەک فەرمانڕەوای دەڤەرێکی بەرین و ستراتیجی قبوڵی بکات. بەڵام وەک لەڕەوتی ڕوداوەکاندا دەردەکەوێت، بەریتانیا نەیدەتوانی لەو  کاتەدا بەیەک کەڕەت حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود لەناو ببات و هێزەکانی ئوزدەمیریش ڕاماڵێ، بۆیە کاری لەسەر ئەوە کرد کە کاتی دەست بکەوێت تاکو پێداویستییەکانی سەرکەوتنی لەشکرکێشی، بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەشێوەیەکی تایبەت، دەستەبەر بکات. بۆیە دەتوانرێ وەها تەماشای بەیاننامە هاوبەشەکەی بەریتانیا و عێراق بکرێ کە پێرسی کۆکس لە ٢٢ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ دەری کردووە، کە هەوڵێکە لەلایەن کۆکسەوە بۆ بەسەربردنی کات و هەروەها بۆ دەرهێنانی کارتی کورد لەدەستی تورک کۆ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنا.
بەیاننامەکە وەها باسی کردبوو کە بەریتانیاو حکومەتی عێراق دان بەوەدا دەنێن کە کوردی عێراق لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا مافی پێکهێنانی حکومەتیان هەیە. بەیاننامەکە داوای لەلایەنە کوردییەکان کردبوو نوێنەرانیان بۆ بەغدا بنێرن بۆ تاوتوێ کردنی ئەم مەسەلەیەو گفتوگۆکردن سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیاو حکومەتی عێراقدا.
بەیاننامەکە دەنگدانەوەیەکی باشی لەلای خەڵکی سلێمانی هەبوو، شیخ مەحمودیش پێی باش بوو، وەهاشی سەیر کرد کە ئەمە دەستپێشخەرییەکی باشە. هەر لەم بارەیەوە شاندێک ئامادە کرا تا بچێ بۆ بەغداو وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیاو حکومەتی عێراقدا بکا بەڵام کۆکس دژی ئەوە بوو چاوی بە شاندەکە بکەوێ گوایە شاندەکە تەنها نوێنەرایەتیی شێخ مەحمود دەکات، لەکاتێکدا بەیاننامەکە ڕووی دەمی لە هەموو کوردە، بۆیە دەبێ شاندەکە نوێنەری هەموو کوردی تێدا بێت.

هەنگاونان بەرەو شەڕ
هەموو ئامانجەکان ڕویان لەوە بوو کە بەریتانیا بڕیاری شەڕی داوە بۆ لەناوبردنی دووەم حکومەتی شێخ مەحمود پێش  ئەوەی ئەم حکومەتە هێز پەیدا بکات. لەم ڕوەوە بڕیار درا ڕۆڵە گەورەکە لەم ئەرکە بەهێزی ئاسمانیی بەریتانیا بدرێت.
بەریتانیا لەم بوارەدا گوێی نەداوەتە هیچ پەیمان و بەڵێن و بەیاننامە هاوبەش و ناهاوبەشەکان.
ئەدمۆندز ئاگاداری نیازە ڕاستەقینەکانی بەریتانیا بووە پاش دەرکردنی بەیاننامە هاوبەشەکەی بەریتانیا – عێراق و دەشیزانی بەریتانیا بڕیاری شەڕی داوەو هیچ کەس وەکو ئەو ڕەوشی تێڕوانینی بەریتانیای بەرامبەر بە کورد بەشێوەیەکی گشتی و شێخ مەحمود بەشێوەیەکی تایبەت دەرنەبڕیوە. ئەدمۆندز وتویەتی((کورد خەڵکانێکی قێزەونن و دەبێ پێیان بڵێم ئێوەو ناسیۆنالیزمەکەتان بە جەهەننەم. تا ئەو کاتەی تورک لە ناوچەکە دوور دەخرێنەوە، وا تەماشای سلێمانی دەکەم کە ماسییەکی لینجەو هەوڵی خۆ دەربازکردن دەدات، بۆیە دەبێ لەمامەڵەکردن لەگەڵیدا پشودرێژ بین تا دەیگرین و دەیخەینە ناو سەبەتەی عێراقەوە)).
ئەوەی کە زۆر سەیرە ئەوەیە کە ئەدمۆندز کە بەکورد دەڵێ قێزەون، دان بەوەدا دەنێ کە ئەو پێرسی کۆکسی هانداوە بەیاننامە هاوبەشەکە دەربکات بۆ ئەوەی لایەنگرە میانڕەوەکانی دەوروبەری شێخ مەحمود ڕازی بکات. ئەمەش پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ ئەو ڕایەی پێی وایە پێرسی کۆکس ئەوەندی کە ویستویەتی بۆ پڕوپاگەندە سود لە بەیاننامەکە وەرگرێ و کاتی پێ بکوژێ بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕ، ئەوەندە نەیویستووە بەیاننامەکە جێبەجێ بکات.
پێش ئەوەی بەریتانیا دەست بە شەڕ بکاتەوەو هێرش بکاتە سەر شێخ مەحمود، ئەدمۆندز لەشاری کەرکوک وتووێژی لەگەڵ شاندی کورددا کرد. شاندەکە هەڵوێستێکی توندی لەم وتووێژەدا نواندو سور بوو لەسەر ئەوەی کەدەبێ بەریتانیا دەستبەجێ دان بەوەدا بنێ کە شێخ مەحمود پاشای کوردستانێکی سەربەخۆو یەکگرتووە. ئەدمۆندز بەم چەشنە وەڵامی داوەتەوە:
١. ئەگەر حکومەتی سلێمانی دەستبەرداری سیاسەتەکەی خۆی نەبێ بەرامبەر بەحکومەتی عێراق، حکومەتی بەریتانیا بە مەحاڵی دەزانێ بتوانێ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سلێمانیدا بکات.
٢. پێویستە لەسەر کورد بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن کەڕازین با ماندێتی بەریتانیا.
٣. پێویستە لەسەر حکومەتی سلێمانی ڕێکەوتننامە ئابوری و سیاسەییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا واژۆ بکات.
٤. پرۆسەی لکاندنی هەر زەوییەکی تر بەمەملەکەتی سلێمانییەوە، دەبێ بەڕەزامەندی حکومەتی بەریتانیاو ڕەزامەندیی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێت.
ئەو مەرجانەی کە ئەدمۆندز خستویەتییە بەردەم شاندەکەی کورد کاکڵەی سیاسەتی بەریتانیان بە هەموو ڕەهەندو دوراییەکانییەوە لەو قۆناغەداو لەڕووی داڕشتنەوە جیاوازن لە بەیاننامە ئەنگلۆ-عێراقییەکەی پێرسی کۆکس چونکە ئەم مەرجانە بەڕاشکاوی باس لەوە ناکەن کە کورد مافی هەیە حکومەتێک لەچوارچێوەی عێراقدا پێک بێنێ وەک دەقی بەیاننامەی ناوبراو ئاماژەی پێکردووە.
بەیاننامە هاوبەشەکەو ئەم مەرجانە زادەی بیروبۆچونی ئەدمۆندزن و لە هەردوکیشیاندا جەخت کراوەتە سەر یەک خاڵی سیاسی ئەویش تەنگ هەڵچنینە بە حکومەتی شێخ مەحمود بەجۆرێک کە ئەم حکومەتە تەنها لە سلێمانی و دەوروبەری قەتیس بکرێت. لەڕاستیشدا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەو حکومەتە زۆر بچوکتر بوو لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی حکومەتی یەکەمی شێخ مەحمود.
جا لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەڵوێستی کۆتایی بەریتانیا وەک ئەدمۆندز لە مەرجەکانیدا دەری بڕیوەو لەنێوان هەڵوێستی شاندی کورد، وتووێژەکە بە بنبەست گەیشت و جگە لە شەڕ بەریتانیا هیچ ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدا نەما.
لە سەرەتادا کۆکس داوای لە شێخ مەحمود کرد بچێ بۆ بەغداو لەگەڵیدا کۆببێتەوە تاکو وتووێژ سەبارەت بە مەسەلەکانی  پەیوەست بە سلێمانی بکەن. شێخ داواکەی ڕەت کردەوە. بۆیە فڕۆکەکانی بەریتانیا لە کۆتایی شوباتی ساڵی ١٩٢٣ بەیاننامەی هەڵڕشتە سەر شاری سلێمانی، تێیدا داوایان کرد کەس ڕوبەڕوی هێزەکانی بەریتانیا نەبنەوە کە بەنیازن بچنە سلێمانی و ئەمن و ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ بگێڕنەوە .
لە بەیاننامەکەدا هەڕەشە لە شێخ مەحمود کرا کە بە زوترین کات خۆی و هێزەکانی، شار بەجێ بهێڵن. بە کردەوەش، فڕۆکەکان لە ٣ی ئازاری ١٩٢٣دا سلێمانییان بۆردومان کرد. شێخ مەحمود بە ناچارییەوە سلێمانی بەجێ هێشت بۆ ئەوەی دانیشتوانی شار زیانیان پێ نەگاو چووە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری سورداش.
دیارە شێخ مەحمود تا ئەو کاتە بە ئومێدی ئەوە بووە کە تورکیا فریای بکەوێ، بۆیە داوای لە نوێنەرەکەی خۆی کرد لە ڕەواندز، بکەوێتە وتووێژ لەگەڵ ئوزدەمیر تاکو لە ڕەواندزەوە بچێ بۆ ئەنکەرە بۆ وتووێژ لەگەڵ مستەفا کەمالدا لەم بارەیەوە. بەمجۆرە، ڕەفیق حلمی وەک نێردراوی شێخ مەحمود، چوو بۆ ئەنکەرە. شاندەکە لە ٢٨ی نیساندا چاوی بە سەرۆک وەزیران حسێن ڕەئوف بەگ کەوت و لە یەکی ئایاریش مستەفا کەمالی بینی. دواتر شاندەکە بە دەست بەتاڵی گەڕایەوە.
شاندەکە لە ئەنکەرە زۆر بە ساردو سڕی پێشوازیی لێکرا، ئەمە ئەگەر لەم بارەیەوە شتێک هەبێ پێی بگوترێ پێشوازی. ئەمەش بەڕوونی نیشانی دەدا کە بزوتنەوەی کەمالیست لە هەوڵەکانیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی کوردستانی باشورو لەسەروی هەموویانەوە شێخ مەحمود، تەنها مەبەستی ئەوە بووە چاوچنۆکییە جوگرافییەکان بەدی بێنێ کە بریتی بوون لە وەرگرتنەوەی ویلایەتی موسڵ وەک پەیمانی میللیی تورکیا ئاماژەی پێ کردووە، جگە لەوەی کە تورکیا لەو قۆناغەدا زۆر سەرقاڵی ئەو وتووێژە بووە لە کۆنفڕانسی لۆزان لە سویسرا لەگەڵ بەریتانیاو هاوپەیمانەکانی ئەنجامی داوە، زۆرتر لەوەی کە سەرقاڵ بێ بە بەکارهێنانی کارتی کوردستانی باشور. کۆنفڕانسەکەی لۆزان کە تورکیا زۆر پێوەی سەرقاڵ بوو، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٢ بەستراوە.
پێشکەش کردنی کۆمەکی لۆجستیکی بە شێخ مەحمودو سەرانی دیکەی کوردو سەرخێڵەکانی کوردستانی باشور لەلایەن بزوتنەوەی کەمالیستییەوە، دەبووە مایەی بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی ئەنکەرە لە وتووێژە لۆزان و لاوازکردنی پێگەی بەریتانیا لەو وتووێژەدا. ئەمەش یارمەتیی ئەوەی دەدا کە شاندی تورک زۆرێک لە داواو مەرجەکانی بەسەر کۆنفڕانسی لۆزاندا بسەپێنێ.
بەڵام سەرکەوتنی هێزەکانی بەریتانیا لە تێکشکاندنی هێزەکانی ئوزدەمیر لە ڕەواندزو ناوچەکانی دەوروبەری لە ٢٠ی نیسانی ١٩٢٣ داو ناچارکردنی ئوزدەمیر بۆ کشانەوە بە یەکجاری لەکوردستانی باشورو چونی هێزەکانی بەریتانیا بۆ ناو ڕەواندز لە ٢٢ی نیساندا، پێدەچێ وایان لە مستەفا کەمال کردبێ وەها بیر بکاتەوە کە مەسەلەی بەکارهێنانی کارتی کوردستانی باشور هیچ ئاکامێکی خوازراوی بەدی نایەت، بۆیە حکومەتی ئەنکەرە هیچ چەشنە یارمەتییەکی پێشکەش بە نوێنەرەکەی شێخ مەحمود نەکرد.
ئەوی ڕاستی بی، حکومەتی ئەنقەرە لە توانایدا نەبوو هیچ جۆرە یارمەتییەک پێشکەش بە بزوتنەوەی شێخ مەحمود بکات، چونکە بە چەندەها مەسەلە سەرقاڵ بوو وەک سەرقاڵبوونی بە سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکانی کوردستانی باکورو چونی بۆ لۆزان بۆ وتووێژکردن لەگەڵ هاوپەیماناندا. بۆیە مستەفا کەمال نەیویستووە کێشەیەکی تر بۆ خۆی لە کوردستانی باشور لەگەڵ بەریتانیا دروست بکا، چونکە لەو کاتەدا خەریکی وتووێژ بووە لەگەڵ بەریتانیا بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەوانە کێشەی ویلایەتی موسڵ .
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved