گەشەکردنی سەرمایەداری لە کوردستاندا
ئەم کتێبە لە نوسینی (فەرید ئەسەسەرد)ە کە لە ساڵی ٢٠١١ چاپ کراوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکایدیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران.
پەیامی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دۆزینەوەی تایبەتمەندییەک بوو لە پرۆسە مێژووکردەکەی هەرەسهێنانی دەرەبەگایەتی و پەیدابوونی سەرمایەداری لە کوردستاندا و لەم چوارچێوەیەدا میتۆدی لێکۆڵینەوەکە لە ناوەڕۆکدا تێکهەڵکێش بونێک لە نێوان بیری کوردستانیبوون وەک ئەنگێزەیەکی سیاسی و لە نێوان مارکسیزم وەک ئایدۆلۆژیای سیاسی دێنێتە کایەوە.
بەشی یەکەم
لە کۆمۆنی سەرەتاییەوە بەرەو دەرەبەگایەتی کۆچەر
پەڕینەوە بەرەو کۆمەڵی فرەچین
لە ڕەوتی پەرەسەندنی گشتی دا پەڕینەوە بەرەو کۆمەڵی فرەچین بە هەنگاوێکی مێژوویی دەژمێردرێ، بە ڕادەیەک کە ئەگەر ئەو پەڕینەوەیە نەبوایە- کە سەروی ویستی تاکە کەس بووەو بە پێی یاسای بابەتییانەی گشتی بەڕێوە چووە- مرۆڤایەتی نەیدەتوانی بگاتە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووە. لە سۆنگەی کۆمەڵێک هۆوە، شتێکی سروشتی بوو کە ئەم پەڕینەوەیە لە کوردستاندا کۆمەڵە روخسارێکی تایبەت بە خۆوە بگرێ، سەبارەت بەم مەسەلەیە زۆر مشتومڕ لە ئارادایە.
پەیدابوونی دەرەبەگایەتیی کۆچەر
ئاشکرایە کە بەر لەوەی خێڵە کۆچەرەکان پەنا بەرنە بەر بەخێوکردنی مەڕوماڵات و هەموو هەوڵ و تەقەلایەک بۆ کۆکردنەوەی ڕان و مێگەل و کۆنتڕۆڵ کردنی لەوەڕگاو سەرچاوەکانی ئاو بخەنە گەڕ، سامانی ئەو خێڵانە لە کەلوپەلی تایبەتی و پێویست بەولاوە هیچی تر نەبوو. لە ئەنجامی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و کۆنتڕۆڵ کردنی لەوەڕگاکاندا سامانێکی زۆر لە لای خێڵە کۆچەرەکان کۆبووە. لەو قۆناغەدا ماڵات رۆڵی دراوی دەبینی و ئاڵوگۆڕی پێ دەکرا.
بەشی دووەم
گەشەکردن و هەرەس هێنانی سیستمی دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا
سەرەتای وەرچەرخانی گەورەی میژوو
تا سەدەی دەیەم دەرەبەگایەتیی کۆچەر لە کوردستاندا بە شێوەی سەرەکیی دەرەبەگایەتی دادەنرێ. بەڵام پێش ئەم ڕێکەوتە پرۆسەیەکی ئەوپەڕی مەزن لە ساختمانی دانیشتواندا لە ئارادا بوو کە بە وەرچەرخانێکی یەکجار ڕەسەنی کۆمەڵ دەژمێردرێ. لە ڕوی بابەتییەوە جوتیاران تا ئەو کاتە بە شێوەیەکی تەواو جێگایان لەو سیستەمەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا نەبو کە مێژوو بۆی دیاری کردون و پەیوەندییان بە هۆکانی بەرهەمهێنانەوە بەو ئەندازەیە گەشەی نەکردبوو و دەورێکی گرنگیان لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کار نەبوو، بە واتایەکی تر جوتیاران تا ئەو کاتە چینێکی تایبەتیان پێک نەدەهێنا.
مارکس نوسیویەتی:
(( دەشێ شتێک بەهای بەکارهێنانی هەبێ بەبێ ئەوەی خۆی بەهای هەبێ. بۆیە شتی وا هەیە کە بەبێ دەستکاریی مرۆڤ کەڵکی بۆ ئادەمیزاد هەیە، هەوا، زەوی نەکێڵراو، لەوەڕگای سروشتی، ئەو درەختەی لەخۆیەوە دەڕوێ و شتی تری لەم بابەتە.
بۆ ئەوەی کاڵا بهێنرێتە بەرهەم پێویستە نەک تەنها بەهای بەکارهێنان بهێنرێتە دی بەڵکو ئەو بەهایەی بەکارهێنانیش بهێنرێتە بەرهەم کە کەسێکیتر بەکاری دێنێ)).
بەشی سێیەم
پەیدابوونی سەرمایەو دروست بونی بازاڕی ناوخۆ لە کوردستاندا
لە ((سەرمایە))دا مارکس ساغی کردەوە کە لە مێژوودا سەرمایەی بازرگانی و سەرمایەی سو پێش پەیدابونی سەرمایە بە شێوە سەرەکییەکەی پەیدا دەبێ (بەپێی یاسای کاڵا- دراو- کاڵا واتا فرۆشتن لە پێناو کڕین و دراو- کاڵا- دراو واتا کڕین لە پێناو فرۆشتن دا). لێرەدا بۆ ئەوەی بە وردی لە بازاڕی ناوخۆ بکۆڵینەوە دەبێ لە ئابووریی کاڵایی ساکارەوە دەست پێ بکەین چونکە ئابووری کاڵایی تەنها لە سایەی ئابووریی سەرمایەداریدا بە تەواوی هەموو لایەنێک کۆنتڕۆڵ دەکاو لە ئابووری کاڵاییەوە دەبێتە ئابووری سەرمایەداری بەڵام ئابووری کاڵایی ساکار خۆی لە خۆیدا بە بنچینەی پەیوەندیی سەرمایەداری دادەنرێ.
لەم بارەیەوە مارکس لە ((سەرمایە)) دا نوسیویەتی:
وەنەبێ دەست بڕین و دەرکردنی بەشێکی خەڵکی لادێ تەنها کرێکاران و هۆکانی ژیان و کاری ئەوان بۆ سەرمایەی پیشەسازی ئازاد بکا بەڵکو بازاڕی ناوخۆش دێنێتە کایەوە.
بەشی چوارەم
پەیدابوونی سەرمایەو سەرەتای بزوتنەوەی نەتەوایەتی
دەبێ ئەو یاسا گشتیەمان لە یاد نەچێت کە ئابووری کاڵایی بە ئابووری سەرمایەداری دادەنێ، واتا ئابووری کاڵایی لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەکردنیدا دەبێتە ئابووریی سەرمایەداری.
لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەکردنی سیستمی دەرەبەگایەتیدا، دەرەبەگایەتی دەبێتە گەورەترین کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەم هێنانداو پەیوەندیی بەرهەمهێنانی باوی ناو کۆمەڵگا دەبێتە پەیوەندییەکی کۆنەپەرست و رێگا لە هێزەکانی بەرهەم هێنان دەگرێ و نایەڵێ گەشە بکەن.
بەشی پێنجەم
گەشەکردنی سەرمایەداری و ئاکامە کۆمەڵایەتییەکانی
کاریگەریی سەرمایەداری لەسەر کوردستان زۆر قوڵ بوو. لە ناوخۆی هەر خێڵێک دابەشکردنێکی تازەی کار هاتە کایەوە. لە سەرێکی ترەوە کاریگەریی مەزنی سەرمایە لەسەر کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی بریتی بوو لە گۆڕانی شێوەی بەرهەم هێنان و ئەمە لە ڕوی مێژوییەوە دوو چینی کۆمەڵایەتی تازەی هێنایە کایەوە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە نوێیە (واتا سەرمایە) کارێکی وای کرد پرۆسەی وازهێنانی خێڵە کۆچەرەکان لە ژیانی کۆچەری خێراتر بەڕێوە بچێ و بەهۆی ئەمەوە نیشتەجێبوون پەرەی سەندو دێهات ئاوەدان کرایەوە و کشتوکاڵ وەک پیشەیەکی سەرەکی گەشەی کرد.