ئاین. فاشیزم. مەرگ
ئەم کتێبە یەکێکە لە نوسینەکانی (هاشم ساڵح)، (هەورامان وریا قانع) وەرگێڕانی بۆ کردووە لە زمانی عەرەبییەوە. یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک) کە لە ساڵی ٢٠٠٦ چاپ کراوە.
ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت لە بەشی یەکەمدا بە کورتی باسی هەندێت لە وتارەکانی دەکەین.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی چێژێکی ڕاستەقینە بە مرۆڤ دەبەخشێ. عاشقانی فەلسەفەو هەوادارانی بیرکردنەوەی قووڵ دوای خوێندنەوەی ئەم سەفەرە دوورودرێژە، کە لە "ئەرستۆ"و یۆنانەوە دەستپێدەکات تاکو دەگاتە ئەمڕۆ، بە تێپەڕین بە فەیلەسوفانی سەدەکانی ناوەڕاست وەک "ئیبن ڕوشد" و "تۆما ئەکیونی" پاشان فەیلەسوفانی مۆدێرنە لەگەڵ ڕاوەستانێکی زۆر لای "نیچە" بێهیواو نائومێد نابن. بێگومان ناتوانم لەسەر هەموو وێستگەکانی ئەم کتێبە گەورەیە ڕاوەستم، ئاماژە بە فیکرەی سەرەکی کتێبەکە دەدەم کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی کتێبەکەی گرتۆتەوە و بڕبڕەی پشتی کتێبەکە پێکدەهێنێت.
زۆر بە کورتی دەڵێم "لۆک ڤێری" دەیەوێ (ئاینێکی تازە) بۆ خۆرئاوا دامەزرێنێ! ڕاستتر دەیەوێ خۆرئاوا لە هەڵئاوسانی شارستانیەتەکەی ڕزگار بکات، ئەو دەزانێ خۆرئاوا ئەمڕۆ بەدەست قەیرانێکی ڕۆحی یاخود مەعنەوییەوە گرفتارە. خۆرئاوا لە ناوەوەی خۆیدا هەست بە بۆشاییەکی گەورە دەکات، بۆ دەربازبوونیش تەنها دوو چارەسەری لەبەردەمدایە، یەکەمیان ڕۆچوون و شۆڕبوونەوەی هەرچی زیاترە بە نێو فەلسەفەی ماتریالیزمی بەرخۆر تاکو دوا ئاست، وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی زۆری خەڵکی خۆرئاوا پێی هەڵدەستن و جێبەجێی دەکەن. ئیدی هیچ پرسیارێک سەبارەت بە مانای (بوون) ناخرێتەڕوو. چونکە (بوون) هیچ مانایەکی نییە تەنها تێرکردنی هەست و شەهوەتە مادییەکان نەبێت، لە خواردن و خواردنەوەو سێکس و گەمە و ڕابواردن زیاتر.
فەندەمینیتاڵیزمی تاریکبین و ئەو جەنگەی هەر دەبێ ڕوبدات
لە کاتێکدا کێشەی فەندەمینیتاڵیزم و فەندەمینیتاڵیست تەواوی جیهانی گرتۆتەوە، هیچ چارەیەکم نییە تەنها ئەوە نەبێت بە نێو زەمەندا ڕۆبچم و بگەڕێمەوە بۆ دواوە، تاکو بزانم ئەوروپا چۆن چۆنی کێشەی خۆی لەگەڵ فەندەمینیتاڵیزمی خۆیدا چارەسەرکردووە. من لە زۆر شوێنی دیکەدا وتوومە، بە تایبەتی لەسەر ڕوبەری ڕۆژنامەی (الالشرق الاوسط) کێشەی فەندەمینتاڵیزم (ئوسوڵیەت) شای کێشەکانە و دایکی هەموو کێشەکانیشە. ڕۆشنبیرانی عەرەب یاخود موسڵمان ناتوانن دەستنیشان و چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن تەنها دوای تێپەڕینی زەمەنێکی درێژنەبێت.
ئایا بە ڕاستی چوینەتە ناو سەردەمی جیهانگیری گەردونییەوە؟
لێرەوە دەکرێ یەکەم پێناسەی جیهانگیری ئاوا بکەین: (کورتکردنەوەی کات و ماوەکان بەهۆی تەکنەلۆژیای زانیاریی هۆیەکانی پەیوەندیکردن)، لەم لایەنەوە دەتوانین بڵێین ئێمە چوینەتە ناو سەدەیەکەوە کە پێشتر نەمانناسیوە. مانای یەکەمی جیهانگیری مانایەکی ئابوری و تەکنەلۆژی لەخۆگرتبوو، پێش ئەوەی بەم دواییانە بگۆڕدرێ بۆ مانای ڕۆشنبیری و سیاسی، بگرە بۆ ململانێی شارستانیەتەکان وەک ئەوەی دەیبینین! لە نەوەدەکانەوە بەهۆی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و وەرچەرخانی چین بەرەو بازاڕی ئابوری سەرمایەداری، گەرچی چین لەسەر ئاستی سیاسی هەر بە کۆمۆنیستی ماوەتەوە، بزاوتی جیهانگیری بەرەو پێشەوە ڕۆشت و بە وەرگرتنی چین لە ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی بازاڕی جیهان بە تەواوەتی یەکیگرت، هەروەها ڕوسیا و هەموو وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و ناوەڕاست ئەوانیش چونەتە پاڵ نمونە خۆرئاواییەکە.
ململانێی نێوان بیرلێکراو بیرلێنەکراو
ئەوە چ شتێکە کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان لە کۆمەڵگاکانی پێش مۆدێرنە جیادەکاتەوە؟ ئەوە لەمەی خوارەوە دەردەکەوێت:
لە کۆمەڵگای مۆدێرندا سنوری بیرلێکراو یاخود ئەوەی دەکرێ بیری لێبکرێتەوە بەردەوام لە زیادبوون و فراوان بوندایە، ئەمە لە کاتێکدا سنوری بیرلێنەکراو یاخود ئەوەی یاساغە بیری لێبکرێتەوە تابێت کەمدەبێتەوە و بۆ نزمترین ئاست بچوکدەبێتەوە. ئەمەش پێچەوانەی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتمانە کە تاکو ئێستا مۆدێرنەی بە خۆوە نەبینیوە.
گواستنەوە لە دینداریی توندڕەوەوە بۆ دینداری عەقڵانی
گواستنەوە لە قۆناغی ئاینداری توندڕەوەوە بۆ قۆناغی ئاینداری عەقڵانی یاخود ڕۆشنگەری زەحمەتەو ئاشتبونەوە لە نێوان ئیمان و عەقڵ لە گرنگترین دەستکەوتەکانی مۆدێرنەیە. لەم ڕووەوە سەردەمی ڕۆشنگەری بۆ دوو ڕەوتی گەورەی دژ بەیەک دابەش بووە، بەڵام ئەمانەت ئەوە دەخوازێ بڵێین دەستەی سێیەم کە کەمینەیەکیان پێکدەهێنا لە پاڵ ئەو دوو ڕەوتە گەورەیەدا هەبوون، ئەو دەستەیە فەیلەسوفانی ماتریالیزم بوون.
سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق... باشترین سیستمی سیاسییە لە جیهاندا
لەوانەیە عێراق بۆ دراوسێکانی و بۆ هەموو جیهانی عەرەبیش، بوبێتە تاقیگەیەک بۆ پێشکەوتن و موعاناتی داهێنان.
پێناسەی فیدڕالیەت بریتییە لە پرۆژەیەکی سیاسی هەوڵ دەدات لە ناو یەک دەوڵەتدا و لە نێوان دوو گروپ یاخود چەند گروپێکدا کە لە ڕووی زمان و ئاین و مەزهەبەوە لە یەکتر جیاوازن، تەوافوقێک دروست بکات. فیدڕاڵیەت هەوڵ دەدات قەناعەت بەم گروپانە بکات بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ یەکدا بژین، لە هەمان کاتدا ئەم گروپانە لێکدی جیادەکاتەوە نەبادا یەکێکیان دەستدرێژی بکات سەر ئەوی دیکەیان.
لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا باس لە ( ئەو شاعیرەی مرد تاکو شیعر بژی، شاعیرێک لەسەر لێواری شێتبون ژیا، رینیە ماریا ریلکە، نامەکانی ریللکە بۆ کچێکی هاوڕێی سەفەرەکانی).
لە وتاری یەکەمیدا باس لە ژیانی شاعر (ئارسەر رامبۆ) دەکات کە چۆن وازی لە شیعرەکانی هێناوەو ئەو فەیلەسوفانەش کە قسەیان لەسەر خۆی و شیعرەکانی کردووە.
لە بەشی دووەمی وتارەکەی باس لە شاعیری ئەڵمانی ( فردریک هۆڵدەرلین) دەکات.
لە بەشەکانی کۆتای وتارەکەی بە وردی باس لە ژیان و شیعرەکانی (ریلکە) دەکات. ل ٢٢٣ تا ل ٢٤٣.