نوسینی: برایان ماگە
وەرگێرانی لە سویدیەوە: عوسمان ڕەشید گورون
هەرە دێرینترین فەیلەسوفەکانی ڕۆژئاوا، ئەوانەی پێش سوکرات، تیوری مەزنیان دەربارەی جیهان هێنایە ئاراوە هەندێکیان هەڵە و نەگونجاو بەڵام هەندێکیان ئەوەندە ورد و قووڵ بوون، کە کاریگەرێتیان لە سەردەمی ئێستای ئێمەشدا بەردەوامە.
فەیلەسوفە یەکەمەکان، لە یەک کاتدا بەدوو جۆری کاریگەر و پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕابردوودا پچڕان. یەکەم ئەوەبوو کە بە پشت بەستن بە عەقڵ لەجیهان تێبگەن، نەک بە پەنا بردنە بەر ئایین و وەحی یان بە بیری توێژە سەردەستەکان، یان بە نەریت و تەقالیدی باو.کە ئەمەش لە خۆیدا شتێکی نوێ و یەکێک لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتی بوو. دووەمیان، ئەم فەیلەسوفانە بەجۆرێک قوتابیەکانیان فێرکرد کە عەقڵی خۆیان بەکاربهێنن و خۆیان بیربکەنەوە. بەلایانەوە مەرج نەبوو کە قوتابیەکانیان لە هەموو شتێکا کت و مت گوێڕایەڵیان بکەن. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هەوڵیان نەئەدا زانیاری سەردەمەکەیان بە پاکی و بێ دەستکاری بڵاوبکەنەوە، بەڵکو قوتابیەکانیان هان ئەدا بۆ گفتوگۆکردن و گەڕان بەدوای دەلیل و تاوتوێ کردن و داڕشتنی بیری تایبەتی خۆیان.
ئەم دوو هێڵەی پیشکەوتن لە ژیانی دەروونی مرۆڤدا، ئەم دوو لایەنە شۆڕشگێڕییە، لە یەکترییەوە زۆر نزیک بوون، هەر بۆیە بە یەکیشەوە هاتنە کایەوە. هەردووکیان ئێستا ئەو شتە پێکدێنن کە ئێمە ناوی دەبەین بە ((بیرکردنەوەی واقیعیانە)).
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەمانەدا، گڕوتینێکی بێ وێنە درا بە پلەی تێگەیشتنی زانیاری و تێگەیشتنی مرۆڤایەتی.
یەکەمین ڕۆشنفکرەکانی لەم شێوەیە لە ساڵانی ٥٠٠ پ.ز لە یۆنانی کۆندا سەریان هەڵداوە. تالیس دادەنرێت بە هەرە یەکەمیان. تالیس، پیاوێکی گریکی خەڵکی شاری (میلیتۆس)ی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) بوو. ئەم و ئەوانەی دوای ئەمیش بە پەیڕەوانی قوتابخانەی میلیس ناسراون، بە ناوی شارەکەیانەوە. نازانرێت تالیس کەی لەدایک بووە و کەی مردووە. بەڵام دەزانرێت کە ساڵانی ٥٨٠ پ.ز لە هەڕەتی کارکردنیدا بووە، زیرەکانە و بە دیقەت پێشبینی خۆرگیرانەکەی ساڵی ٥٨٥ی پ.ز کردوە. شارەزایەکی بلیمەت بووە لە دروستکردنی ڕێگاوبان و ئاودێری دا. لە کاتی هەستانی ڕوباری هیلاس دا توانیویەتی ئاوەکەی وا دابەش بکا کە مەلیک کریۆسۆس بتوانێ بەسەر ڕوبارەکەدا بپەڕێتەوە.
ئەسڵی شتەکان لە چی پێکهاتون؟
ئەو پرسیارەی، بە شێوەیەکی سەرەکی، تالیسی سەرقاڵ کردبوو، پرسیار بوو لە ئەسڵی شتەکان. جیهان لە چی پێکهاتووە؟ ئەم بەلایەوە وابوو کە دەبێت هەموو تەنەکان لەسەرەتادا لەیەک مادەوە پەیدابووبن. ئەمە لەڕاستیدا، وردبینییەکی سەرسوڕهێنەرە. ئێستا دەزانین کە ڕاستی بۆچووە. ئێستا دەزانین کە هەموو شتە ماتریالییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وزە. بەڵام ئەو کاتانە، تالیس نەیتوانیوە بگاتە ئەمەی کە دەشێ هەموو شتەکان ببن بە وزە.
چونکە ئەو زانستەی فیزیا کە ئەم تیۆرییە دەسەلمێنێ لەو سەردەمەدا پەیدا نەبووبوو. لەبری ئەوە تالیس گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی کە هەموو شتەکان لە بنەڕەتدا لەئاو دروست بوون بە حاڵەتە جۆر بە جۆرەکانییەوە. ئەیزانی کە ئاو لەپلەی نزمدا وەک بەرد ڕەق دەبێت و لە پلەی بەرزدا دەبێت بە هەوا. کە باران دەبارێ ڕووەک لە زەوییەوە، بەهۆی ئاوەوە گەشە دەکەن. کەواتە ئەوانیش ئاون لەشێوەیەکی تردا. هەموو زیندەوەرێک پێویستی بە ئاوێکی زۆر و بەردەوامە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی. (لە ڕاستیدا لەشی ئێمە لە ٪٦٠ی لەئاو پێکهاتووە. بە هەر لایەکدا بڕۆیت خاک بە دەریا کۆتایی دێت.
هەر لەبەر ئەمەش تالیس وایدەزانی کە زەوی لەسەر ئاو ڕاگیراوە و لە ئاو دروست بووە و هەروەها بریتییە لە ئاو. تالیس لەو باوەڕەدا بوو کە هەموو شتەکان لە بنەڕەتدا لە یەک شت دروست بوون بەڵام بە هەڵە ئاوی وەک یەکەم توخم هەڵبژارد. تالیس قوتابییەکی هەبوو کە ناوی ئەناکسیماندر بوو، ئەم ساڵی ٦١٥ پ.ز، لەشاری میلیتوس، لەدایک بووە و تا دەوروبەری ساڵی ٥٤٦ پ.ز ژیاوە. بەلای ئەمەوە وابوو، ئەگەر تالیس ڕاست ئەکات زەوی لەسەر دەریا ڕاوەستاوە، ئەوا ئەبێ دەریاش لەسەر شتێکی تر ڕاوەستابێت و... هتد. بێ کۆتایی. لێرەدا تووشی گێژاوێکی بێ کۆتایی دەبین. ئەناکسیماندر، بەم شێوە زیرەکانە ئەم گرفتەی نەهێشتووە، کە تەنێکی تەنیایە و لە فەزادا ڕاوەستاوەو بەهۆی نەگۆڕی دوورییەوە لە تەنەکانی ترەوە بۆ خۆی بەبێ هیچ هەڵگرێک ڕاوەستاوە. بیری بۆ خڕی زەوی نەدەچوو. بەڵکو بەلایەوە زەوی تەخت و پان بووە. وایدەزانی شێوەی زەوی وەک سلندەر وایە. زەوی لەسەر هیچ شتێک ڕانەگیراوە. بۆیە لە شوێنی خۆیدایە، چونکە بەردەوام هەمان دووری هەیە لە تەنەکانی ترەوە. شێوەکەی وەک دەهۆڵ وایە - ئێمە لەسەر ڕوویەکیان دەژین و ڕووەکەی تریشی بەرامبەری ئەوەی ئێمەیە.
قوتابییەکی ئەناکسیماندر، کە ناوی ئەناکسیمانس بوو ئەم تیورییەی پێ هەرس نەکرا. بۆیە بەلای ئەمەوە گومانی تیا نەبووە کە زەوی تەختە و دەبێت لەسەر شتێک ڕاگیرابێت. ئەو شتەش بەلای ئەمەوە هەوا بووە. وەک چۆن سەرقاپی مەنجەڵ لەکاتی ئاو کوڵاندندا بەسەر مەنجەڵەکەوە، بەهۆی هەڵمەکەوە جار جارە بەرز دەبێتەوە، زەویش ئاوا بەسەر هەواوەیە.
بۆ چەندەها نەوەی دوای خۆیان، ئەناکسیمانس زیاتر لە ئەناکسیماندر جێگای ڕێز بووە و پەیڕەوی کراوە. واتە خاوەن بیر هەبووە کە تیۆرییەکەی (ئەناکسیمانس)یان کردووە بە خاڵی سەرەکیی بیرکردنەوەیان. هەرچەندە پێش ئەو فەیلەسوفێکی تر گەیشتۆتە شتێکی گەلێک چاکتر. زۆرجار لە فەلسەفەدا شتی وا ڕوویداوە. فەلسەفە لەسەر هێڵی ڕاست بەرەو پێشەوە ناچێ. بەڵکو ئەوترێ دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و هەنگاوێک بۆ دواوە دەڕوات. ئەگەر ئێستا ئێمە لە یەکێ لەو قۆناغانەدا بین کە هەنگاوە بەرەو دواوەکەبێت، ئەوا دەتوانین لە مێژووەوە وانەی باش وەربگرین.
ڕێگای هەوراز ڕێگای نشێویشە
یەکێ لەهەرە فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی میلیسی یەکان هیراکلیتوسە. کە خەڵکی شاری ئەفیسۆس بوو. ئەم شارەش لەسەر هەمان کەنار بوو وەک شاری میلیتۆس. ئەم لە کۆتایی ساڵانی ٥٠٠ پ.ز دا چالاک بووە. ئەم بەهۆی دوو بیرۆکەوە بەناوبانگ بووە. کە هەردووکیان کاریگەری زۆریان هەبووە.
یەکەمیان، یەکێتی دژ بە یەکەکان بووە. ئەم وتوویەتی کە ڕێگای بەرەو لوتکەی چیایەک و ڕێگای شۆڕبوونەوە لەو لوتکەیەوە، دوو ڕێگای جیاواز نین، بەڵکو یەک ڕێگان. هیراکلیتوس بە گەنجی و هیراکلیتوس بە پیری، دوو مرۆڤی جیاواز نین، بەڵکو هەمان مرۆڤە. ئەگەر هاوڕێی سەر مێزەکەت وتی شوشەی شەرابەکەت نیوە پڕە و تۆش وتت نا، نیوەی بەتاڵە. ئەوا تۆ دژی قسەکەی ئەونیت، بەڵکو هەمان قسە دەکەن. هەموو شتێک، بەلای (هیراکلیتوس)ەوە، یەک یەکە پێک دەهێنن لەدژەکان. کەواتە جەنگ و دژەکەی لە یەکگرتنیاندا دەبنە هۆی دروست بوون و بنیات نانی جیهان. ئەگەر بمانەوێ خۆمان لە دژەکان ڕزگار بکەین، ئەوا لە واقیع دوور دەکەوینەوە. ئەمە لە هەمان کاتدا، ئەوە دەگەیەنێ کە واقیع سروشتێکی نائارامی هەیە و هەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەمەش دووەم بیرۆکەیە، کە بۆ هەمیشە بە ناوی هیراکلیتۆسەوە ناو دەبرێت: ((هەموو شتێک لە بزووتنەوەدایە)). هیچ شتێک لەم جیهانەی ئێمەدا بوونێکی سادە و نەگۆڕی نییە، هەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە. هەموو شتێک بە شێوەی جۆراو جۆر دروست دەبن و هەرگیز لە دوو چرکەی یەک بە دوای یەکدا لە یەک ناچن. ئەمە تا ئەو کاتەی بوونیان نامێنێ.
مرۆڤ لەیەک بەرگدا نیە، بەردەوام لە گۆڕاندایە. هەموو شتێکی ئەم گەردوونەش هەر وایە. ڕەنگە گەردوون خۆشی هەر وابێت. ئەوەی ئێمە وەک ((شت)) بیریان لێ دەکەینەوە، لەڕاستی دا هەرگیز، شتێکی نەگۆڕ نیە، بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. هیراکلیتۆس ئەمانەی بە هەڵم چواندووە. هەڵم لەوە ئەچێ کە شتێک بێت. بەڵام وا نییە، بەڵکو هەڵم حاڵەتێکە کە ئاو پیاتێپەڕ ئەبێ. ئەمە بیرێکی قووڵە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مایەی نیگەرانی نییە. مرۆڤ هەمیشە هەوڵی داوە کە شتێکی نەگۆڕ بدۆزێتەوە تا بڕوای پێ بکات. شتێکی خۆڕاگر، کە بمێنێ و گوم نەبێت. هیراکلیتوس پێمان دەڵێت شتێکی لەم بابەتە بوونی نییە. گۆڕان ئەو یاسایەیە کە بەسەر ژیان و جیهاندا زاڵە. دەستەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە و ئێمە هەرگیز ناتوانین لە دەستی دەرباز بین.
ژمارە کلیلە:
ڕەنگە هەرە بەناوبانگترین فەیلەسوفی پێش سوکرات. کە لە هیراکلیتوسیش بەناوبانگتربێ، فیتاگۆرس بێ. ئەم لە ساموس لەدایک بووە. کە دوورگەیەکە بەرامبەر ئەو کەنارانەی کە هەموو ئەو فەیلەسوفانەی لێ ژیاون کە تا ئێستا باسمان کردون. ئەم لە ساڵی ٥٧٠ پ.ز تا ساڵی ٤٩٧ پ.ز ژیاوە. لە زۆر بواردا بلیمەت بووە. یەکێک لەو بوارانە ماتماتیک بووە. زۆر لە ئێمە لە قوتابخانە فێری تیۆری فیتاگۆرس بووە. ئەم یەکەمجار بیرۆکەی پێوانی چوارگۆشە و شەش لای هێنایە ئاراوە و زانستی جیومیتری بەکارهێنا. یەکەم جار لە وانەکانی ئەمدا وشەی (تیۆری) ئەو مانا ناسراوەی خۆی وەرگرت. باوەڕیش وایە کە وشەی ((فەلسەفە)) ئەم دایهێناوە. هەر ئەمیش یەکەمجار وشەی ((کۆسمۆس))ی بە مانای گەردون بەکارهێناوە. کاریگەری تایبەتی ئەم چەندەها نەوە دوای خۆشی هەر بەردەوام بووە.
فیتاگۆرس یەکەم خاوەن بیری گەورەیە کە ماتماتیکی گرێدا بە فەلسەفەوە. کە ئەمەش یەکێک بووە لەو بیرۆکە هەرە بەرهەمدارانەی کە مرۆڤایەتی لە مێژووی خۆیدا دەستی کەوتووە. لەسەردەمی ئەوەوە، تا ئێستا، ماتماتیک پەیوەندییەکی دوولایەنی (موتوربەکراو)ی لەگەڵ فەلسەفە و زانستی سروشتی دا گەشە پێدراوە. هەندێکیش لە فەیلەسوفە هەرە گەورەکان، زانای ماتماتیکیش بوون. بۆ نموونە دیکارت تەنیا دیاگرامی نەدۆزیەوە، بەڵکو هەموو شیکاری جیومەتری دۆزییەوە هەروەها لایبنیز (Leibniz) پەرەی بە ماتماتیک دا بۆ ڕووبەر پێوان ئەمە تەنیا دوو نموونەیە. ئێمە ئێستا دەزانین کە ماتماتیک ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە زانیاریەکانماندا دەربارەی جیهان. ئەو ڕاستییەی کە دەڵێت کۆسمۆس لە هەموو ئاستەکانیدا، لە دوورترین مەجەڕەوە تا ناو ئەتۆمێکی تەنیا، دەکرێ بە ماتماتیک باسی لێوە بکرێ، ئەوەندە ئێمە پێی ئاشناین کە مەترسی ئەوە هەیە بەبێ گومانلێکردن قبوڵی بکەین. کە ئەم ڕاستییە خۆی لە واقیعدا ئەوەندە ڕوون و ئاشکرا نییە. بەڵکو زۆر جێی سەرسوڕمانە هەر ئەمەش وایکردوە کە هەندێک لە زانایان، وەک ئاینشتاین، بڕوایان وابێت کە جۆرە هێزێکی ئاقڵ دەستی لە گەردووندا هەبێ. گەرچی مەرجیش نیە ئەم هێزە ئەو خوا تەقلیدییەی ناو ئایینەکانی جولەکە و مەسیحی بێت.
فیتاگۆرس بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەنجامە فەلسەفیەکانی بیری خۆی بەکارهێناوە. بەڵام لەبەرئەوەی هەرە زۆری بیرۆکە گرنگەکانی ئەم لەلایەن پلاتۆنەوە پەرەیان پێدراوە، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە چاوەڕێ ئەکەین تا ئەگەینە سەر ئەو بەشەی تەرخانکراوە بۆ پلاتۆن.
ئێمە دروستکەری زانیارییەکانین
یەکێک لە فەیلەسوفە هەرە سەرنج ڕاکێشەرەکانی پێش سەردەمی سوکرات (ئەکسینوفانس)ە. ئەو لە کۆتاییەکانی ساڵانی (٥٠٠)ی پ.ز، چالاک بووە. ئەمیش وەک فیتاگۆرس خەڵکی کەناری کۆلۆفون بووە. کە لەئاسیای بچوکەوە سەر بە یۆنان بووە. بەڵام زۆربەی ژیانی لەباشوری ئیتاڵیا بەسەر بردووە. باوەڕم وایە، کە ئەم بەشێوەیەکی زۆر ورد و قووڵ گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە چۆنیەتی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ شتەکان، تەنانەت بۆ ئەوەش کە بە زانست ناوی دەبەین، لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە دروست دەبێت. بە فێربوونی بەردەوام و گۆڕینی بیرۆکەکانمان لەبەر ڕۆشنایی ئەو شتانەی کە فێریان دەبین، دەتوانین لە ڕاستەقینە نزیک ببینەوە. بەڵام بیرۆکەکان هەردەم، هەر هی خۆمانن و خۆمان بەرهەممان هێناون و هەردەمیش جۆرە خەمڵاندنێک یا تەخمین کردنێک لە بیرۆکەکانماندا هەیە.
ئەکسیۆفانس وتویەتی:
هیچ مرۆڤێک نەگەیشتووە بە ڕاستەقینەی تەواو،هیچ مرۆڤێکیش لە داهاتوودا پێی ناگات. چ سەبارەت بە بوونی خواوەندەکان چ سەبارەت بەو هەموو بابەتانەی من باسیان دەکەم ئەگەر بە ڕێکەوتیش ئەو ڕاستییە بە زمانیاندا بێت خۆی هەستی پێ ناکات. هەموو وەک پرچ لە بۆچوون هۆنراوەتەوە. لە باسی خواوەند و پەرستراوەکاندا، ئەکسیۆفانس زۆر بیر ڕوون و تەنانەت بیر تیژیش بووە.
حەبەشییەکان دەڵێن گوایە خواوەندەکانیان لووت پان و ڕەش پێستن. بەڵام تراکیەکان (خەڵکی تراقیا) ئەڵێن ئەوانەی ئەمان چاوشین و قژ سوورن.
ئەگەر گاجووت، یان ئەسپ یان شێر دەستیان هەبوایە و توانای وێنەکێشان و پەیکەر تاشینیان هەبوایە، وەک مرۆڤ، ئەوا ئەسپ وێنەی خواوەندەکانی خۆیان وەک ئەسپ دەکێشا و گاجووتەکان وەک گاجووت و هەروەها هەرچی بونەوەر هەیە لەسەر شێوە و ڕوخساری خۆی وێنەی خواوەندەکانی خۆیان دەنەخشاند.
لەلایەن کارل پۆپەرەوە، ئەکسیۆفانس تەرجومەکراوە بۆ ئینگلیزی. ئەو بیرۆکەی کە گوایە هەموو زانیارییە زانستییەکانمان لە ڕاستیدا تەنیا مەزندەیە و هەمیشە، لە پڕەنسیپدا، ئەتوانین لەگەڵ شتی تری نزیکتر لە ڕاستییەوە ئاڵوگۆڕیان بکەین. کرۆکی فەلسەفەی پۆپەر پێکدەهێنێ. بەلای پۆپەرەوە، ئەکسینۆفانس یەکەم کەسە کە ئەم تەعبیرەی دەربڕیوە. باو وایە کە پارمەندیس. ئەو فەیلەسوفەی لەمەودوا باسی ئەکەین بە قوتابی ئەکسینۆفانس ناو دەبرێت. ئەم لەنیوەی یەکەمی ساڵانی ٤٠٠ پ.ز ژیاوە. ئەم یەکەم ئەڵقەی پەیوەندیمان بۆ دروست دەکات لەگەڵ سوکرات دا. پلاتۆن لە یەکێ لە دیالۆگەکانیدا باسی (پارمەندیس)مان بۆ ئەکات. کە وەک پیرە پیاوێک، لەگەڵ زینونی قوتابی پارمەندیس، وەک پیاوێکی تەمەن مام ناوەندی و سوکراتی لاو دەگەنە یەک بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفیانە. کە لێرەدا هەم سوکرات و هەم پلاتۆن راشکاوانە پێیان وابوو کە زۆر شت لە پارمەندیسەوە فێربوون.
هەموو شتێک یەک شتە
بەلای پارمەندیسەوە، کارێکی ناکۆکە، گەر بگوترێ نەبوون بوونی هەیە. ئەم دەڵێت هەرگیز نەبوون بوونی نەبووە. هەر لەبەرئەوەش ڕاست نییە بگوترێ هەموو شتێک، تەنانەت یەک شتیش لە هیچەوە دروست بووە. دەبێت هەموو شتێک هەموو کاتێک هەر هەبووبێت. هەر بەهەمان شێوە ناکرێ شتێک ببێت بە نا – شت. کەواتە هەموو شتەکان نەک تەنیا بێ سەرەتا و بێ کۆتایین، بەڵکو ئەوا هەتا هەتایین و ناتوانرێ لەناو بچن. دیسان بەهەمان شێوە هیچ کون و کەلەبەرێک لە حەقیقەت یان واقیعدا نیە کە جێگای نەبوونی تیا ببێتەوە، واقیع دەبێت خۆی لە خۆیدا یەک پارچە بێت. هەموو گەردون دەبێت چڕوپڕبێت. کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەک یەک یەکە تەماشای گەردون بکرێت. یەکەیەکی نەگۆڕ. هەموو هەر یەکە. ئەوەش کە وەک گۆڕانکاری یان بزوتن خۆی دەنوێنێ ئەو ئاڵوگۆڕانەن کە لە سیستەمێکی داخراودا ڕوو دەدەن. ڕەنگە ئەمە بیروبۆچونێکی سەر سورهێنەربێ. بەڵام کاریگەر بووە هەر وەک ئەو دوو تیورییە زانستیانەی سەبارەت بە گەردون نیوتن ساڵانی ١٦٠٠ و ئینیشتاین ساڵانی ١٩٠٠ پەرەیان پێدا. کە ئەم جۆرە تێڕوانینانەش بۆ گەردون، پارمەندیسمان بیردەخاتەوە. لە لایەکەوە قەدەر دیاریکرابوو. لەوە دەچوو هەموو شتێک بڕیاری لەسەر درابێت و زەرووری بێت. لەلایەکی تریشەوە باوەڕ وابوو کە تەنیا لە گۆشە نیگای (زات)ی هەستدارەوە ((ئێستا)) بوونی هەبێت. لەڕووی مەوزوعییەوە هەموو ساتەکانی کات وەک یەک گرنگن. کاتێک دووان لە هەرە خاوەن فیکرە گەورەکانی سەدەی بیستەم دەربارەی ئەم باسە گفتوگۆ دەکەن. ناوی پارمەندیس دێتە ناو ناوانەوە. ئەم دوو کەسەش ئاینشتاین و پۆپەر بوون. پۆپەر دواتر لە یادەوەریەکانی خۆیدا (Quest unending) (یادەوەریەکانی ڕوناکبیرێک) دەربارەی ئەو گفتوگۆیە نووسیویەتی: من هەوڵم دا کە ئەو دەستبەرداری ئەو بیرە بێت کە هەموو شتێک لە سەرەتاوە بڕیاری لەسەر درابێت، کە وای بۆ دەچوو جیهان چوار بوعدی بێت و گەردوون وەک پارمەندیس باسی کردوە. واتە یەکێتی گەردوون. کە هەموو گۆڕانەکانی ناوی بە تایبەتی گۆڕانکارییە نزیکەکان هەر لە خەیاڵی مرۆڤدا بوونیان هەبێت و لە شێوەی سەراب دابن. ئەو سەلماندی کە بەو شێوەیە بیردەکاتەوە. کە گفتوگۆمان لەسەر کرد، پێمگوت (پارمەندیس). ئەمە دەلیلێکی زۆر ئاشکرایە کە بیری پارمەندیس هێزیکی تایبەتی و کاریگەری مەزنی هەیە لە ژیانی خاوەن بیرەکانی کۆن و سەردەمی ئێمەشدا.
چوار مادە بنەڕەتیەکان
دیارترین کەسایەتی فەلسەفەی پێش سوکرات، ئەمپیدوکلیس بووە کە لەنیوەی یەکەمی ساڵانی ٤٠٠پ.ز ژیاوە. سەرکردەیەکی سیاسی دیموکراتخواز بووە. بە بێگومان سەرکردەیەکی جەماوەری بووە. وەک باسدەکرێت توانایەکی سەیری هەبووە. هەروەها مردنێکی سەیریش. خۆی خۆی فڕێدراوەتە ناو دەمی بورکانی ئێتنا. کە ئەمەش میلودراماترین مەرگە تا ئێستا فەیلەسوفێک دووجاری بوبێت.
ناکۆک بە پارمەندیس. ئەمپیدوکلیس هەوڵی داوە داکۆکی و بەرگری بکات لەبوونی واقیع و حەقیقەت و جۆراوجۆری و بەردەوام گۆڕانکاری زانیارییە هەستەکییەکان. لە هەمان کاتیشدا، لە هەندێ خاڵدا هەقی داوە بە پارمەندیس. ئەمیش لەسەر ئەو بیروباوەڕە بوو کە مادە لە هیچەوە پەیدا نابێت و ناتوانرێ لە حاڵەتی بوونەوە بگوێزرێتەوە بۆ حاڵەتی نەبوون. بەڵام ئەم پێی وابووە کە بنەڕەتی هەموو جۆرەکانی ماددە لە چوار توخمی سەرەکییەوە دروستبوون کە نەگۆڕو هەتا هەتایین. ئەم چوار ماددە بنەڕەتیش بریتییە لە خاک، ئاو، هەواو ئاگر (خۆرو تیشکی ئەستێرەکانی ئاسمان لە ئاگرن).
ئەم بۆچوونەی سەبارەت بە چوار ماددەی بنەڕەتی لەلایەن ئەرستۆتالیسەوە سوودی لێوەرگیراوەو تا سەردەمی ڕێنسانس ڕۆڵێکی گرنگی لەفیکری ڕۆژئاوایی دا بینیوە. لەڕاستیدا تا ئێستاش زۆرجار، لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییدا ئاماژەمان پێدەکرێ. گروپی ئەتۆمیەکان، یەکێکن لەو گروپانەی زۆر بیر دەوڵەمەند بوون، لە سەردەمی پێش سوکرات دا. بەناوبانگترین خاوەن بیری ئەم گروپە، دوو کەسن. لیوکیپۆس و دیموکریتیس. لیوکیپۆس خاوەنی ئەو بیرە بنەڕەتییەیە کە ئەڵێت هەموو شتێک لە ئەتۆم پێکهاتووەو ئەتۆم ئەوەندە بچووکە کە ناتوانێ بەچاو ببینرێ و تەنانەت ناشتوانرێ کەرت بکرێ بۆ پارچەی بچوکتر. وشەی ئەتۆم وشەیەکی گریکییە بە واتای (کەرت ناکرێ). هەروەها لیوکیپۆس وتویەتی: هەر ئەتۆم و بۆشایی بوونیان هەیە. هەموو شێوەکانی تری شتەکان پێکهاتەی ئەتۆمن لەناو بۆشاییدا. ئەتۆمەکان هەر هەبوون، دروست نەکراون و لەناو ناچن. هەموو گۆڕانکارییەکانی جیهانیش تەنیا گۆڕینی حاڵەتی شێوە یان شوێنی ئەتۆمەکانە. ئەم شیکردنەوەیەی ئەم و دیموکریتس بە ئاشکرا پێویستی بە دیاریکردنی هۆکارەکان بووە. جارێکیان دیموکریتس گوتویەتی کە بۆ من دۆزینەوەی یەک هۆکار لەوە خۆشترە کە بکرێم بە شای فارس، بیرۆکەیەکی سەرەکی تری ئەمان ئەوە بووە کە گەردوون یەک پارچە نییە وەک پارمەندیس بۆی چووە، بەڵکو چەندەها یەکەی بەش بەشە.
باوەڕ وایە کە ئەم دوو خاوەن فیکرە، پێکەوە بەردی بناغەی فیزیای ئەتۆیان دانابێت. کارو بەرهەماکانیان جێگای سەرسوڕمانە. ئێمە نابێت بە هەڵەدا بچین و هەموو ئەو گەشەپێدانەی بەسەر بیرۆکەکاندا هاتووە بەناوی ئەمانەوە تۆماریان بکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەبێ بزانین کە ئەمان خاوەن بیرۆکەی ڕەسەن و وردو قووڵ بوون سەبارەت بە تێگەیشتنیان لە جیهان.
گواستنەوەی فەلسەفە بۆ ئەتین
ئەمەی پێشوو، گەشتێک بوو بەناو دەستەیەکی هەڵبژاردە لە خاوەن بیرە سەرنج ڕاکێش و گرنگەکانی سەردەمی پێش سوکرات. ئەمەش بەهیچ جۆرێک هەمویانی نەگرتۆتەوە، یەنیا باسمان لە هەرە بەناوبانگەکانیان کردووە. گەلێکی تریش ماون کە ماوە نەبووە بایان لێبکەین. وەک ئەناکساگۆراس کە فەلسەفەی گواستەوە بۆ ناو شاری ئەتین. هەروەها پرۆتاگۆراس، کە تا ئەم سەردەمەی ئێمەش زۆر گوتەکەی ئەو (مرۆڤ پێوانەی هەموو شتێکە) وەک نموونە دەهێنرێتەوە.
ئەگەر ئێمە وەک یەک پارچە تەماشای فەلسەفەی پێش پرۆتاگۆراس بکەین، ئەوا دەبینین کە ئەمان هەر هەموویان لە خاڵێکی گشتیدا بەیەک دەگەن. ئەمان یەکەم، پێس هەموو شتێک، بەشێوەیەکی سەرەکی تواناکانیان خستبووە گەڕ بۆ تێگەیشتن لە سروشتی جیهانی دەوروبەرمان. نەک تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ، لەڕاستیدا گومان هەیە کە ئەوان بیریان لە سروشتی مرۆڤ کردبێتەوە. دووەم خاڵی هاوبەشیش ئەوە بووە کە ئەمان بێ وچان، جەسورانە تیۆری گەورە گەورەیان داناوە، چونکە ئەمان یەکەم بوون لەم جۆرە بیرکردنەوەیاندا. زۆرجار تیۆریەکانیان وەک نامەعقول و ئاڵۆسکاو بوون. بەلام جێی سەرسوڕمانە، کە لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەمان خاوەنی چاندین بیرۆکەی باش بوون، ئەو بیرۆکانەی کە دواتر بەریان هەبوو. لە پرۆسەی گەشەکردندا، لە هەوڵدانی دواتری ئێمەی مرۆڤ لە سەدان ساڵدا بۆ تێگەیشتن لەو جیهانەی تیایدا دەژین.
ئەکیلیس و کیسەڵەکە
یەکێک لە قوتابیەکانی پارمەندیس، کە لاوێکی زیرەک و بیرتیژ بووە، ناوی زینۆن بوو. کە بە زینۆنی ئیلیایی ناسراوە، بۆ جیاکردنەوەی لە دامەزرێنەری ڕێبازی ستۆیزم کە ناوی زینۆنی کیتیۆنی بووە. ئەم زینۆنی ئیلیایە پسپۆر بووە لەبواری هێنانە پێشەوەی ئەو پرسیارانەی کە لەهەمان کاتدا دەکرێ بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ وەڵام بدرێنەوە، هەندێک لەم پرسیارانە لەو سەردەمەوە تا ئێستاش بوون بە مایەی سەرئێشە بۆ مرۆڤ.
یەکێک لەم پارادۆکسانە دەربارەی ئەکیلیس و کیسەڵەکەیە. کە گوایە لەگەڵ یەکتری پێشبڕکێی ڕاکردن دەکەن. لەبەرئەوەی ئەکیلیس دەتوانێ زۆر خێراتر لە کیسەڵەکە ڕابکات، کەواتە ماوەیەکی زۆر پێش دەکەوێت و بەجێی دەهێڵێ. لێرەوە زینۆن دەڵێت: ئا، بەڵام کە ئەکیلیس دێتە سەر هێڵی دەستپێکردنی پێشبڕکێ لەگەڵ کیسەڵەکەدا، لەو چرکە ساتەدا کیسەڵەکە فریای ئەوە کەوتووە هێڵەکە تێپەڕێنێت. کە ئەکیلیس جێی خۆی دەگۆڕێت و دەچێتە تەنیشت کیسەڵەکەوە، لێرەشدا کیسەڵەکە ناوەستێ و کەمێکی تریشی پێش ئەکیلیس دەکەوێتەوەو هەروەها بەم جۆرە ..بەبێ کۆتایی.. ئەکیلیس هەرگیز ناتوانێ بە کیسەڵەکە بگاتەوە، چونکە هەموو جارێک کە ئەم هەڵوێستەیەک دەکات بۆ دیاریکردنی هێڵی دەستپێکردنی پێشبڕکێکە، کیسەڵەکە هەر لە جوڵەدایە، گەرچی زۆر کەمیش بێت، شتێک هەرچۆتە پێشەوە. کەواتە ئەکیلیس هیچ کاتێک ناتوانێ پێش کیسەڵەکە بکەوێتەوە، ڕەنگە لێرەدا بقیژێنێ و بڵێیت: بەسە، بیبڕەوە، چۆن شتی وا ئەبێت. ئەمە قسەی بێ سەروپێ یە. ئەکیلیس کە مرۆڤە، زۆر لەکیسەڵ خێراترەو یەکسەر پێشی ئەکەوێتەوە. ئەگەر تۆ وابڵێیت، ئەوا لە مەبەست تێنەگەیشتویت. لێرە گرنگە لە مەبەستەکە تێبگەیت. کێشەکە ئەوە نیە قەناعەت بهێنێ کە ئەکیلیس هەرگیز ناتوانێ لە کیسەڵەکە تێپەڕێ. دیارەو ئاشکراشە کە ئەتوانێ بە ئاسانی پێش بکەوێ. ئەمە تۆ باش دەیزانیت و هەروەها زینۆنیش چاک ئەمە دەزانێ. خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە لە بەرامبەر کێشەی گفتوگۆیەکی لۆژیکی سەخت داین کە ئەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی هەڵە، ئایا ئەبێ هەڵوێستمان چی بێت.
ئەگەر وابێت ئێمە لە کێشەیەکی لۆژیکی دا، لە سەرەتایەکی نەگۆرەوە دەست پێبکەین و هەنگاو بە هەنگاو بەبێ هەڵە بگەینە سەرئەنجامێک بە ئاشکرا دیاربێت نا دروستە. ئەوا توشی گێژاوێک دەبین کە هەڕەشە لە هەموو هەوڵەکانمان دەکات بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان لە جیهانی دەوروپشتماندا. ئەم بابەتە لۆژیکییە لە کۆنەوە تائێستاش مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. دەبێت هەڵەیەک لە زانستی لۆژیک دا هەبێ. زۆر کەس وای بۆ چووە، بەڵام کەس تا ئێستا نەیتوانیوە بە ڕوون و ئاشکرایی ئەم هەڵەیە دەستنیشان بکات.
هەر بەم بۆنەیەوە، جیلبێرت ڕیلیە کە یەکێکە لە فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی سەدەی پێشوو، سەبارەت بەم جۆرە کێشانەی وەک ئەکیلیس و کیسەلەکە وتوویەتی لەزۆر ڕووەوە دەتوانرێ وەک وشەبازی بۆ مەتەڵە فەلسەفیەکان تەماشا بکرێن. ڕەنگە ڕۆژێک ئەم کێشەیەش چارەسەربکریت، وەک چۆن زۆربەی کێشەکانی تر چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە.