قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی سیستمی سەرمایەداری کە چەند ساڵ پێش بەرۆکی بەرجەستەترین سیمای مێژویی سەرمایەداری واتە: نیولیبرالیزم لەخۆگرتبوو، دواجار لەساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ داڕوخانی ئابووری ناواقعی یان بەواتایەکیتر ئابووری دارایی، مایەپووچ بوونی بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانی لێکەوتەوە و تەنانەت تەشەنەی کرد بۆ بەشی پیشەسازی و بەتایبەت ئۆتۆمبیل سازی، بەمەش ئاماژەکانی کۆتاییهاتن بەشەرانگێزترین ئایدۆلۆجیای سەرمایەداری واتە "ریگانیزم و تاچریزم" دەستیپێکرد ،لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە ئابوورییە گەورەیە، ئالتەرناتیڤگەلێک بۆ سیستمی قەیراناویی سەرمایەداری خرانە بەر باس، ئەو داشکانە ئابوورییەی کە باڵی بەسەر سیستمی بازاڕی ئازاد کێشاوە لەسەد ساڵی رابردودا لانیکەم دووجار تا ئاستی لەناوچوون، جیهانی سەرمایەداری بەچۆکدا هێناوە، یەکەمین داڕووخانی گەورە ( TDE PERSSIONGM) لەساڵی ١٩٢٩ دەستیپێکرد و "کینزیزم" ی لێکەوتەوە.
دەوڵەتی فرانکلین رۆزڤۆڵت بە پەیرەو کردنی بەرنامە ئابوورییەکانی "جۆن مینەرد کینز" و جێبەجێکردنی پلانی نۆی ( NEW DEAL)، ئەو ئاگرە ئابوورییەی دامرکاند، شەڕی دووەمی جیهانی دەرفەتێکی زێڕینی بۆ سەرمایەداری هێنایە پێشەوە و توانی بەرهەمە  زیادە و لەسەردەست ماوەکانی بۆ ساغ بکاتەوە و  جارێکیتر  ڕێچکەی گەشەی ئابووری بگرێتەبەر، کینزیزم و دەوڵەتی ڕەفا کە تا ڕادەیەک دەرەنجامی سەرکەوتنی خەباتی درێژمەودای سەندیکا کرێکارییەکانی سەر بە بزوتنەوەی چارتیزمی ئینگلیزو کۆمۆنی پاریس تا دەگاتە سەرەتای مایسی ساڵی ١٨٨٦ ی شیکاگۆ بوو، ئەم شۆڕشە کەم تا زۆر تا کۆتاییەکانی دەیەی هەفتا خۆی راگرت و مایەوە، بەڵام لەژێر کاریگەری  قەیرانی ئابووری و پارادۆکسی جەوهەریی سەرمایەداری، جێگای چۆڵکرد بۆ نیولیبرالیزم.
سەرکەوتنی "مارگەرێت تاچەور رۆناڵد ریگان" لەلایەکەوە و داڕوخانی سەرمایەداری دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤییەت لەلایەکی ترەوە، نیشاندەری ناکارایی و ناتەوانیی دەوڵەت لەکونترۆڵکردن و رێکخستنی سیستمی بازاڕ، هەروەها ئیکسپایەربوونی بەرنامە ئابوورییەکانی کینز و تیۆرییەکانی پیشەسازی و سەنتریال دیموکراتیزمی سەردەمی ستالین و داخرانی رێگای گەشە کردنی ئابوورییە غەیرە سەرمایەدارییەکەی خرۆشچۆف بوو.
نیولیبرالیزم لەگەڵ گەیشتنی بەدەسەڵاتی سیاسی، بەخوێندنەوەیەکی نوێ بۆ شێوازی بەرهەمهێنان لەسیستمی سەرمایەداری، جڵەوی بازاڕی بەرداو لەڕێگای لابردنی کۆت و بەندە جۆراوجۆرەکان، پەرەدان بە کەرتی تایبەت، دابەشکردنی سەرمایە بە ئاراستەی ستوونی (یارمەتیدانی سەرمایەداران)، گەشەدان بە ئابووریی "کازینویی" یان بەوتەی تیۆریی داڕێژەرانی بۆرژوا:" ئابووری غەیری مادی "DEMATERIALIZED ECONOMY" لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٨-٢٠٠٨ باڵی کێشا بەسەر هەموو جیهاندا. بەدرێژایی ئەو قۆناغە تیۆرییەکانی لایەنگرانی مەکتەبی ڤییەنا" فۆن میسز- فۆن هایک" و نەخشەرێگای ئاراستەی شیکاگۆ" میڵتۆن فریدمان" جێگای بەرنامە و پلانەکانی "جۆن مینەرد کینز"یان گرتەوە لەسیستمی بازاڕی ئازاد داکۆکی دەکرد و پێی وابوو نابێ دەوڵەت دەست وەربداتە کاروباری ئابووری.
لەسەرەتای ساڵی٢٠٠٩ وازهێنانی نیومحافیزکارانی ئەمریکی کە بەرجەستەترین جێبەجێکەر و لایەنگری نیولیبرالیزم بوون، هاوکات بەدەسەڵات گەیشتنی دیموکراتەکان کە داکۆکیکاری دەستێوەردانی دەوڵەت بوون لە کاروباری ئابووری، تاڵترین تەنزی مێژوی سەرمایەداریی تۆمار کرد.
نیولیبرالیزم کە لەسەر  خۆڵەمێشی جەستەی کینزیزمدا گەشەی کرد و بەدەسەڵات گەیشت. پێدەچێت جارێکیتر شوێنی خۆی بۆ کینزیزم چۆڵ بکاتەوە، یارمەتی سەدان ملیاردی ئەمریکا بۆ رێکخراوە داراییەکان و پیشەسازییە مایە پووچ بووەکانی ئەو وڵاتە، کۆتایی بە تیۆرییە ئەفسانەییەکەی" رێگان"هێناکەپێیوابوو: "دەوڵەت کێشەی سەرەکی ئابوورییە" هەڵبەتە بەو جیاوازییەوە کە دەوڵەت لەباتی یارمەتیدانی خەڵکی زیانمەند، زیانی بانکەکانی قەرەبوو کردۆتەوە، بەشە تراژیدیاکەی ئەم چیرۆکە لەوەدایە کە : خەڵک بە درێژایی سی ساڵی رابردوو بەتوندی لەلایەن ئۆلیگارشی قومارچییە لێزانەکانی وەک "هارۆڵد شۆمان و پیتەر مایتین"وە تاڵان کرابون. بۆیە پێویستە دەوڵەت لە رێگای مالیاتەوە زیان بەرکەوتووان قەرەبوو بکاتەوە.
ئستیڤان مەزارۆش لۆژیکی بەناوبانگی سەرمایەداری، بەبەربەریەت ناو دەبات، یۆرگێن هابرماسناز ناوی دڕندەیی سەردەمی نوێی پێدەبەخشێت، چۆمسکی لەژێر ناوی "باڵادەستی لە پێناوی مانەوە-مانەوە لەپێناوی باڵادەستی"دا شیکاری بۆ دەکات، بەڵام باشترین و جوانترین لێکدانەوە تایبەتە بە لێکدانەوەکەی مارکس کە پێیوایە:
ئەوەی لە ئابووری نیشتیمانی سەرمایەداریدا تایبەتە بە هەمووان، قەرزە گشتییەکانن، ئەم قەرزانە بۆ هەمووانە کەچی ماباقی شتەکان گروپێکی تایبەت خاوەنداریەتی؟!
داڕوخانی گەورەی ئابووری و سەرهەڵدانی کینزیسم:
بە درێژایی ساڵانی نێوان ١٧٨٠-١٩١٤ چەندین شەڕی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە، لەو ساڵانەدا بەرهەمهێنان لەسەر سیستمی سەرمایەداری توانی بەسوود وەرگرتن لە ئیمکانیاتی پێویست و شیاو گەشە بەخۆی بدات، مۆنۆپۆڵ و سەرمایەی ماڵی کرا بەپێکهاتەی سەرەکی ئابووری سەرمایەداری و رێگای بۆ گەشەی ئەم سیستمە ئابوورییە خۆشکرد، جهیان لەنێوان گروپەکان و وڵاتانی سەرمایەداری دابەشکرا، سەرمایەی هەناردەیی بوو بە بەشێکی سوود بەخش و چالاک لەسیستمی سەرمایەداری، لەم سەردەمەدا دەوڵەت رۆڵی کارای خۆی وەک ئەکتەرێکی گەورە لە ئابووری سەرمایەداریدا  نواند و بۆرژوازی بەلەناوبردنی شێوازە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی رابردوو واتە: بەوتەی مارکس "وازهێنان لە فیۆدالیزم" باڵی کێشا بەسەر بەشێکی گەورە لە جیهاندا، بەمجۆرە لەبیست و پێنج ساڵی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم ، ئەمپریالیزم  وەک قۆناغی هەرەبەرزی گەشەی سەرمایەداری  هاتە ئاراوە. ئەم سەردەمەکە بەسەردەمی زێڕینی سەرمایەداری دەناسرێت، ئابووریناسانی لایەنگری بۆرژوازی لەوانە: سۆمبارت، لیفمان، شۆڵتسە، گاڤەر نیتس، و .... ناچار بەستایشکردنی "تیۆریی سەرمایەداریی سیستماتیک" کرد، دواتر رێبەرانی ئینتەرناسیۆنالی دووەم لەوانە:
رۆدڵۆف هیلفردینگ لەدواساتەکانی ئاوابوونیدا سوودیان لێبینی.
ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی لەسیستمی سەرمایەداریدا هاتە ئاراوە بیانوویەک بوو بۆ سۆسیال دیموکراتەکانی ئینتەرناسیۆنالی دووەم لەوانە "کائوتسکی" بیانوویەک بوو بۆ ئەوەی بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزم بەکۆن و بێ کەڵک لەقەڵەم بدەن و بیانسپێرن بە ئەرشیفی مێژوەوە.
لەگەڵ داگیرسانی شەڕی جیهانی دووەم، تیۆریی "سەرمایەداریی رێکخراو" بەهۆی دەرهاویشتەکانی شەڕەوە فەرامۆش کراو کەمتر کەسێک بیری لێدەکردەوە، لەدەیەی ٣٠ی سەدەی بیستەم کە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیران و داڕوخانی گەورەی ئابووری سیستمی سەرمایەداری بوو، ئەم تیۆرییە جارێکیتر کەوتەوە بەرباس و ئەمجارەیان نەتەنیا وەک رێبازێکی ئابووری، بەڵکو وەک رێنیشاندەری ئابووری لەلایەن "کینز"و لایەنگرانیەوە لەلایەن ئاکادیمیەکان و تیۆریی داڕێژەرانی ئابووریی دەوڵەتییەوە بووژایەوە.
کێنز و قوتابییەکانی ڕایانگەیاند: لە کۆمەڵگای مۆدێرنی بۆرژوازی، پانتایی یاسا ئابوورییەکان کە سیستماتیک دەجوڵێت، وردە وردە بەرتەسکتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا ڕەوتی رێکخستنی ئاگایانەی چالاکییە ئابوورییەکان بە پاڵپشتی بانکەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات. لەم ڕوەوە گروپە ئاکادیمییەکان و ئیکۆنۆمیستە دەوڵەتییەکانی ئەمریکاو  ئینگلیز، لەهەمووشیان زیاتر کینز و روناکبیرانی لایەنگیری "نیۆدێڵ" بانگەشەیان بۆ دەستوەردان و رێبەرایەتی دەوڵەت دەکرد لە ئابووریدا.
لەروانگەی کینزەوە، داڕوخانی ئابووری دەرنجامی ئاست نزمی سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنە لەلایەن سەرمایەدارانەوە، ئەوان بیانوویان ئەوەیە کە ئاسۆی سوود و دەسکەوتەکانیان ئەوەندە بەرچاو نییە، لەم ڕوەوە دەوڵەت دەتوانێ و پێویستیشە لەسەری دۆخی شیاو بۆ سەرمایەگوزاری لەلایەن سەرمایەدارانەوە فەراهەم بکات، لەڕوانگەی کێنزەوە ئابووری کاتێک گەشە دەکات کە دەوڵەت بەهۆی بەخشینی پارە و یارمەتی زیاتر بە سەرمایەداران، خواستی بەکاربردن برەو پێبدات.
رۆزڤۆلت و لایەنگرانی "نیۆدێڵ" لەنۆڤەمبەری ساڵی ١٩٣٢ لە ئەمریکا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، ساڵی دوایی هیتلەرو حزبی نازی ئەڵمانیا دەسەڵاتیان گرتە دەست، دوو ساڵ دواتر واتە لەساڵی ١٩٣٥ بەرنامەی ئابووری کێنز بڵاو بوەوە، لەم سەروبەندەدا وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری زنجیرەیەک بەرنامەی گشتییان لەسەروی کارەکانیاندا  دانا لەوانە: دامەزراندنی دامودەزگای هەرەوەزی، پێشکەشکردنی یارمەتی نەختی بە سەرمایەگوزاران و پەیمانکاران، دانانی گومرگ بۆ پشتگیری لە پیشەی خۆماڵی و دواجار زەمینە خۆشکردن بۆ سەرمایەگوزاری لە وڵاتانیتر بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هەژمونی ئابووری و دارایی لەو وڵاتانە، بەتایبەت سەرمایەگوزاریی گەورە لەپیشەسازی سەربازی.
لەتایبەتمەنییەکانی ئەم سەردەمە، ئەو قازانجە سەرسام ئاوەرە بوو کەوڵاتانی سەرمایەداری لەژێر ناوی" داکۆکی لە بەرژەوەندیی ڕەوای نەتەوەیی"بە خەرجێکی زۆرەوە بەڕێوەیان دەبرد، وەک بڵێی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لەبەر مەترسیدابن ؟!
لەو سەردەمەدا سیستمی پارەوەرگرتن و پارەدانان"سیستمی ئیعتباری" لەلایەن بانکەکانی وڵاتانی سەرمایەداری جارێکیتر بەشێوەیەکی رێک و پێک رێکخرایەوە و خرایە چوارچێوەی دیسیپلینی بانکییەوە.
لەگەڵ هەموو هەوڵێکی سیاسی، ئابووری دەوڵەتان، ئەوەندەی پێنەچوو جارێکیتر قەیرانی ئابووری دنیای سەرمایەداری گرتەوە، ئابووری وڵاتانی گەورە لەژێر گوشاری هەڵاوسان، بێ رەمەقی و ڕووخانی ئابووری، هەژاری و نەداری بوو بە دیاردەیەکی گشتی.
لەسپتەمبەری ١٩٣٩ شەڕی دووەمی جیهانی هەڵگیرساو ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە تا دەهات کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکرد هەڵپێچایەوە، کارگە بەرهەمهێنەکان جارێکیتر  کەوتنەوە گەڕ و بەو پەڕی توانایانەوە پێداویستییە سەربازییەکانیان دابین کرد، ملیۆنان کەس ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کران، بەهۆی ئەو شەڕەوە کە تا ساڵی ١٩٤٥ درێژەی کێشا بەشێکی زۆر لە ئەوروپا و ئاسیا وێران بوون بۆ ئەوەی بوارێکی نوێ بۆ وەگەڕ خستنی سەرمایە بێتە ئاراوە.
بەمجۆرە شەڕ نەتەنیا ناکۆکییە ڕوو لە گەشەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری دەشاردەوە، بەڵکو ئەگەری دابەشکردنی دووبارەی سەروەت و سامانی لەناو هاووڵاتیان و وڵاتانی سەرمایەداریی فەراهەم کرد، ئەم شەڕە: کارگاکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و رێگەو بانەکانی وێران کرد، بەشێکی زۆر لە سەرمایە و سلفەو قەرزە بانکییەکان لە چرکەساتێکدا لەدەست چوون، هەزاران شوێنی بەرهەمهێن، بازرگانی، دارایی و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی خاوەندارێتی کە توانای گەش و پێشکەوتنیان نەمابوو لەناو برد، خەڵک بۆ مانەوە و خۆ دەربازکردن پەنای دەبردە بەر هەموو شتێک، لەئاکامدا جارێکیتر بازاڕی ڕەش، قۆرخکاری، داهێنان و دانانی کارگەی گەورە و بچووک، بازرگانی و ئاڵ و گۆڕی شمەک و کاڵا لەهەموو بوارەکاندا ڕەونەقی گرتەوە، بەکورتی جۆرێک لەسەرمایەداری سەرەتایی کە لەسەر بنەمای کەلتووری و تەکنیکی سەرمایەداریی ڕابردوو، جارێکیتر زەمینەی بۆ  گەشەو پێشخستنی سیستمی سەرمایەداری لە ئەوروپا و ئاسیا دروست کرد، ملیۆنان کەس ناچار بوون ژیانی ئابووری خۆیان لە هیچەوە و لە رێگای جۆراوجۆرەوە دەست پێبکەنەوە، دزی، سەوداگەری، قاچاخ و- پەرەی سەندەوە، سەرمایەدارانی ئەمریکایی بۆ بەرفراوانکردنی هەژمونی دارایی و ئابووری خۆی، لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زەمینەیەکی لەبارو بێ سنوور ڕەخسا بوو، بە پیلان و بەرنامەی جۆراوجۆر دەستی بەسەردا گرتن و سەرمایەداران سەرمایەکانیان وەگەڕ خست.
کاتێک کە پێکهاتەی سەرمایەی ماڵی و تایبەت و سەرخانی سیاسی و کلتووری سەرمایەداری لە شوێنە جۆراوجۆرەکان لێکترازا و شێوازە کۆنەکانی دەسەڵات و هەژمونی کۆڵۆنی و قۆرخکاری بەهێزی ئەوروپایی باوی نەما، هەلومەرجێکی نوێ و شیاو بۆ گەشەکردنی ئابووری بۆرژوازی یان سیستمی بازاڕی ئازاد هاتە ئاراوە، سیستمێک کە بەهۆیەوە سیمای جیهان و ژیانی مادی و  مەعنەوی مرۆڤەکانی بەتەواوەتی گۆڕی.
نزیک بە ٣٠ ساڵ، بانگەشەکەرانی ئابووری سەرمایەداری داکۆکییان لە "ناکۆتایی سەردەمی نوێ" دەکرد، سەبارەت بە قەیرانی نیولیبرالیزمیش، مێژونووسانی بۆرژوا هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەدان  سیاسەتی ئابووری"کێنز" بەتایبەت مەکتەبی"نیۆدێڵ" کۆتایی بە قەیرانی گەورەی ئابووری لە ١٩٣٠ هێنا، گوایا نزیکەی ٣٠ ساڵ گەشەی ئابووری جیهان لەپاش شەڕی جیهانی دووەم شایەتی ئەوە ڕاستییەوە؟! لەکاتێکدا راستییەکان شتێکیترمان پێدەڵێن:
ئەگەر شەڕی دووەمی جیهانی نەبوایا ئەمریکا و ئەوروپا یان بەگشتی وڵاتانی سەرمایەداری لەقەیرانی دەیەی ١٩٣٠ رزگاریان نەدەبوو! چونکە پاش شەڕی دووەمی جیهانی یان بەروونتر بڵێن لەدەیەی ٥٠ و ٦٠کاتێک لەژێر سایەی شەڕدا ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیران کەم بوەوە، میکانیزمی ئابووری سەرمایەداری کاریگەرییەکی بەربڵاوی هەبوو، ئابووریناسان و سیاسەتمەدارانی بۆرژوا پێیان وابوو، لەژێر تیشکی دەستێوەردانی دەوڵەت و رۆڵی رێبەرایەتی کردنی لە ئابووری و رێکخستنەوەی سیستمی بەرهەمهێنان، دەرهاوێشتەی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان کۆتایی پێهات، ئیکۆنۆمیستی ناوداری ئەمریکی"سامۆئیلسۆن" بەوەش نەوەستاو رایگەیاند: "لەمڕۆ بەدواوە سیکڵی (سووڕ) ئابووری بەتەواوەتی لە ژێر کۆنترۆڵدایەو تەنانەت بەکردە چیتر بوونی نییە!!.
زۆرێک لە ئابووریناسانی بۆرژوا، ئەم ئاماژە ڕوونە، کە دەربڕی ناتوانی لە تێگەیشتن لە یاسامەندیی جووڵەی ئابووری سەرمایەدارییە، ئاگایانە پشتگوێ دەخەن و بەردەوام خۆیان بە پێشگۆییەوە سەرقاڵ دەکەن و سەبارەت بە گەشەی ئابووری سەرمایەداری لاف و گەزاف لێدەدەن!
لەقەیرانی ١٩٧٠دا تیۆری دەستێوەردانی راستەوخۆی دەوڵەت لە ئابووری و کۆنترۆڵی بازاڕ لەژێر کاریگەری و دەرهاوێشتەکانی "ریگانیزم- تاچریزم"دا باسی نەما! ئەو قەیرانەی لەدەیەی٧٠ سەرلەبەری وڵاتانی سەرمایەداری گرتەوە، لەبەرەی بۆرژوازیدا بێمتمانەیی مەکتەبێکی ئابووری لێکەوتەوە کە پێیوابوو بەڕێوەبردن و رێکخستنی سیستمی ئابووری تایبەتە بە دەوڵەت، دام و دەزگاکانی بانگەشەی بۆرژوازی لەپڕ بۆیان دەرکەوت بە پێچەوانەوە! دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابووری ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم گەشەی ئابووری و ئەوە تەنیا ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەتە کە دەتوانێ ئابووری گەشە پێبدات!
لەئاکامی سیاسەتی نیولیبراڵییەکان، گەشەی ئابووری ئەمریکا پشت ئەستوور بە شیکاری کەرتی تایبەت کە لەرێگای قەرزەوە بودجەی خۆی دابیندەکرد، کۆمپانیاکان لە بواری سەرمایەگوزاریدا بەشێوەیەکی مۆدێرن دەردەکەوتن، ترازی ماڵی کەم هێنانی"موازەنەی منفی مالی" کەرتی تایبەت واتە کەمی داهات لەچاو خەرجەکانەوە بەڕادەیەکی گونجاو واتە ٣-٤٪ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، تێپەڕاند، ئەم رێژەیە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی٢٠٠٠دا
گەییە٥،٥٪، لەو ماوەیەدا قەرزی کۆمپانیاکان و قەرزی هاووڵاتیان وەک دەرسەدێک لەکۆی داهاتی گشتی ناوخۆیی، بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمار کرد، خەڵک بەهۆی هەڵاوسانی قورسی ئابوورییەوە نە دەیانتوانی و نە دەشیانویست بەو نرخەوە قەرز وەربگرن!بەپێیی ئامارەکان پێوەری"کیوی تۆبێنز" یان ئاستی" بەهای بازاڕ لەچاو بەهای سەرمایە" بەگەڕانەوە بۆ ئاستی نرخ و هەڵاوسان لە بازاڕی بۆرسی ئەمریکا لەساڵی٢٠٠٠ گەیشتبووە بەرزترین ئاستی پێوانەیی، کە دەکرێ بڵێین بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی ئابووری ئەمریکایە لەمێژودا.
کاتێک هەڵاوسان لەبازاڕی بۆرس دا کەم بوەوە، خەرجەکانی کەرتی تایبەت بەڕادەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بۆیە رێگری لە داڕوخانی گەورەی ئابووری، ترازی ماڵی دەوڵەتی  ئەمریکا لە نێوان ساڵانی٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٣ لە زیادهێنانێکی ٤/١ لەسەدەوە لەکۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆییەوە کورتهێنانی ٦/٤ی بەخۆوە بینی، بەواتایەکی تر گۆڕانێکی٦٪ لە کۆی داهاتی بەرهەمە ناوخۆییەکاندا ڕوویدا و دەوڵەتی ئەمریکا نرخی سوودی کورت مەودای لە ٥/٦٪ بۆ ٢٥/١ ٪کەم کردەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانە، گەشەی ئابووری ئەمریکا بەخاوی مایەوە و بازاڕ بەرەو ڕووی هەڵاوسان بەوەوە، نەتەنیا بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕی بورس کەم نەبوەوە، کەچی نرخی خانووبەرە گەیشتە ئەو پەڕی بەرزبوونەوە ، کورتهێنانی پارەی بانکەکانی ئەمریکا کە بە ئاشکرا دەرنجامی کورتهێنانی بەردەوامی بازرگانی نێودەوڵەتی  ئەو وڵاتە لەبواری کاڵا و خزمەتگوزاریدا بوو، بەجۆرێک کە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٠دا گەیشتە ٥٪ کۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی، بۆ زلهێزێکی دنیای سەرمایەداری کورتهێنانێکی وا لە خەزانەی دەوڵەتدا بێوێنە بوو، کەچی لەسەروبەندی شەڕی جیهانی یەکەمدا، داهاتی بریتانیا بە بەراورد لەگەڵ کۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی٤٪بەرز ببوەوە!.
ئێستا چیتر رێی گەڕانەوە بۆ سیستمی دەوڵەتی ڕەفا"خزمەتگوزاری" دوور و درێژە، تەنانەت ئەگەر نیولیبرالیزم بتوانێت وەکو کرم بەرببێتە گیانی دەوڵەت و رێگاچارەیەک بۆ ئاریشە داراییەکانی خۆی بدۆزێتەوە و بە یارمەتی وڵاتانی مترۆپۆڵ و یارمەتییە میلیاردییەکانیان پارەی بانکەکان دابین بکەن و بەم هۆیەشەوە متمانە بۆ هاووڵاتیان و سیستمی بانکی بگەڕێننەوە، بەمجۆرە لەگەشبینانەترین هەلومەرجدا ئەم رێوشوێنە ئابوورییە گۆڕینی سیاسەتی ئابووری وڵاتانی ئیمپریالیزم و رێکخراوگەلێکی وەک سندووقی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی لێبکەوێتەوە، دیسان بووژاندنەو و زیندوکردنەوەی دەوڵەتی ڕەفا، ئەگەر شتێکی مەحاڵ نەبێت، ئەوا دەتوانین بڵێین بیرکردنەوەیەکی خۆش بینانەیە؟

وەرگێڕانی:رەفعەت مورادی
ئەم بابەتە لە گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی وەرگیراوە، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٤

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved