ئاوات كۆكەیی




شەهیدی فەرماندە عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ئەڵڵاكەرەم كە لە مەیدانی تێكۆشان و داستانەكاندا بە(مامەو رەحمانە سووری مۆریاس) ناوی دەركردبوو، ناو و نازناوێكە وەك كێو بەرز، ئەو لە سەرەتای لاوێتییەوە چەك و سەنگەری بەرەنگاریی هەڵبژارد و رووبەڕووی ستەمی دوژمن وەستایەوە، هەر بەپێوە بوو تا تەمەنی هەڵكشا و بووە خەباتگێڕێكی كامڵ و دنیادیدە، تا دوا چركەی ژیانیشی هەر پێشمەرگە و فەرماندە بوو.
ئەم شۆڕە سوارە، پێشمەرگەی دوو شۆڕش، فەرماندەی نەبەردییەكان و دواجار شەهیدێكی نەمری داستانێکە.
شەهید عەبدولڕەحمان، ساڵی 1939 لە گوندی مۆریاسی ناوچەی بەرزنجە لەدایکبووە. تا پۆلی یەكەمی قۆناغی ناوەندی خوێندوە ساڵی 1965 بووەتە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا لە لقی بەرزنجە و ساڵی 1968 كراوەتە سەرلق و تا نسكۆی ساڵی 1975 بەردەوام بوو.
ئەو فەرماندە نەمرە یەكێك بوو لەو تێكۆشەرە دڵسۆزانەی كە خەمێکی قووڵ بەهۆی شكستهێنانی شۆڕشی ئەیلولەوە دایگرتبوو، بۆیە هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا لەلایەن ی.ن.ک-ەوە، دەستبەجێ و بەبێ دوودڵی، لە ساڵی 1976دا بە ئەزموونی خەباتی پێشوویەوە، چووە ریزی شۆڕشی نوێوە و لە قۆناغی خەباتی نهێنیدا، گیانفیدایانە ئەركەكانی شۆڕشی جێبەجێ دەكرد.
 ساڵی 1979 لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی بەعسەوە ئاشكرا بوو و بڕیاری گرتنی بۆ دەرچوو، بەر لە دەستگیرکردنی رووی كردە شاخ و بوو بە پێشمەرگە و بەهۆی دۆخی نائاساییەوە بۆ ماوەیەک لە کاری پێشمەرگایەتی دابڕا، بەڵام وەك كادرێكی ورەبەرز، لە ریزەکانی رێكخستندا بەردەوام بوو و رۆڵێكی گەورەی گێڕا، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک دووبارە رێگەی خەباتی پێشمەرگانەی گرتەوەبەر روویکردەوە ناو هێزی پێشمەرگە و هاوشێوەی شۆڕشی پێشوو، لە شۆڕشی نوێشدا لە نەبەردی و بەرگرییە سەختەكاندا رۆڵی بەرچاوی هەبوو و پێشمەرگە و فەرماندەیەکی گیانفیدای دەگمەن بوو.
ساڵی 1987 زۆربەی تیپەكانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری دۆڵی جافایەتی كۆكرانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە دڕندانەكانی دوژمن كە لە دژی بارەگاكانی سەركردایەتیی یەكێتی و شۆڕش دەستیپێكردبوو، بەو هۆیەوە هێزی پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەكان كشانەوە و روویان كردبووە ناوچەی سەركردایەتی، شەهید مامەوڕەحمان ئەوكاتە فەرماندەی كەرت و هاوکات جێگری فەرماندەی تیپی 35ی كوڕەكاژاو بوو، تەنیا ئەو كەرتە و چەند پێشمەرگەیەكی كەم لە سنووری قەرەداغ مابوونەوە، دوژمنیش كە ئەو دۆخەی وەك هەل دەقۆستەوە، لە رۆژی 17/11/1987 بە هێزێكی زۆری سەربازی و جاشەوە، پەلاماری ناوچەكەی دا.
لەسەر لووتكەی بەرزی شاخی بەراناندا، شەڕێكی سەخت لە نێوان هێزە زەبەلاحەكەی دوژمن و ئەو پۆلە پێشمەرگە کەمەدا دروستبوو، پێشمەرگە قارەمانەكان لەژێر فەرماندەیی مامەوڕەحمانە سوور و چەند فەرماندەیەکی دیکەدا بەرپەرچی هێرشەكەی دوژمنیان دایەوە و بەرگرییەكی بێوێنەیان كرد، هەر لەو پێشڕەوییەدا و پاش نیشاندانی لێهاتوویی و ئازایەتییەكی بەرچاو، فەرماندە مامەوڕەحمانە سوور، شەهیدبوو.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved