د. دڵشاد عومەر عەبدولڕەحیم



لە گه‌رمه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستاندا، خوالێخۆشبوو، شەهیدی سەركردە "سەڵاحی حاجی رەفیقی حەمامچی، ناسراو بەسەڵاحی موهەندیس، فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، سەرەتای ساڵی (1979) دێته‌وه‌ ناوشار بۆ ئەنجامدانی كارێكی زۆر ترسناك و چارەنووسساز، بەهاوكاری چەند رۆڵەیەكی گیان لەسەردەست و پاڵەوان ئاسا لە هاوەڵانی.
شەوێكی بەهاری زوو ئەبێت، كەشه‌كه‌ باو تۆفان ئەبێت، بەڕێكەوت لە یەكێك لە كۆڵانەكانی گەڕەكی "كانێسكان"ی دێرین و خاوەن مێژوویەكی لە بننەهاتوو، تووشی ئەبێت بەتووش كوڕی  قسەخۆش و سوعبەتچی شاری سلێمانی، خوالێخۆشبوو"حەسەنی شیرین"ەوە، دیارە شەهید سەڵاح دەمامك و دەماغی كردووە، شەوباش لە كاك حەسەن ئەكات، دیارە ئه‌ویش سەرگەرمی شتێكیتر ئەبێت، بەساردییەكه‌وە وەڵامی  ئەداتەوە. كاك سەڵاحیش ئەڵێ:
"كاك حەسەن نامناسیتەوە..؟"
حەسەنیش ئەڵێ:
"نەوەڵڵا.."
دوای ئەوەی شەهید سەڵاح دەمامكەكەی لا دەبات، پێیدەڵێت:
"كاك حەسەن سەڵاحی حاجی رەفیقم"
ئیتر دوای چاك و چۆنییه‌كی گه‌رم، كاك حەسەن لێی ئەپرسێت كە وا خێرە بەوشەوە ساردەو بەوشێوەیە لەو ناوەیە، شەهید سەڵاحیش پێیدەڵێت:
"كاك حەسەن، من ئێستا پێشمەرگەم و لە دەرەوەم"
ئیتر كاك حەسەن لەگەڵ خۆیدا ئەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان و دوای پشوودان و چا خواردنەوە، لێی ئەپرسێت:
"كێ  لە دەرەوەیە لە گەڵتا"
شەهید سەڵاحیش پێی ئەڵێت:
"شەهیدی سەركردە، عەلی عەسكەری، شەهید عه‌لی عوسمان، ناسراو به‌ عەبدولمەلیك، كەمالی سەید وەهابی بزەنیانی، ناسراو بە وەزیری نانەوا، حەسەن بەگی عارف بەگی سەرقەڵا.. كاك حەسەنیش كەمێك بێدەنگ ئەبێ و دواتر ئەڵێت:
"حەی.. حەی.. حەی.. مەلیك و وەزیر و عەسكەر و قەڵا، جا توخوا ئەمە شۆڕشە یان شەترەنجە"

سه‌ڵاحی موهه‌ندیس

سەڵاح رەفیق حەمە رەحیم كەریم خەراجیانی، ساڵی (1954) لە گەڕەكی سابوونكەرانی بەخوێنی شەهید سووربوو، له بنەماڵەیەكی كاسبكار و موڵكدار لە دایكبووە. ساڵی (1976) بەكالۆریۆس لە ئەندازەی میكانیك بەدەستدێنێت لە زانكۆی پوڵیتەكنیكی بەغداد، دوای ماوەیەكی كەم لە دامەزراندنی لە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی سلێمانی، پەیوەندی دەكات بەمه‌فره‌زه‌ سەرەتاییەكانی شۆڕشەوە. ئەوەندەی ئەو پاڵەوانەمان ناسیبێت، گیان لەسەردەستێكی بێوێنە و لە خۆبوردو و قارەمان ئاسا بوو، چەندین چالاكی بێوێنەی ئەنجامداوە. هەروەها پلەی پێشمەرگایەتی هەتا فەرماندەی تیپ. لە ماوەی (4) ساڵی خەباتی بێدابڕان بەرزبۆوە، لە ئاكامداو لە ئەنجامی ئەو هەموو داستانە و ئەو گیان بەخشییەی، لە نزیك بەرگەڵویی دۆڵی جافایەتی، لە (25-7-1982)دا، لەگەڵ گوڵبژێرێك له‌ هاوڕێكانی هاوبیر و هاوخەباتی، دەگاتە جێبەجێكردنی ئەو پەیمانەی دابووی بە خاك و نەتەوەو نیشتمانەكەی و بە سەربەرزییەوە شەهید دەكرێت.

حه‌سه‌نی شیرین

حەسەن عەلی رەشید یارە، ناسراو بە حەسەنی شیرین، ساڵی (1942) لە گەڕەكی كانێسكان لە بنەماڵەیەكی دێرین و بەپیشە (قەساب) لە دایكبووە. كوڕێكی رۆح سووك و دڵسۆزی دۆست و برادەر و خەڵكی رەسەنی شار بوو، برای خوالێخۆشبوو كاكە فەرەج و كاك حسەینی شیرینە. ساڵی (2013) كۆچی دواییكردووە. هەزار درود بۆ گیانی پاكی شەهید سەڵاح و كاكە حەسەنی شیرین. سەربەرزیی و سەرفرازیش بۆ بنەماڵەی هەردوولایان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved