نوسەر سەبارەت بەکتێبەکەی دەلێت: لەم كتێبەدا كە بەشێكە لەیاداشتی خۆم وەك كچێك كە بەشداری كاری ڕێكخستنی سیاسیم كردووە لە شانە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستاندا، لەپاڵ تێگەیشتنم بۆ توانای پیاوان لە نوسینەوەی یادەوەریەكانی ڕۆژانی سەختی خەباتی پێشمەرگایەتیو شەڕو شۆڕو رووبەڕوبونەوەكانیان دژ بە ڕژێمی سەركوتكاری بەعس، من دەمەوێت وێنەیەكی ترو دیوێكی تری ئەو خەباتە نهێنیە بنوسمەوە كە بۆ ئێمەی كچان لەو ڕۆژگارانەدا زۆر زەحمەتو ئەستەم دەهاتە پێشچاو، ئەویش كاریگەری ڕەهەندە كۆمەڵایەتیو ئایینیو دابونەریتە باوەكانی ئەو كات بوو بەسەر كۆی پەیوەندییەكانی نێو كۆمەڵـگای كوردی، كە بەگشتی كۆمەڵـگایەكی داخراو و ترساو و برینداری بەرهەمهێنابوو، ئەمانەش بە كۆ ئەو توانایەی كچان و ژنانیان ئیفلیجكردبوو تا وەك گەریلاكانی ئێستای باكوری كوردستان بەشداری خەباتی چەكداری ڕزگاریخوازی میللەتەكەمان بكەین.
وشەی چەپ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا، كە پەرلەمانتاران لە هۆڵی پەرلەماندا ببونە دوو بەرە، نوێنەرانی گەل لەلای دەستە چەپی مەلیك لویسی شانزەهەم دانیشتبوونو نوێنەرانی دەوڵەمەندو خانەدانەكانو پیاوانی ئایینی لەلای دەستە ڕاست دادەنیشتن، داواكاریو پێداگرییەكانی نوێنەرانی گشتی گەل (دەستە چەپ) بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی فەرەنسا. لەو كاتەوە نوێنەرانی خەڵك بە چەپ ناسێنران. لە ساڵی 1918 حزبی شیوعی لە ڕووسیا چەمكی چەپی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی پرۆلیتاریا بەكارهێنا. كولا كویسكی دەڵێت، چەپ واتا ڕەتكردنەوەی واقعی ئێستا، بەڵام كارل ئۆجنسی پێی وایە چەپگەرایی واتە ئارەزوویەك بۆ پێشكەوتنو باوەڕبوون بەوەی كە لەكۆتاییدا مرۆڤ سەركەوتن بەدەست دەهێنێت. هەروەها چەپگەرایی بە فكری شۆڕشو گۆڕانی بارودۆخ هەژمار دەكرا. كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانیش بە هەمان شێوە هەڵگری هیواو ئامانجی زۆرینەی خەڵكی باشوری كوردستان بووە، بۆیە توانی زۆرینەی شۆڕشگێڕان لەخۆی كۆبكاتەوە. كۆمەڵە فكری خانووە قوڕەكان بووە، هەربۆیە ئایدۆلۆژییەتی كۆمەڵە كە ڕێكخراوێكی ماركسی - لینینی بوو، وێڕای زاڵبوونی ئایینی ئیسلام بەسەر عەقڵو تێڕوانینی خەڵكدا زۆر بە فراوانی چووە ناو هەستو بیركردنەوەی گەنجانو كەسانی شۆڕشگێرو نیشتمان پەروەرەوە. چونكە پێیانوابوو كۆمەڵە ئەو فكرە شۆڕشگێڕەیە كە تەختی دكتاتۆرییەتی حزبی بەعس هەڵدەتەكێنێت، سازش لەسەر مافی خەڵكی كوردستانو چینی هەژاران ناكات.
بۆ دەستکەوتنی ئەم کتێبە سەردانی ئەم لینکە بکەن