مەریوان ئەحمەد لاوە

پڵنگە چنگ بەگڕەكەی پیرەمەگرون، جەباری حاجی جه‌لالی خەراجیانی، ساڵی (۱۹٥۹) لە گەڕەكی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی لە دایكبووە، تا ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی دەخوێنێ و لە ساڵی(۱۹۷۹) پەیوەندی دەكات بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە شارباژێڕ..
لەبەر ئازایەتی و سادەیی و تواناكانی هەرزوو دەبێتە فەرماندەی مەفرەزە و زۆربەی شەو لەگەڵ مەفرەزەكەی بەچالاكییەكانی شاری سلێمانی لە داگیركەرانی بەعس تاڵ دەكات، چەندین شەو هێزەكانی ملازم موحسین لە برایم پاشا دەخاتە حاڵەتی پەرتەوازەیی! هێزەكانی رژێم لەگەڵ تاریكی شەو نەیاندەوێرا لە مۆڵگاكانیان دووركەونەوە.
شەهید جەبار بەحوكمی خزمایەتی لەگەڵ شەهید سەڵاحی موهەندیس لەكاتی گواستنەوەیان بۆ هەرێمی بەمۆ بەهەمانشێوە ئەمیش دەچێتە ئەو هەرێمە و لەوێش دەبێتە جێ سەرنجی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە، پاشان دەگوازرێنەوە بۆ تیپی(٤۷)ی پیرەمەگرون و لەبەر كارامەیی دەبێتە فەرماندەی كەرتی شەهید سەڵاح .
شەهیدهاوڕێ  جەبار بست بەبستی دۆڵەڕووت و ناوچەی سەرچنار تا تاسڵوجە دەكاتە شوێنی گورز وەشاندن لە رژێم و پیاوە خۆفرۆشەكانی، هەر رۆژە لە جێگایەك بۆسەیان بۆ دادەنێت، هەرجارەی لە شوێنێكەوە لە سێرەیان دەنێت و ژیانیان لێ تاڵ دەكات.
لە بەرواری(۲۷) لەسەر(۲۸)ی مانگی ئابی(۱۹۸۳) لە گوندی باوەگێڵدی راپەڕینی ئێستا لەگەڵ گەلە جاشێكی نامەرد رووبەڕوودەبنەوە و پاش شەڕێكی قورسی دەستەویەخە شەهید جەبار و شەهید  دڵشاد لەوشەڕەدا شەهید دەبن و دەگەنە كاروانە نەبڕاوەكەی كوردایەتی.
ساڵی (۱۹۸٥) رژێم برایەكی شەهید جەبار دەسگیردەكات و لە زیندانی ئەبوغرێب  شەهیدی  دەكەن بەناوی شەهید كه‌مال، هەزاران درود لە گیانی پاكیان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved