نامیلکەی بەجینۆسایدناسینی ئەنفال
نووسینی: خەلیل عەبدوڵلا
ساڵی چاپ: ٢٠١١
لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران

ئەنفال ناونیشانی ئەو تاوانە گەورەیەیە کە رژێمی بەعس لەساڵی ١٩٨٨ لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامیدا و گەورەترین زیانی مرۆیی و مادی و ئابوری و کۆمەڵایەتی  و مەعنەوی و ژینگەیی لێکەوتەوە.
ئەو تاوانە بەبێ سزا و لێپرسینەوە تێنەپەڕی و لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق و روخانی رژێمی بەعس، سەرانی ئەو رژێمە و تاوانبارانی ئەنفال دەستگیرکران و بەهۆی تاوانەکانیانەوە روبەڕوی دادگایەکی عادیلانە بوونەوە، کەیسی ئەنفال یەکێک بوو لەو کەیسانەی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، شەست دانیشتنی دادگاکەی بۆ تەرخانکرد، لەدوای ئەو دانیشتنانە لەرۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ دا، دادگاکە بڕیاریدا بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
خاڵی گرنگی ئەو بڕیارەی دادگا ئەوە بوو، کە تاوانی ئەنفالی بەجیۆساید ناساند، دوای دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، هەریەکە لە ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تاوانی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساند، ئەوەش لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بایەخی خۆی هەیە، بەرەسمی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید چەند شوێنەوار و پابەندییەکی یاسایی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتی ئێستای عیراق، یەکێک لەو پابەندییانەی کە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ئێستا قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالە، کە قەرەبووی زیانە گیانی و مادی و مەعنەوی و ژینگەییەکان دەگرێتەوە، وە لە بڕگەی (١)ی مادەی ١١٢ی دەستووردا هاتووە کە دەڵێت: بەشێک لەداهاتی نەوت و گاز بۆ ناوچە زیانلێکەوتوەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی سنوری ئەنفال بەتایبەتی دیاری بکرێت بۆ گەشەپێدانی ئەو ناوچانە.
بەتەنها بەجینۆساید ناساند و تەنانەت قەرەبووکردنەوەش بەس نییە، بۆ تاوانی ئەنفال بەڵکو دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق پێکەوە هەوڵی بەنێودەوڵەتیکردنی بدەن لەلای نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکانی تر، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی زەمانەتێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و رێگرتن لەدوبارە بوونەوەی تاوانێکی لەو شێوەیە لەدژی گەلی کوردستان.

ئامادەکردنی: زانیار ابراهیم

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved