یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری
بۆردی هۆشیاری
چالاکی
ئەرشیف و مێژوو
ڕۆژمێرى ڕووداوە مێژووییەکانى (ی.ن.ک)
چاوپێکەوتننەکان
سەروەرییەکان
یادى شەهیدان
ئەلبوومى تێکۆشەران
دۆکیۆمێنتارى
بیروڕا
توێژینەوە
کتێبخانە
میدیا
چەمکناسی
هۆشیاری حیزبی
سەرەکی
یادى شەهیدان
قهندیلیش بۆ مهرگی ئازاد ههورامی گریا..!
2024-08-31
ژیاننامهی شههید
شەهید "ئازاد هەورامی" ناوی تەواوی "ئازاد عەبدولمەجید غەففار"ە، ساڵی(1954) لە خێزانێكی كرێكار لە شاری كەركوك لەدایكبووە، لەناو ستەمە چینایەتی و نەتەوایەتییەكاندا ئاسۆی بیركردنەوەو جیهانبینی فراوان بووە، بۆیە هەرلە سەردەمی هەرزەكارییدا یەكێكبووە لە خوێندكارە هەڵكەوتووەكان و زوو تێكەڵاوی سیاسەت و كوردایەتی بووە.
ساڵی(1972) پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی "كۆمەڵه"وەو لە ئەڵقە رۆشنبیرییەكاندا خۆی پێگەیاندووە. ساڵی(1974) وەك پێشمەرگە بەشداریكردووە لە بزووتنەوە چەكدارییەكەی خەڵكی كوردستان.
ساڵی(1975) پاش زیندانیكردنی شەهید شیهاب و هاوڕێكانی ئەركی رێكخستنەوەی ریزەكانی "كۆمەڵه"ی كەوتۆتە ئەستۆ، ئەم تێكۆشەرە لەگەڵ شەهید "ئارام"دا، رۆڵێكی گرنگی بینی لەسەركردایەتیكردنی ناوەوەی ئەو رێكخراوەدا. ساڵی(1976) روویكردۆتە شاخ و سەرپەرشتی مەفرەزە سەرەتاییەكانی كردووە.
ساڵی(1978) له كارەساتی "هەكاری"دا، بەدیلگیراو ساڵی (1979) توانی خۆی دەرباز بكاو پەیوەندی بكاتەوە بەهاوڕێكانییەوە.
ئەم تێكۆشەرە رۆشنبیرو راستگۆو خۆنەویستە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەكانی سەركردەی شۆڕشگێڕی تیاكۆببووەوە، بۆیە له كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەدا به ئەندامی ناوەندی و له كۆنفرانسەكانی یەكێتیدا بەئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، شەهید ئازاد هەورامی له زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا وەك پێشمەرگەو لێپرسراوی سیاسی خزمەتیكردووەو هەمیشە جێگەی رێزی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەڤاڵانی پێشمەرگە بووە.
ئازاد هەورامی سەركردە، ئەدەب دۆستێكی شارەزاو مۆسیقارێكی لێهاتووش بوو، لەناو هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیراندا جێگەیەكی تایبەتی هەبوو.
شەهید ئازاد له ئەنفالەكاندا سەرپەرشتیكردنی شەڕگەی دۆڵی باڵەییان-ی پێسپێردراو ئەركەكانی بەسەركەوتوویی ئەنجامدا.
له گەرمەی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەدا له كۆتایی مانگی ئابی ساڵی(1988)دا، لەبناری قەندیل به بۆردومانی رژێمی داگیركەر برینداركراو بەو برینەش شەوی(31ی ئابی ساڵی 1988) گەیشتە كاروانی نەمران.
سەبارەت بەچۆنێتی شەهیدبوونی ئازاد هەورامی خاتوو "شنۆ شاسوار"ی هاوسەرو هاوسەنگەری دەڵێت:
ئێوارەی(1988/8/30) بڕیاردرا ئازادو هێزەكەی بكشێنەوە بۆ شێخ ئایشێ، لەوكاتەدا گوێمان له دەنگی كۆپتەر بوو، ئازاد بەگاڵتە بۆ ئەوەى پێشمەرگەکان نەپەشۆکێن پێیووتن: هەركەسێ كۆپتەرێك بخاتەخوارەوە كچێكی هەورامی بۆ دەخوازم. پێشمەرگەكانی خستبووە پێكەنین، لە شاخەكەدا تەنیا پەناگەیەكی لێ بوو، جیهازە راكاڵەكەی لێ دانرابوو، دوو كۆپتەرمان لەسەر ئاسمانی كونەكۆتر بینی، بەخێرایی تێدەپەڕین، جارێکیتر گەڕانەوەو لەوكاتەدا لەگەڵ ئازاد پێكەوە وەستابووین(20-30 سم) لەنێوانماندابوو، كۆپتەرەكان بەڕاجیمە ئەو شوێنەی ئێمەیان داگرتەوە، ئازاد لەناو تەپوتۆزدا ون بوو، پڕ بە گەروم هاوارم كرد... ئازاد... ئازاد... گوێم لە دەنگێ بوو، بە كزییەوە وتی: ئازاد تەواو. هاوارم كرد ئازاد پێكرا.
كاك عومەرو كاك كۆسرەت و دوكتۆر هێمن و دوكتۆر جەلال و پێشمەرگەكان گەیشتنەلای، پێڵاوە ئەدیداسەكانی دڕابوو، پەنجەكانی پێكرابوون، دەستی چەپی وردو خاش بووبوو، وتی: كاك عومەر ئیتر لەمەودوا ناتوانم گیتار بژەنم.
من خۆشم بریندار بووم، خوێن لە پشتی گوێم دەهات، بەڵام لەبەر ئازاد قسەم نەدەكرد، لەوكاتەدا ئازاد رووی كردە كاك عومەرو كاك كۆسرەت وتی: له پێشمەرگایەتیدا كوڕی خەڵك زۆر شەهید كراون، با ئیتر نۆرەی ئێمەش بێت. دواتر بە سواری وڵاخێك بەرەو قەندیل بەڕێیانكردین، لهكاتی سەركەوتندا، لهڕێگا گابەردێك هاتە بەردەممان، یەكێك له پێشمەرگەكان وتی: هاوڕێ شنۆ با لەو رێگایەوە بڕۆین. منیش وتم: نا من لەگەڵ ئازاد دەڕۆم، بەجێی ناهێڵم. لەوكاتەدا بزەیەك كەوتەسەر لێوە وشكهەڵاتووەكانی ئازاد.
دنیا بەرەو تاریكی ملینا، سەرما تینی بۆ هێناین، جامانەكەی ملم كردەوەو له سەری ئازادم پێچا، هەرچەندە زۆر سەرمام بوو، لە رێگا چەند جارێك ناوی شەوبۆ و شیرین-ی هێنا.
دەستە دەستە پێشمەرگەكانی ئەو دەوروبەرە، هەر كه هەواڵەكەیان زانی بوو، خۆیان دەگەیاندە لامان. هەریەكەیان بە جۆرێك دڵتەنگی خۆی دەردەبڕی. لەسەر "گویت سوێ" پشوویەكماندا، نانیان خوارد، من نانم بۆ نەخورا، ئازاد وتی: شنۆ پاروویەك نان بخۆ، با وزەیەكت تیا بێت، بتوانیت رێ بكەیت. دواتر بەڕێكەوتین، دەبوایە بهلاپاڵی چیاكەوە داگەڕێین، بۆ ناو دۆڵەكە، له بەرزاییەكەدا دوكتۆر هێمن وتی: هاوڕێ شنۆ مەترسە، تەنیا ئێسكی گرتووه. لەڕێگا وتم: دوكتۆر هێمن شوێنەكەی ئازاد خراپ نییە؟ لەوكاتەدا وتم: ئازاد.. ئازاد. وەڵام نەبوو، وتم: دوكتۆر هێمن بۆ ئازاد وەڵام ناداتەوە. ئەویش بانگی كرد وتی: كاك ئازاد، کاک ئازاد. وەڵام نەبوو، بە تووڕەییەوە بهپێشمەرگەكانی وت: دایگرن.! هێستریاكە جارێكی تر گرتمیەوە، لەبەرخۆمەوە دەموت چییە؟ چییە؟ دەمزانی ئازاد دواهەناسەی سپاردووە، بەڵام نەمدەتوانی بڕوابكەم، پڕ بەو چیاو دۆڵە هاوارم كرد ئازاد... ئازاد. كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوه. لە سەقز بووم. تەرمەكەی شەهید ئازادیان لەسەر راسپاردەی خۆی گواستەوە بۆ "سەكران" لەوێ بە خاكیان سپارد.
كاك كۆسرەت-یش دەربارەی دواساتەكانی شەهیدبوونی كاك ئازاد دەڵێت:
ئەو رۆژە یەكێكبوو لەڕۆژە ناخۆشەكانی ژیانم. شەهید ئازاد هەورامی یەكێكبوو لە سەركردە دیارو لاوەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. مرۆڤێكی هەست ناسك، هونەرمەند، نووسەرو سیاسەتمەدار بوو، شەهیدبوونی زیانێكی گەورە بوو لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوت.
من لە ساڵی(1982) شەهید ئازادم ناسی، ئەو سەردەمە لە نێوزەنگ بوو. تابڵێیت مرۆڤێكی قسەخۆش و خۆشەویست بوو لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا.
ئێمە لە ساڵی (1988) لە مەڵبەندی سێ بووین، كە پاش هەموو مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی لە شەوی (28/29-8-1988) بۆ سەر سنوور كشاینەوە لە بناری قەندیل. شەهید ئازاد لێپرسراوی مەڵبەندی چوار بوو. بەسەردان گەڕابووەوە بارەگای مەكتەبی سیاسی و كە شەڕ لە قۆڵی دۆڵی باڵەییان دەستیپێكرد شەهید ئازادیان وەك لێپرسراو ناردبووە ئەو بەرەیە، بەڵام كە ئێمە كشاینەوە بۆ دۆڵی باڵەییان بەرەكەمان لە شەهید ئازاد وەرگرت. من و كاك ملازم عومەر پێكەوە سەرپەرشتیی بەرەكەمان دەكرد.
رۆژی(1988/8/30) خەریكی كۆكردنەوەی بارەگاكانی شەهید ئازاد هەورامی بووین تا بگەڕێتەوە لای مەكتەبی سیاسی، لەناكاو چەند هەلیكۆپتەرێكی رژێمی بەعس هاتن قەسفی بەرەكەیان كرد. شەهید ئازاد لەگەڵ شنۆخان-ی هاوسەری بۆ خۆپاراستن لە قەسفەكە چوونە بن شاخێكی ئەو دەوروبەرەو منیش لەگەڵ پێشمەرگەكان لەسەر كانیاوەكە كە شوێنی نانخواردنمان بوو، وەستا بووین. قەسفەكە هێندەی نەبردو شنۆخان هاواریكردو وتی: ئازاد بریندار بوو. منیش یەكسەر چووم. كە گەیشتمە لای، بینیم هەردوو قاچی لە پشتی بەخوارەوە زۆر بەسەختی بریندار بووبوو. لەم كاتەدا كاك ملازم عومەریش دیار نەبوو، لەبەر ئەوە زۆر ترسام و وامزانی ئەویش شەهید بووە، بەڵام پاشان هاتەوە. ئەمجا دكتۆرەكانمان بانگكرد. دكتۆر شەهید هێمن و دكتۆر جەلال هێندەی بۆیانكرا چارەسەریان كردو لەنێو خۆیاندا قسەیان لەگەڵ یەكتر بەئینگلیزی دەكرد؛ شەهید ئازاد وتی: من ئینگلیزی دەزانم، بەكوردی قسە بكەن. پاشان من و كاك شێخ جەعفەرو كاك رەهبەر هەریەكەمان بتڵێك خوێنمان پێداو رەوانەمان كرد بۆ شێخ ئایش و لەوێوە بۆ ئێران. پێش ئەوەی بڕوات، داوای كرد من و كاك ملازم عومەر بە تەنها قسەی لەگەڵدا بكەین، وەسیەتی كردو منیش وتم: كاك ئازاد هیچ نییە ئینشاڵڵا سەلامەت دەبیت! وتی: كەس بەوەسیەت نەمردووە. قسەكانی بۆ ئێمە كرد. بەڕاستی رۆژێكی ناخۆشبوو لە ژیانمدا كە كاك ئازادم وابینی و برینەكەی شوێنی حەساسی نەگرتبوو، بەڵام لوولەی ئێسكی رانی شكابوو مۆخ و چەوریی ناو رانی لەگەڵ خوێنی تێكەڵاو ببوو، هەر ئەوەش بووەهۆی شەهیدبوونی لەڕۆژی(1988/8/31) لە شێخ ئایش.
پێش ئەوەی رەوانە بكرێت سروودی "رێی خەباتمان"ی دەوت. ئەو رۆژە یەكێكبوو لەڕۆژە ناخۆشەكانی ژیانم.
بابەتی زیاتر
تەرمی ئارام یان دزی! ئێوارەیەکى کانوونى یەکەم
داستانى قەڵاسنج.. سەلماندى کە هەرگیز یەکێتى لە بننایەت
حەمە تیماری ئەفسانەكەی برزوت - بالۆسە