عەبدوڵڵا كەریم مەحمود
هەموو ساڵێ لە (31)ی ئابدا، كۆتری رۆحی "ئازاد هەورامی" لە لوتكەی قەندیل-ەوە دەدات لە شەقەی باڵ و دەگاتە بابە گوڕگوڕ. لەوێوە بەرەو قوڵایی ئاسمان بەرزدەبێتەوە، لە باڵای كەركوكدا لەچاو ون دەبێ..
بیست و یەك ساڵی یادەوەرییەكانی تەمەنی لە گەڕەكە میللییەكانی ئەو شارەدا بەڕێ كرد. سیانزە بەهاری تەمەن بە پێشمەرگایەتی و شاخ بەخشی، دوا هەناسەكانیشی بە خاك سپارد. سروشتی یادەوەرییەكانی ئەم نیشتمانە پڕە لە تراژیدیای تاڵ.
ناسنامەی ویستگەكانی ژیانی منداڵی لە ئیمام قاسم و ئیسكان و پێشمەرگایەتی و گیتارەكەی و عەشقی بێ سنووری ئەو بۆ شنۆ، ئەو فیلمە تراژیدیایهیە، مەگەر بەهمەنی قوبادی تۆماری بكات.
ئازاد هەمان هەناسەو رۆح و بیروبۆچوونی شاسوارەكەی سلێمانی بوو، ئازادو ئارام دوو مەسیحی نیشتمانێكی سەربڕاو بوون، ناو و نیشان و ئارامگاكەیان بوو بەوێردی سەرزمانی پێشمەرگەو خەڵك.
ئەو رۆژەم لە یادە لەگەڵ پێشمەرگەیەكی هاوڕێم لە گوندی مێوڵاكەوە روومان كردە هەڵەدن، بەژێر سێبەری باڵای شۆڕە چنارەكاندا شۆڕبووینەوە، شنەی باكە شەپۆلی گەڵاو باڵای چنارە بەرزەكانی خستبووە سەما، گەیشتینە بن كەپرە گەورەكەی بارەگای دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە، دەمزانی كاك ئازاد پێشمەرگەو كەسێتییەكی بێ وێنەیە، نووسینەكانیم خوێندبووەوە، دڵم بەوە دەكرایەوە، ئێستا سەركردەیەكی رووناكبیریی پڕ لە رەوشتی شكۆی باڵا دەبینم، لەو بیركردنانەوەدابووم، پێشمەرگەیەك بە دۆلكە ئاوێكی ساردەوە بەخێرهاتنی كردین، دوای تاوێك بە چپە بە هاوڕێكەم وت:
"كوا كاك ئازاد هەورامی؟"
ئەویش وتی:
"ئەو پێشمەرگە متهوازعەی، دەروونی فێنك كردیتەوە، كاك ئازادی لێپرسراوی دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە بوو."
دواتر چەندینجار بە دیداری كاك ئازاد لە "هەڵەدن، چاڵاوا، بەرگەڵو" شادبووم، دەمزانی ئازادێكی ترمان نییە. جارێك كاك ئازاد، باسی شەهید نەبەزی* كرد، دەیوت:
"گەرنەبەز لە شارەوە بێتە شاخ، نابێ لە هیچ شوێنێك كار بكەن، تەنیا لە گەڵ خۆمدا نەبێ."
ئێوارەیەكی درەنگ من و هاوڕێ نەریمان، دەمانویست لە ئیستگەی گەلی كوردستان-ەوە له بەرگەڵووەوە بگەڕێینەوە بۆ هەڵەدن، لەوكاتەدا كاك ئازاد بۆ كارێكی تایبەتی گەیشتە ئێستگە، دواتر پێكەوە گەڕاینەوه. باڵی تاریكایی بەسەر زنجیرە چیاو دۆڵ و رێگاكەماندا كشا، بە درێژایی رێگاكە باسی ئەدەب و مۆزیك و دنیای رۆمانسیەتی رۆحی جوانی سروشت و پێشمەرگایەتی بۆ كردین.
ئازادەكەی هەورامان و كەركوك، پێشمەرگەو هونەرمەندو نووسەر و سیاستمەدارێكی وردو قوڵ، سەركردەیەكی تایبەتمەندو بەوەفاو خاكی بوو، هەنگاوی نوێی دەنا، دوای ئەو كێ؟ لە هەورامان و كەركوك و سەراپا نیشتمان، بە هەمان هەناسەو رۆح و هەڵوێستەوە، خاكیانە، دوور لە نەرجسییەت، بەگیانی وەفاو ئەمەكەوە، دەتوانێ هەنگاوەكانی ئەو تەواو بكات، ببێ بە وێردی سەر زمانی خەڵك.
ئازاد وەك مەسیح پێشمەرگە بوو شۆڕشی كرد، هەڵوێستەكانی ئازاد مەسیح ئاسا پڕبوو، لە بەهای ئاشتی و خۆشەویستی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، وەك مەسیح لە خاچ درا، بە دەم سوێی ئازارەكانییەوە تا دوا هەناسه سرودی رێی خەباتی بۆخاك بۆ پێشمەرگە بۆ شنۆ دەوت:
رێی خەباتمان چەندە سەخت و دووربێ
با چوار دەورمان كڵپەی ئاگربێ
لەم رێیە پیرۆزە هەرگیز لانادەین
ئێمەین بۆ مردنیش ئامادەین.
______
*نەبەز، ناوی نهێنی شەهید "ئارام محەمەد كەریم" بوو، لە (17/12/ 1985) ئارام و سەردار و هیوا، لە بەردەم سانەوی رۆشنبیردا، گولەباران كران.
بابەتی زیاتر